په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\٩\٢٠١٣

نەوت و (هیلالی شیعی).


د. ئارام ره‌فعه‌ت*

 

(هیلالی شیعی) بەو ناوچەیەی خۆرهەڵاتی ناوەراست دەگوترێت کە بەشێک یان زۆرینەی دانیشتوانی شیعەن ‌و هەر یەک لە ئێران، عێڕاق، سوریا، لوبنان دەگرێتەخۆ. لە ساڵی ٢٠٠٥دا چەمکی (هیلالی شیعی) لە لایەن شا عەبدوڵای ئوردنەوە بەکارهات ‌و هاتە ناو ئەدەبیاتی سیاسی.


پرسیارێکی گرنگ ئەوەیە، نەوت چ رۆڵێکی هەیە لە دەرکەوتنی (هیلالی شیعی)دا؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە پێویستە تیشک بخرێتە سەر رۆڵی ئێران لە دەرکەوتن و جێکەوتنی (هیلالی شیعی)دا. دەکرێت رۆڵی ئێران وەک رابەر و زلهێزێکی شیعی‌ و چوارەم وڵاتی جیهان لە رووی یەدەگی نەوتەوە لە چەند خاڵدا کورتبکرێتەوە:


یەکەم؛ (هیلالی شیعی) ئاماژەیە بۆ کیانێکی سیاسیی نەک دیموگرافی. لە رووی دیموگرافییەوە هەرێمە شیعییەکانی لوبنان‌ و سوریا درێژکراوەی ناوچە شیعەنشینەکانی عێڕاق ‌و ئێران نین، و شیعەکانی لوبنان ‌و سوریا زۆرینەی دانیشتوانی ئەو دوو وڵاتە پێکناهێن ‌و لوبنان‌ و سوریا بە دوو وڵاتی شیعی هەژمار ناکرێن. لە راستیدا (هیلالی شیعی) زادەی هەژموون و حوکمڕانی شیعەکانە نەک هەژموونی دیموگرافییان. (هیلالی شیعی) دوای هاتنە سەر حوکمی شیعەکانی عێڕاق لە ٢٠٠٥دا لە لایەن شا عەبدوڵاوە هێنرایە ناو ئەدەبیاتی سیاسی. لەو ساڵەدا بە پشتیوانی ئێران شیعەکانی عێراق لە رێگای زۆرینەی پەرلەمانییەوە بۆ یەکەمجار بوون بە حوکمرانی فیعلی عێڕاق.


دووەم، ئێران رۆڵی ڕابەرایەتی هەبوو لە شکڵگرتنی (هیلالی شیعی)دا. حیزبوڵڵای لوبنانی دەرهاویشتەی راستەوخۆی ئەو سیاسەتەی ئایەتوڵڵا خومەینییە کە بە "هەناردەکردنی شۆڕش" ناسرابوو. حیزبوڵڵا لە ساڵی ١٩٨٥دا بە هاوکاری ئێران دامەزرا، سەرکردەکانی شوێنکەوتوی خومەینی‌ و چەکدارەکانیشی لە لایەن ئێرانەوە راهێنانیان پێدەکرا و ئێران بودجەیەکی ئاوەڵای بۆ تەرخان کردبوون. رژێمەکەی حافز ئەسەدیش لە سەرەتادا رژێمێکی نەتەوەپەرەستی عەرەبی بوو، بەڵام لە هەشتاکانەوە لە ژێر هەژموونی کۆماری ئیسلامی ئێران‌ مەیلی ناسنامە عەلەوییەکەی لەسەر حیسابی نەتەوەپەرەستییەکەیدا پەیداکرد. ئێران رۆڵێکی میحوەریشی لە هاتنە سەرکاری حیزبە شیعییەکانی عێراقی دوای سەدامدا هەبوو. بە مانایەکی تر، هەژموونی شیعەکانی لوبنان ‌و زاڵبوونی ناسنامەی عەلەویەت بەسەر رژێمەکەی ئەسەددا و هاتنەسەرکاری شیعەکانی عێڕاق زادەی دەست تێوەردانی کۆماری ئیسلامی ئێرانن لەو وڵاتانەدا.


سێیەم؛ رۆڵی نەوت لە (هیلالی شیعی)دا زیاتر لەوەدا دەردەکەوێت کە کاریگەریی رژێمی ئێران لەسەر وڵاتانی (هیلالی شیعی) زیاتر لە دەستئاوەڵایی دارایی ئێرانەوە دێت ‌و نەوتیش بڕبڕە پشتی ئابووریی ئێران پێکدێنێت. بە گوێرەی رۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرنالی رۆژی ٢٩/٤/٢٠١٣، سەرەڕای ئەمبارگۆی نێودەوڵەتی لەسەر هەناردەی نەوتی ئێران، نەوت هێشتا ٦٠٪ی کۆی داهاتی ئەو وڵاتە پێکدێنێت. شایانی باسە، ئێران چوارەم وڵاتە لە رووی یەدەگی نەوت ‌و پێنجەم وڵاتیشە لە بەرهەمهێنانی نەوتدا و زیاتر لە چوار ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بەرهەمدێنێت. دوو نموونە ئەوە دەسەلمێنن کە داهاتی گەورەی نەوت زەمینەی بۆ ئێران خۆشکردوە تا لە دەرکەوتن ‌و هێشتنەوەی (هیلالی شیعی)دا رۆڵی سەرەکیی هەبێت. یەک، رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی رۆژی ٢٠/١٢/٢٠٠٤ یارمەتی ساڵانەی ئێران بۆ حیزبوللا بە ٢٠٠ ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنێت. دوو، بە گوێرەی رۆژنامەی ئیکۆنۆمیستی رۆژی ٢٢/٢/٢٠١٢، ئێران یارمەتییەکی ٩ ملیار دۆلاری داوەتە رژێمەکەی ئەسەد بۆ بەرەنگاربونەوەی یاخیبوانی وڵاتەکەی.


چوارەم، حاڵەتی عێڕاقی لێدەرچێت، کاریگەری ئێران لەسەر شیعەکانی وڵاتە نانەوتییەکانی وەک لوبنان ‌و سوریا زۆرترە لە سەر شیعەی وڵاتە نەوتییەکانی وەک ئازەربایجان‌وسەعودییە. جێگای سەرنجە ئازەربایجان‌و سەعودییە دراوسێی ئێرانن، شیعەکان ٨٥٪ی دانیشتوانی ئازەربایجان پێک دێنن‌و شیعەکانی سەعودیەش لە مەحرومترین شیعەکانی جیهانن. ئەوەی شیعەکانی ئازەربایجان‌و سەعودییە لە شیعەکانی لوبنان‌و سوریا جیادەکاتەوە داهاتی نەوتی وڵاتەکانییانە. لەکاتێکدا داهاتی نەوتی ئێران بەراورد ناکرێت لەگەڵ هی لوبنان‌و سوریا بەڵام زۆر لەهی ئازەربایجان‌و سەعودییە کەمترە. بەرهەمی ساڵانەی نەوت بۆ هەر تاکێک لە سەعودیە ١٠٤ بەرمیل‌و لە ئازەربایجان ١٦ بەرمیلە، بەڵام لە ئێراندا تەنها ١٤ بەرمیلە. لەبەرئەوەی ئابوری نەوتی ئازەربایجان‌و سەعودییە لەهی ئێران بەهێزترە، ئێران ناتوانێت هاوشێوەی لوبنان‌و سوریا لەو دوو وڵاتەشدا سوود لە داهاتی نەوتەکەی بۆ هەژموون پەیداکردن ببینێت.

________________

* د. محەمەد ره‌فعه‌ت.

 

ماڵپەڕی د. ئارام رەفعەت

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک