په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\٨\٢٠١٤

نوێترین فیلمی بەھمەن قوبادی

لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی ڤینیسیا نمایش دەکرێ.

 

مەنسوور جیهانی

 

فیلمە نوێیەکەی سینەماکاری کورد "بەھمەن قوبادی" بەشداری لە بەشی سەرەکی دەرەوەی پێشبڕکێی ٧١ـیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤینیسیا لە وڵاتی ئیتاڵیا دەکا.

فیلمی "چاو لە سەرێی بکە" نوێترین بەرھەمی سینەماکاری ناوداری کورد "بەھمەن قوبادی" لە چوارچێوەی کۆمەڵە فیلمی "چەند وتەیەک لەگەڵ خوداکان" لە بەرھەمھێنانی "ئالێکس گارسیا" و "گیلێرمۆ ئاریێگا" و بە ئاوازدانەری موزیکزانی ناوداری بەریتانی "پیتێر گابریێل" بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی کوردستان، کاتژمێر ٣٠/٢ ڕۆژی ٣٠ی ئابی ٢٠١٤ لە بەشی سەرەکی دەرەوەی پێشبڕکێی لە میانەی حەفتا و یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤینیسیا لە وڵاتی ئیتاڵیا نمایش دەکرێ.

لە لایەن بەرھەمھێنەرانی کۆمەڵە فیلمی "چەند وتەیەک لەگەڵ خوداکان" تەنیا یەک دەرھێنەر بۆ سازکردنی بەشی "ئیسلام" لەم پڕۆژەیەدا دەستنیشانکرابوو کە ئەم پێشنیارە ئاراستەی "بەھمەن قوبادی" کرا و بەشی "ئیسلام" لە لایەن ئەم سینەماکارە بەئەزموونە کوردەوە بە ناوی "چاو لە سەرێی بکە" لە شاری ماڕدین لە باکووری کوردستان وێنەگیراوە و موزیکزانی ناوداری بەریتانی "پیتێر گابریێل" ئاوازدانەری بۆ ئەنجامداوە و ماوەیەکە ئامادەی نمایش بووە و لە یەکەمین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی کوردستان لە بەشی سەرەکی دەرەوەی پێشبڕکێی فیستیڤاڵی فیلمی ڤینیسیا نمایش دەکرێ.

ئەم فیلمە کوردییەی "بەھمەن قوبادی" لەگەڵ ٨ فیلمی دیکە لە سینەماکارانی ناودار و بەئەزموونی سینەمای جیھان کە ھەر کام لەسەر دینێک بە ناوەرۆکی خودا و ئایین فیلمێکیان سازکردووە لە کۆمەڵە فیلمی "چەند وتەیەک لەگەڵ خوداکان" لەم فیستیڤاڵەدا نمایش دەکرێن، کە بریتین لە: فیلمی "ژیانی ئێمە" لە دەرھێنانی سینەماکاری ناوداری سیربی "ئەمیر کۆستاریسکا"، فیلمی "دژوار" لە دەرھێنانی فیلمسازی ژاپۆنی "ھایدۆ ناکاتا" ، فیلمی "خوێن لە خودا" لە دەرھێنانی سینەماکاری ناوداری مەکزیکی "گیلێرمۆ ئاریێگا" ، فیلمی "ماڵی خودا" لە دەرھێنانی فیلمسازی ھێندستانی خاتوو "میرا نایێر"، فیلمی "خودا واقعییەکان" لە دەرھێنانی سینەماکاری ئوستوڕاڵی "وارویک تۆرنتۆن" ، فیلمی "ئەو لە ئامووس ژووری گرت" لە دەرھێنانی فیلمسازی بەناوبانگ "ئامووس گیتای"، فیلمی "پیاوێک کە مراوێکی دزی" لە دەرھێنانی سینەماکاری بڕازیلی ـ ئەڕژەنتینی "ھیکتۆر بابێنجۆ" و فیلمی "دان پێدانان" لە دەرھێنانی فیلمسازی ئیسپانی "ئالێکس دێ لا ئێگلێسیا".

ئەم کۆمەڵە فیلمە ٩ ئێپیزۆدییە کە ناوەرۆکییەکی عێرفانی و ئاشتی خوازانەیان ھەیە، چارەنووسی مرۆڤەکان لە چوارچێوەی کەلتوورە جیاوازەکان بە وەرگرتن و تێگەیشتنی ئەم سینەماکارانەی سەرتاسەری جیھان لە خودا نیشانی بینەر دەدا.

٧١ـیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی ڤینیسیا بە بەشداری بەرھەمی سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی، لەوانە: بەشی پێشبڕکێی سەرەکی، بەشی پێشبڕکێی "ئاسۆکان"، بەشی "حەوتووی ڕخنەگران"، بەشی سەرەکی دەرەوەی پێشبڕکێی و چەندین بەشی دیکە بە سەرۆکایەتی "ئالبێرتۆ باربێرا" و بە ئامادەبوونی ئەستێرە ناودارەکانی سینەمای جیھان لە ڕۆژانی ٢٧ی ئاب تا ٦ی ئەیلوولی ٢٠١٤ لە شاری مێژوویی ڤینیسیا لە وڵاتی ئیتاڵیا بەڕێوەدەچێ.

سینەماکاری کورد "بەھمەن قوبادی" دوای سازکردنی ٥ فیلمی بڵندی سینەمایی و کۆمەڵێک کورتە فیلمی چیرۆکی و دیکۆمێنتاری، ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردنی نوێترین بەرھەمی سینەمایی خۆیەتیی کە لە داھاتوویەکی نزیکدا دەست بە وێنەگرتنی دەکا.

بۆ زانیاریی پتر:

http://www.labiennale.org/en/cinema/71st-festival/line-up/off-sel/out-of-competition
http://www.imdb.com/video/withoutabox/vi3084561689?ref_=tt_pv_vi_1  

 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک