١٧\٦\٢٠١٣
نیشتیمانێکی
پارچەپارچەکراو و میللەتێکی داماو؟!

ستار محەمەد قادر
گومان لەوەدا نیە مافی هەموو هێزێکی سیاسیە کار بۆ پاراستنی
بەرژەوەندیەکانی خۆی بکات، بەڵام نابێت کێشەی خۆیان لە کێشەی گەلێک بە
گەورەتر بزانن، ململانێکان خەریکە بە ئاقارێکدا دەڕۆن، دەبن بە هۆکاری
ئەوەی کێشە سەرەکیەکان پەراوێز بخرێن، ئەویش لە کۆمەڵێک دەرەنجامەوەیە،
نە حکومەت و نە پەرلەمان و نەش سەرۆکایەتی هەرێم و نەش پارتە
بەرهەڵستکارەکان لە توانایاندایە بە هەر میکانیزمێک بێت کۆتایی بەو
کێشانە بهێنن کە پێویستی بە سازان هەیە، بە تایبەتی ئەو کێشانەی وا
پەیوەندی راستەو خۆیان بە ژیانی تاک بە تاکی ئەم کۆمەڵگەیەوە هەیە، بۆ
مرۆڤێک ئەوە شتێکی رەوایە کاتێک بێ کار بێت یان خانووی نەبێت، مەجبوورە
تەنها بیر لە خۆی بکاتەوە، چونکە کەس ئامادە نیە دەستی هاوکاری بۆ درێژ
بکات، بەڵام ناکرێت پارتێکی سیاسی بەو شێوەیە بیر بکاتەوە، پێویستە
خوێندنەوەو لێکۆڵینەوەی درووست بۆ ئەو رەوشە بارگاوی و پڕ لە
ئیشکالیاتەی ئەمڕۆمان بکەین، ناکرێت ئەو تێڕوانینە بەڕەوا بزانین کە
بەشێوەیەک وێنەی بەشێک لە هێزە سیاسیەکان دەکێشێت وەکو ئەوەی هیچ
ئەرکێک لە ئەستۆیان نەبێت، چونک هیچ شەرعێک ناتوانێت لە رەوشێکی وادا
دەستنیشانی رۆڵ و ئەرکی لایەنەکان بکات؟!
ئەمڕۆ ئەگەر لە سیاقی کردەوەی چاک و خەرابەوە پۆلێنی تاک بە تاکی ئێمە
تا دەگات بە ئەندام پەرلەمان و ئەندامانی مەکتەب سیاسی و سکرتێرو
سەرکردەکان بکەین، دەبینین کەس ئامادەیی ئەوەی تێدا نیە دان بە تاکە
هەڵەیەکی خۆیدا بنێت، ئایا ئەمە گەورەترین دێوە زمەی ناو رۆحی
کۆمەڵایەتی و سیاسی ئێمە نیە؟! چۆن دەکرێت پارتەکان بەرژەوەندی سیاسیان
وەکو دەسکەوتی نیشتیمانی بە کۆمەڵانی خەڵکی بفرۆشنەوە؟ چۆن دەکرێت هیچ
جۆرە ئیعتیبارێک بۆ رەزامەندی خەڵک لەسەر چارەنووسیان دانەنێن؟! چۆن
دەکرێت هەموو پرسەکان بە تەرازووی بەرژوەندی حزبی و میزاجی سیاسیەکان
کێشانەو پێوانە بکرێن؟! ئایا ئەوە خەوش و خەلەلێکی گەورە نیە لە
ئەقڵیەتی سیاسیمان کە دەمانەوێت هێزو ووزەی ئایدۆلۆژیا بۆ لە رەگەوە
هەڵتەکاندنی پێکهاتەی نەتەوەییمان بەکار بهێنین؟!ا
کاتی ئەوە هاتووە لە خۆمان بپرسین: کێ کورد فەرامۆش دەکات؟! لێرەدا پێم
باشە وتەیەکی رۆمان نووسی ناوداری عارەب نەجیب مەحفوز وەکو نموونەیەک
بیهێنمەوە کە دەڵێ: " ئەوەی ئێمە بە خۆمانمان کردووە، بەربەرەکانێ لە
گەڵ ئیسرائیل دەکەم گەر بتوانێ بە هەمان شێوە پێمانی بکات؟! بەڵێ کاتێ
تەماشای رەوشی ئێستای کوردو هەرێمی کوردستان دەکەین، رێک و رەوان دەڵێی
ئەو قسەیە بۆ ئێمە کرابێت "؟! تا ساڵی ٢٠٠٣ ئەو پاکانەیە تا سنوورێک
قابیلی قبووڵ بوو کە هەرچی شتی خەراب هەبوو دەدرانە پاڵ رژێمی پێشوو،
بەڵام ئێستا هیچ هێزێک ناتوانێ گرێ کوێرەی ئەم وڵاتە پڕ لە کێشەو
قەیرانە بکاتەوە، رەنگە وەڵامی ئەو پرسیارە لە ئێستادا بە کۆمەڵێک
پاکانە رووتووش بکرێت، ئێمە بۆ خەباتمان کرد؟ یان بۆ پێمان خۆش بوو
رژێمی پێشوو بڕووخێت؟ مەبەستمان تەنها گۆڕینی رژێمی پێشوو بوو؟ یان بە
ئارامی و ئاسوودەیی ژیان لەم وڵاتەدا بەسەر بەرین و لە داهات و خێرو
بێری سوودمەندبین؟! بەڵام کام لەم شتانە لە واقیعدا بەرجەستە بووە؟! چی
لە مەسەلەکان گۆڕاوە؟ جگە لە نا ئارامی سیاسی و ململانێی نا تەندرووست
و نا لۆژیکی شتێکی ئەوتۆمان نەبینی!
ئێمە بەدەستی خۆمان واقیعمان گۆڕیوە بە وەهم، هەر چەندە ئەو دووانەیە
دوو شتی جیاوازن، بەڵام بە هەر بارێکدا مرۆڤ تەماشای ئەو واقیعە تاڵەی
کورد دەکات، ئەوەی بۆ ئاشکرا دەبێت، هەمیشە پێکهاتەی ئەقڵی حزبی و
ئایدۆلۆژیمان تووشی هەڵەی گەورەمان دەکات، ئەی ئەوە نیە لەشوێن ئەوەی
هەموو هێزە سیاسیەکان کار بۆ گەڕاندنەوەی ناوچە دابڕاوەکان بکەن،
دەنگۆی ئەوەی لە ئارادایە هەرێمی کوردستانیش بکرێت بە دوو هەرێم؟! ئایا
بەم ئەقڵیەتە دەتوانین هێزی فشار لەسەر لایەنی بەرانبەر درووست بکەین
بۆ ئەوەی بەرگری لە خاکی کوردستان بکەین؟! بە دڵنیاییەوە نەخێر، چونکە
حاڵی حازر تاکی کورد نازانێت شایەتمان بە کام لایدا بهێنێت، ئێمە
ناکرێت چاو لە ئەزموونی وڵاتە عەرەبیەکان بکەین بۆ ئەوەی بڕیاری ئەوە
بدەین رێک بکەوین لەسەر ئەوەی رێک نەکەوین! دوایی بە دەردی ئەو دوو
پشیلەیە دەڕۆین کە سەلکێ پەنیر دەدۆزنەوە بەڵام لەسەر چۆنێتی
دابەشکردنی رێک ناکەون، تا پەنا بۆ مەیمونێک دەبەن بۆ ئەوەی بۆیان بەش
بکات، مەیمونەکە زۆرزان دەبێت قەپێک لەم بەشەیان دەدات، تەماشا دەکات
ئەوەکەی تریان گەورەترە، تا هەر هەموو پەنیرەکە دەخوات، ئەوجار
پشیلەکان بۆیان رووبوویەوە هەڵەیەکی گەورەیان کرد کە لەنێو خۆیاندا
بەشیان نەکرد، بە حەقیقەت مرۆڤ کاتێک لە داماوی میللەتی کوردو خاکی
کوردستان دەڕوانێت، ئەوەی بۆ ئاشکرا دەبێت، دوژمنەکانمان ستەمکارو بێ
ویژدانن، لێ کاتێک لە هەڵوێست و دونیا بینی هێزە سیاسیەکان رادەمێنین،
جگە لەنیشانەی پرسیار هیچ وەڵامێک بۆ ئەم پاشا گەردانیەی کە کوردو خاکی
کوردستان تێی کەوتووە نادۆزینەوە؟!
ماڵپهڕی ستار محهمهد قادر
|