په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\٤\٢٠١٩

نیولیبرالیزم لە ئاوێنەی مێژوودا.

- کورتە باس -


د. کامەران ئەمین ئاوە 

پێناسە و بنەماکانی نیولیبرالیزم.

چەمکی نیولیبرالیزم بە چەشنی جۆراوجۆر پێناسە کراوە. "ده‌یڤید هاروی" بیرمەندی مارکسیست و مامۆستای جوغڕافیا و مرۆڤناسیی زانستگه‌ی نیویۆرک، نیولیبرالیزم وەکوو پرۆژەیەکی سیاسی، چینایەتی کۆی سەرمایەداران پێناسە دەکا کە داسەپێنەری دەستەڵاتی سەرمایەداری بە سەر کۆمەڵگه‌یە و هەوڵ دەدا هێز و توانای چینی کرێکار کۆنتڕۆڵ بکا. لە ڕوانگەی "ئەحمەدی سەیف" ئابووریناس، مامۆستای خانەنشینی زانستگه‌ی ستافۆردشر و مامۆستای ئێستای کۆلێجی ڕیجنتزی بریتانیا، نیولیبرالیزم "کۆی سیاسەتگەلێکە کە تێ دەکۆشێ دەستوورەکانی بازاڕ بەسەر ژیانی مرۆڤدا زاڵ بکا. دەستووری بازاڕیش بریتین لە کاڵاکردنی هەموو ئەو شتانەی کە بۆ مسۆگەرکردنی پێداویستییەکانی مرۆڤ واجب و پێویستن".

بەگشتی، بیرۆکەی نیولیبرالیزم، بازاڕ وەکوو بنەمای سەرەکی و ناوەندیی کۆمەڵگه‌ی مودێڕنی سەرمایەداری پێناسە دەکا و لەم پێوەندییەدا پێویستە سیاسەتە نێوخۆیی و نێونەتەوەییەکانی هەر وڵاتێک هەلومەرجی شیاو بۆ کارامە بوونی بازاڕ و ئازادییە کارخوڵقێنەرەکان مسۆگەر بکا. لە ڕوانگەی نیولیبرالەکانەوە ئەرکی دەوڵەت بریتییە لە پێکهێنان و پاراستنی چوارچێوەیەکی شیاو بۆ کار و باری بازاڕ و دەستەبەرکردنی مافی خاوەندارییەتی خۆی . لەم ڕەوتەدا سەرەڕای پێویستی بازاڕ بە پشتیوانی دەوڵەت، ڕادەی دەستێوەردانی دەوڵەت لە کار و باری بازاڕ تا ئاستێکی زۆر، کەم دەکرێتەوە.

تایبەتمەندی نیولیبرالیزم، بەئابووری‌ کردنی هەموو بوارێکی ژیانی مرۆڤە. بە باوەڕی نیولیبرالەکان، بازاڕ باشترین ڕێگا بۆ ڕێکخستنی تەواوی بوارەکانی ژیانە، بەڵام بازاڕ هاوکات پێویستی بە پشتیوانی یاسا و دەسەڵاتی دەوڵەتی هەیە. نیولیبڕاڵەکان بە پێچەوانەی لیبڕاڵە ئابوورییە کلاسیکەکان، لە لایەکەوە بازاڕ شیاوی هەموو بوارێکی ژیان و، ژیانیش شیاوی بەئابووری‌ کردن دەزانن، لە لایەکی دیکەشەوە ڕکەبەری وەک دیاردەیەکی ئاسایی پێناسە دەکەن و پێیان وایە پێویستە ئەم دیاردەیە وەڕێ بخرێ، هان بدرێ و هاسانکاری و پشتیوانی لێ بکرێ، هەروەها جاروبار یارمەتی دارایی پێ ‌بکرێ. هەر لەبەر ئەوەیە کە نیولیبڕاڵەکان کێشەیەک لەوەدا نابینن کە بازاڕەکان جاروبار خەڵک بەرەو هەڵدێری هەرەسهێنان بکێشن و، دەوڵەت و هتد بێن و بازاڕ بگەڕێنەوە سەر شوێن و پێگەی هەوەڵی خۆی.

هەرچەند پەرەگرتنی سیاسەتە ئابوورییەکانی نیولیبرالی لە هەموو جیهاندا یەکسان و هاوشکڵ نەبووە، بەڵام نیولیبڕاڵەکان خاوەن خاڵی هاوبەشیشن، بۆ وێنە، لە ڕوانگەی ئەوانەوە:
• بازاڕ باشترین و شیاوترین دەزگایە بۆ تەرخانکردنی سەرچاوەکان لە ڕەوتی بەرهەمهێنان و دابەشیندا.
• کۆمەڵگه‌ لە خەڵکێکی [بەرهەمهێنەر و بەکارهێنەری] ئازاد و خودموختار پێکهاتووە کە ئەنگیزە و هاندەریان تەنیا بەپێی بەرژەوندی و ڕەچاوکردنی ئابووری دیاری دەکرێ.
• "ڕکەبەری" بزوێنەری سەرەکی بازاڕ بۆ داهێنانی شتی نوێ و نوێکارییە.

توێژەران ٣ دەستە لە سیاسەتە ئابوورییەکانی نیولیبرالییان دیاری کردووە:
• ڕزگارکردنی ئابووری لە ڕێگای لابردنی کۆنترۆڵی نرخەکان و هەڵگرتنی چاودێری لەسەر بازاڕەکانی سەرمایە، هەروەها کەمکردنەوەی بەربەستە بازرگانییەکان.
• دابەزاندنی ڕۆڵی دەوڵەت لە ئابووری و خۆیی‌کردنی بنکە دەوڵەتییەکان، هەروەها ئەوانەی کە بە پێداگری ماڵیاتی و ڕێگری لە دەرخستنی پارەیەکی زۆر و بڕاندنەوەی کەمیی بودجە، پارێزەری سەقامگیریی گەورە ئابورییەکانن.
• لابردنی یارمەتی دارایی دەوڵەت.

لە ئاستی نێونەتەوەییشدا، وێدەچێ نیولیبڕاڵەکان لە سەر سێ خاڵ کۆک بن:
١.‌ بازرگانیی ئازادی شتومەک و خزمەتگوزاری.
٢.‌ سووڕانی ئازادی سەرمایە.
٣.‌ ئازادیی سەرمایەنانەوە.

لایەنگرانی نیولیبرالیزم بە یارمەتی "سندووقی نێونەتەوەیی پارە" و "ڕێکخراوەی بازرگانی جیهانی" بەشێکی بەرچاو لە وڵاتەکانیان مەجبوور بە ملدان بەم چوارچێوەیە کردووە، واتە ئێستا زۆربەی دەوڵەتەکان بە چەشنێکی لاوەکی لەگەڵ پەرەسەندنی دەسەڵاتی بازاڕ، دابەزینی بەرچاوی خەرجومەخارجی گشتی و ڕێساکانی دەوڵەتی و ملدان بە بیری تاکایەتین، تەنانەت ئەگەر لەم پێوەندییەدا بە میلیۆن کەس دۆڕاوی ئەم چەشنە سیاسەتە بن. لەوەدەچێ بەڕێوەبردنی ئەم چەشنە جیهان‌ بینییە‌ ئابوورییە لە ساڵەکانی داهاتوودا جیاوازیی باکوور و باشوور و نابەرامبەری جیهانی گەلێک ئاڵۆزتر و خراپتر بکا.

نیولیبرالیزم‌ بە پێداگری کردن لەسەر عەقڵانییەتی ئابووری، تاکایەتی و بەرژوەندی شەخسیی هەوڵ ‌دەدا ڕێپیشاندەری هەموو کار و هەنگاوێکی نێو کۆمەڵگه‌ بێ و بە دیاریکردنی ئامانجە ژیربێژانە، تاکخوازانە و خۆپەرستانە وەکوو ڕێپیشاندەری تەواوی ئاکارەکانی مرۆڤایەتی، خۆی وەکوو زانستێکی کۆمەڵایەتی جیهانی کە توانای شیکردنەوەی هەموو ئاکارێکی مرۆڤی هەیە، پێناسە بکا. چڕبوونەوەی نیولیبرالیزم لەسەر تاک بە مانای بەناپێویست زانینی چەمکگەلێک وەکوو"بەرژوەندیی گشتی" و "کۆمەڵ" و سڕینەوەی ئەوان لە بیر و دەروونی کۆمەڵگه‌ و یاسا دەوڵەتییەکانە. جێگای سەرسووڕمان نییە کە نیولیبڕاڵەکان خەڵک بە هۆی بێکاری و نابەرامبەری و هەژارییەوە سەرکۆنە دەکەن نەک سیستمی پێکهێنەر و سیاسەتەکانی نیولیبرالی و پارێزکارانەی دەستەڵاتدارەکان.

بە پێچەوانەی بۆچوونی دوکترینی نیولیبڕاڵ کە باس لە سڕینەوەی ئایدیۆلۆژی لە ژیانی مرۆڤایەتی دەکەن، جیهان شایەدی داسەپاندنی بیروهزری نیولیبرالی لە قۆناغی نوێی بەجیهانی بوونی سەرمایەداری واتە سەرهەڵدانی "ئابووریی جیهانی" و یەکپارچە‌کردنی ئایدیۆلۆژیی لە تەواوی بوارەکانی ژیانی سیاسی و ئابووری، هەروەها کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و نیزامی‌ مرۆڤە. ئازادیی بازاڕ و ئاڵوگۆڕی بنەمای فیکری و کرداریی ئەم ئابوورییه‌‌ جیهانییەیە. لەم پێناوەدا پێویستە دەروازەی تەواوی وڵاتەکان بێ هیچ مەرجێک بۆ کەلوپەلی شیرکەتە بان نەتەوەییەکان بکرێتەوە و هیچ ئاستەنگییەک لە بەرامبەر هاوردەکردنی ئەواندا نەبێ. بەم پێیە "شەڕ"ێکی ڕاستەقینەی ئابووری بەسەر مرۆڤایەتیدا سه‌پێنراوە.

بەجیهانی‌ بوونی ئاڵوگۆڕ بۆتە هۆی بەرزبوونەوەی میزانی نابەرامبەری لە ئاستی نەتەوەیی و نێونەتەوەییدا. بەپێی ڕاگەیاندنی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە گەشەکردن، وڵاتە هەژارەکان هەژارتر دەبن و هیچ پێوەندییەک لە نێوان پێداویستی و سەرمایەنانەوەدا نییە. لە نێوان ساڵانی ١٩٩٤ و ١٩٩٥ی زایینیدا ئاستی سەرمایەنانەوەی ڕاستەوخۆ لە ئەفریقایەک کە تەنانەت ژێرپێکهاتەیەکی جیدیشی لە هەموو ئاستەکاندا نییە، پتر لە سەدا ٢٧ دابەزیوە. ئەم سەرمایەنانەوەیە بەرامبەر بە ١.٢ میلیارد دۆڵار واتە سەدا ٣ی تەواوی سەرمایەنانەوەی جیهانە. بەپپێ ئامارێک کە لە لایەن خانمی"بیئاتریس مارە" نوێنەری پێشووی پەرلەمانی فەڕانسە لە کۆبوونەوەی "سیاتێلی ئەمریکا"، لە نێوان ساڵانی ١٩٤٨ و ١٩٩٧دا، میزانی چوونەسەرەوەی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ١٧ کەڕەت و قەبارەی بەرهەمهێنان تەنیا ٦ جار بووە. بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی توێژینەوەی لێکدانەوەکانی داهاتوو و ئاگاداریی نێونەتەوەیی(CEPIT) لە پێوەندی لەگەڵ تیۆری ئازادکردنی ئاڵوگۆڕ، "لە ساڵانی ١٩٩٥ – ١٩٨٠دا، نرخی نێونجی گەشەسەندنی ساڵانەی وڵاتانی لە حاڵی گەشەسەندنی ئەندامی "گات ، لە ساڵی ١٩٨٦ بە زەحمەت زۆرتر لە نرخی گەشەسەندنی ئەو وڵاتانە بوو کە لەو ڕێکەوتەدا ئەندامی ئەم ڕێکخراوەیە نەبوون(٢.٢٪ لە بەرامبەر ٢.١٪).

نیولیبرالیزم لە ئەزموونی زەمەندا.

مێژووی سەرهەڵدانی نیولیبرالیزم وەک ئایدیۆلۆژییەک دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی ساڵەکانی دەیەی ١٩٣٠، کاتێک لە پاریس، دەستەیەک لە ڕووناکبیرە لیبڕاڵەکان لە ساڵی ١٩٣٨دا کۆبوونەوە بۆ ئەوەی مەترسییەکانی تەواوییەتخوازیی "حیزبی نازی ئاڵمان" و بەرنامە‌داڕشتنی کۆخوازانەی ئابووریی دەوڵەتی کینزی ئینگلیس و سیاسەتی نوێی ئەمریکا واتە "نیوودیل" ی فڕانکلین ڕۆزوێڵت لێک بدەنەوە. ئاکامی ئەم کۆبوونەوەیە داهێنانی چەمکی نیولیبرالیزم و گەڵاڵەکردنی بیرۆکەیەک بوو کە "گرنگی دەوڵەت وەکوو پارێزەری بازاڕی ئازادی لە پێوەندی لەگەڵ مسۆگەرکردنی ڕەوتی بەڕێوەبەری قانوون دەدیت".

بەشێک لە هۆیەکانی پێکهاتنی نیولیبرالیزم پێوەندی بە ڕێبازی ئابووری ئوتریش (نەمسا)وە هەیە. بەپێی ئەم ڕێبازە" لابردنی هەر چەشنە نفووز و کۆنتڕۆڵێکی دەوڵەت بۆ دەرخستنی پارە و لە ڕاستیدا سەرجەمی بەشەکانی سیستمی ئابووری، تەنیا ڕێگای گەیشتن بە بازاڕێکی راستەقینەی ئازادە". لەو کاتەدا ئابووری، ڕاستەوخۆ گرێدراوی دوو بۆچوونی لودویگ فۆن میزس(۱۸۸۱-۱۹۷۳) و فردریش فۆن هایک (۱۸۹۹-۱۹۹۲) بوو، کە بە هۆی داڕشتنی چوارچێوەی سەرەتایی ئایدیۆلۆژیی نیولیبڕاڵەکان وەک باوکی نیولیبرالیزم پێناسە دەکرێن. لە ڕوانگەی فۆن میزس – ەوە "خۆویستیی قانوون بنەمای کۆمه‌ڵگه‌یە" و بۆ هایکیش "ئازادیی بازاڕ سەرتر لە ئازادییەکانی دێموکراتیکە و تەنیا کاپیتالیزم توانای مسۆگەرکردنی دێموکراسی هەیە".

شەڕی دووهەمی جیهانی و كۆچکردنی ئابووری ‌ناسەکانی ئوتریشی وەک فۆن میزس، فریتز مەکلاپ و مایکەڵ پۆڵانی، بوو بە هۆی پەرەسەندنی بیری نیولیبرالی لە تەواوی جیهان. پاش شەڕی دووهەمی جیهانی ڕێکخراوە و ڕێبازە نیولیبرالییەکان وەکوو ئەنجوومەنی مۆنت پێڵرین پێکهات، ئەم ڕێکخراوەیە لقە جۆراوجۆرەکانی نیولیبرالی وەکوو کۆچەرە ئوتریشییەکان، ڕووناکبیرە بریتانیاییەکانی ڕێبازی ئابووریی لەندەن و زانستگه‌ی مەنچستر، ئەمریکاییەکانی ڕێبازی شیکاگۆ، هەروەها میلتن فریدمن و ئاڵمانییەکانی ڕێبازی فڕایبورگی لە دەوری یەک کۆکردەوە.

درەنگتر، ڕێکخراوەکانی ژووری بیروهزری نیولیبرالیزم وەک ئەنستیتۆی کاروباری ئابووری لە ساڵی ١٩٥٥ لە بریتانیا و ناوەندی کەلەپوور لە ساڵی ١٩٧٣ لە ئەمریکا دامەزران. ئەم ناوەندانە دژ بە سیاسەتی کینزی و دەستێوەردانی دەوڵەت لە کاروباری بازاڕ بوون. داکەوتنی سیستمی برێتۆن وودز لەساڵی ١٩٧١ کە هاوکات لەگەڵ ڕاگرتنی قابلییەتی گۆڕانی دۆڵار بە دراو لە ئەمریکا بوو، دەرفەتێکی باشی بۆ بردنە پێشەوەی پڕۆژە سیاسییەکانی نیولیبرالی وەکوو "بەهرەبەری، کەمترین ڕادەی دەستێوەردانی دەوڵەت و بازاڕە ئازادەکان" پێکهێنا.

پڕۆژەی نیولیبرالیزم لە ڕاستیدا لە لایەن کۆی چینی سەرمایەدارەوە بۆ بووژاندنەوەی هێزی چینایەتی‌ و بەرهەڵستکردنی هێزی چینی کرێکار هاتە بەرهەم و هەوڵی ویشککردنی نەمامی لە حاڵی گەشەسەندنی کۆمۆنیزمی دەدا. هێزەکانی چەپ لە سەرەتای دەیەی ٧٠ی زایینی‌ سەدەی ڕابردوو، هاوکات لەگەڵ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە توانیان بەشێکی بەرچاو لە ویستەکانیان وەکوو "بەرگری لە ژینگە، ئاسایش و سڵامەتی پیشەیی، پاراستنی مافی‌ بەکارهێنەر و گەلێک شتی دیکە بەسەر سەرمایەدارەکاندا بسەپێنن، ئامانجی تەواوی ئەم بزووتنەوە و خەباتانە بە هێزترکردنی چینی کرێکار بوو. چینی دەستەڵاتداریش لەم بارودۆخە مەترسیدار و هەستیارەدا بۆ بەرهەڵستکردنی هێزی چینی کرێکار کەلکی لە بیرۆکەی نیولیبرالی وەرگرت. ئەم پڕۆژەیە لە زۆربەی بوارەکاندا پڕۆژەیەکی دژ بە شۆڕش و سەرکوتکەری بزووتنەوەکانی شۆڕشگێڕانە لە وڵاتەکانی لە حاڵی گەشەسەندن وەک موزامبیک، ئانگۆلا و هتد بوو. تەنانەت دەستەیەک لە ئابووری ‌ناسەکانی شیلیا، بارهاتوو لە ژێر سەرپەرستی میلتن فریدمه‌ن لە زانستگه‌ی شیکاگۆ، پاش ساڵانی ١٩٧٣ یارمەتیدەری دیکتاتۆڕێک وەک ئاگۆستیو پینۆشە، بەپێی بیروهزری ئابووری ئازاد بۆ خۆجێیی ‌کردنی ئابووری لە شیلیا بوون.

لە دەیەی ٧٠ی سەدەی ڕابردوو، بەشێک لە سیاسەتوانانی ڕاست وەکوو مارگرێت تاچێر لە بریتانیا و ڕۆناڵد ڕێگان لە ئامریکا- پارێزەرانی پڕۆژەی ئابووری‌ نیولیبڕاڵەکان بوون. تەنانەت دنگ شیائۆپینگ ڕێبەری کۆماریی گەلی چین لە ساڵی ١٩٧٨ هەنگاوگەلێکی گرینگی بۆ ئازادکردنی ئابووری، بەڵام لە ژێر کۆنتڕۆڵی ڕێساکانی کۆمۆنیستی لە چین هەڵگرت. پاش ئەوەی کە تاچێر و ڕێگان بە دەستەڵات گەیشتن ڕەوتی دابەزینی بەرچاوی باجی دەوڵەمەندەکان، سەرکوتی یەکیەتیی کرێکاران، لابردنی ڕێساکان، و ڕکەبەری لە خزمەتگوزاری گشتی دەستی پێکرد. خۆییکردنی خزمەتگوزارییەکانی گشتی وەکوو وزە، ئاو، قەتار، ساغیەتی و سڵامەت، بارهێنان، ڕێگا و بان، هەروەها بەندیخانەکان یان بە وتەیەکی دیکە، ئەسپاردنی ئەوان بە بازاڕ، ئەم دەرفەتەی بە بنگەکان دا هەتا بنکەکانی وەرگرتنی باج وەڕێ بخەن. سیاسەتە نیولیبرالییەکان لە ڕێگای سه‌ندووقی نێونەتەوەیی پارە، بانگی جیهانی، پەیمانی ماستریخت و سازمانی بازرگانی جیهانییەوە، نارەزاییەکی زیاتری لەنێو بەشێکی بەرچاوی وڵاتانی جیهان پێک هێنا. سەرنجڕاکێش، قبووڵ و بەڕێوەبردنی سیاسەتەکانی نیولیبرالی لە لایەن حیزبگەلێک وەکوو کرێکار و دێموکراتەوە بوو کە سەردەمێک خۆیان لە بەرەی چەپدا دەدیتەوە.

لە کۆتایی دەیەی ٧٠ی سەدەی بیستەم سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لە بریتانیا، بوو بە هۆی ئاوسانی ئابووری، دابەزینی بودجەی دەوڵەت و بەرزبوونەوەی خەرجومەخارجی دەوڵەتی خۆشبژیوی کرێکار، هەروەها بێکاری بەرفراوان و مانگرتنی کرێکاری و پەنابردنی دەوڵەتی حیزبی کرێکاری ئینگلیس بۆ سه‌ندووقی نێونەتەوەیی پارە و وەرگرتنی قەرز لە ساڵەکانی ٧٦-١٩٧٥. لەم پێوەندییه‌دا دوو بەربژار بەرەوڕووی حیزبی کرێکار بووەوە: قوربانی‌ کردنی بەرژوەندیی دارایی دەوڵەتی بریتانیا واتە چاوپۆشی لە "لیرەی بە هێزی ستێرلینگ" لە جیهانی سەرمایەداریی ماڵی، یاخود مل دانەواندن بۆ شەرت و مەرجەکانی سیاسەتی ڕەنج و سەختیی سه‌ندووقی نێونەتەوەیی پارە، واتە دابەزاندنی بودجە و خەرجومەخارجی خۆشبژیوی. حیزبی کرێکاریی بریتانیا بە هەڵبژاردنی خاڵی دووهەم لە کردەوەدا دژ بە بەرژوەندیی مادی پارێزەرانی نەریتی خۆی جووڵایەوە. ئەم سیاسەتە ناڕەزایەتی و کشانەوەی لایەنگرانی دێرینەی حیزبی کرێکار و لە ئاکامدا شکستی ئەوان لە ڕێفراندۆمی ١٩٧٩ و سەرکەوتنی مارگرێت تاچێری لێ کەوتەوە.

تاچێر وەک نوێنەری نیولیبرالیزم هەموو هەوڵی خۆی تەرخانی لەنێوبردن و پاککردنەوەی تەواوی شوێنەوار و نیشانەکانی حکوومەتی ڕابردوو و جێگیرکردنی نیولیبرالیزم کرد و لە ماوەی دە ساڵدا بریتانیای کردە وڵاتێک بە داهاتی تا ڕادەیەک کەم و هێزێکی کرێکاری دەستەمۆ (بە بەراورد لەگەڵ بەشەکانی دیکەی ئوڕووپا). تاچێر بە کردنەوەی درگا بۆ سەرمایەنانەوەی بیانی، بەرگری نەکردن لە بەرژوەندیی پیشەسازیی خۆماڵی و ڕێدان بە ڕکەبەری و سەرمایەنانەوە لە پیشەسازیی بریتانیا، نەک هەوڵی بۆ دابەزاندن و لاوازکردنی زۆرتری یەکیەتییەکانی کرێکاری دا، بەڵکوو لە ماوەی چەند ساڵدا بەشێکی بەرچاوی سەنعەتی نەریتی بریتانیای وەکوو پیشەسازیی پۆڵای شێفیلد، کەشتی‌سازیی گڵاسکۆ و سەنعەتی خۆماڵیی ماشێن‌سازی، لەنێو برد و بریتانیای کردە گۆڕەپانی چالاکی شیرکەتە ژاپۆنییەکان کە هەوڵیان دەدا دەستیان بە بازاڕەکانی ئوڕووپا بگات. ئەم شیرکەتانە کەلکیان لە کرێکارانی دەرەوەی یەکیەتیی کرێکاران وەردەگرت کە ملیان بە شێوەی کاری ژاپۆنی دابوو.

بریتانیا یەکێک لەو وڵاتانەیە کە خاوەنی کۆنترین حیزب و یەکیه‌تیی کرێکاران، هەروەها دەوڵەتی خۆشبژیوی ئوڕووپایی بووە، هەروەها پاش شەڕی دووهەمی جیهانی هەتا پێش دەیەی ١٩٦٠ نموونەیەکی باش لە دەسەڵاتی کرێکاری لە ئوڕووپا بوو و، لە نێوان ساڵانی دوو شەڕی جیهانیدا لە سەدا ٧٠ی ڕێژەی دانیشتووانی چالاکی ئابووریی بریتانیا کرێکارانی جەستەیی پیشەسازی، کانزایی و بیناسازی بوون. لە هیچکام لە وڵاتە ئوڕووپاییەکاندا ئەم ڕێژەیە تەنانەت نەدەگەیشتە سەدا ٥٠ و لە ئەمریکا سەدا ٤٠یش. وێدەچێ هۆی بەشێک لە دابەزینی گرنگی چینی کرێکار لە کۆتایی دەیەی ١٩٨٠ لە سەردەمی تاچێردا، پێوەندی بە داکەوتنی ژمارەی ئەوان لە نێوان دانیشتووانی بریتانیا بووبێ. بریتانیا لە درێژایی چەند دەیەدا لە کۆمەڵگه‌یەکەوە کە زۆرترین ژماری چینی کرێکاری هەبوو، بوو بە کۆمەڵگه‌یەک کە ڕادەی پرۆڵتاریای بە بەراورد لەگەڵ سوید، ئاڵمان، فەڕانسە و ژاپۆن گەیشتە ئاستێکی نزمتر. مارگارێت تاچێر لە ڕێگه‌ی خۆیی‌ کردنەوە، هەوڵی خۆی بۆ تێکشکاندنی هێزی یەکیەتیی کرێکاران دا. لە نێوان ساڵانی ١٩٧٩ و ١٩٩٤دا، ڕێژەی کار لە بەشی دەوڵەتیی بریتانیا لە ٧ میلیۆنەوە بۆ ٥ میلیۆن دابەزی.

بۆ تاچێرێک کە باوەڕی بە بوونی دیاردەیەک بە ناوی کۆمەڵ نەبوو و تەنیا ژن و پیاوی جیاجیای دەدیت، شووڕاکانی شار[ کە بەپێی ئامانجی سۆسیالیزمی شاری بەڕێوە دەچوون]، بەربەستێک لە سەر ڕێگای سیاسەتەکانی نیولیبرالی ئەو بوون. بەم پێیە، بە کەمکردنەوەی بودجە و چاکسازی لە کار و باری دارایی شارەوانییەکان و شووڕای شار، هەروەها دانانی ماڵیاتی سەرانەی کۆنەپارێزانە لەجێی باجی مڵک ‌و ماڵ، دەستی بە سەرکوتکردنی شووڕاکان کرد. خۆیی‌ کردنی بەشەکانی ئابووری و پیشەسازی وەکوو پیشەسازیی هەوا – کەشی "فەزایی"، دەزگای هەواڵگری(موخابەرات)، ڕێگای هەوایی بریتانیا، پیشەسازیی پۆڵا، کارەبا، گاز، نەوت، خەڵووز، ئاو، پاسی ناو شار، هێڵی ئاسن و گەلێک شیرکەتە بچووکە دەوڵەتییەکان، هەروەها قازانجی زۆری زەوییە ئازادکراوەکان بوو بە هۆی پڕبوونی خەزێنەی دەوڵەتی تاچێر.


