په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\٦\٢٠٢١

نەخێر لە ئینجیلی کریستیانی پێشبینی ناوی ئەحمەد (محەمەد) ناکا.


سه‌‌لاح رێبوار      

 

لەوەتەی بەبیرمان دێ دیندارانی موسوڵمان خوێندەوار و نە خويندەوار، مەلا و موفی دەڵێن پەرتووکەکانی تەورات و ئینجیل گۆڕاون و بەڵاڕی دابراون. بۆیە ناتوانرێ باوەڕیان پێبکرێ. کاتی پرسیاریان لێدەکەی چۆن؟ و بەکام بەڵگە؟ چی گۆڕاوە؟ دەقە بنەڕەتییەکە چی بووە، و لەبەرچی گۆڕاوە؟ وەوڵامێکی لۆژیکی و بەڵگەیەک وەرناگری. ئەوەی دەیبیستی، تەنیا گوتیان و مەلا فەرمووی و هتد.

 

ئەو باسە ئاوڕ لەو گوتیان و دەڵێن ناداتەوە. بەڵکوو بە سۆراخی مشتومڕێکی موسوڵمانانەوە دادەچێ. کە ڕەنگە هەر ئەوەشبێ بنەڕەتی دەنگۆی گۆڕدرانی هەردوو پەرتووکی یەهودی و کریستیانی. ئەویش سەبارەت بە باسی محمد و پێشبینی هاتنی ناوی لە ناو دەقەکانی ئینجیل دا. ئەو باسە، دەمێکی باشە لەناو موسوڵمانان بەردەوام جێگای مشتومڕ بووە. بەپێی باوەڕی موسوڵمانان لە ئینجیلدا پێشبینی لە هاتنی محمد یان احمد کراوە. کە دەبێ ئەو محمدە، مەبەستی پەیامبەری ئیسلام بێ. لە هەمان کاتدا دەڵێن: لەبەر ئەوەی ئینجیل گۆرانی تێداکراوە، ئەو دەقانەی کە باسی لە پێشبینی هاتنی پەیامبەریان تێدایە، گوڕدراون. بەڵام بەکام بەڵگە ئەو دەربڕینە پشتڕاست دەکرێتەوە. ئایا لۆژیک ڕێگا دەدا پەرتووکێک بەر لە ٦٠٠ ساڵ پێشبینی هاتنی پەیامبەرێک بکا؟ بە کورتی ئەو بۆچوونەی موسوڵمانان، تا چ ئاستێک ڕاستە؟

 

موسوڵمانان بۆ سەلماندنی ئەو پێشبینییە، بێجگە لە گومان و تێبینی، هەنگاوێکی تریان نەهاویشتووە. بێگومان بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەلقەیەک لە نێوان ئینجیل و قوڕئان یان محمد، هەر بە گوتیان و دەفەرموون نابێ. بەڵکوو پێویستی بە بەڵگە و ووردەکاری لۆژیکی هەیە.

 

ڕاستی گرفتەکەش دەگەڕێتەوە بۆ ووشەیەک لە چوار دەقی ئینجیلی یۆحەنا. موسوڵمانانی خستۆتە بیرکردنەوە. ئەو ووشەیەش لە دەقە یۆنانیەکان هاتووە ووشەی (پاراکلیتۆس*)ە. واتە پارێزەر، یارمەتیدەر یان ڕاوێژکار. کەچی موسوڵمانان پێیان وایە ئەو ووشەیە دەبوایە (پێریکلیتۆس**) بوایە، چونکە گونجاوتر دەبوو. کە دەکاتە سەنا، سوپاسگوزار محمد یان احمد. بەوەش سوڕەتی الصف ئایەتی ٦ لە قوڕئان پشتڕاست دەکاتەوە. (١)

 

القرأان الکریم سورة الصف ٦١: ٦ 

وَإِذْ قَالَ عِيسَى ابْنُ مَرْيَمَ يَا بَنِي إِسْرَائِيلَ إِنِّي رَسُولُ اللَّهِ إِلَيْكُمْ مُصَدِّقًا لِمَا بَيْنَ يَدَيَّ مِنَ التَّوْرَاةِ وَمُبَشِّرًا بِرَسُولٍ يَأْتِي مِنْ بَعْدِي اسْمُهُ أَحْمَدُ فَلَمَّا جَاءَهُمْ بِالْبَيِّنَاتِ قَالُوا هَذَا سِحْرٌ مُبِينٌ

کاتی عیسای کوڕی مریەم گوتی: ئەی بەنی ئیسرائیل من نێردەی خودام بۆ لای ئێوە. ئەو تەوراتەی کە لە پێش مندا هاتووە بەڕاستی دادەنێم. موژدەتان لێبێ پەیامبەرێک لە دوای من دێ و ناوی ئەحمەدە. کاتی هات و بە چەند نیشانەی ڕوون و ئاشکرا هاتە لایان. گوتیان ئەوە هەر جادووەێکی ئاشکرایە. (٢)

 

لەبنەڕەتدا ئەوە تاکە مەبەستی دیندارانی موسوڵمانە. ئەگینا هیچ پەیوەندییەکی لۆژیکی نییە، بۆ ئەوەی لە دەقێکی ئینجیل ووشەی پێریکلیتۆس گونجاوتر بێ لە پاراکلیتۆس. ( ٣ )

 

ئەوەی زیاتر جێگای سەرسوڕمانە ڕێبازی شیعە لەوەش زیاتر دەڕۆن. بە بیانۆی گوایە قەشەیەک لە ئێران بۆتە موسوڵمان، بە پێی لێکدانەوەی ئەو قەشەیە. دەبێ یۆحەنا خۆی ئەو گۆڕانەی کردبێ. بە لێکدانەوەی نووسەر. یەسوو ووتار و قسەکانی لەگەڵ خەڵکی، بە زمانی عیبری بووە. کەچی کاتی یۆحەنا ئینجیلی بە زمانی یۆنانی دەنووسییەوە، ڕەچاوی قسەکانی یەسوی نەکردووە. لە نووسینی ئینجیل بە یۆنانی گۆرانی تێداکردوە. بەڵام هیچ بەڵگەیەک یان ڕوونکردنەوەیەکی لۆژیکی ناخاتە ڕوو. بۆیە ناتوانرێ وەک بەڵگەیەکی زانستی وەربگیرێ. (٤)

 

گشت ئەو باس و مشتومڕی پێشبینیەش، تەنیا لە گوتیان و بیستوومانە و ئەگەری وا هەیە یان باشتر دەگونجێ، زیاتر تێپەڕناکا. کە دێتە سەر بەڵگە وەک دۆکومێنت بۆ پشتڕاستکردنەوەی بۆچوونیان، ئەوا خۆیان دەبوێرن. و دواتر لەسەر هەمان ریتم بەردەوام دەبن.

 

ئەوەی جێگای باسکردنە هەر چوار ئینجیلە قانوونیەکان یەکەم جار بە زمانی یۆنانی نووسراون. و لە ئەدەبیاتی کلاسیکی یۆنانی نەک تەنیا یەکەم دەستنووسی ئینجیلەکان، بەڵکوو سەرجەم ئەدەبی ئەفسانە، تادەگاتە نووسراوە فەلسەفی و هونەری و شەڕ و هتد. پارێزراون. ئینجیلەکانیش بە هەمان شێوە لە چوارچێوەی ئارشیڤی کۆن دا ماون. کە واتە ئەوەش پێچەوانەی، ئەو بۆچوونە نیشان دەدا. لەگەڵ ئەوەشدا موسوڵمانان، هەر لەسەر گومان و گوتی و گوتیانی خۆیان هەر بەردەوامن. بێ ئەوەی بۆمان ڕوونکەنەوە کە دەقە بنەڕەتیەکە چی بووە؟ و چۆن گوڕاوە؟ ئەوەی تەنیا ئاماژەی پێدەکەن ئینجیلی یۆحەنایە کە گوایە، ئاماژەی بەو پێشبینیە کردووە. (٥)

 

لەم باسەدا هەوڵ دەدرێ، لە سێ گۆشەنیگای جیاواز، سەرنجی ئەو پێشبینییە بدرێ. ئەوەش بە مەبەستی دەرفەت وەرگرتن بۆ قووڵبوونەوە، و ساخکردنەوەی بەشێوەیەک، تا دەکرێ تێگەیشتنێکی گونجاو و لۆژیکی لەسەر داڕێژین.

 

گۆشەنیگای یەکەم.

 

پەیامبەرانی بەنی ئیسرائیل لە هەردوو پەیمانی کۆن و پەیمانی نوێ، یارمەتی دەر و پارێزەر ڕاوێژکاری مرۆڤ بووین بەرامبەر خودا. هیچ پەرگرافێک یان لە هیچ ڕووداوێک لە هەردوو پەیمانی کۆن و پەیمانی نوێ نابینی یەک لە پەیامبەرکان لەبەر خودا پاڕابێتەوە یان سەنای بۆ بکا و سوپاسگوزاری بێ. بۆیە ناکری محمد یان احمد پێشبینی کرابێ. بەوەش جیاوازییەکی بنەڕەتی لە ڕۆڵی پەیامبەرایەتی، نێوان پەیامبەرانی بەنی ئیسرائیل، بە یەسووشەوە و پەیامبەری ئیسلام دا هەیە.

 

ڕۆڵی پەیامبەرەکانی بەنی ئیسڕائیل پارێزەر و ڕاوێژکار و یارمەتی دەر بووە، نەک پاڕانەوە و سەناکردن. وەک ڕۆڵی پەیامبەری ئیسلام. ئەوان ڕاوێژ لەگەڵ خودا دەکەن. و پارێزەری گەلی ئیسرائیلن لە بەرامبەری. ئەوەش لە ناو هەردوو دینی یەهودی و کریستیانی دا بە دەیان جار دووبارە دەبێتەوە. بۆ باشتر تێگەیشتن و پشتڕاستکردنەوەی ئەو بۆچوونە، سێ نموونە دێنینەوە:

سەبارەت بە کاولکردنی شاری سەدوم و ڕاوێژی ئیبراهیم لەگەڵ خودا.

پەیمانی کۆن – ئەفراندن ١٨: ٢٣ -٢٥

 

(٢٣) ئیبراهیم تۆزی چووە پێشتر و گوتی: دەتەوەێ لەو شارە چاکە و خراپە پێکەوە سزا بدەی؟ (٢٤) ڕەنگە پەنجا کەسی باشی تێدابێ. ئایا هەر لەناوی دەبەی. لە پێناو ئەو پەنجا کەسە پیاوچاکە نایبەخشی؟ حاشا شتی وا لەتۆ ناوەشێتەوە! پیاوچاک لەگەڵ پیاوخراپان بکوژی! ئەو دەمە چاک و خراپ وەک یەکیان لێدێ. دوور بێ لە تۆ! فەرمانڕەوای سەرجەمی زەوی، دادوەری وا ناکا! (٦)

 

ئەگەر بە ووردی سەرنج بدەین دەبینین لە سەر کێشەی سەدووم، خودا ئەوەندە تووڕەیە خەریکە شارەکە وێرانبکا. بەڵام ئیبراهیم لە دەستەڵاتەوە، وەک ڕاوێژکارێکی متمانە بەخۆ، قسەی لەگەڵ دەکا. نەک لەبەری بپاڕێتەوە یان سوپاس گوزاری بێ و سەنای بکا. تەنانەت لە قسەکانی و هەڵوێستی، خەریکە خودا تەریق دەکاتەوە. ئەوەی بەبیر دێنێتەوە، کە دەستەڵاتداری هەموو زەوەی ئەو بێدادیەناکا.  

 

نموونەی دووەم:

 

دوای دەرچوونی موسا لەگەڵ بەنی ئیسرائیل لە میسر و دەربازبوونیان لە ڕوباری نیل.

پەیمانی کۆن دەرچوون ١٧: ٣ – ٦

(٣) بەڵام گەل (خەڵک) تێنوویان بوو و کەوتنە گلە و گازاندە، بەرامبەر موسا. گوتیان: بۆچی ئێمەت لە میسر هێنایە دەرەوە. تا خۆمان و منداڵ و مەڕوماڵاتمان لە تێنووان بمرین؟

(٤) ئیتر موسا بۆ خودا هاواری کرد: چی لەو گەلە بکەم؟ پاش کەمێکی دیکە، بەرد بارانم دەکەن.

(٥) خودا بە موسای فەرموو: لە پێش گەلەکەتدا بڕۆ و هەندێک پیری ئیسرائیل لەگەڵ خۆت بەرە. ئەو گۆچانەی کە ڕووباری نیلت پێ شەقکرد. لە دەستت دابێ و بڕۆ (٦) من بەر لە تۆ لەسەر ئەو تاشە بەردە لە حۆریف وەستاوم. لە تاشە بەردەکە دەدەی، ئاوی لێ هەڵدەقوڵێ و گەل دەیخۆنەوە. (٧)

موسا دوای دەربازبوونیان لە میسر و گەیشتنە خاکی کەنعان. ئەوەندە ووشک بوو گەلەکەی خەریک بوو لە تێنوێتی بمرن. و دەست بە گلە و گازاندە لە موسا دەکەن. موسا لەبەر خودا ناپاڕێتەوە، بەڵکوو هاوار دەکا چی لەو گەلە بکەم؟ بۆ منت لەگەڵ گەلی ئیسڕائیل هێنایە دەرەوە. ئەگەر چارەسەرێک نەدۆزییەوە ڕەنگە بەردبارانم بکەن. ناپاڕێتەوە و خوداش چاوەڕوانی پاڕانەوە نییە، لەجیاتی ئەوە هەر زوو بەدەنگییەوە دی و فێری پەڕجوێکی دەکات. بە گۆچان لە تاشە بەردێک بدا ئاوی لێ دەردەچێ. تا خەلکی ئارام بێتەوە. لێرەدا دەبینین هەم گەلی ئیسڕائیل و هەم موسا خودا منەتباردەکەن، نەک پێچەوانەی.

 

نموونەی سێیەم.

 

 یەسوو لە بێهیوایی گلەیی خۆی ئاڕاستەی ئۆڕشەلیم دەکا. هەرچەندە ویستوویەتی پارێزگاریان ليبکا. بەڵام سوودی نەبووە. و نەیان ویستووە. بۆیە بێهیوایە.

پەیمانی نوێ ئینجیلی مەتی ٢٣: ٣٧

 

ئەی ئۆڕشەلیم. بکوژی پەیامبەران و بەردبارانکەری ئەوانەی بۆ نێردراون. چەند جار ویستم منداڵەکانت کۆبکەمەوە. هەروەک چۆن مریشک جووجەڵەکانی لە ژێرباڵیدا کۆدەکاتەوە. بەڵام نەتانویست. (٨)

 

لەسەرتاسەری هەر چوار ئینجیلەکە نابینین یەسوو لەبەر خودا بپاڕێتەوە، بەلکوو داواکاری هەیە لە باوک پارێزگاری لە گەلەکەی دەکات. هەرچەندە ئەوان دوژمنی خۆدا و پەیمبەرەکانی بووین. یەسوو دەیەوێ وەک چۆن مریشک جووجەڵکەکانی دەخاتە ژێر باڵی ئەویش بەو شيوەیە گەلی ئیسرائیل بخاتە ژێرباڵی و بیانپارێزێ. و ببێتە ڕزگارکەریان. بەڵام بێهیوایە چونکە ئەوان نەیان ویست پارێزگار و ڕزگارکەرێکیان هەبێ. یەسو نە ساناکار و نە سوپاس گوزارە بەڵکوو پارێزەرە و دەیەوێ یارمەتی گەلەکەی بدا.

 

لەو سێ نموونەیەدا پیشانمان دەدا کە پەیامبەران سەناکار و سوپاسگوزار نەبووین. بەڵکوو پارێزەر و ڕاوێژکار بووین، بۆ گەل و مرۆڤ بەرامبەر خودا. بۆیە ناکرێ ووشەی (محمد یان احمد) لە ئینجیل هاتبێ.

 

خاڵی دووەم.

 

یۆحەنا کێیە و ئینجیلەکەی چۆن نووسیوە؟

گشت دەنگۆی پێشبینیەکە ئاماژە بەوە دەکا کە لە ئینجیلی یۆحەنا، ئاماژەی پێکردبێ و دواتر گۆرانی تێداکرابێ.

١- ئەوەی ڕاستیبێ هەر چوار ئینجیلە قانونیەکان دوای یەسوو بە ماوەیەکی دوور نووسراونەتەوە: کە دەتوانین بڵێین نەوەیەک تا دوو نەوە دوای لە خاچدانی کریست دەست بە نووسرانەوەیان کراوە. کریست سالی ٣٠ ز لە خاچدراوە. و یەکەم ئینجیل دوای ٣٨ ساڵ دوای لە خاچدانی، لەلایەن مارکوس نووسراوەتەوە. و هەر چوار ئینجیلەکەش بۆ یەکەم جار، بە زمانی یۆنانی نووسراونەتەوە. و مێژووی نووسینییان بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
ئینجیلی مارکوس (مرقـص) لە نێوان ساڵانی ٦٨ تا ٧٣ زاینی نووسراوە
ئینجیلی ماتێوس (مەتی) لە نێوان ساڵانی ٧٠  تا ٩٠ زایینی نووسراوە
ئینجیلی لوکاس (لوقا) لە نێوان ساڵانی ٨٠  تا ١٠٠ زاینیی نووسراوە
ئینجیلی یۆهاننێس (یوحەنا) لە نێوان ساڵانی ٩٠ تا ١١٠ نووسراوە

 

هیچ لە نووسەرانی ئینجیل وەک نووسەرێک دانەنیشتوون و یەکسەر بۆ ماوەیەکی کورت سەرجەمی ئینجیلەکە بنووسنەوە. بەڵکوو بەپێی پێویست و ماوەی جیاجیا، وەک بیرەوەری نووسراونەتەوە.  (٩)

 

لەلایەکیتر دەبینین ئینجیلی یۆحەنا دوا ئینجیلە نووسرابێتەوە. کە نزیکەی ٦٠ ساڵ دوای لە خاچدانی یەسو، دەست بە نووسرانەوەی کراوە. سەرەڕای ئەوە نووسەر و بیرمەندی سوری فراس السواح دەڵی بێجگە لە مەتی، هیچ لە نووسەرانی ئینجیلەکانی تر ڕاستەوخۆ گوێیان لە یەسو نەبووە و نەیان بینیوە. کەچی گشت متمانەیەک بۆ نووسینەوەی ئینجیل، بێجگە لە مەتی لەلای هەر سێ نووسەرەکەی تر لەسەر نامەکانی پاولۆس بووە. (١٠)

 

بەپێی مێژووی لێکۆڵینەوە، نامەکانی پاولۆس، ماوەیەک پێش ئنجیلەکان نووسراون. و سەرچاوەی هەرە گرنگی نووسینەوەی ئینجیلەکان بووین. بۆیە ڕێگەی تێناچی پاولۆس باسی ئەو پێشبینییەی نەکردبێ. بەڵام یەک لە نێردەکانی باسی بکا. سەرەڕای ئەوەی متمانەی تەواوی وەک سەرچاوە، لەسەر پاولۆس بووبێ. (١١)

 

بۆیە مرۆڤ تەنیا گریمانەی ئەوە دەکا، کە یۆحەنا مەبەستێکی تایبەتی، لە نووسینەوەی ئینجیلەکەی هەبووبێ. ئەوەش دەبێ بۆ لێکۆڵینەوە بە هەند وەربگیرێ.

با لە دوو ڕوانگەوە سەرنجی ئەو دیمانیە بدەین:

١- خالێکی گرنگ لێرەدا هەیە کە دەبێ بۆ بەدواداچوون ڕەچاوی بکەین. ئەویش یۆحەنا ناوەرۆکی ئنجیلەکەی جیاوازە لەگەڵ هەرسێ ئینجیلەکانی تر. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، نووسینەوەی ئەو ئینجیلە بۆ دوای ساڵی ٧٠ زایینی دەگەڕێتەوە، کە سەرئەنجامی ڕاپەڕینی یەهودی (٦٦ -٧٠ ز) شاری ئۆڕشەلیم سەرتاپای سوتێنرا و کاولکرا.  تەنیا شوێنەوارێک کە مابێتەوە دیواری ڕۆژئاوای شار بوو، کە تائێستاش لە دوور و نزیک وەک شوێنێکی پیرۆز سەردانی دەکرێ، نزاو پاڕانەوەی بەرامبەر دەکەن. دوای سووتان و کاولبوونی ئۆڕشەلیم ئەو کەلێنە دەرفەتی دا کریستیانەکان، کە ئاڕاستەیەکی نوێ وەربگرن. بۆ دەرچوون لە ژێر تارمایی دینی یەهوودی. و بتوانن وەک دینێک و پەیامبەرێکی دوور لە کاریگەری تەورات و موسا پەرە بستێنن. یۆحەنا لەو هەڵومەرجەدا دوای کاولبوونی ئۆڕشەلیم دەستی بە نووسینەوەی ئینجیلەکەی کرد. هەر ئەوەش وایکرد، کە شێوەیەکی تایبەتی و جیاوازی لەگەڵ سێ ئینجیلەکەی تر هەبێ. لە ئینجیلی یۆحەنا یەسوو کوڕی مرۆڤ نییە. بەڵکوو بە خودای دادەنێ (ووشەکە خۆی خودابوو)(١٢) ئەوەش بۆ دەربازبوون و بەرزکردنەوەی یەسوو وەک کریست و موژدەی گەڕانەوە بە کریستیانەکان دەدا، کە وەک پارێزەرێک و یاریدەدەرێک دەگەڕێتەوە. (١٣) 

 

٢- ناکۆکی نێوان کریستیان و نەساڕیەکان گەیشتبووە ئاستی هەرە بەرز. کە بەر لە ماوەی ڕاپەڕینی یەهودی، نەساڕیەکان لەلایەن ئیمپراتۆریەتی ڕۆم کەوتبوونە بەر شاڵاوی پاکتاوکردن. کەنیسەی خەتەنە، کە لەلایەن بنەماڵەی یەسو بەتایبەتی یاقوبی برای یەسو سەرپەرشتی دەکرا داخرابوو. لە جیاتی ئەوە کەنیسەیەیەکی تر کرابووەوە. کە ڕێبازی کریستیانی و پاولۆسی پەیرەو دەکرد. گشت ئەو کردەوانەش لەلایەن ئیمپراتۆری ڕۆم جێبەجێ دەکران. کە بە مەبەستی پاکتاوکردنی سەرجەم بنەماڵەی داودبوو. لە ساڵی ٦٢ ز یاقوبی برای یەسوو لە ئۆڕشەلیم بە ئاشکرا کوژرا. و بەوەش لە ڕاستیدا هەم کۆتایی بە بنەماڵەی داود هات. و هەم نەساڕیەکان بۆ شام و دوورگەی عەرەبی و میسۆپۆتامیا دەرکران و ئاوارەبوون. وبەرامبەر بەوە کریستیانەکان هەنگاو بە هەنگاو لە پەرسەندن دابوون.  یۆحەنا نزیکە ٢٠ ساڵ دواتر واتە ساڵی ٩٠ ز دەستی بە نووسینەوەی ئینجیلەکەی کرد. مەبەستی نووسینی بەو شێوەیە پێدانی سیمایەکی نوێ بوو، بە دینی کریستیانی و بەتایبەتی یەسوو. کە بە لە خاچدانی کۆتایی نەهاتووە و بەم زوانە لەلای باوک دەگەڕێتەوە، و بۆ هەتا هەتایە لەلامان دەمێنێتەوە. گشت ئەو هەڵومەرجە وادەکا. شێوەی نووسینی و پەیمانی گەڕانەوە بە قوتابی و پەیڕەوانی کارێکی پێویست بێ، بۆ بەردەوام بوون بڵاوکردنەوەی موژدەی پەیامی کریست. (١٤)

 

خاڵی سێیەم.

 

ئەو پەرەگرافانەی ئینجیلی یۆحەنا کە، بەپێی گۆتەی موسوڵمانان گومانی لێدەکرێ مەبەست (محمد یان احمد) بێ. وەک پێشتر ئاماژەی پێکرا، لە زمانی یۆنانی دوو ووشە هەن، کە بە گۆڕینی تەنیا یەک تیپ ماناکەی دەگۆڕێ.

 

پێشتر باسی دوو ووشە کرا. کە بەپێی تێبینی موسوڵمانان دەبێ لە  گۆڕان لە نێوانیاندا کرابێ. ئەو دوو ووشەیەش، یەکەم (پاراکلیت یان پاراکلیتۆس) کە بە مانای پارێزەر، یارمەتیدەر یان ڕاوێژکار دێ. ووشەی (پاراکلیتۆس) بۆ یەکەم جار لەلایەن دێمۆستێنێس ( ٣٨٤ – ٣٢٢ پ.ز) ***کە گەورەترین ووتاربێژ بووە. توانیویەتی بە ووتاڕیکی خرۆشێنەر، باوەڕ بە خەڵکی ئەسینا بێنێ، کە دروستکردنی هێزی دەریا لە ئایندەدا لە هێرشی ئیمپراتۆری فارس دەیانپارێزێ. هەر ئەو لەو ووتارەدا ووشەی (پاراکلیتۆس)ی بە مانای پارێزەر یان یارمەتیدەر بەکار هێناوە. لە ئینجیلی یۆحەنا ووشەی پاراکلیتۆس بە هەمان مانا  بەکارهاتووە، واتە پارێزەر یان یارمەیدەر یان ڕاوێژکار. ( ١٥)

 

دووەم ووشەی پێریکلیت یان پێریکلیتۆس کە بەمانای سەناکار، ستایشکار یان سوپاسگوزار دێ. لە عەرەبی بە مانای (محمد یان احمد). ئەگەر ئەو دوو ووشەیە جێگۆڕکێیان پێبکرێ ئەوا ماناکانیان دەگۆڕێ.

 

دکتۆر منقذ السقار دەڵێ ووشەکە لە بنەڕەتدا بەو مانایە نایە کە موسوڵمان لێی تێگەیشتوون، کە پاراکلیتۆس ئاماژە بەناوی محمد یان احمد بکا. بەپێی ڕاڤەی کەنیسە بە مانای کەسێک دێ کە ( یارمەتیدەر، پارێزەور یان ناوبژیکەر و ڕاوێژکار بێ) بۆیە ناکرێ بە مانای سەناکار (محمد) یان احمد بێ. ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی موسوڵمانان باوەڕیان وایە کە کریستیانەکان ئەو ووشەیەیان گۆڕیووە. هەڵبەتە ئەو تێبینی کردنەش، لە ئەنجامی لەیەک نزیکی ئەو دوو ووشەیە، سەرنجی موسوڵمانانی ڕاکێشاوە. کە بە تەنیا گۆڕینی تیپیپی ی بۆ ئا، ووشەکە مانای لە بنەڕەتدا دەگۆڕێ. واتە پێریکلتۆس کردویانە بە پاراکلیتۆس. ئەوەش لە بنەڕەتدا ناگونجێ. لەبەر ئەوەی لە دەقی پەرەگرافەکانی ئینجیلی یۆحەنا ئەگەر  ووشەکە بگۆڕین لەگەڵ ناوەرۆکی سەرجەمی دەقەکە نایەتەوە، و تێکی دەدا.  (١٦)

 

با سەیرێکی ئەو چوار دەقە بکەین کە  لە ئینجیلی یۆحەنادا هاتوون. و  موسوڵمانان گومانیان لەسەر هەن.

دەقی یەکەم

پەیمانی نوێ – ئینجیلی یۆحەنا ١٤:   ١٦ – ١٨

(١٦) منیش داوا لە باوک دەکەم پارێزەرێکی (یارمەتیدەرێکی) ترتان بداتێ. کە هەتا هەتایێ لەگەڵتان بمێنێتەوە (١٧) گیانی ڕاستی جیهان ناتوانێ وەریبگرێ. چونکە نایبینێ و نایناسێ. بەڵام ئێوە دەیناسن. چونکە لەگەڵتان دەمێنێتەوە و لە ناو ئێوەدا دەبێ. (١٨) بە هەتیوی بەجێتان ناهێڵم، دێمەوە لاتان. (١٧)

 

لێرەدا بە ئاشکرا دیارە کە یەسو لەم سێ پەرگرافەدا، یەکەم باسی پارێزەر دەکا. کە هەتا هەتایە بمێنێتەوە و پارێزگاریان لێبکا. دووەم باسی گیان (روح) دەکا. ئەوەش تایبەتە بە دینی کریستیان. و مەبەستی گیانی پیرۆزە. دواتر باسی ئەوە دەکا کە تەنیا ئێوە دەیناسن چونکە بینیوتانە و لەگەڵتان دابووە. لە کۆتایی باسی خۆی دەکات، کە لەگەڵیان دەمێنێتەوە و بە هەتیوی بەجێیان ناهێڵێ. کە سەرتاسەری هەرسی پەرەگرافەکە گوزارە لە کریست خۆی دەکا. وەک گیانی پیرۆز و ڕاستی دەگەڕیتەوە و پارێزگاری لە قوتابیان و دیناداران دەکا.

 

دەقی دووەم.

 

پەیمانی نوێ – ئینجیلی یۆحەنا ١٤: ٢٦

بەڵام پارێزەرەکە (یارمەتیدەرەکە)، گیانی پیرۆز، ئەوەی باوک بەناوی منەوە دەینێرێت. ئەو هەموو شتێکتان فێردەکا. هەموو ئەو شتانەی من پێم گوتوون، بیرتان دەخاتەوە. (١٨)

لەو پەرەگرافە بە روونی دەڵێ (پارێزەرەکە گیانی پیرۆز)ە. کە باوک دەینێرێ. بەو چمکەش ڕوونە کە ئەو شتانەیان بەبیر دێنێتەوە، کە ئێستا ئەو خۆی فێری کردوون و بەردەوامی بە پەیامەکەی دەدا. هەم گیانی پیرۆز و هەم پەیامی یەسو ناتوانن پەیامی پەیامبەری ئیسلام بن. چونکە پەیامەکان لە بنەڕەتدا جیاوازن و گیانی پیرۆز لە ئیسلام دا نییە. تەنانەت دینی ئیسلام گیانی پیرۆز کە لە سیانەی (ثالوث) کریستیانەکان دێ ڕەت دەکاتەوە. و تایبەتە بە یەسو و دینی کریستیانی. (دواتر باسی دەکرێ).

 

دەقی سێیەم.

 

پەیمانی نوێ – ئینجیلی یۆحەنا ١٥: ٢٦

جا کاتێ پارێزەرەکە (یارمەتیدەرەکە) دێ، ئەوەی لەلای باوکەوە بۆتانی دەنێرم. کە گیانی ڕاستییە. لە باوکەوە هەڵدەقوڵێ. ئەو شایەتیم بۆ دەدا. ئێوەش شایەتی بۆ دەدەن. چونکە لەسەرەتاوە لەگەڵ منن. (١٩)

لەو پەرەگرافە پارێزەرەکە لەلای باوکەوە دێ، و گیانی ڕاستییە (پیرۆزە)، و لە باوکەوە هەڵدەقوڵێ. دیارە مەبەست کوڕی باوکە، بۆیە لێی هەڵدەقوڵێ. دەبینین گەواهیدەرەکانیش هەر قوتابیەکانی یەسو خۆینی. چونکە لەسەرەتاوە ئەوان لەگەڵیدا بووین. ناکرێ لە کریست زیاتر کەسێکی تر بێ.

 

دەقی چوارەم.

 

پەیمانی نوێ – ئینجیلی یۆحەنا ١٦: ٧

بەڵام ڕاستیتان پێدەڵێم. بۆ ئێوە باشترە من بڕۆم. چونکە ئەگەر من نەڕۆم، پارێزەرەکەتان (یارمەتیدەرەکەتان) بۆ نایەت. بەڵام ئەگەر بڕۆم بۆتان دەنێرم. (٢٠)

 

ئەو پەرەگرافە زیاتر بەستراوەتەوە بە گەڕانەوەی کریست بۆ لای باوکی، تا گیانی پیرۆز بگەڕێتەوە. ئەگەر ئەو نەڕوا، ئەوە گیانی بپیرۆزیش نایێ، چونکە هەردووکیان لە یەک جەستەدان دوای مەرگ لەیەک جیا دەبنەوە و گیانی پیرۆز دەگەڕێتەوە لای قوتابی و پێرەوکاران، و چەستەش بوونی نامێنێ.

ئەوە ئەو چوار دەقەن ، بەپێی لێکدانەوەی موسوڵمانان، بنەڕەتن بۆ مشتومڕی، پێشبینی کردنی محمد لە ئینجیلی یۆحەنا. کە پێیان وایە دەبێ مەبەستی پەیامبەری ئیسلام بێ.

 

ئەو گەڕانەوەیە یان هاتنەوەیە  پێش وەخت یەسو پەیمانی بە قوتابیەکانی دابوو، کە کارەکانی دوای مردنی بەردەوام دەبێ و تەواویان دەکا. بەوەش کە باوکی (واتە خودا) گیانی پیرۆز دەنێرێ بۆ یارمەتی قوتابیانی.  بەپێی ئینجیلی یۆحەنا وەک بەرگریکارێک دێ بۆ پارێزگاری دژی تاوانەکانی شەیتان دەوەستێتەوە و مرۆڤایەتی ڕزگار دەکا.

 

بەپێی پەرتووکی (معجم اللاهوت الکتابی) ووشەی پاراکلیت کەلە ئینجیلی یۆحەنا هاتووە، گوزارە وەک (ناو) لە کەس ناکا، بەلکو جێناوە و مەبەست ئەرکی سەرشانییەتی، کە بە ڕۆڵی پارێزەر، یارمەتیدەر یان ڕاویژکار هەڵدەستێ. ئەو کەسەش یەسوی کریست خۆیەتی. کە لەلای باوک دەبێتە پارێزەر و بە گیانی پیرۆز بەرگری لە باوەڕداران دەکا.  کەچی موسوڵمانان لەو باوەڕەدان کە ووشەی پاراکلیتۆس نییە بەڵکوو پێریکلیتۆس یان پێریکلیتە. کە بە مانای سەنا و سوپاسگوزاری دێ (احمد). ئەوە کریستیانەکان گوڕیویانە بۆ پاراکلیتۆس. تا مانای بگۆڕی و گوزارە لەسەر پەیامبەری ئیسلام نەکا. (٢١)

هەولێ موسوڵمانان و مشتومڕیان، پشتڕاستکردنەوەی ئایەتی شەشی سورەتی الصف کە پێشتر ئاماژەی پێکراوە. بەڵام بە هیچ شێوەیەک ڕێی تێناچی. لەبەر ئەوەی ناوەرۆکی هەر چوار دەقەکان بە گۆڕینی ووشەیەک تێکدەچێ. چ لە ڕووی ماناوە، چ لەڕووی ئاکار و پەیوەندی پەیامبەرانی بەنی ئسڕائیل لەگەڵ خودا. بۆیە دەربڕینەکە سەرلەبەری هەڵەیە:

 

یەکەم لەڕووی ڕووماڵی زانستیانە، پێویستی بە بەڵگە بنبەست هەیە. کە ئەو ووشەیە گۆڕاوە. بۆ ئەوەش دەبێ بە بەڵگە پیسانی بدەن کە گۆراوە و لە بنەڕەتدا شتێکیتر بووە.

دووەم لە هیچ کام لە سێ ئینجیلەکانی تر چ قانوونیەکان یان ئەپۆکریفەکان، بە هیچ شێوەیەک باسی ئەوە نەکراوە، تا بتوانین بەراوردێکیان لە نێوان بکەین. (تێبینی: بێجگە لەو چوار ئینجیلە، چەندین ئینجیلی تریش هەن بە ناوی ئەپۆکریف (شاراوە))

سێیەم ناکرێ یەسو باسی گەڕانەوەی پیامبەرێک بکا، کە سەرجەمی پەیامەکەی پێچەوانەی پەیامی یەسو و کریستیانی بێ.

بەم سێ خاڵە بۆمان دەردەکەوێ، کە گۆڕدران لە ئینجیل، جێگای باوەڕ نییە. و تەنیا وەک تاوانێکی بێ بنەما دراوەتە پاڵ کریستیانی.

 

لەلایەکیتر ئەگەر لێکدانەوەیەکی ئەو چوار دەقە لەگەڵ سەرجەم ئینجیلی یۆحەنا بکەین، بۆمان دەردەکەوێ کە ئەو بۆچوونەی موسوڵمانان لە بنەڕەتدا بۆچوونێکی نالۆژیکییە. با بەراوردێکی نێوان، یەک ڕستەی ناو ئەو دەقانە. لەگەڵ دەقی یەکەمی ئینجیلی یۆحەنا، کە وەک دەستپێک بۆ ئینجیلەکەی خۆی بکەین. بزانین تا چەند لەگەڵ یەک دێنەوە:

پەیمانی نوێ – ئینجیلی یۆحەنا ١٥: ٢٦

(ئەوە یەک لەو پەرەگرافانەی ناو چوار دەقەکەیە کە موسوڵمانان لێ بە گومانن)

کە گیانی ڕاستییە. لە باوکەوە هەڵدەقوڵێ (٢٢)

پەیمانی نوێ – ئینجیلی یۆحەنا ١: ١و ٤

(١) لە سەرەتادا ووشەکە هەبوو. ووشەکە لەلای خودا بوو، ووشەکە خودا خۆی بوو

(٤) ووشەکە سەرچاوەی ژیان بوو. ژیانەکەش ڕووناکی مرۆڤ بوو. (٢٣)

 

تەنیا بەیەک سەرنجی لە نێوان ئەو دوو دەربڕینە. بۆمان دەردەکەوێ کە ژیانی ڕاستی لەلای خۆداوەیە و لە خوداوە هەڵدەقوڵێ. و ڕووناکی خودایە. ئەوە لە زۆر جێگایتر لە ئینجیلی یۆحەنا دووبارە دەبێتەوە. بۆیە ناکرێ لێکدانەوەیەکی تری بۆ بکرێ.

شتێکی گرنگتر هەیە سەبارەت بە گیانی پیرۆز. ئەویش لە قوڕئان، ئەو کەسانەی باسی (ثالث لە قورأن و ثالوث لە ئینجیل) بکەن بە کافر دادەنرێن:

القرأن الکریم – سورة المائدە ٥: ٧٣

لَقَدْ كَفَرَ الَّذِينَ قَالُوا إِنَّ اللَّهَ ثَالِثُ ثَلَاثَةٍ وَمَا مِنْ إِلَهٍ إِلَّا إِلَهٌ وَاحِدٌ وَإِنْ لَمْ يَنْتَهُوا عَمَّا يَقُولُونَ لَيَمَسَّنَّ الَّذِينَ كَفَرُوا مِنْهُمْ عَذَابٌ أَلِيمٌ

ئەوانەی کفریان کرد، کە گوتیان خودا سێیەمینە لە سێیان. هیچ خودایەک بێجگە لە خودای تاک و تەنیا نییە. ئەگەر دەست لەو قسانە هەڵنەگرن، تووشی ئازارێکی بەسۆدەبن. (٢٤)

 

هەڵبەتە مەبەست لە سیانەی (ثالوث) کریستیانەکانە. کە دەڵێ ( باوک، کوڕ و گیانی پیرۆز)

القرأان الکریم سورة النساء ٤: ١٧١

يَا أَهْلَ الْكِتَابِ لَا تَغْلُوا فِي دِينِكُمْ وَلَا تَقُولُوا عَلَى اللَّهِ إِلَّا الْحَقَّ

ئەی ئەهلی کتاب زێدەڕۆیی لە دینەکەتان مەکەن. بێجگە لە ڕاستی دەربارەی خودا مەبێژن (٢٥)

 

ئەو دوو ئایەتە، ڕاشکاوانە پەیرەوکارانی دینی کریستیانی بە کافر ناو دەبەن. لە سورەتی المائدە، قوڕئان ئەو کەسانەی (ثالوث) دەکەن بە کافر دادەنێ. سیانەش بریتییە لە (باوک، کوڕ و گیانی پیرۆز)، لە هەر چوار دەقەکانی ئینجیلی یۆحەنا باسی گەڕانەوەی گیانی پیرۆز یان گیانی ڕاستی دەکا. سەرەڕای ئەوەی کریستیانەکان بەتایبەتی ئینجیلی یۆحەنا یەسو بە خودا دادەنێ (ووشەکە خودا بوو). بۆیە لە قوڕئان بە ڕاشکاوی دەڵێ (لَا تَغْلُوا فِي دِينِكُمْ) زێدەڕۆیی لە دینتان مەکەن. با ئەوەشمان لەبیر نەچی گۆتەی سیانەی (باوک، کوڕ و گیانی پیرۆز) یەکەمین جار لەلایەن پاولۆس، لە نامەیەکی بۆ خەڵکی کۆڕۆنتۆس بەکارهاتووە. (٢٦)

 

پرسیارەکە لەوە دایە بۆچی دینێک دینێکیتر بە کفر دابنێ و لە سەرتاسەری چوار ئینجیل و ٢٣ نامەی نێردەکانی، و زیاتر لە ٢٠ ئینجیلی ئەپۆکریف، تەنیا یەک ووشە ئەوەندە گرنگبێ، و بتوانێ سەرتاپای دینێکی بێ تۆمەتبار بکا؟

 

بێگومان دیارە مەبەستی لەو ووشەیە، تەنیا پشتڕاستکردنەوەی ئایەتی شەشەمی سورەتی الصف. بە دروستکردنی ئەو گومانە دەیانەوێ بیسەلمێنن کە ئەوەی لە قوڕئان هاتووە، پێشوەخت لە لەوحی مەحفوز نووسراوە. ئەوەش گومانێکی بێ بەڵگە و بەبێ لێکدانەوەیەکی لۆژیکانەیە کە ناتوانێ جێگای باوەڕ بێ. لەبەر ئەوەی بە تەنیا ڕووماڵکردنی ئینجیلی یۆحەنا هیچ لە شتەکە ناگۆڕێ. بەڵکوو دەبێ سەرجەم ئینجیلەکانی تر و  نامەکانیش، بەتایبەتی نامەکانی پاولۆس بە هەند وەربگیرێن. نامەکانی پاولۆس گرنگترین سەرچاوەی دینی کریستیانین. نەک بە وەرگێڕانێکی هەڵە لە ووشەی (پاراکلیتۆس)ی یۆنانی. بە پێچەوانەوە دەبێ لێکدانەوەیەکی سەرجەم پرۆسەی ژیان و کردەوەکانی یەسوو، لە ناو ئینجیل و دۆکومێنتە مێژووییەکانی سەردەمی خۆی وەک سەرچاوەی قووڵبوونەوە، بە مێژوونووسانی ئەو سەردەمە. وەک ئوسێبوسی قەیسەری(٢٦٣ – ٣٣٩ ز) **** کە خاوەنی پەرتووکی (مێژووی کریستیانیی)***** و مەزنترین پەرتووکە سەبارەت بە دینی کریستایانی، و وەک زەمینەیەکی مێژوویی بۆ دینی کریستیانی دەبینرێ. ئەوەش بە هۆی ئەوەی ڕەخنەگرێکی مەزن بوو بەرامبەر ئینجیل. هەمیشە هەڵوێستی ڕەخنەگرانەی بە هەند وەردەگیرا. هەر ئەوەش وایکرد، دوای کۆڕی نیقیا، ناچاربکرێ دەستبەرداری هەڵوێستی ڕەخنەگرانەی بێ، و بەر لێبووردنی قیسەر کۆنستەنتینی یەکەم کەوت. ئەوەی جێگای سەرنجە، ئوسێبوس متمانەی لەسەر ووتە و نووسینەکانی پاپیاس (٦٠ – ١٣٠ ز)****** دەکرد کە قەشەیەک بوو ئاشنایی، لەگەڵ هەردوو مەتی و مەرقص هەبوو. پێنج پەرتووکی لەسەر ئینجیلەکان نووسیون، بەڵام بەداخەوە ئێمە تەنیا لە ڕێگای ئوسیبوسەوە دەیناسین و پەرتووکەکانی گوم بووین. (٢٧)

 

بە پشت بەستن بە لەلایەک مێژووی کریستیانی و ڕەخنەو ناکۆکییەکانی ناوەوەی. کە گشتی بە تۆمارکراوی ماون وەک مێژووێکی زیندوو. لەلایەکیتر جیاوازی پەیامی یەسو ، بەرامبەر خودا و پاریزگاری گەلی ئیسرائیل. ناتوانرێ ئەو تۆمەتەی موسوڵمانان ڕاستبێ، چونکە بە هەر شێوەیەکبێ نالۆژیکییە. ئەو نالۆژیکییەش دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆکار:

 

 یەکەم: یەسو بەهیچ شێوەیەک ناکرێ پێشبینی پەیامبەرێک بکا. کە لە دەرەوەی ڕۆلی پەیامبەرانی بنی ئیسڕائیل بێ. هیچ لەوان بە پاڕانەوە، سەنا یان سوپاسکردن لەگەڵ خودا قسەیان نەکردووە، بەڵکوو هەمیشە وەک پارێزەری مرۆڤ و ڕاوێژکاری خودابووین. (ئەوەش لە خاڵی یەکەمی ئەو باسە بە نموونە خراوەتە ڕوو).

دووەم: هەر چوار پەرەگرافەکانی ئینجیلی یۆحەنا باسی (گیانی پیرۆز) دەکەن. تا دەگاتە یەسو دەڵێ دەگەڕێمەوە لاتان و بە هەتیوی بەجێتان نایەڵم. کەواتە  بە تەنیا گۆڕینی یەک ووشە ناکۆکی لە سەرتاسەری دەربڕینەکە دروست دەبێ. یان دەبێ پاراکلیتۆس (پارێزەر) بێ کە لەگەڵ پەیامبەرانی ئیسرائیلی. و سەرجەمی هەر چوار پەرەگرافەکە باش دەگونجێ. یان دەبێ سەرجەمی پەرگرافەکان گۆرابن تا مانای نوێ وەربگرێ. بۆ ئەوەش پێویستی هەم بە بەڵگەی مێژووییە، بە تایبەتی دەقی بنیڕەت ئەگەر هەبێ. و لەگەڵ هەڵوێست و کەسایەتی و پەیوەندی پەیامبەرانی بەنی ئیسرائیل ناگونجێ. بۆیە جێگای باوەڕ نییە.

 

سەرەڕای ئەوە، یەسو دەڵێ تا من نەڕۆم ئەو ناتوانێ بێ. باشە بۆ شەش سەد ساڵ چاوەڕوانی کرد تا پەیامبەرێک بێ، لەگەڵ سەرجەمی پەیامی یەسو جیاوازبێ؟ ئەوەش پێچەوانەی گشت بۆچوونێکی لۆژیکییە.

 

لە کۆتاییدا ڕاستی دروستکردنی، ئەو  تۆمەتە بۆ کریستیانەکان، لەلایەن ڕاڤەکارانی موسوڵمان. وەک ئەوە وایە بە بەردێک سێ چۆڵەکە بکوژن.

 

یەکەم: خۆ دەربازکردن لە نەسرانی بوونیان. کە تا ئێستاش وەک سەرچاوەو بنەڕەتی دینی ئیسلام دادەنرێن. بە تایبەتی قوڕئانی مەککە. کە بەپێی لێکۆڵینەوە وەرگێڕانی ئینجیلی عیبرانییە. وەک حاشاکردنێک. بەڵگەی ئەوەش سورەتی الصف ٦١: ٦ کە پێشتر باسکراوە، سورەتێکی مەدینەیە و مەبەستیش لەوە نووسەری قوڕئان بۆ خۆ دەبازکردنی لە نەسرانی بوون. بەلکوو خۆ ناساندن وەک پەرە پێدەری پەیامی یەسووی کریست. کە ئەوەتە کریستیانەکان و پەیامبەریان پێشبینی هاتنی پەیامبەری ئیسلامیان کردووە. بۆیە ئێمە و نەسارییەکانی دوو ڕووی یەک دراو نین. بەلکوو محمد بەر لە شەش سەد سال پێشتر پێشبینیکراوە. بۆیە لەگەڵ نەساریەکان تەنیا وەک دینێکی ئیبراهیمین و بەس.

دووەم: بەو تۆمەتە کریستیانەکان،تاوانبار دەکرێن، بەوەی دەستکاری ئینجیلیان کردووە، بۆیە دەبێ بە گومڕا دابنرێن. و زێدەڕۆییان لە دینەکەیان کردووە. تەنانەت قسەی یەسوشیان گۆڕیووە.

سێیەم: ناساندنی قوڕئان وەک پەرتووکێکی ئاسمانی. کە ئەوەتا ئایەتێکی قوڕئان، چۆن لە لەوحی مەحفوز نووسرابوو، ئاوا بەر لە شەش سەد ساڵ لەمەوبەر، بە دەقی ئینجیل پشتڕاست کراوەتەوە. و پیرۆزییەکەی شتێکی ئاسمانییە.

____________________________________________________

*Paracletos , Paraclete

** Pericletos, Periclete

*** Demosthenes, 384- 322 B.C

**** Eusibus of Caesarea

***** Church History OR Ecclesiastical History

****** Papias (60 – 133 C)

سەرچاوەکان:

١ Linda Barto (2009) The Bible and the quran at the edge of Renaissance. Pp66

٢ القرأن الکریم سورة الصف ٦١: ٦

٣ Islam in its own Words, Wednesday 21 July 2010, Paraclete or Pericletos

٤ علی الشیخ.  هبة السماء. رحلتی من مسیحیة الی الإسلام ل ١٧١

٥ یوسف ڕیاض (٢٠١٢) من تکوین الی الرؤیا الاناجیل الاربع. 

٦ پەیمانی کۆن – ئەفراندن ١٨: ٢٣ -٢٥

٧ پەیمانی کۆن دەرچوون ١٧: ٣ – ٦

٨ پەیمانی نوێ ئینجیلی مەتی ٢٣: ٣٧

٩ Lena Einhorn (2006) Vad hände på vägen till Damaskus? På spaning efter den verklige Jesus från Nasaret. s.19

١٠ فراس السواح. الوجه الاخر للمسیح ص  ١٥

١١ الصلیبی، کمال البحث عن مسیح قراءة جدیدە فی الاناجیل ص ١٤

١٢ پەیمانی نوێ – ئینجیلی یۆحەنا ١: ١

١٣ Jewish Encyclopedia - Jerusalem

١٤ تفسیر إنجیل یوحەنا، الأنبا أثناسیوی  ص ١١٧ و ٢٠٥

١٥ Encyclopedia Britannica  

١٦  الدکتور منقذ السقار. هل بشر الکتاب المقدس بمحمد

١٧ پەیمانی نوێ – ئینجیلی یۆحەنا ١٤:   ١٦ - ١٨

١٨ هەمان سەرچاوە ١٤: ٢٦

١٩ هەمان سەرچاوە ١٥: ٢٦

٢٠ هەمان سەرچاوە  ١٦: ٧

٢١ معجم اللاهوت الکتابی – مادة باراقلیت

٢٢ پەیمانی نوێ - ئینجیلی یۆحەنا ١٥: ٢٦

٢٣ هەمان سەرچاوە ١: ١و ٤

٢٤ القرأن الکریم – سورة المائدە ٥: ٧٣

٢٥ القرأان الکریم سورة النساء ٤: ١٧١

٢٦ نامەی پاولۆس بۆ خەڵکی کۆڕنتۆس ١٣: ١٤  

٢٧ Encyclopedia Britannica

 

ماڵپەڕی سەلاح رێبوار

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک