په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\١٠\٢٠١١

نەخشی رۆشنفکر لە کوردستان.


محەمەد حەکیمی   


رۆڵ و کەسایەتی رۆشنفکر لە کوردستانی رۆژهەڵات دەگەرێتەوە بۆ ئیدعای رۆشنفکرانە، لانیکەم ئەوانەی تا ئەمرۆ من ناسیومن بەو شێوە بوون و ئەوان زۆر کەم ئەگەینا هەر گوێیان نەداوە بە نەتەوەی خۆ، ئەوان تەنیا لە فکری ئەوەدا بوون کە خۆیان بە جیهانی دەرەوەی خۆیان بناسێنن، ئەم ڕەوتە لە رۆشنفکران، باس لە ئازادی و بەرابەری دەکە، بەڵام کام ئازادی و بەرابەر؟


هەروا کە هابرماس له‌م بارەوە دەڵێت: خۆدۆزەرەوە لە سەر پرسی گشتی ئەم بیرۆکە ماوەتەوە، گوفتمانی گشتییەت، لە پرسە گشتیەکان بە داخستنی پلەبەندی جەخت لە سەر جێگە و پێگەی رۆشنفکر لە نێو کۆمەڵگە دەکاتەوە.


بەڵام بە وتەی نانسی فریزر، لێرەدا ڕووبەرووی گاڵتە و پێچەوانەییەکی بەرچاوداین. بەو واتەیە کە رۆشنفکر خۆوتاری گشتییەتی ستراتیژی جیانەکردوەتەوە و لە خۆدی تاکدا ماوەتەوە.


لە ڕاستییدا، رۆشنفکر لە لای ئێمە جیاوازییەکان لە پرسی گشتییدا نابینن و تەنیا بەرچاوی خۆیان دەبینن و هیچ کات ئەوپەڕی ڕووداوەکان چاو لێناکەن، بۆ نموونە لە کاتی هەڵبژاردنەکانی ئێران، رۆشنفکرانی کورد چوونە باوەشی ئیسلاحخوازەکانەوە و بەو شێوە، تەنیا بۆ ئەوەی لە کاتی هاتنە سەر کاری مووسەوی شتێک بۆ خۆیان مسوگەر بکەن.


بەڵام ئایا لە بیر کردنی لایەنەکانی‌تری خەبات لە لایەن رۆشنفکرەوە، ئەوە ناگەێنێ کە ئەم رۆشنفکرانە تەنیا بیر لە خۆیان دەکەنەوە، ئایا رۆشنفکری کورد خەبات تەنیا لەوەدا دەبێنێ کە ئامانجە تاکەکەسیەکانی خۆی دابین و مسۆگەر بکات. بە بروای من ئەم کەسانە ناتوانن بچنە قاڵبی رۆشنفکرەوە و ئەم بە ناو رۆشنفکرانە تەنیا دەچنە قاڵبی کەسایەتی خۆدوزەرەوە و هیچی‌تر. هەر بۆیە ئەمانە نەتەنیا رۆشنفکر نین بەڵکوو خەڵکی کورد بە لارێیدا دەبن و بردوویانە.


ڕەنگە جیاوازی رۆشنفکران، بە مانای بوردویوییەکەی، بە هۆی سەرمایەی فەرهەنگی زۆرتر، لە سەر ئەم ڕوانگەیە جێگەی تێرامانە و دەبێ لە سەر ئەو بیرۆکە بۆەستین. بەلێ منیش لە سەر ئەو بروایەدام کە جیاوازی رۆشنفکران، تەنیا لە خۆدوزەرەوەی رۆشنفکرانە ناخوێندرێتەوە.


لە ڕاستییدا، رۆشنفکری ئێمە هەستی خۆی لە مەڕ سیاسەت و کۆمەڵگە بە راست دەزانێت و هەر بەم هۆیەیە کە هەموو هەلوێستە هەلەکانی بۆ کۆمەڵگەی کوردی بە راست دەخوێنێتنەوە و بیری کۆمەڵگەی کوردی بەرەو ئاراستەیەکی لارێ دەبات و بردوە.


هەروا کە دییمان ئەم رۆشنفکرانە چۆن چوونە خزمەتی ئیسلاحخوازەکان و هەر بەو شێوە ئەم تەیفە چوونە خزمەتی دەسەڵاتێک کە بە سەدان و هەزاران رۆڵەی کوردیان لە سیاچاڵەکانی رژێمدا ئیعدام کردوە. ئایا ئەو کەسانە دەتوانن رۆشنفکر بن، ئایا ئەو کەسانە دەتوانن رۆڵی رۆشنفکر لە کوردستان بگێرنن.


کەسانێک کە تەنیا بۆ خۆدوزەرەوە و بۆ ئەوەی بتوانن ناویکیان هەبێت لە ئێستا و دوارۆژدا هەموو ئەرکە نەتەوەتیەکانی خۆیان دەخەنە ژێر پای خۆیان و هەموو ئەرکە نەتەوایەتیەکانی خۆیان لە گۆڕ ناوە. من لە سەر ئەو بروام ئەگەر رۆشنفکرێک لە سەر پرسی گشتییەتی لە کوردستان بوونی هەبێت، ئەوا دەتوانێت رۆڵی ئێجگا ئەرێنی لە نێو خەڵک و تەنانەت حزبە کوریەکانیشدا بگێرێت، بەڵام ئەوەی کە تا ئێستا من بە ناو رۆشنفکر دیومە و کارەکانیانم خۆێندوەتەوە، نە تەنیا رۆشنفکر بە مانای واقعی ناوەکەی نەبۆە، بەڵکوو ئەم بە ناو رۆشنفکرە تەنیا لە خزمەتی دەسەڵاتی بێگانەدا بۆە و بەس.


بەراستی هەر کات بیر لە قشری نۆخبەی کورد لە ناوخۆ دەکەمەوە، دەکەومە فکری بیرۆکەکەی هانتینگتون. ڕارەوەی شۆرش لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە حاڵی تێپەریندایە، لە ڕواڵەتدا ئەمە زۆر سادەیە و ئەگەر تەنیا چاو لەم رستەیە بکەین، ئەوا دەبینین کە ئەم ڕستە مانایەکی زۆر هەڵدەگرێت کە بە داخەوە رۆشنفکری کورد تەنیا مانا سەتحیەکی لێ وەرگرتووە.


ئەمە ئەو مەترسیەیە کە رۆشنفکری کورد ئەمڕۆ تووشی بۆە و پرسەکان بە سەتحی چاو لێدەکات و ئەگەر نۆخبە لە ناوەوە نەتوانێت هاوبەشی کۆمەڵگە لەو ڕووداوەانەی کە کۆمەڵگەی کوردستان پێی گرنگە و بایەخی پێدەدات بخاتە گەڕ، ئەوا بە دڵنیاییەوە کۆمەڵگەی کورد زۆر لەوە زووتر بە خواست و ویست و ئاواتەکانی دەگات.


بە بروای من رۆشنفکری کورد دەبێت، بەستێنیکی باسی دروست بکات بۆ جێبەجێ کردنی شۆرشێکی هەمەگیر لە کوردستان، بەڵام نۆخبەکانی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات نە تەنیا نەیانتوانیوە ئەو ئەرکە بە جێ بگەێنن، بەڵکوو ئەو ئەرکەشیان بە چوونە باوەش و سیاسەتی هەلەی خۆیان خستووەتە دواوە.


لێرەدا دەبێت ئاماژە بەوە بکەم کە رۆشنفکر دەبێت لە گەڵ قشری خوارەوە و مام ناوەند و دەوڵەمەند پەیوەندییەکی چڕ و پڕیی هەبێت.


ئێوە بیر لەوە بکەنەوە کە رۆشنفکری جیاوازە لە کۆمەڵگە، دەبێت لە گەڵ نەتەوەکەی هاوئاهەنگ بێت. ئەوان دەبێت قسەی دڵی لادێیەک، یا گۆشەنشینێک و هەروەها هەموو قشرەکانی کۆمەڵگە ببیستێن و گوێ بە دەردیی دڵی ئەوان بدەن و هەموو هەولی خۆیان بخەنە گەڕ و ئەو خەڵکە ئامادە بکات بۆ شۆڕش و رزگار بوون لەو دۆخەی ئەمڕۆکە کە گەلی کوردی تێدایە.


نەک بۆ دەنگدان بە حکومەتی داگیرکەر یا کەس یا کەسانێک لەو بەشەی داگیرکەرانی کوردستان کە رۆژێک خۆیان بەشێک بوون لەو کەسانەی کە هێرشیان کردوەتە سەر وڵاتەکەمان.


بۆ نموونە، رۆشنفکر پشتیوانیان لە مووسەوی و کەرۆبی کرد، ئایا بەراستی ئەو رۆشنفکرانە فکریان لەوە نەکردەوە کە مووسەوی و کەرۆبی هەر ئەو کەسایەتیانەن کە کاتێ خومەینی دەستووری ئیعدامی زیندانیان سیاسی دا بۆ خۆیان بەشێک بوون لەو دەسەڵات و....


دەیی چۆنە ئەم رۆشنفکرانە بەمشێوە کەوتوونەتە شوێن ئەم رێگەیە کە بەڕەو هەڵدێریان دەبات و لێرەدا من ئەو پرسیارە ئاراستەی ئەوان دەکەم، ئایا کەوتنە شوێن ئەم کەسانە بە چ پێوەر و پێوانەیەک؟ بۆ چی؟ ئاخر کێ دیویە و لە کوێی مێژوودا بینراوە کە خەڵکی جیهان بەمشێوە خەبات بکات بە دژی داگیرکەری وڵاتەکەی.
 

ماڵپه‌ڕی محه‌مه‌د حه‌کیمی

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک