په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\٨\٢٠١٦

    نیگەرانی لە بارەی

  چارەنووسم لە بەهەشتدا.

 

 

 

 

                            

  فازیل عەزاوی                      و: نەژاد عەزیز سورمێ
ئەوەی ئێستا زیاتر نیگەرانم دەکا،
کە ژیانم
بە ڕاکردن
بەدوای وەھمدا لەبێن برد،
سەراب دوای سەراب..
تا وەناو ساڵان کەوتم..
کە ببیەم،
کەسێ بێ لە دەرگام بدا
تاکو
- بێ ویستی خۆم -
لە پاداشتی ڕەفتارباشیم لە دونیادا
لەگەڵ خۆیم بباتە بەھەشت
تا فریشتان
لەبن داران ببینم
بە ڕاست و چەپ ڕیز دەبەستن و
ھوتاف بەناوی من لێ دەدەن،
شاباش!
شاباش!
   *    *    *
سەربڵند،
وەک تاووسی پەڕبڵاو
لەسەرخۆ
بەسەر فەرشی سووردا دەڕۆم
کە بە دوور و درێژی ڕاخستراوە..
دەف و تەپڵم بۆ لێدەدرێ
وێنەی ڕاکەرێکی سەرکەوتووی
یارییەکانی ئۆلۆمپیش
دەروێشە پیرۆزەکان،
لەسەر شانیانم دادەنێن
بەرەو دیجلەیەک لە مەی و
فوراتێک لە ھەنگوێنی شاخاوی
لەوێ غیلمانان دەبینین
دەفری زێڕین دەھێنن،
تژی میوەی ھەمەجوور..
کەنیزەو حۆریش
لە فلیمێکی پیرۆزدا
بێ پەردە،
مێینەتیانمان پێشان دەدەن..
شاباش!
شاباش!
   *    *    *
بەڵام من ڕازی نیم
ھاوار دەکەم:
ئەمن!
کە ئەوەش دوور و نزیک
لەبارەی منەوە دەیزانن،
وەک ھەموو حەکیم و عاقڵان
وێسکی سکۆتلەندیم،
لە مەی پێ خۆشترە
وەک ھەمیشەیش،
بەبۆنی ھەنگوێنی لینج
گێژ دەبم..
لەوەش زیاتر،
من بەڕاستی بێزار دەبم
ھەموو کاتم بە سەرخۆشی
لە ئەبەدییەتدا بەسەربەرم و
بەناو بەھەشتێکدا بسووڕێمەوە
تەنانەت ئەگەر دەرگاکانی
لە زێڕو زوبەرجەدیش بێ
یا میوانەکانی
ئەو قەددیسانە بن
کە ھەندێ جار
بەسەر ئاودا ھاتبن و چووبن و
بەڕیشیان
ڕاوی شەیتانیان کردبێ ..
   *    *    *
لە دوایدا،
گوێم لێیە لە دەرگام دەدەن
منیش ھاوار دەکەم
لە کاتێکدا گەیشتووەتە ئێسقانم
- چ دەکەم لە بەھەشت؟
ببمە برادەر!
بمبەرە دۆزەخی گڕدار!
تا لەوێ بە بەختیاری و
بە کەرامەت بژیم
تەنیا لەوێ،
دەتوانم ئەوەی بنووسم
لەو شیعرانەی نەمنووسیون
ناڕازی،
داوای خۆم،
دژ بە ھەموو
کڵۆڵی و کوێرەوەری جیھان
عەرزی مەلەکووتی ھەرە بەرز بکەم..
شاباش!
شاباش!

_______________________________

لە سایتی گۆڤاری (کیکا)وە  وەرگیراوە و کراوە بە کوردی:

www.kikah.com/indexarabic.asp?fname=kikaharabic\live\k51\2015-01-04\23.txt&storytitle=

 

ماڵپەڕی نەژاد عەزیز سورمێ
 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک