په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٣\٢٠١٣

نەورۆزی ١٩٥٩ و مقۆمقۆی حەڵاڵ و حەرام.

موحسین جوامێر     


لە بیرمە هەتاکوو ١٩٥٩ نەورۆز بە ڕەسمی وەک جەژنی دارودرەخت ئاهەنگی بۆ دەگێڕدرا و لە غاباتی ئەوسای هەولێر، بۆ نموونە ئێمەی قوتابییانی قوتابخانەی (موزەفەرییە) کە دەکەوتە شوێن موحافەزەی هەنووکەی هەولیر، دەبراینە ئەوێ و لەوێ شانۆگەری و گۆرانیی جۆراوجۆر پێشکەش دەکران، بێجگە لەوەی هەر قوتابییەک لە ئێمە دەبووە میوەیەک و بە ئاوازێکی تایبەتییەوە باسی ئەو میوەیەی دەکرد، من (زەردەلوو) بووم و سەرەتای هەڵبەستەکەم بە: زەردەلوومە، سوور و زەردم.. بۆ هەموو ئازار و دەردم، دەستی پێ دەکرد. کاکم دکتۆر دلاوەری برام هەنار بوو : من هەنارم پڕ ویقارم.. ترش و شیرین و سازگارم.. بێ شکە میوەی بەهەشتم.. تێکەڵە ورد و درشتم. ئەوجا ئاوا یەکێ هەنجیر، ئەویدی هەرمێ و ئەویدیکە ترێ بوو. ئەوەی ئیزعاجی کردبووم و میزاجی منداڵانەی تاڵ کردبووم، بە پێچەوانەی هاوڕێکانم، ئاوازی من خۆش نەبوو، ئێستەیشی لەگەڵدا بێ دەمەوێ خۆشی بکەم، کەچی خۆش نابێت، گوناح بووم!


دوای ١٤ی تەمووزی ١٩٥٨ بارودۆخی کوردستان گۆڕا، حیزبی پارتی و شووعی پەیدا بوون، هاوکات هەر حیزبێکیش ئەگەر مارکسییەتی نەکردایەتە بەندێک لە پێڕەو و پرۆگرامی خۆی، ئەوا بە کلک و گوێی ئیمپریالیزم حسێب دەکرا، هەڵبەت ئەمەیان دوایی دەرکم پێی کرد. هەر بۆیە ئەوەندەی لە یادم بێ ماددەی سێیەمی بەرنامەی پارتی دیموکراتی کوردستان، مارکسییەتی عیلمیی کردبووە سەرچاوەی لێکدانەوە و بۆچوونەکانی خۆی، ئەگەرچی لەگەڵ حیزبی شووعیدا هەمیشە شەڕەدەنووکیان بوو و ڕەحمەتی مەلا مستەفای بارزانییش بەهیچکلۆجێک ئیمانی بە شووعییەت نەبوو، تازەش لە ڕووسیا هاتبووەوە و باش ژیانی ئەوێی دیبوو.


لە بیرمە لە مقۆمقۆی ئەوسادا لەسەر حەڵاڵی و حەرامیی نەورۆز، مامۆستا مەلا محەمەدی بالیسانی کە ئەندامی کۆمەڵەی (انصار السلام) بوو، فەتوایەکی دەرکردبوو، پاش چەند ساڵێک منیش زەینم کرایەوە و تێی گەیشتم، تێیدا نێوبراو مەسەلەی ئاهەنگگێران بە بۆنەی نەورۆزەوە، شیی دەکرەوە، نموونەی (ترێ)ی هێنابووەوە، کە ئەگەر ترێ وەک میوە خورا ئەوا موباحە، وەلێ ئەگەر گۆڕدرا و بوو بە ئارەق ئەوا حەرامە، هەر لەسەر ئەم ڕێسایە ئەگەر ئاگری نەورۆز پەرسترا و قودسییەتی پێ درا ئەوا حەرامە، بەڵام ئەگەر بە مانای ڕزگاری لە زوڵم یان نەمانی وەیشوومەی زستان و هاتنی بەهار یادی کرایەوە، ئەوا موباحە.
ئەوەی وایکرد ئەم بۆچوونەی مەلای بالیسانی هەزم نەکرێ، ئەو ململانێیە هزرییە بوو کە لە نێو حیزب و چینەکاندا پەپدا بووبوو، هەروەها تەئسیری دنیای ئەوسا کە ‌‌‌هێشتا ئاسەواری شەڕی دووەم مابوو و سەرئەنجام دنیا بەسەر دوو بلۆکدا دابەش کرابوو، یەکێکیان بەرەی ڕۆژهەڵات کە نوێنەرایەتیی شووعییەتی دەکرد و بە پشتیوانی چینی چەوساوان لە قەڵەم دەدرا، دووەمیان ڕۆژئاوا کە بە داگیرکەر و چەوسێنەر لە قەڵەم دەدرا، زاتەن پێشترێش عێراق سەر بە ئیمپریالیزمی بەریتانیا بوو، ئەمەش لە عێراق و کوردستاندا ئەم مانایەی خوڵقاندبوو: ئەوەی دژی شوورەوی و مارکسیەت بێ، ئەوە سەر بە بەرەی ئیمپریالیزم و کۆنەپەرستانە، لەوانە ئەوانەی بۆچوونی ئیسلامییان هەبوو، وەک ئیخوانەکان.. لە بیرمە شووعییەکانی هەولێر هێرشیان کردبووە سەر کتێبخانەی (الاخوة)ی هەولێر کە دەکەوتە شەقامی موزەفەرییە و خاوەنەکەی مامۆستا (موحسین موجاهید) بوو، هاوکات لەگەڵ ئەوەی قوڕئان و کتێبەکانیان فڕێ دابوونە سەر شۆستەوە ، تێروپڕیشیان لە نێوبراو دابوو و خڵتاوی خوێنیان کردبوو. یەکێک لە هێرشبەرە شووعییەکان ناسراوێکمان بوو، ناوی (بوڕهان) بوو، ڕادیۆ و تەسجیلاتی دەفرۆشت، پاشان چووە حەجێ و بووە (حاجی بوڕهان).


٢٤\٣\٢٠١٣
ماڵپه‌ڕی موحسین جوامێر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک