٥\٢\٢٠١٢
نیو پانۆڕامای
مالیکی.

ستار محەمەد قادر
سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراق، سەرۆکی
بەهێزترین یەکەی ئیداریە، بەو پێیەش دەبێت کایەی سیاسەت بۆ حزبە
سیاسیەکان بەجێبهێڵێ و خۆی و کابینەی حکومەتەکەی بە ئاوەدانکردنەوەی
وڵات و پڕۆژە خزمەتگوزاریەکانەوە سەرقاڵ بکات، بەڵام ئەوەی مرۆڤ
نیگەران دەکات، ئەویش ئەوەیە مالیکی هێندەی خەریکی کاری سیاسەتە، بایەخ
بە لایەنە ئیداریەکان نادات، ئەوەندەی لە هەوڵی بەرجەستەکردنی ئەجێندای
شیعە گەرایە، خاوەنی هیچ بەرنامەو پلانێک نیە بۆ ئەوەی چارەنووسی
وڵاتەکەی بەرەو کەنارێکی ئارام ئاراستە بکات.
سیاسەتی مالیکی لە دوای دیکتاتۆریەتەوە، سیاسەتێکە ئەوەندەی عێراق
بەرەو سەنتڕاڵیزم دەبات، لە نیمچە دیکتاتۆریەتەوە بەرەو پۆشینی روخساری
دیکتاتۆریەتێکی بێ ماسک، لە هەوڵی هیچ شتێکی ئەو تۆی دیکەدا نیە کە
شایانی قسە لە سەر کردن بێت. مالیکی زوبانێکی هەیە زبر، بۆیە ئەگەر
بمانەوێت هەڵسەنگاندن بۆ کاری ئەم سەرۆک وەزیرانە نۆبەرەیەی دوای
سیستمی دیکتاتۆریەت بکەین، لە رێی زوبانیەوە دەتوانین بگەین بە
دەرەنجامێکی باش، چونکە بۆ دوا جار ئەوە زوبانە وەزیفەی راستەقینەی
ئینسانەکان دەست نیشان دەکات، جگە لەو زوبانە زبرەیش، لە بواری
کردەییشدا ئەگەر دەرفەتی بۆ رەخسابێت یان تۆپەکە لە بەرژەوەندی خۆیدا
بێت بەردەوام کاری بۆ ئەوە کردووە نەیارەکانی بە رێگای جیاواز خەوشدار
بکات، ئەمەش یەکێکە لەو خەسڵەت و نیشانە دیارو بەرچاوانەی وا دەسەڵاتە
پاوانخوازو دیکتاتۆرەکان کاری بۆ دەکەن، مالیکی لە شوێن ئەوەی وەکو
کاراکتەرێکی کارێزمایی مامەڵەی لە گەڵ دەسەڵاتی ئەو کورسیەی ژێریدا
بکردبایەو لە هەوڵی ئەوەدا ببوایە وێنەیەکی جوانی حوکمڕانی تەوافوقی بە
میللەتی عێراق پێشان بداوحکومەتی بکردایە بە حکومەتی کۆی پێکهاتەی ئەم
وڵاتەو هەر هەمووی لە ژێر چەتری یەکە ئیداریەکەیدا کۆ بکردایەتەوە،
کەچی بە داخەوە دەبینین بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە سیاسیەی کە خۆی
درووستیدەکات، پۆستی هەندێک لە وەزارەتەکانیش بۆ خۆی قۆرخ دەکات!
سەرۆک وەزیرانی عێراق، حاڵی حازر سەرۆک وەزیرانی وڵاتێکی گەندەڵە تا
سەر ئێسک، سەرۆک وەزیرانی وڵاتێکە نغرۆ لە تاریکی و سیخناخ لە لە
شەهادەی مزەوەرو ململانێی نا تەندرووست و بێ مەنهەج، نەبوونی رووناکی
خۆی لە خۆیدا ئاماژەیە بۆ نەبوونی بەرنامەی حکومەتەکەی مالیکی، مالیکی
لە پێناو مانەوەی خۆیدا، هێزی کڕینی پارەی عێراقی کردووە بە کۆچی
قوربانی و دەیەوێت لە رێی ئەفیونی مووچەوە میللەتی عێراق سەرگەردان و
بەنج بکات!
ئەگەر نەبوونی بەختی عێراقیەکان بوو بە هۆکاری ئەوەی بازەکە لە سەر
شانی مالیکی بنیشێتەوەو ببێت بە یەکەم سەرۆک وەزیرانی ئەو دیمۆکراسیەتە
جوانە مەرگەی وا چۆن مرۆڤ لێی دەنواڕێت تووشی سەراسیمە دەبێت، ئەوا هەر
خودی مالیکی و ئەو تەوافوقە کەم ئەندامەی وا هەموو هێزە سیاسیەکان
پێیەوە گیرۆدە بوونەو تەنها رۆژ بەڕێدەخەن و خۆیانیش نازانن کۆبوونەوەو
کۆنگرەکان چی بۆ عێراقیەکان تێدا دەبێ و ئایندەی ئەم وڵاتەش بەرەو چی
ئاقارێک دەڕوات، فاکتەرێکی باشن بۆ ئەوەی ئەو هەڵەیە راست بکرێتەوە کە
عێراقیەکان پێیەوە دەناڵێنن، بۆیە وەکو دەبینین ئەمڕۆ سوننەی عەرەب
گەیشتۆتە یەقین کە دەبێت خەمێک لە چارەنووسی خۆی بخواو میکانیزمێک
بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی خۆی لە ژێر هەژموونی ئەو دیمۆکراسیەتە
هەژموونگەراییەی شیعە رزگار بکات، چونکە ئەوان باش دەزانن ئەگەر ئەم
رەوشە بەم شێوەیە بمێنێتەوە ئەوە لە سەرەتای گەمەکەدان، چونکە زۆر
گەمەی تر ماوە مالیکی یان هەر سەرۆک وەزیرانێکی دیکەی هەڵگری ڤایرۆسی
ئەجێندای دەرەکی لە گەڵ میللەتی عێراقدا ئەنجام بدات!
ئەگەر بێین واز لە کایەی سیاسەت بهێنین و قسە لە سەر ئەرکی راستەقینەی
حکومەت بکەین، ئەوا دەتوانین بە پێی هێزی کڕینی پارە سیاسەتی
حکومەتەکان هەڵبسەنگێنین، چونکە ئەمڕۆ سیاسەت سیاسەتی ئابووریە، بۆیە
ئەوەی پێویستە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە هەر شوێن و وڵاتێکدا لە
کاتی دەست بەکار بوونیدا ئەنجامی بدات، خۆ بادان و موجامەلەو
موزایەداتی سیاسی و قسەی زل و زبر نیە؟، بەڵکو چۆنێتی بەرز کردنەوەی
ئاستی مەعیشی هاوڵاتیان و بەهێز کردنی کەرتی تایبەت بە هەموو
جۆرەکانیەوەو بەرەو پێشبردنی ئابووری ئەو وڵاتەیە، بۆیە ئەگەر بمانەوێت
نیو پانۆڕامای مالیکی سەرۆک وەزیرانی عێراق بکەین بە هەوێنی ئەوەی بۆ
ئەوەی بزانین ئەم حکومەتە لەم ماوەی حوکمڕانیدا ئەولەویەتی بە چی داوەو
چی کردووە، دەبینین لە رووی ئابووریەوە هیچی پێ نیەو ئیفلاس بوونیشی
لەو بواەردا بە ئاشکرا بە دراوی ئەم وڵاتەوە دیارە، ئەمەش سەرنەکەوتنی
فاکتی مالیکی و کابینەکەیمان بۆ ئاشکرا دەکات، چونکە ئەگەر سیاسەتی
حکومەتێک لە توانایدا نەبێت هێز بە دراوەکەی بداو نرخی بەرز بکاتەوە،
ئەوا دەبێت ئەو حکومەتە لە کام بواردا خەریکی سیاسەت بێت، لەو بوارەدا
ئەگەر پێکانی لە ناو کێشەدا بن، ئەوە بە دەستەکانی کار بۆ درووستکردنی
قەیرانی زیاتر دەکات، بۆیە ئەمەی ئێمە لێرەدا قسەی لە بارەوە دەکەین،
نیوە ئاشکراکەیەتی، ئەگەر بمانەوێت نیوە ماسکدارەکەی بهێنینە زوبان،
ئەوا دەبێت قوڕێکی خەست بۆ دوا رۆژی ئەم وڵاتە بگرینەوە؟!
ماڵپهڕی ستار محهمهد قادر
|