٢٩\٨\٢٠٢١
نەوشیروان مستەفا
و ھەوڵی ئازاردانم.*

سالار باسیرە
کە بۆ یەکەمجار نەوشیروان مستەفام بینی ئەو کاتە بوو کە لەناو یەکێتی
بەرپرسیارێتی ھەبوو. ئێوارەیەکیان تێلم بۆ کردو کاتێکمان دانا لە
ماڵەکەی خۆی بۆ یەکتر بینینمان و وتی "وا وەرە کە کاتمان زۆر ھەبێت
پێکەوە دانیشین". ئەوە یەکەم جار بوو بیبینم. لە کاتی دانیشتنەکەشمان
دیدارێکی ڤیدیۆیم لەگەڵیدا سەبارەت بە تراژیدیای ئەنفال ئەنجامدا.
لەو کاتەدا سەلاح ڕەشیدی کۆنە وەزیری ئەنفال لای ئەو ئەژیا. من لەسەر
سەلاح ڕەشید ھەڵوێستم لە ئەڵمانیاوە خراپ بوو چونکە بە کەسێکی بێتواناو
گەندەڵ و خۆپەرستم ئەبینی. نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێم لە ئەڵمانیا لە
یەکێتی و پارتی پێکھاتبوو کە ئەوەی یەکێتی سەلاح بوو. ئەوەی پارتیش
دڵشاد بارزانی بوو براکەی مەسعود بارزانی کە سەرکەوتو بوو لەوەی یەکێتی
وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی گوایە سەر بە پەکەکە لای ئەڵمانەکان بناسێنێت،
بەشێکی بە رێگای ئەڵمانێکی لۆبییانەوە کە ئەندام پەڕلەمان بوو لە پارتی
سەوزەکان لە پەڕلەمانی دوسلدۆرفی پایتەختی ھەرێمی نۆردراین ڤێستفالن بە
ناوی زیگیەوە کە کوردەکان نازناوی زیگی بارزانیان دابویە.
بەو ھۆیەوە یەکێتی خرابوە سەر لیستی تیرۆرو کێشەی وەرگرتنی ڕەگەزنامەی
ئەڵمانی بۆ ھەندێک ڕەد کرابونەوە کە ئەندامی یەکێتی بوون کە لێرەدا
نامەوێ ناوەکانیان بنووسم. سەلاح تێلی بۆ من ئەکردو ئەیوت بچۆ لای ئەو
کەنالی ڕادیۆ ئەڵمانیەی کە ئەم ھەواڵەی بلاو کردۆتەوە کە یەکێتی
رێکخراوێکی تیرۆریستیەو تۆ قسە بکە لە دژیان. خۆی لە ساڵی ١٩٧٥وە
ھاتۆتە ئەڵمانیاو زمانی ئەڵمانی وەک پێویست نازانێ. ئەمانە لەو جۆرەن
کە ئەیانەوێ مار بە دەستی خەلکی تر بگرن.
سەلاح بەناوی یارمەتی پەناھەندەی کوردەوە لە بەرلین تەنیا لە
رێکخراوێکی ئەڵمانی ، بە رێگای رێکخراوێکی خێرخوازیی کوردی باشورەوە (KAK)
٣٠ ھەزار مارکی ئەو کاتەی ئەڵمانیای وەرگرت و ژمارەی حسابی بانقیی
خێزانەکەی دابوو پێیان و دواتر پارەکەی ڕاکێشابو بۆ خۆی. ئەوە یەکێک لە
چەندین نموونە. دڵشاد ئینقیلابی کرد بەسەریداو نوێنەرایەتیەکەی حکومەتی
ھەرێمی لە شاری بۆن گواستەوە بۆ گەڕەکێکی ترو سەلاح ئەیووت ھەر ناشزانم
لە کوێیە.
ساڵێکیان ئەم باس و بەلگەو نوسینانەم کە لە میدیای عەرەبیش خراپ لەسەر
سەلاح نوسرابوو. ناردبووی لەلایەن کەسێکی باوەرپێکراوەوە بۆ عومەر
فەتاح نێردرابوو، ئەو کاتە بەرپرسی دەزگای زانیاری بوو. من مەبەستم بوو
کە سەلاح چ زیانێکی بە یەکێتی گەیاندوە لە ئەڵمانیاو کەسێکی سەرکەوتو
نیەو لە خەمی گیرفان پرکردنی خۆیەتی. عومەر فەتاح سەلاحی بانگ کردبووە
لای خۆی و بێ لێپرسینەوە پێی وتبوو کە ئەم نوسراوانە لای سالار
باسیرەوە نێردراوە. لەو کاتەوە سەلاح کەوتە دوژمنایەتی من و نەوشیروان
مستەفاشی لێ پڕ کردبومەوە.
نیوەڕۆیەکیان لە سلێمانیەوە تێلم بۆ نەوشیروان مستەفا کردو کاتی شەشی
ئێوارەمان دانابوو لە ماڵەکەی خۆی لە گردی عەلی ناجی بۆ یەکتر بینین.
لە رێگا بە رێکەوت دوو ھاورێی خۆم مامۆستا ڕەفیقی بەرپرسی بنکەی ژین و
کاک سدیقی برایم بینی و وتیان ئەگەر ئاساییە لات ئێمەش دێین و ئەمانەێ
چاومان پێی بکەوێت ، وتم من ھیچی شەخسیم نیە لەگەڵیدا باسی بکەم و وەرن.
ئەو ھاتنەی ئەوان بوو بەخێر بۆ من. کە چوینە ئەوێ نەوشیروان بە تەنیا
بوو لە ژورەکەیدا. کە بینی تەنیا نەھاتووم دەموچاوی خۆی تێکداو سارد
بوو بەرامبەرم و قسەی لەگەڵ نەکردم. دوای دوو خولەکێک سەلاحیش ھاتە
ژورەوە ، دیارە پاسەوانەکان پێیان وتوە کە سالار باسیرە لێرەیەو
گەیشتوە. ئەویش کە ھاتە ژورەوە دەموچاوی تێکدا کە بینی من تەنیا نیم.
کە بینیم بارودۆخەکە خراپە دوای ماوەیەکی کورت بە ھاورێکانمم ووت من
ئەڕۆم. ھەمومان ڕۆیشتین.
(بۆ وەبیرھێنانەوە).
بە فەرمانی شەخسی نەوشیروان و بێ گەڕانەوە بۆ مەکتەبی سیاسی یان
مەڵبەندی رێکخستنی سلێمانی لە ڕۆژی ١٠/٨/١٩٩٢ کۆمەڵێک کادری دیاری ئەو
کاتەی مەڵبەندی سلێمانی یەکێتی کە بریتی بوون لە ( تەحسین قادر ، خەبات
عەبدوللا ، وەستا حەسەنی ئاسایش ، سەرکەوت زەکی و شوان عەبدوللا) لە
لایەن حیمایەکانی نەوشیروان مستەفاوە دەستگیر کران و ڕاستەوخۆ لە
ماڵەکەی خۆیدا کە ئەو دەمە ئەکەوتە سەرەتای شەقامی مەحوی (قەنات) ،
زیندانی کران.
ھەر ھەمان ڕۆژ و بێ لەبەرچاو گرتنی ھیچ پرەنسیپێکی حیزبیی و بێ
گەڕانەوە بۆ دادگاو بێ دانانی ھیچ ئیعتیبارێک بۆ تێکۆشانی ئەو کەسانە ،
ماڵەکەی خۆی کردە شوێنی لێکۆڵینەوەو زیندان و سزادان. تەنیا گوناھی ئەو
کەسانە ئەوە بوو کە لە کۆنگرەی یەکەمی یەکێتی کە لە سەرەتای ئەو ساڵەدا
بەسترابوو، ئەم کادرانە وەکو زۆرێک لە کادرە گەنجەکانی کۆمەڵەی
ڕەنجدەران دژی ھەوڵەکانی نەوشیروان وەستابونەوە کە خۆی لە
ھەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵەو ھەوڵی لەت لەتکردنی یەکێتیدا دەبینیەوە. ئەمان
لە کۆنگرەو پاش کۆنگرە نەچوونە ژێر باری ئەو تەکەتولانەی کە ناوبراو لە
سلێمانی پێکەوەی نابوو، و کەسانی وەک حەمە تۆفیقی زاوای و ژمارەیەک لە
سەرکردەکانی یەکێتی ئاگرەکەیان خۆش ئەکرد. بەلام لەبەر ئەوەی نەوشیروان
سلێمانی بە مولکی خۆی ئەزانی بڤە بوو کادرو ئەندامانی یەکێتی دژی
خواستەکانی ئەو لە سلێمانی بوەستنەوە. ئەوە بوو دوای کۆنگرە گێچەڵی
جیاجیایان پێ ئەکردن. دوریان ئەخستنەوەو دژایەتیان ئەکردن و تانەو
تەشیریان لێ ئەیان.
ڕۆژێک پێش گرتنی ئەو کادرانە دوو خوشکەزای نەوشیروان بە چەکەوە
ھەڵئەکوتنە سەر خەبات عبدوللا لەناو کۆمێتەی سەرچناری یەکێتیداو بێ
حساب کردن بۆ ئەوانەی لەناو کۆمێتەکەدان و بە مەبەستی گرتن و بردنی
ھەڕەشەی کوشتنی لێ ئەکەن. خەبات عبدوللا مل نادات و لەگەڵیان ناچێت.
پاش ئەوەی ئەندامانی کۆمێتەکە بە کارەکە ئەزانن ھەردو خوشکەزاکەی
ناوبراو ھیچیان پێ ناکرێت و کۆمێتەکە بە ھەڕەشە کردن جێ ئەھێڵن. خەبات
عبدوللا مەڵبەندو ھەندێک لە ئەندامان و کارگێڕانی مەڵبەند تێئەگەیەنێت
کە ھەڕەشەی لەسەرەو داوای لێپرسینەوە لەو دوو کەسە ئەکات. بەلام کەس
نایەت بە دەمیەوە. ڕوداوەکە چۆن بووە ئەینوسێت و ڕۆژی دوایی لە شێوەی
بەیاننامەیەکدا بلاویئەکاتەوە و بێبەریبوونی خۆی لە یەکێتی ڕائەگەیەنێت
ھەتا ئەو کاتەی بەدەم داواکەیەوە بێن. ھەر ھەمان ڕۆژ نەوشیروان
خوشکەزاکەی و کۆمەڵێک چەکدار ئەنێرێتە سەر ماڵی خەبات و بەزۆر لەگەڵ
خۆیاندا ڕاپێچی ئەکەن بۆ ماڵی نەوشیروان.
بەپێی زانیاریەکانی کەسێک کە ئەو ڕۆژە لە ماڵەکەی نەوشیروان بووەو بە
مەبەستی بەخێر ھاتنەوەی نەوشیروان کە تازە گەڕاوەتەوە کوردستان و جگە
لەو ژمارەیەکی بەرچاو بەرپرس و فەرماندەی عەسکەریش لە ماڵەکەی بوون،
خەبات عبدوللا لە وەلامی نەوشیرواندا کە ئاخۆ تۆیت ئەم بەیاننامەیەت
نوسیوە؟ خەبات بێ دوو دڵی وتویەتی بەڵی منم. جارێکی تریش نەوشیروان لێی
دوبارە کردۆتەوە، ھەر وتویەتی بەڵی من نوسیومە. پاشان نەوشیروان ڕووی
کردۆتە میوانەکان و وتویەتی باوەڕی پێ مەکەن درۆ ئەکات ئەمە نوسینی ئەو
نیە. ئەمانە تاقمێکن لە سلێمانی دژی من ئیش ئەکەن. پاش ئەوە خەبات
عبدوللا نوسخەی دەستنوسی بەیاننامەکەی لە گیرفانی کراسەکەی دەرئەھێنێت
و ئەڵێت ئەمە دەستنوسەکەیە بە خەتی خۆم، بەلام پێم خۆشە بپرسیت بۆچی
نوسیومە؟ ئینجا نەوشیروان زۆر تووڕە ئەبێت و ناھێڵیت لەوە زیاتر قسە
بکات. جنێوی زۆر بە خەبات ئەیات و وتویەتی بیبەن لە ژێر زەمینەکە سجنی
بکەن. پاش ماوەیەک تەحسین قادریش لە مەڵبەندەوە ئەھێنن بۆ ھەمان ماڵ و
ئینجا ھەریەکە لە وەستا حەسەنی ئاسایش، شوان عەبدوللا و ھەروەھا
سەرکەوت زەکی.
پاش سوکایەتی زۆرو جنێودانی ناشیرین بە دایک و خوشک و ھەڕەشەی کوشتن،
ھەر لەناو ماڵەکەی خۆیداو بەبەرچاوی نەوشیروان و ھەموو ئەوانەی ئەو
ڕۆژە لەو ماڵەدا ئەبن و لە ئەنجامی لێدانی زۆر لەلایەن دانای ئەحمەد
مەجید و ڕزگاری حاجی کایل و عومەر غەریبەوە، دەستی خەبات ئەشکێنن (وەک
خۆیان لەوێ وتویانە) کە بەیاننامەکەی پێ نوسیوە. ھەر بە پێی
زانیاریەکانی میوانەکەی ئەو ڕۆژەی ناوبراو نەوشیروان ڕووی کردۆتە
گیراوەکان و پێی وتوون "من ئەگەڕام بۆ رۆژێک ئاوا ھەمووتان بێنە
بەردەستم".
پاش ئەوەی لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی ئەو ڕۆژە کە لە لایەن حاکم قادر حەمە
جانەوە ھەر لە ماڵەکەی نەوشیرواندا لەگەڵ گیراوەکان کراوە ( ماڵی جەلاد
بکرێتە ھۆڵی دادگایەکی گاڵتەجاری و بریاری ژیان و مردن بەسەر کەسانی
تردا بدرێت) دەرئەکەوێت کە قسەکانی خەبات دروستەو تەنھا ئەو خۆیەتی
بەیاننامەکەی نوسیوەو ھەر بە تەنھا خۆشی کارەکە لە ئەستۆ ئەگرێت.
ھەروەھا پاش ئەو فشارەی کە ھاوڕێ و کەسوکاری گیراوەکان کردیانە سەر
یەکێتی و نەوشیروان بە مەبەستی ئازاد کردنی گیراوەکان بۆ ئێوارەکەی
تەحسین قادرو وەستا حەسەن بە دەستبەسەری ئەبەنەوە بۆ ناو مەڵبەندی
سلێمانی و بۆ بەیانیەکەی ئازادیان ئەکەن. خەبات عەبدوللا و ھاورێکانیشی
ئەبەن بۆ ناو زیندانی لەشکری یەک لە بەکرەجۆ. کە یەکێتی ئەبینێت ڕۆژانە
خەڵک بە لێشاو ڕوو لە ھاورێکانیان ئەکەن لە زیندان، لەوێ دوریان
ئەخەنەوە بۆ زیندانی مەکتەبی سیاسی لە ھەولێر. پاش چل و پێنج ڕۆژو لە
ئەنجامی گەڕانەوەی مام جەلال لە دەرەوەی ولات خەبات عەبدوللا و
ھاورێکانی ئازاد ئەکرێن. خەبات عبداللە سالانێکە ڕاوێژکارە لە وەزارەتی
شەھیدان.
لەوانەیە منیش بە ھەمان دەرد بچوومایە ئەگەر تەنیا بومایە لە ماڵی
ناوبراودا. تەنانەت لە داب و نەریتی عەشایەریش نەبوە میوان بێتە
ماڵەکەت و دەستبەسەری بکەیت و ئەشکەنجەی بدەیت و سوکایەتی پێ بکەیت و
ماڵەکەی خۆت بکەیتە زیندان بۆی. دیارە لە شاخیش ھەر بەم شێوەیە خۆیان
کردبێتە دادوەرێکی ناعادیل و بەم ھۆیەوە دەیان کەسی بێتاوان ئەشکەنجە
درابن و تیرۆر کرابن. چیتر لەو ڕۆژەوە نەوشیروان مستەفا بۆ من وەک کەس
و سیاسەتیش کۆتایی ھات. مام جەلال لە کاتی گرانیەکەدا دوو سەد ھەزار
دۆلاری ئەمریکی پێداو لە لەندەن لە ماوەیەکی کورتدا ھەمووی بۆ خۆی خەرج
کرد. باوکی ھەژاران دوای مردنیشی گردی گرانبەھاو موڵکی زۆری بۆ
نەوەکانی جێھیشت و تاپۆ کران لەسەریان.
ئەو سەردەمە پڕۆژەیەکم بۆ ئەنجامدانی کۆنفرەنسێک سەبارەت بە بابەتی
ئۆپۆزیسیۆن ئامادە کردو لەگەڵ دوو ھاوڕێی دیاری ناو کایەی سیاسی و
ڕاگەیاندن ناردمان بۆ نەوشیروان مستەفا گەر بتوانێت پشتگیریەکی ماددی و
ڕاگەیاندنمان بکات بەتایبەت کە لە تەمەنی کایەی سیاسی ھەرێمی
کوردستاندا ئێستەشی لەسەر بێت بۆ ئەم بابەتە کۆنفرەنسێک ئەنجام نەدراوە
بەلام نابراو ڕەتی کردەوە. ئەم جۆری ڕەت کردنەوەیە کە خۆشیان ھەرگیز
کۆنفرەنسێکی لەو جۆرەیان ئەنجام نەداوە بە تایبەت لەو قۆناغەدا کە
خۆیان بە ئۆپۆزیسیۆنی دەسەلات لە قەڵەم ئەدا گومانی زۆری بۆ پەیدا کردم
لەسەر گۆڕان و خودی نەوشیروان مستەفاش. ھەڵوێستی نەگەتیڤی گۆڕان و
نەوشیروان مستەفا سەبارەت بە ھەڤدەی شوبات نمونەیەکی بەرچاوەو زۆرترین
زیانیان بە ئۆپۆزیسیۆن بوون گەیاند.
سەبارەت بە سەلاح ڕەشید سەرەڕای ئەو ھەموو گەندەڵی و بێتوانایی و
مشەخۆریەی کەچی مام جەلال ئەیکاتە وەزیری مافی مرۆڤ و ئەنفال و
کیمیاباران و کوردە فەیلیەکان و ئاوارەکان و نازانم چیتر کە لە دونیادا
شتی وانەبووە ، ناوبراو لەم پۆستەشیدا ھەر سەرکەوتو نەبوو.
سەلاح لە ئەڵمانیا بێ دەرامەت بوو کەچی بووە خاوەن خانوو لە ولاتی
ئەوروپای ڕۆژھەلات، کە گەڕایەوە کوردستانیش بووە خاوەنی بە دۆنم زەوی و
خانووی گرانبەھاو موچەی زۆری خانەنشینی و بووە بازرگانی پڕۆژە. لە
ئەڵمانیا کاری ڕەشی کردوەو ھاوکات پارەی دائیرەی سۆشیالیشی وەرگرتوەو
بەم ھۆیەوە درابوو بە دادگا بەلام وتبووی گوایە ئەو پارانەی بۆ
رێکخراوێکی خەیریی ناردۆتەوە. بۆ ئەم مەبەستە داوای یارمەتی لە ھانس
براندشایدی سەرۆکی رێکخراوی مێدیکۆ ئینتەرناشنال کردبوو کە ئەو درۆیەی
بۆ بکات. ھانس ڕۆژگارێک پەشیمان بوو لەو ھاوکاریەی پێشکەشی سەلاحی
کردبوو بۆ ڕزگارکردنی.
ئەم برادەرە کە خۆی بە کۆمەڵەی ڕەنجدەران و مارکسی لینینی ناوئەبرد لە
ئەڵمانیا لە کۆبونەوەکاندا سرودی خەباتی کرێکارانی بە دەنگی بەرز
ئەوتەوە و خەڵکانێکیان وەک ئەندام لە ڕیزەکانی کۆمەڵە وەرنەئەگرت ئەیان
ووت ھێشتا بۆرجوازیەو نەبۆتە مارکسی. زۆرێک لەم نمونانەم لا ھەن ئێستە
لە ھەرێم خاوەن سامان و پلەو پۆستن و ھەندێکیان لە ئەوروپاش موچە
وەرئەگرن یان خۆیان خانەنشین کردوە.
__________________________________________
* بەشێک
لە یاداشتە چاپنەکراوەکەمدا.
ماڵپهڕی سالار
باسیرە
|