په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٣\٢٠١١

''نوێژی هەینی''تان بەرنەوە بۆ ناو مزگەوتی گەورە!


موحسین کەریم   


یەکێک لە خواستە بنەرەتیەکانی خەڵکی شۆڕشگێرو راپەریوی کوردستان ئازادیە. ئازادیش کاتێک دەستبەر دەبێ کە هاوڵاتیانی کوردستان لە رووی سیاسیەوە ئازاد بن؛ ئازاد بن سەر بە کام حیزبی سیاسین! ئەندام بوون لە حیزبێکدا ئیمتیازی شەخسی نەبێ بۆ کەس.ئەندام نەبوون لە حیزبێکدا یاخود ئەندام بوون لە حیزبێکی دیکەدا نەکاتە بێبەشبون لە مافەکان. خەڵک ئازاد بن ئەگەر بڕیارو سیاسەتێکی حکومەت و دەستەی فەرمانرەوایان بەدڵ نەبوو نارەزایەتی دەربڕن‌و هیچ کۆتو پێوەندێکیان لەسەر دانەنرێ، بتوانن کۆبوونەوەی جەماوەری، خۆپیشاندان و مانگرتنی گشتی رابگەیەنن. کرێکاران، کارمەندان، خوێنداکاران، لاوان، ژنان‌ وتوێژە ستەمدیدەکانی کۆمەڵگا و بەگشتی خەڵکی کوردستان مافی پێکهێنانی رێکخراوی سیاسی، جەماوەری‌و پیشەیی ئازادو سەربەخۆی خۆیان هەبێ. ئەگەر کرێکاران‌و کارمەندانی دەستەنگ بۆ داواکردنی خواستێکیان یان دژی چاوچنۆکی‌و مامەڵەی نادروستی خاوەنکارو بەرێوەبەران بیانەوێ نارەزایەتی دەربڕن ئازادبن کە لەناو ناوەندەکەی خۆیاندا مانبگرن و کار رابگرن.

ئازادی مانای ئەوەیە کە هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەبێ بەبێ رێگری‌ و فشار، بێئەوەی رووبەرووی ناوزراندن، ترساندن‌، گرتن‌و تۆقاندن بێتەوە، بیروباوەڕی خۆی رابگەیەنێ، بەرگری لێبکات‌و بانگەوازی خەڵکیش بکات بۆ بیروباوەڕەکەی. ئازادی بیروباوەڕ، مانای ئەوەیە کە هەرکەسێک بڕوای بەهەر بیروڕایەکی سیاسی ‌و هەر فکرو ئایدیۆلۆژیایەک هەبێ، هەرچۆن بیربکاتەوە، بڕوای بە کام ئایین هەبێ یان بڕوای بە هیچ ئاینێک نەبێ، ئازادبێت لەوەی بیروباوەڕی خۆی رابگەیەنێ، بەرگری لێبکات‌و بانگەوازی بۆبکات، و هیچ دەزگاو دامەزراوەو دەسەلاتێک نەتوانێ کە بەناوی رێزگرتن لە"پیرۆزیەکانی نەتەوە"، "رەمزەکانی نەتەوە"، "پاراستنی ئادابی گشتی"‌و "ئاینی رەسمی‌و...!" ئەو مافەی هاوڵاتیان تەنگەبەربکاتەوە! جیاکردنەوەی دین لەدەسەڵات یەکێکە لە پێداویستیەکان‌و کەرەستەکانی دابینکردنی ئازادی بۆهاوڵاتیانی کوردستان . نابێ هیچ دینێک دینی رەسمی وڵات بێت‌و هاوڵاتیان ناچاربکرێن پەیڕەوی لێبکەن‌و یان رەخنەلێگرتنیان بە تاوان‌و سوکایەتی بە بیروباوەڕی خەڵک ناوزەد بکرێ. ئەوکاتە ئازادی لە کۆمەڵگای کوردستاندا دەبێ کە بێجگە لە مرۆڤ‌و مافەکانی مرۆڤ هیچ شتێکی دیکە وەکو پیرۆزیی کۆمەڵگا نەناسرێ‌و نەسەپێنرێ. پیرۆزیە نەتەوەیەکان، ئاینیەکان‌‌و فکریەکان‌و رەمزە نەتەوەیی‌و ئایینیەکان‌ هەمویان پیرۆزی و رەمزی ئەوانەن کە باوەڕیان پێیانە نەک پیرۆزی‌و رەمزی کۆمەڵگاو دەسەڵات‌و هاوڵاتیان بە گشتی.

یەکێک لە رووی رەشی دەسەڵاتی میلیشیایی‌و حیزبی دەسەڵاتداری کوردستان ناوزەدکردنی ئیسلامە بە ئایینی رەسمی‌ کوردستان‌و سەپاندنیەتی بەسەر دانیشتوانی کوردستاندا. دانیشتوانی کوردستان؛ لاوان، کەسانی پێشکەوتنخواز، ئازادیخوازان‌و ئاتەئسیتەکانی کوردستان بیانەوێ و نەیانەوێ، مۆری ئیسلامیان پێوە نراوەو هەر رەخنەیەک لە ئیسلام بە سوکایەتی بە بیروباوەڕو بە پیرۆزیەکانی خەڵکی کوردستان ناوزەد دەکرێ‌و دەکەوێتە بەر پەلاماری دەسەڵات‌و کۆنەپەرستانی ئیسلامی‌و مەلاکان‌و ئەوقافەوە. دەستگرتنی دەسەڵات بە ئاینی ئیسلامەوە بۆئەوەیە کە رێگری بۆهەر بیروباوەرێکی پێشکەوتنخوازو مرۆڤدۆست‌و یەکسانیخواز پێکبێنێ‌و ئیحساساتی دواکەوتوانی کۆمەڵگای بکاتەوە بەگژیداو بەوجۆرە پاکانەی سەرکوت‌و داپڵۆسینیشی بکات! لەژێر ئەو بیانوەدا هەرجۆرە خواستێکی ژنان بۆ ئازادی‌و یەکسانی لەگەڵ پیاواندا، هەر خواست‌و ئومێدیکی ئینسانی لاوان بۆ ژیانێکی هاوچەرخ‌و مۆدێرن و ئازادبە ناشەرعی‌و دەرچون لە ئادابی گشتی‌و ئیسلامی تاوانباربکات‌و بێدەنگ‌و سەرکوتکراوو دەستەمۆیان بکات. لەوبارەشەوە گروپە ئیسلامیەکان مێژویەکی رەشیان هەیە لە هاوکاریکردنی دەسەڵات‌ و لە وەستانەو ەدژی هەر دەنگ‌و رەنگێکی ئازاد‌و مۆدێرن‌و یەکسانیخواز. یەکێک لە فاکتەرەکانی سەرکەوتنی شۆرشی ئازدیخوازانەو یەکسانیخوازانەی جەماوەری کرێکارو دەستەنگان‌‌و لاوانی کوردستان سەندنەوەی ئەو وەسیلەی فریودان‌و چاوبەستن‌و سەرکوتەیە لە دوو حیزبی دەسەڵاتدارو سەرجەم دەستەو گروپە کۆنەپەرستەکانی کوردستان!

ئامانجێکی سەرەکی شۆرشی ئەمجارەی خەڵکی کوردستان ئازادیە، واتە یەکێک لە لایەنەکانی ئەم شۆرشە جیاکردنەوەی دینە لە دەوڵەت، چونکە بەبێ جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت ناتوانرێ باس لە بوونی ئازادی بکرێت. مانای ئەمەش جیاکردنەوەی هەموو دینێک‌و ئاینی ئیسلامیشە لە دەسەڵات، لە یاسا‌و لە خوێندن‌و پەروەردە. دەبێ هیچ دینێکی رەسمی لەکوردستاندا نەبێ‌و بڕوابوون بە هەرئاینێک یان بروا نەبون بەهیچ ئاینێک کاری تایبەتی هەر هاوڵاتیەکی کوردستان بێت. بەڵام کێشکردنی نوێژی هەینی لە مزگەوتی گەورەوە بۆ سەرای ئازادی‌ هەوڵێکی ئیسلامی سیاسی‌یە بۆ سەپاندنی فەزای ئیسلامی بەسەر شۆرشی جەماوەردا، کە ئۆپۆزیسۆنی ناسیۆنالیستی"گۆڕان"‌یش گرفتێکی لەگەڵیدا نیە‌ چونکە ئیسلام یەکێکە لە سەوابتەکانی ئەویش. هەروەک دەسەڵاتیش ئەوەندە پێی نارەحەت نیە، بەتایبەتی کەدانی روخسارێکی ئیسلامی بە خۆپیشاندانەکان دەتوانێ تایبەتمەندی شۆرشگێرانەو رادیکاڵی بزوتنەوە جەماوەریەکە بشێوێنێ ، بەر بە رادیکاڵبونەوەی خواستەکان‌و سەرجەم بزوتنەوەی نارەزایەتی خەڵک بگرێ‌، سەرەنجام جەماوەری نارازی‌و ئازادیخواز نائومێد بکات‌. لە هەلومەرجێک وادا کە رابەری شۆرش‌و شۆرش لەمانای راستەقینەی خۆی دادەتەکێت ئیمکانی ساتوسەوداو مامەڵە لەگەڵ رابەرانی شۆرشێکی لەباربراودا دابین دەبێت‌و ئۆپۆزیسیۆنی ناسیۆنالیست‌و ئیسلامیش ئامادەی رێکەوتن‌و سازانن لەگەڵ دەسەڵاتدا چونکە ئەوان هەمویان هەر لەیەکەم رۆژەکانی شۆڕشەوە خۆپیشاندانی خەڵک و لاوانی توڕە ونارزاییان بە ئاژاوەگێڕێ لەقەلەمداو بەرگریان لە دەسەڵات کرد، بەڵام لەرەوتی بەردەوامی شۆڕشدا هەلپەرستانە خۆیان خزاندەوە ناو خەڵک.

بۆیە دەبێ جەماوەری هوشیارو ئازادیخوازی کوردستان، کرێکاران‌و لاوان و ژنان، کارمەندان‌و رۆشنبیرانی شۆڕشگێر و هەموو لایەنگران‌و خەباتکارانی رێگای یەکسانی‌و ئازادی دەبێ رێگا نەدەن شۆرشەکەیان لەبارببرێ. با مەلا‌کان‌ نوێژی هەینی بەرنەوە بۆناو مزگەوتی گەورەو فشاری نەفسی‌و ئەخلاقی بۆ گەنجان‌و لاوانی بەردەرکی سەرا دروست نەکەن‌. بەردەرکی سەرا بوە بە رەمزو سیمبوڵی خەبات‌و راوەستانەوەی جەماوەر بۆ ئازادی‌و یەکسانی‌و عەدالەتی کۆمەڵایەتی. نوێژەکانتان بەرنەوە بۆناو مزگەوت‌و بەردەرکی سەرا بۆ شۆرش بەجێبێڵن کە بە دڵنیایەوە ئەگەر شۆرش بەسەرکەوتن بگات هەمو هاوڵاتیەکی کوردستان بە بێ لەبەرچاوگرتنی بیروباوەڕی سیاسی، ئایینی، فکری، رەگەز، زمان‌و نەتەوە بە یەکسانی لە بەرهەمەکەی سوودمەند دەبێ.
 

٤\٣\٢٠١١

ماڵپهڕی موحسین کهریم

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک