په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\١٢\٢٠٢٠

نوێترین پڕۆژەی کەیوان کەریمی

لە پەنجایەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی رۆتێڕدامی ھۆڵەندا.

 

مەنسوور جیھانی


نوێترین پرۆژەی سینەمایی سینەماکاری سەربەخۆی کورد "کەیوان کەریمی" لە نێوان ١٧ پرۆژەی ھەڵبژاردەی دنیا لە بەشی "سینەماڕت" لە پەنجایەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "ڕۆتێڕدام" لە وڵاتی ھۆڵەندا ھەڵبژێردرا.

"ئایا ئێوە شتێک سەبارەت بە ھیوا دەزانن؟" نوێترین و دووەمین پرۆژەی سینەمایی سینەماکاری بانەیی "کەیوان کەریمی"، لە نوێترین و دووەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا وەکوو تەنیا پڕۆژەی سینەمای ئێران، لە نێوان ١٧ پرۆژەی ھەڵبژاردەی سینەمای جیھان لە بەشی "سینەماڕت" لە سی و ھەشتەمین خولی "بازاڕی بەرھەمھێنانی ھاوبەشی فیلم" لە میانەی پەنجایەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "ڕۆتێڕدام" لە وڵاتی ھۆڵەندا و بەرھەمی ھاوبەشی وڵاتانی ئێران و فەڕەنسا لە تەنیشت کۆمەڵێک بەرھەم لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان و ھەروەھا پڕۆژەی "کابل جان" (کابول گیان) لە خاتوو "شەھربانوو سادات" سینەماکاری ئەفغانی و بەرھەمی وڵاتی ئەڵمانیا؛ تەنیا پڕۆژە سینەماییەکان لە کیشوەری ئاسیا و ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، لەم ڕووداوە گرینگە سینەماییە ھەڵبژێردران.

"سینەماڕت" کە یەکەمین، گرینگترین و گەورەترین بازاڕیی بەرھەمی ھاوبەش لە جیھان دێتەئەژمار؛ ئەمساڵ سی و ھەشتەمین خولی بە ھۆی بڵابوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا بە شێوەی ئۆنلاین لە ڕۆژانی ١ تا ٥ی فێبریوەری ٢٠٢١ لە تەنیشت پەنجایەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "ڕۆتێڕدام" لە وڵاتی ھۆڵەندا بەڕێوەدەچێت و خەڵاتی بڕی پارەی ٣٠ ھەزار یۆرۆییش بۆ براوەکان لەبەرچاو گیراوە.

پڕۆژە وەرگیراوەکان لە بەشی "سینەماڕت" لە ڕۆژانی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "ڕۆتێڕدام"؛ دەرفەتی ئاشنابوون و ھاوکاریی فیلمسازان لەگەڵ بەرھەمھێنەران، سەرمایەداران، نوێنەرانی فرۆش، بڵاوکەرەوکانی فیلم، کەناڵە تەلەڤیزیۆنییەکانیان بۆ پێکدێت و ھەروەھا ئەو کەسانەی کە بەتەمان سەرمایەکانی خۆیان بۆ گەشەسەندنی سینەما تەرخانبکەن دەتوانن یارمەتی ئەم پڕۆژانە بدەن.

پڕۆژە سینەمایی "ئایا ئێوە شتێک سەبارەت بە ھیوا دەزانن؟" لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا وەکوو ١٠ باشترین پرۆژەی بەرچاویی دنیا لە بەشی La Fabrique du Cinema لە بەرنامەی "دە پڕۆژە لە سینەمای جیھان بۆ داھاتووی سینەما" لە پاڤیۆنی "ئەنستیتۆی فەڕەنسا" لە بازاڕی ئۆنلاینی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی کانی فەڕەنسا لە ساڵی ٢٠٢٠ بە بەشداریی "کەیوان کەریمی" دەرھێنەری ئەم بەرھەمە و بە ڕێنوێنی "ڕەشید بووشارب" دەرھێنەر، ئەکتەر و بەرھەمھێنەری ناوداریی ئەلجەزایری و دانیشتووی وڵاتی فەڕەنسا ئامادەبوو.

سیناریۆی پڕۆژە سینەمایی "ئایا ئێوە شتێک سەبارەت بە ھیوا دەزانن؟" لە دووەمین ھەنگاویی نێودەوڵەتی خۆیدا، دوای بەشداریی لە بەشی "سینەماڕت"ی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "ڕۆتێڕدام" بە شێوەیەکی ڕێکووپێک کۆتایی پێدێت و ئەم بەرھەمە لە ھەوڵدایە تاکوو بە پێکھێنانی تۆڕێک لە ئاستی جیھاندا بتوانێت لە داھاتوودا بە باشی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بڵاوبێتەوە و لە وڵاتانی جۆراوجۆر نمایش بکرێت؛ تا ئەو کەسانەی کە لە بواریی پیشەگەڕیی سینەمادا چالاکی دەکەن، ئاگادارییان لەم بەرھەمە سینەماییە ھەبێت؛ تا دوای تەواوبوونی لە لایەن بڵاوکەرەوەکانی فیلمەوە، بە باشترین شێوە بچێتە سەر پەردەی سینەماکانی جیھان.

ئەمساڵ ١٧ پڕۆژە لە بەشی "سینەماڕت" ھەڵبژێردراون کە چەندین دەرھێنەری ئەم بەرھەمانە، ئەزموونی بەشداریی و وەرگرتنی خەڵاتیان لە فێستیڤاڵە گرینگەکانی سینەمای جیھان لە کارنامەی ھونەریی خۆیاندا ھەیە، لەوانە: "یۆھانس نێیلۆم" کاندیدی خەڵاتی گەورەی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "ساندەنس"ی ئەمەریکا لە ساڵی ٢٠١٩ و براوەی خەڵاتی تایبەتی لێژنەی دادوەرانی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "سەن سباستییەن"ی ئیسپانیا لە ساڵی ٢٠١٦، "ئێڤێ کالوگیروپۆلۆ" کاندیدی باشترین کورتە فیلمی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "کان"ی فەڕەنسا لە ساڵی ٢٠١٧، "کارلا سیمۆن"  براوەی خەڵاتی باشترین فیلم لە فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "بەڕڵینالە"ی ئەڵمانیا لە ساڵی ٢٠١٧ و "نێلێ ووھلێتز" و "ئێل فۆتۆرۆ پێڕفێکتۆ" ھەر دووکیان براوەی خەڵاتی باشترین فیلمی یەکەم و کاندیدی خەڵاتی پڵینگی زێڕینی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "لۆکاڕنۆ"ی سویسڕا لە ساڵی ٢٠١٦.

"ماریت ڤەن دێن ئەلشووت" بەرپرسی بەشی "سینەماڕت" لە فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "ڕۆتێڕدام" سەبارەت بە ١٧ پڕۆژەی ھەڵبژاردەی ئەمساڵی ئەم ڕووداوە سینەماییە گوتی: ئەمساڵ یەکێک لە سەختترین ساڵەکانی ھەڵبژاردنی بەرھەمەکان بوو؛ چونکە باشترین پڕۆژەکان توانیویانە بگەنە قۆناغی کۆتایی بەشی "سینەماڕت"ەوە. ئێمە بە تایبەت، کەوتینە ژێر کاریگەریی ئەو فیلمسازانەی کە سنوورەکانیان تێپەڕاندووە و کاریی بێوێنە و درەوشاوەیان خوڵقاندووە. ئێمە لەوبڕوایەداین و ھەوڵدەدەین بە ھەر یەک لەم پڕۆژە ھەڵبژاردانە، دەرفەتی گونجاو بۆ گەیشتن بە ئەنجام ئاراستە بکەین.

ھەر ساڵە، فیلمسازانی سەرتاسەری جیھان، پڕۆژە سینەماییەکانی خۆیان بۆ پێشکەش کردن، دۆزینەوەی سەرمایەدار و دابینکردنی مەسرەفی فیلمەکانیان بۆ بەشی "سینەماڕت" لە فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "ڕۆتێڕدام" ڕەوانە دەکەن کە ھەندێکیان بریتین لە: "کۆپی وەکوو خۆی" لە دەرھێنانی سینەماکاری کۆچکردووی ئێرانی "عەباس کیارۆستەمی" لە ساڵی ٢٠٠٨، "گەڕانەوە"(بازگشت) لە دەرھێنانی سینەماکاری ناوداری ئێرانی "جەعفەر پەناھی" لە ساڵی ٢٠٠٨ و فیلمی سینەمایی "جۆجۆ رێبیت" (جۆجۆ کەروێشکە) لە دەرھێنانی "تایکا وایتیتی" و بە ڕۆڵ بینینی ئەکتەری ناوداری سینەمای جیھان خاتوو "سکاڕلێت جۆھانسۆن" لە ساڵی ٢٠١٢ لەم بەشەی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "ڕۆتێڕدام" ئاراستە کرا و لە کۆتاییدا، لە ساڵی ٢٠٢٠ خەڵاتی ئۆسکاری باشترین سیناریۆی وەرگیراویی بەدەستھێنا.

بۆ زانیاریی پتر:

https://iffr.com/en/full-selection-38th-cinemart
https://www.screendaily.com/news/rotterdam-co-production-market-cinemart-reveals-2021-projects/5155782.article
https://www.hollywoodreporter.com/news/rotterdam-unveils-2021-cinemart-projects


بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی گشتیی پڕۆژەی سینەمایی "ئایا ئێوە شتێک سەبارەت بە ھیوا دەزانن؟"

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک