په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٤\٢٠١٢

    نیگاى لۆکە و گەرووى دیلان.

کامیل ژیر

هۆنراوەى سەردەم بە شێوازى کلاسیک.


لە ناکاوا لە دەرگایدا و دەسێکى نایە ناودەستم
چ دەستێ بوو! دەمودەستێ پەیامیدا بە هەڵبەستم
هەتا ئێستا سڕ و کاسم ، وتەم کۆڵە لە پێناسەى
چ هەڵبەستێ شیاوە بۆ مژینى ئارەزوو و تاسەى!؟
بە چى باسى بەرامەوبۆى گوڵ و گوڵزارى سینە یکەم!؟
ئەبێ چیبێ وشەى گونجاو، لە ئاستى خونچەکەى سەردەم
مەلى هەڵبەست ئەگەر بەندى تەڵوداوى قژى سەر بێ
بڵێی ناوى بە(هێڵی پەلکەزێڕینە) بەرم، بەربێ؟
درۆیە خاڵى گەردن یا سەرى گۆنا: رەشى قەتران
لە تەختى سنگ گوڵەستێرە و ئەوەى گۆناى شەوى تابان
خەدەنگى دیدەکانى چۆن ئەچێتە ناو کەوانى پەى!؟
چریکەى سازى وێناکەم بە کام تار و کەمان و نەى!؟
ئەبێ دێوانەئاسا روو لە کوێ کەم وێڵ و سەرگەردان!؟
مەگەر هانا بەرم بۆ نەونیگاى لۆکە و گەرووى دیلان!!

________________________________
فەرهەنگۆک:
هانا: پەنابردن، (استغاسە)
پێناسە: وەسفکردن، (تعریف)
پەیام: نامە، (رسالە)
تاسە: بیرکردن، دڵ لەلابوون
تابان: رووناکیبەخش، درەوشەدار
خەدەنگ: تیر، ئەو تیرەى بە کەوان ئەهاوێژرێ
پەى: پەیپێبردن، (معرفە)
وێنا: (تصویر)
گەروو: قوڕگ
نیگا: روانین، تیلەسەرنج
لۆکە و دیلان: دوو هونەرمەندی کورد

ماڵپه‌ڕی کامیل ژیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک