٥\٥\٢٠١٣
نهێنیی
سێو!

نەهرۆ
رۆژێکیان لە قوتابخانەی سەرەتایی بووم، کاتێ
بەیانی بوو کوڕی مامۆستاکەمان بینی سێوێکی سوور بە
دەمەوە بوو، خەریک بوو قەپی لێ ئەدا، ئەم سێوە سوورە زۆر سەرنجی
ڕاکێشام، بوو بە بەشێ لە یادەوەریی
منداڵیم، تەنانەت لە ماڵەوە گێڕامەوە، گوتم
ئەمرۆ کوری مامۆستا ئەحمەد سێوێکی سووری بە دەمەوە بوو!
هەر لە وانەکانی قوتابخانەوە فێر بووم کە پەندیکی ئینگلیزی هەیە دەلێ:
(تەیک ئەن ئەپڵ ئەدەی، کیپ دوکتور ئەوەی) بە واتای هەر ڕۆژێک سێوێک بخۆ،
دوکتور بخەرە ئەو لاوە.
کە گەورەتر بووم، هەر لە وانەکانی قوتابخانەوە فێری یاسای کێشی نیوتن
بووم، لەوانەی فیزیا مامۆستاکە گوتی ڕۆژێک نیوتن لەژێر دارە سێوێک
دانیشتووە، لەو کاتەدا سێوێک بەربوەتە سەر زەمین، ئەویش لە
ئەنجامی لێکدانەوە، پەی بە یاسای کێش بردووە! منیش جاروبار
لێکمدەدایەوە و لە دڵێ خۆم دا دەمگوت، هەر
تەنیا ئەرز کێشی نییە بەڵکو دەشێ سێوەکەش هێزی کێشی هەبێ، بە واتایەکی
تر، هەردووکیان چ سێو، چ زەمین یەکتریان ڕاکێشاوە بۆ لای خۆیان!
کە گەورەتر بووم شارەزاییم پەیدا کرد دەربارەی ئاینە ئاسمانییەکان،
لە خاڵی هاوبەشی نێوانیان دەگەڕام دە ئاموژگاریەکە (تیستەمێنت) لە
هەر سێ ئاینەکە هاتووە، کە چواریان پەیوەندی نێوان
مرۆڤ و خوداوەندە، شەشەکەی تریش پەیوەندیی
نێوان مرۆڤەکان بە پێ یاسا، لێرەدا قسە
لەسەر ئەوە ناکەین تا چ ڕادەیەک ئەم رێنماییانە
مەودای میتافیزیکییان هەیە، تا چ ڕادەیەکیش
لەگەڵ روحی سەردەم و پێشکەوتن و مافی مرۆڤ و ئازادیی
تاک نایەتەوە!
بێجگە لە دە (تیستەمێنت)ەکە ئەفسانەی ئادەم
و حەوا هاوبەشە لە نێوانیان دا، لە دڵی خۆم
دا دەمگوت، هەر ئاینێک و ئاینێکی تری ئاسمانیی
پێنج سەد ساڵ لە نێوانیان دایە، ئاخۆ بۆ چی دەستکاری ئەم دوو شتەیان
نەکردووە وەک (اقتباس) لە یەکترەوە وەریانگرتووە!
بۆ چی لە هەر سێ ئاینەکە ئادەم لە بەری داری سێو دەخوا، کە بە پێی
روایەتی ئاینی مەسیحی پێ دەڵێن (داری حیکمەت)!
من ئەم حیکمەتە لەوە دەبینم کە سێو ڕادەیەکی باشی موگناتیسیەتی تیایە،
لە ڕاستی دا ئەوە یادەوەریی ئادەم نەبوو بۆ
لای سێوەکە چوو بەڵکو کێشی موگناتیسیی
سێوەکە یادەوەریی ئادەمی بۆ لای خۆی
ڕاکێشاوە!
لە رۆمانی کۆدی دافنشی وا وێنای کەسایەتی نیوتن کراوە کە
پێشوەخت ئەندامی ڕیکخراوێکی نهێنی بووە، ئەم
بیرکردنەوەیە ڕاماندەکێشی بۆ لای ئەوە کە پێش نیوتنیش
دەسەڵاتی باڵا درکی بە یاسای کێش کردووە، بەڵام لە قازانجیان نەبووە،
ئاشکرای بکەن بەڵکو بە لوغز هیشتویانەتەوە
یا لە نێو دەقە ئاینیەکان بە شێوەیەکی ئاڵوز
دەریانبڕیوە!
کە گەورەتر بووم زیاتر قووڵ بوومەوە لە ئەفسانەی ئادەم و حەوا و چەمک و
دەسەڵاتی خوداوەند، پرسیارم دەکرد، ئاخۆ بۆ چی خوا نێرینەیە؟ لایەنی
کەم لە رێزمان بە نێرینە وێنا کراوە، بۆ چی سەرەتا ئادەم وەک ڕەگەزی
نێر دروست کراوە ئەوجا حەوا لە دندەی چەپی ئادەم ئەفرێندراوە!
ڕۆژێکیان وانەی کیمیامان هەبوو، مامۆستاکە دەربارەی پێکهاتەی ئەتوم
قسەی دەکرد، گوتی ئەتوم بریتییە لە پروتون و
نیوترون، ئەلیکترونیش بە دەوریا دەسوڕێتەوە، دەیگوت سەرەتا پروتون
دەخوڵقی کە بارگاوییە (مشحونة)
بە پوزەتیڤ، کەچی لە پاڵی دا نیوترون دروست دەبێ کە نوتراڵە، بارگاوی
نییە بە هیچ (شحنة)یەک، لە هەمان کاتدا
ئەلیکترون وەک هەڵگری (شحنة)ی نەگیتڤ بە
دەوریاندا دەسوڕێتەو، لەو کاتەدا گریمانێک لە مێشکم سەری هەڵدا سەبارەت
بە پەیوەندیی نێوان پێکهاتەی ئەتوم و رێڕەوی
ئەفسانەی ئادەم و حەوا، لە دڵی خۆم دا
دەمگوت، لە سەرەتا ئادەم وەک سیمبولی
پوزەتیڤ دروست کراوە کەواتە ئادەم پروتونە، هەروا دندەی چەپی ئادەم
دەشێ نیوترون بێ کە بە هیچ شوحنەیەک بارگاوی نییە، دواتریش ئەلیکترون
وەک هەڵگری شوحنەی نەگیتڤ مانای حەوایە، گوتم لەوانەیە بە پێ ئەم
هاوکێشەیە ئاینە ئاسمانییەکان پیاویان بە
پوزەتیڤ و ژنیان بە نەگیتڤ
داناوە!
لێرەدا من هەوڵ نادەم بەرگی زانستی بکەم بە بەری دەقە ئاینیەکان، بەڵام
ڕەوایە ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین بۆ چی دوای هەزار
و چوار سەد ساڵ یا دوو هەزار ساڵ یا دوو هەزار
و پێنج سەد ساڵ، تا ئێستا ئاینەکان ماونەتەوە، پێم وایە
مانەوەیان تەنیا باوەڕێکی رووت نییە بەڵکو دەسەڵاتێک لە پشتەوەی
مانەوەو ڕاگرتنی ئاینەکان دایە، پارێزگارییان
لێ دەکا لە بەرانبەر هەڵوەشاندنەوە
و هەروا وەک میکانیزمێک بەکاریان دەهێنێ لە بەرجەستەکردنی
پەیوەندیی نێوان تاک و دەسەڵاتی باڵا یان
بەرقەرارکردنی جۆرە پەیوەندییەک لە نێوان
کەسەکان!
جگە لەمەش لە چەندین دەقی ئاسمانیی دا ئەوە
دووپات کراوەتەوە (ان اللە علیم) بە واتای خوا دەزانێ و چاوی لێمانە!
لە کاتێک دا ئەمرۆ زانست ئەوەی دووپات کردۆتەوە کە یادەوەریی
شەفافە (ترانسپارینت)،
لێرەدا من دەسەڵاتی خوا بە دەنگی گەل و دەسەڵاتی یادەوەریی
بەکۆمەڵ دەشوبهێنم، ئەشێ یادەوەریی
بەهێز ئاگای لە وردەکاریی و نیازەکانی
یادەوەریی بچووک
بێ، وا دەر ئەکەوێ لە زەمەنی پەیدابوونی ئاینەکان، دەسەڵاتی باڵا
نەیویستوە چەمکی ماتریاڵی دەسەڵات پێشانی خەڵکی ئاسایی بدا، بەڵکو لە
چوارچێوەیەکی میتافیزیکی هیشتویانەتەوە!
بۆیە من لێرەدا خۆم لە نێو سێگۆشەیەک دا
دەبینمەوە، سێوە سوورەکەی منداڵێ، دووەم
سێوەکەی نیوتن، سێێەم سێوەکەی ئادەم، دەشێ
قەدەری من بە پێی کێشی سێو لە نێو ئەم
سێگۆشەیە هاتوچوو بکا؛
یەکەم وەک نیشانەی هەژاریی، دووەم وەک
نیشانەی زانست، سێیەم وەک هێمای وەهمی ئاینیی!
کە گەورەتر بووم یاسای دیالیکتی مارکسم خوێندەوە، لە مێشکی خۆم دا،
سێوێکم لە بەرانبەر یاساکە دانا، لە دڵی خۆم دا دەمگوت لە وانەیە
مەبەستی مارکس لە یاسای یەکەم، یەکیتی دژەکان، تاقە سێوێک بێ، لەبەر
ئەوەی سێو سەر و بنی هەیە کەواتە دوو
جەمسەری هەیە کەچی مارکس نموونەکەی لەسەر موگناتیس هینایەوە، جاروبار
کەوتمە دواندنی بیردۆزەکەی مارکس، ئەو تەنیا لەسەر پوزەتیڤ و نەگیتڤ
ئیشی کردووە وەک یاسایەکی فیزیاویی، دەکرا
بە پێی یاسای ماتماتیکیی
ئیشی بکردایە هەتا جێگای لێکدان و دابەشکردن
و توان و لوغارتیمات و (تناسب طردي
و عکسي) بووایە،
لەبەر ئەوەی پرۆسەی گەشەکردنی کۆمەڵگا
ئاڵۆزە تەنیا ناخرێتە چوارچێوەی پوزەتیڤ و نەگیتڤەوە تەنانەت زانستی
ئابووریی
پتر پشت بە ماتماتیک دەبەستێ!
هەروا لە یاسای دووەم کە باسی چەندایەتی و چلونایەتی دەکا، بۆ
لێکدانەوەی ئەم یاسایەش سێوێکم لە بەرانبەری دائەنا، دەمگوت بە پێ
یاسای چەندایەتی دەگەنێ دواییش بە پێ یاسای چلونایەتی دەبێ بە ئەلکۆل،
بیرە و شەراب و ویسکی لە سێوی گەنیو دروست
دەکرێ! لەم یاسایەش بەرانبەر مارکس ڕادەوەستام، دەمگوت، دەبووایە
مارکس باسی گوڕانی چلونایەتیش بکردایە بۆ چەندایەتی، لێرەدا مارکس باسی
لایەنی (تصاعدي)
دەکا، بە ئاراستەی سەرەوە، کەچی دەکرێ ئێمە باسی لایەنە (تنازلي)یەکەشی
بکەین بۆ خوارەوە، لە چلونایەتییەوە بۆ
چەندایەتی، نموونەکەی مارکس لەم بوارە باسی ئاوی کوڵاو دەکا چۆن دەبێتە
هەڵم بەڵام ئەگەر هەڵمەکەش بپەستینەوە دەبێتەوە بە ئاو یان هەر حاڵەتی
چلونایەتی دیکە دەکری دابەش و (تجزئة) بکرێ
بۆ چەندایەتی!
لە یاسای سێیەمیش دا مارکس باسی یاسای نەفی،
نەفی دەکا، نموونەی ئەوە دینێتەو کە چۆن مەرگ ژیان لە ناو ئەبا، لێرەش
کەوتمە ناکوکی لەگەڵ مارکس دەمگوت دەبووایە
مارکس باسی سەرەتای سەرەتاکانیشی بکردبایە
وەک رووە خوڵقێنەرەکەی ژیان کە چۆن دایک
منداڵی دەبێ یان چۆن هەنگاوێکی سەرکەوتوو هەنگاوێکیتری
سەرکەوتووانەتری بە دوای خۆی دا ئەهێنێ!
مارکس تەنیا لەسەر یاسای فیزیاویی ئیشی
دەکرد، لە کاتێکدا ئەمرۆ زانست دەتوانێ
لەسەر لایەنی کیمیایی مێشک ئیش بکا!
ئاخۆ ئەوە گۆڕانکاریی
کیمیایی نەبوو وای لە مێشکی تولستوی کرد کە
ئەرز و رەزی پاشماوەی باوکی بەسەر جوتیارە
هەژارەکاندا دابەش بکا، هەروا بۆ چی زەلامە سەرخۆشەکان سەخی تەبیعەت و
دڵفراوان دەبن لە ژێر کاریگەریی ئەلکۆل دا،
ئاخۆ ئەمە گۆرانکاریی
کیمیایی نییە لە مێشکی کەسەکان!
دەسەڵاتی باڵا ئەگەر بیەوێ گۆڕانکاریی بکا
دەتوانی لە رێگای نهێنیی سێوەوە،
نهێنییە زانستییەکەی
کاریگەریی لەسەر کەسانی دیاریکراو دابنێ، بە
شێوەیەکی سووک و سانا واز لە سەرمایەکانیان بهێنن!
تەنانەت لە زانستی سایکۆلۆژیا ئەو کەسانەی بی پولاریان هەیە، لە
کاتێ هەوەس دەستیان واڵا دەبێ و پارە
و پوولەکانیان دەبەخشن، ئەمەش بە
هۆی زۆربوونی هۆڕمۆنی سیروتونین
دوبامین لە مێشکیان دا!
٣\٥\٢٠١٣
- نەرویج
ماڵپەڕی نەهرۆ
|