په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\١١\٢٠١٤

"نیوە مانگ"ی بەھمەن قوبادی

لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کۆمیکی سوێد نمایش کرا.
 

مەنسوور جیهانی


فیلمی سینەمایی "نیوە مانگ" لە دەرھێنانی "بەھمەن قوبادی" لە بەشی سەرەکی یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کۆمیک لە وڵاتی سوێد نمایشکرا.


فیلمی سینەمایی "نیوە مانگ" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "بەھمەن قوبادی" بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی کوردستان لە نوێترین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا لە دوو سانسی جیاوازدا لە بەشی سەرەکی یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کۆمیک لە سینەما مۆرتیز لە شاری ئیستۆکھۆڵم لە وڵاتی سوێد نمایشکرا.


ئەم فیستیڤاڵە بە پێی گرینگیدان بە پێکەنین لە کەلتوور و دابوونەریتە جۆراوجۆرەکان لە سەرتاسەری جیھان و ھەروەھا بە مەبەستیی کەڵک وەرگرتن لە ژانڕی کۆمیکی سینەمایی بۆ وەپێکەنین ھێنان و خۆشحاڵکردنی خەڵک بە یارمەتی وەزارەتی کەلتووری وڵاتی سوێد و ئەنستیتۆی فیلمی سوێد دامەزراوە.


یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کۆمیک بە بەشداری بەرھەمی وڵاتانی ئەڵمانیا، فەڕەنسا، مەکزیک، ئێران، بەلژیکا، چین، ھۆنگ کۆنک، تورکیا، ھیندستان، فەلەستین و ھەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی چەندین ھونەرمەندیی ناوداری کۆمێدی سینەما و تەلەڤیزیۆن و ھەروەھا بەڕێوەبردنی چەندین کۆڕ و کۆبوونەوەی کۆمیک بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە شاری ئیستۆکھۆڵم لە وڵاتی سوێد بەڕێوەچوو.


فیلمی سینەمایی "نیوە مانگ" تا ئێستا لە ٦٠ فیستیڤاڵی جۆراوجۆر لە ئاستی دنیادا نمایشکراوە و ١٠ خەڵاتی گرینگی نێودەوڵەتیشی بەدەستھێناوە، لەوانە: "سەدەفی زێڕین"ی باشترین فیلم و باشترین بەڕێوەبەری وێنەگرتن لە ٥٤مین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "سان سباستییەن" لە ئیسپانیا لە ساڵی ٢٠٠٦، خەڵاتی "باشترین فیلمی ھەڵبژاردەی بینەران لە بەشی نێونەتەوەیی"دا لە ٢٦مین خولی فیستیڤاڵ نێونەتەوەیی "ئیستانبول" لە تورکیا لە ساڵی ٢٠٠٧، خەڵاتی "ئامنێستی" لە فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی سەربەخۆ "ئیندیلیزبوا" لە پورتوگاڵ لە ساڵی ٢٠٠٧، خەڵاتی باشترین سیناریۆ لە شەشەمین فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "ترایبکا" لە ئەمەریکا لە ساڵی ٢٠٠٧، خەڵاتی گەورەی "گراندپریکس" لە چوارەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "ئۆراسیا" لە قەزاقستان لە ساڵی ٢٠٠٧، خەڵاتی یەکەمی ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "ئۆجای" لە ویلایەتی کالیفۆرنیا لە ئەمەریکا لە ساڵی ٢٠٠٧، فیلمی ھەڵبژاردەی رۆژنامەی "تایمز"ی بەریتانی وەکوو یەکێک لە ١٠٠ فیلمی سەرکەوتووی سینەمای جیھان لە ساڵی ٢٠٠٨ و ھەروەھا چەندین خەڵاتی نێونەتەویی دیکە.


ھەروەھا کۆمپانیای بڵاوکردنەوەی فیلمی "مەچ فەکتۆری" فیلمی "نیوەمانگ"ی لە ئاستی دنیادا بڵاوکردەوە کە لە زۆربەی وڵاتانی جیھان چووە سەر پەردەسی سینەماکان و لە لایەن بینەرانی نەتەوە جۆراوجۆرەکانەوە پێشوازیی لێکرا.
 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک