په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

نەخوێندەوارى و نەخوێندنەوە بۆتە پەتاى کوردى.

   
حەمەى ئەحمەد رەسوڵ


یەکێک لە خەسڵەتە هەرە دیارەکانى کۆمەڵگاى پێشکەوتوو، رێژەى بەرزى خوێندەوارى و ئاستى رۆشنبیرى تاکەکانییەتى.. چونکە هەرگیز نەبووەو نابێت بە کۆمەڵگایەک بووترێت گەشەسەندوو یان کراوەو پێشکەوتوو کەچی نیوەى دانیشتوانەکەى یان رێژەى بەرز لە هاووڵاتیانى نەخوێندەوارو نەزان بن.. بەجۆرێک کە نەتوانن رۆژى تەنها یەک کاتژمێر تەرخان بکەن بۆ خوێندەنەوەى کتێبێک یان گۆڤارێک یان رۆژنامەیەک جا لەرێی کاغەزەوە بێت یان ئینتەرنێتەوە..


دیاردەى نەخوێندنەوە لەم چرکەساتەداو لە کۆمەڵگاکەماندا دەگوزەرێت، لە کاتێکدا لە میدیاکانەوە باس لە پێشکەوتن و بە دوبەى کردنى شارەکان دەکرێت.. یان باس لە هێنانى سیستمى خوێندن و فێرکردنى سویدى و میتۆدەکەى و پیادەکردنى دەکرێت.. یاخود باس لە ژمارەو چەندێتى زانکۆو ئامۆژگاکانى دواى راپەڕین دەکرێت... بەڵام لەگەڵ قووڵبونەوەو چوونە ژێر پێستەوە یاخود تێڕوانین لە چۆنییەتى و کوالیتى ئەم سیستمەدا، پێچەوانەکەى دەبینیەوەو دەتوانین ئاوەهاش ئەم دیاردەیە بسەلمێنین:


سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین کە سیستمى فێرکردن و پەروەردە کلاسیکیەو خەڵکى ئاستنزم و کلاسیک و سوننەتى پراکتیکى دەکەن، بۆیە تاکێک بەرهەمدێت کە ئاستى زانستى و مەعریفى نزیکدەبێتەوە لە نەخوێندەوار، چونکە خوێندکارى کورد لە رۆتینى وەرگرتنى وانەکانداو شێوازى دەرخ و ئەزبەرکردن نوغرۆو سەرگەردانە.. خوێندکارێکە نە لە زمان و نە لە ماتماتیک و نە لە جوگرافیاى نیشتمانەکەى خۆیدا ئاستى زیرەکى و زاناییەکەى تووشى شۆکمان ناکات! تەنانەت ئەفسووس کە خوێندکارى زانکۆکانمان ناگەنە ئاستى قوتایییەکى ئەوروپیی قۆناغى ناوەندی لەڕووى باکگراوندى زانیارى و زانستە سەرەتاییەکانیشدا!


لەمەش گرنگتر ئەوەیە کە: خوێندکارى کورد ئەو کولتوورە گرنگەى لە لا بەرجەستە نەبووەو نەبۆتە میکانیزمێک لە ژیانیدا، کە هانبدرێت بەدواى سەرچاوەو کتێبدا بگەڕێت چ کاغەز یان ئەلکترۆنى.. هیچ کەناڵێکى تەلەفزیۆنى زانستى یان مەعریفى لە شێوەى دیسکەڤەرى و جەزیرەى دۆکومێنتى و پەروەردەیی لە کوردستانەکەماندا لەئارادا نییە جگە لە کلیپى سەقەتى گۆرانى و هەڵپەرکێى چەندبارە کە نەوەو وەچەیەکى لە چەشنى (سمایلى تەپڵ و عەزیزى وەیسى) دەستەبەر دەکات کە جگە لە تاکێکى غەریزیى و مالۆسی ئالوودە بە مەى و قوومارو نێرگەلەکێشان هیچى دیکەى لێوە بەرهەم نایەت.!


بە پێچەوانەوە نەریت و خوویەکى ناجۆر فەراهەمبووە کە خوێنەرو نووسەرو رۆشنبیر ببوغێنرێت و بە ئاڵۆزو نائاسایی ناوزەد بکرێت و ناووناتۆرەیان بۆ دروست بکرێت..


توێژى خوێندەوار کە بریتین لە ئەندامانى مەکتەبى سیاسی و وەزیرو پەرلەمانتارو بەڕێوەبەرو نوژدارو ئەندازیارو مامۆستاو کارمەند و خوێندکارەکان بەگشتى، رێژەیەکى ئێجگار کەمیان نەبن، لە ملیۆن زیاترەکەى دیکە نەیانکردووە بە بەرنامەو خوو کە رۆژانە چەند کاتژمێرێک بخوێننەوە.. بەپێچەوانەوە دیاردەیەک لە هەڵکشاندایە کە بریتییە لە گەڕان بەدواى وێنەى پۆرنۆو سێکسی و رووتى ژنە شۆخەکان و خوێندنەوەى بورج و کەلوەکان کە زۆرێک لە رۆژنامەو گۆڤارەکانى ئێستا بۆ پڕ فرۆشیان ئەم دیاردە مەترسیدارە برەو پێدەدەن... بۆ پاسادان و سەلماندنى ئەم بۆچوونەم، ئەوە جێگەى هەڵوێست بۆ کردنە کە تیراژى هیچ کتێبێکى زانستى یان فەلسەفى یان کۆمەڵایەتى و دەرونناسی ناگاتە هەزار دانە لە کاتێکدا خوێندەوارى کورد زیاترن لە دوو ملیۆن!


بەڵام بە پلەى یەکەم خوێندنەوەى زۆرینە لە مەدارو فەلەکى سیاسەتدا دەسووڕێتەوە، سیاسەتى هەڵدانەوەى پەڕەى بەرپرس و حیزبەکان لە شاخ و لە شار، هەربۆیەشە ئەو بڵاوکراوانەى خەریکى هەڵکۆڵین و هەڵدانەوەى فایلن، پڕ فرۆشترین کەرەستەن بۆ خوێندنەوە کە ئەمەش لە ئاکامدا پووچگەرایی و نەهلیستى لاى تاکى کورد بۆ ڕابردووى و بۆئایندەى خۆى فەراهەمدەکات کە رادەى ئیلتیزام و دڵسۆزى بۆ خۆى و بۆ کۆمەڵگاکەى کەمترو کاڵتر دەکاتەوە..


ئەوەشمان بیر نەچێت کە رێژەى ئەو قوتابى و خوێندکارانەى واز لە خوێندن دێنن ( بەتایبەت قۆناغى ناوەندى) روو لە زیاد بوونن و بەرەو بازاڕ و بژێو پەیداکردن ملدەنێن، دیارە ناچارى و هەژاریش لەم دیاردەیەدا حاکمەو بڕیاردەرە.. لەبەرئەوە دیاردەى نەخوێندەوارى و نەخوێندنەوە هەڕەشە لە کۆمەڵگاى کوردى دەکات و کۆمپیوتەرو ئینتەرنێتیش زۆر شەرمنن و نەیاتوانیووە ببنە بەدیل و ئالتەرناتیڤێکى ئەوتۆ! لەهەموو ئەمانەش گرنگتر ئەوەیە کە نە بەرپرس و نە وەزیرو نە گزیرى حیزبى کوردى ئامادە نین رۆژى یەک کاژێر بخوێننەوە.. مامۆستاى زانکۆو ئامۆژگاو ئامادەیی و ناوەندییەکانى کوردستان رۆژى نیو کاژێریش کتێبێکى مەعریفى یان زانستى یان مێژوویی و تەنانەت سیاسیش ناخوێننەوە.