٥\٣\٢٠١٠
نەوشێروان
شەریک و هاوچارەنووسی بتەکانە!

سەلام عەبدوڵا
ئیمڕۆ نەوشیروان لە دوو پەیامیدا لە پێشوازی
جەماوەر و گۆڕانخوازانی سلیمانی و بۆ سەرجەم چین و توێژەکان، خوێندەوە.
لەو پەیامانە هیچی بۆ هێزەکانی تر نەهێشتەوەو بە(شەڕفرۆش، تۆقیو،
جەواشەکار، قین لە دڵ، غافل، پیلانگێر بۆ دوژمنایەتی کورد لەگەل کورد،
خەیاڵ خاو، پیلانگێر، بێڕێز لەگەل هاوڕێیاتی کۆن، بوختانچی، گەندەڵچی،
دەستەموکەر، ستەمکار...و زۆری تر) وەسفکردن. هەر یەکێک لەو"پێهەڵدانانە"
توڕەیی، عاجزی، ناحەزی و دوژمنایەتی و تەقەو ئاگریان لێ دەکەوێتەوە،
بەڵام هەر خۆیشی دیارە لەبەر سەنگ و لۆژیک لەدەستدان و بۆچوونی دژ بە
یەک و دوو روویی، بە شەریکیان دەزانێ و وتی:
هەموو هێزە سیاسییەکانی کوردستان بە شەریکی سیاسی و هاوچارەنووس و پشت
و پەنای خۆمان ئەزانین و کاریان لەگەل ئەکەین.
ئەمە چەندی بە چەندە؟
ئایا ئەوە دوو بۆچوونی دژ بەیەک و نائارام و شەڵەژاو شپرزە نییە؟
ئەگەر نەوشیروان ئەو خاوەن رەفتارو کردارە ناشرینانە دەگۆڕێ، ئیدی
مانای"شەریکی سیاسی و هاوچارەنووس"چی دەگەیەنێت؟
ئایا کەسێک بە سوپاسی"خوا"و پشتیوانی ئەو، دەبێت بە شەریکی ئەو(بت)انە
کە ئەو هەموو خەسلەتە جوانەیان هەبێت وەک خۆی وەسفیانی کردووە؟
ناهەقمە بڵێم: بەڕێز نەوشیروان بە ئاشکرا درۆ لەگەل خۆی و خەڵک دەکات و
نازانێ چی دەڵێت و نموونەیەکە بۆ دیماگۆکییەتی سیاسەتمەدارێک هەموو
توانای خۆی بۆ هەڵخەڵتاندن و یاری کردن بە سۆزی خەڵک بەکاردەهێنێت.
هەر لەم پەیامەکەیدا، نەوشیروان بۆ ئاغاکانی روونیدەکاتەوە کە دوژمنی
سەرسەختی شوعییەتەو زامنی راستەقینی بەرژەوەندییەکانیانە. ئەمەش بەو
مانایە کە بۆ عیراقێکی خاوەن دەستوری دیموکرات و یاساپەروەر کاردەکات
کە کوردیش تێدا بە مافی یەکسان دەژێ.
بەڕێز نەوشیروان دوو خاڵی خستووەتە روو کە
یەک لەدوای یەکیان بێبنەمان و لە نەزانییەوە سەریهەڵداوە:
1- کاتێ حکومەتەکان لە وەڵاتانی ئۆروپا دەگۆڕێن، وەزیری بەرگری و
ئاسایش و پۆلیسی نهێنی لەلایەن حزبی هەڵبژێردراوەوە بەڕێوە دەچێت،
واتە(وەک هەر شوێنێکی تری سەر ئەم دنیایەش حیزبایەتی لەم لەشکرە دوور
بێت)راست نییە. با بەرپرسانی گۆڕان بڕۆن بەخۆیان پرسیار لە ناوی وەزیرو
ئەفسەرە بەرزەکانی سوپای حکومەتەکان بکەن، بۆ نموونە لە ئەڵمانیا.
2- تەقلیدکردنی حزبە راستڕەو پۆپۆلیستەکانی ئۆروپا هەر ئەو بۆچوونەی
لێدەکەوێتەوە: هەموو حزبە دەسەڵاتدارەکانی دنیا بە رێکخراوە
جیهانییەکانیانەوە، فڕیان بە شێوازی حیزبی ستالینییەوە نییەو تاوانباری
پلە یەکی نەک هەر لە گەندەڵێ، بەڵکو هەموو جۆرەکانی تاوان لە لەسەر
ئاستی جیهان. نەوشیروان مەبەستی تری هەیە لە لەو دەربڕینە ناموفەقەو
خۆی تێکەوتووە! ناشرینکردنی شوعییەت لەژێر ناوی ستالین لەبەرچاوی خەڵک
کارێکی کۆن و سەرنەکەوتووەو خاوەنەکانی تەنها بۆ بسۆلەی تێپەڕین
لەبەردەم ئاغا گەورەکانیان بەکاری دەهێنن.
3- نەوشیروان لەم خاڵە لەسەر ئاوازی نوری مالکی دەڕوات. ئەگەر وانییە
با پێمان بڵێت کام یاسا؟!
4- لەم خالەشدا بەڕێزی دەیەوێت (کۆتایی بەو ئیدارە حیزبییە)بهێنێت، وەک
بڵێی ئیدارەکانی دەوڵەتان حزب بەڕێوەوەیان نابات و سەربەخۆن. ئەم درۆیە
بۆ هەندێ قوڕبەسەر بگێڕنەوەو بە ئارەزووی خۆتان تەفەریان لێ بدەن!
نەوشیروان وتی(ئێمە بە روحی بیناکردنەوەی ئێستا و ئایندەوە هاتووین و
ئاوڕ لە دواوە نادەینەوە، مەگەر بۆ پەند وەرگرتن و لێوە فێربون.)،
بەڵام پاش تەواوبوونی پەیامەکەی وەک بڵێی راگەیاندنێکی تر بێ، لە
چەندین قەوانی کۆن دەدەن!
بەڕاستی نەوشیروان گۆڕانی کردووە، بەڵام بەدیوی راستەوەو پێشەکی لە
پەیام و دیمانەکانیدا، عەرەبوونی دژایەتی شوعییەتی بۆ گۆڕانەکەی بەیان
کردووەو بەراستی بووە بە لەمپەڕێگی لەبەرچاو لەبەردەم رۆیشتنی رەخنەو
گازندەی ستەمدیدەکان تا بە ئاقاری گۆڕانی سوور نەڕۆن: هەژارو
ستەمدیدەکان بەختی خۆیان لەگەل یەکگرتوو تاقیکردەوەو ئێستا بەیعەتی نوح
دەکەن و سواری کەشتییەکەی بوون کە سەرتاپای وەهمی خوردە بۆرژوایەکی
قەومچییە، بەڵام دەرگای گۆڕانی راستەقینە بۆ دامەزراندنی ژیان و کارو
بژێوی هاوبەش لەپێشمانەو دەبێ کاری بۆ بکەین!
لەخۆڕا نییە حزبە کۆزەرڤاتیف و راستڕەوە پۆپۆلیستەکان لە وەڵاتانی
ئۆروپا لەم کاتە کە سەرمایەداری لە قەیرانێکی قووڵدایە، برەویان هەبێ.
نەوشیروان دەگاتە لوتکەی هەڵخەڵەتاندن و هەڵویستی راستڕەو و بێ بنەماو
پێکەنیناوی، کاتێ پێماندەڵێ: پێیان بسەلمێنین ویژدانی مرۆڤی کورد
گەورەترە لەوەی بە پارە بیکڕیت، بە ترس بیتۆقێنیت، بە بوختان و
جەواشەکاری گومڕاهی بکەیت). ئەو وەسفە بۆ مرۆڤی کورد و
گشتاندنی(گەورەیی ویژدانی)ساختەکارییەکی بێوێنەی رەگەزپەرەستانەو قۆڕە
بە هەموو مانایەک. ئاخر ئەوە کەی وایە؟ کوردستانیان وەک هەر گەلێکی ئەم
دنیایە چینی جیاواز، توێژی جیاواز، بەرژەوەندی جیاواز، ئەقڵ و تێفکرینی
جیاوازی هەیەو هەر لە کەسانی خاوەن ویژدان تا ئەو ئەوپەڕی بێویژدانی
تێدایەو پاشان مەسەلەکە تەنها مەسەلەی ویژدان نییە بە قەد ئەوەی
مەسەلەی بارودۆخ و بۆچوون و راڤەکردن و هەڵویستی چینایەتییەو لە هەموو
کایەکانی کۆمەڵگەکەمان رەنگی داوەتەوە.
پەیامەکانی ئەم بەڕێزە بازدانە بەسەر برینە قووڵەکانی چەوساوەکان و
دەبێ بەهەموویان بڵێین: نا بۆ سیاسەتی تەفرەدانی چەوساوەکان بە پەیامی
ئاکرین، هێلکەو شامپۆ پەخشین و شەڕە پەڕۆ و تەقەکردن و درۆی شاخدار.
بێدەنگی و سازشی کاتی لەگەل ماشینی زەبەلاحی راگەیاندنە باڵادەستەکان،
خەتایە...دەبا ئەوانەی سواری"گەشتییەکەی حەزرەتی نوح"بوون، بزانن کە
کاک"نوح" نموونەی پەیامبەرێکی هاوچەرخە، بۆیە شەریکی سیاسی و
هاوچارەنووسی بتەکانەو ئەمەش بە هەموو دیوەکانییەوە، درۆیەکی ئاشکرایە!
منیش پەیامم هەیە:
چەوساوەکان! دەنگ بدەن بەوەی:
- ئابووری هەرەوەزی لە لادێ و شارەکان دادمەزرێنێ!
- کەرتە تایبەتەکان(نەخۆشخانە، کارەبا، ئاو، کشتوکاڵ، زانکۆ، تەلەفۆن،
بانق، پۆست، بیناسازی، قیرتاوکردن، بازرگانی و هاتووچوو)و گشت کەرتە
ئەهلییەکان، خۆماڵی دەکاتَ!
- کۆمپانییەکانی نەوت و گازە بیانییەکان، خۆماڵی دەکات!
- جیاوازی نێوان شارو لادێ لەناو دەبات!
ئەمە بەرنامەی چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانی ئیمڕۆمانە!
07701929872
dwaroj@yahoo.de
|