سیاسەتەکانی نیولیبرالی بە‌گشتی، زۆرتر بوو بە هۆی بەرزبوونەوەی نابەرامبەریی کۆمەڵایەتی هەتا گەشەسەندنی ئابووری و کارامەیی. بۆ وێنە بەپێی ڕاگەیه‌ندراوی ڕۆژنامەی ئیندیپێندنتی بریتانیا، بەرهەمی ٤٥ ساڵ نیولیبرالیزم لە بریتانیا بریتی لە هەژارییەکی بەربڵاوە لە نێوان منداڵانی بریتانیا تا ئەو ڕادەیەی کە نزیکەی سەدا ٤٥ی منداڵان لە لەندەن، بیرمه‌نگام و مەنچستر ژیانێکی هەژارانەیان هەیە، هەروەها ١٤ میلیۆن کەس لە بریتانیا تووشی هەژاری بوون کە بەرامبەر بە یەک لە پێنجی ڕێژەی دانیشتوانی ئەم وڵاتەیە.

نموونەیەکی دیکەی نیولیبرالیزم، سیاسەتەکانی دەوڵەتی ڕێگانە. ڕێگان لە ساڵی ١٩٨٠ وەکوو نوێنەری حیزبی کۆماریخواز و نیولیبڕاڵەکان بوو بە سەرۆک کۆماری ئەمریکا. ڕێگان سیاسەتەکانی نیولیبرالی بە بیانووی خەبات لەگەڵ ئاوسانی ئابووری لە هەموو ئەمریکادا بەڕێوە برد کە بریتی بوون لە: دابەزاندنی پانتایی و نێوەرۆکی چاودێری و کۆنتڕۆڵی دەوڵەتی فیدڕاڵ لەسەر گشت چالاکییە‌ پیشەسازییەکان، چۆنییەتی شوێنی کار، چاودێری پزیشکی، پاراستنی مافی بەکارهێنەر و کەمکردنی بودجە، هەروەها لابردنی ڕێساکانی پێوەندیدار بە لایەنە داراییەکان، سەرمایەنانەوە و پێداچوونەوەیەکی بەرفراوان بۆ دیاریکردنی باج [ئەم دەرفەتەی بە زۆربەی شیرکەتەکانی سەرمایەنانەوە دا هەتا هیچ باجێک نەدەن]، هەروەها ڕادەستکردنی بێ بەند و بەستی داراییەکانی گشتی بە بەشی خۆیی. ڕێگان بۆ بردنەپێشەوەی سیاسەتی نیولیبرالی پێویست بوو چۆک بە یەکیەتیی کرێکاران دادات. ڕێگان لە ڕێگای ورووژاندنی یەکیەتیی کارگێڕانی کۆنتڕۆڵی هەوایی بۆ مانگرتن و پاشان تۆڵە‌لێسەندنەوە لە ساڵی ١٩٨١ لە لایەکەوە، هەروەها گواستنەوەی چالاکییە پیشەییەکانی خاوەن یەکیەتی لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵات و باکووری ناوەندی بۆ ئەیالەتەکانی باشووری ئەمریکا کە خاوەنی یەکیەتیی کرێکاری نەبوون و بەپێی یاسا پێویست نەبوو کرێکاران ئەندامی ئەم یەکیەتییانە بن، دەستەڵاتی یەکیەتیی کرێکارانی لاواز کرد.

کێوین فیلیپس توێژەری کۆماریخواز و یاریدەدەری پێشووی نیکسۆن سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە پەرتووکی "سیاسەتی دەوڵەمەند و هەژار - ١٩٩٠" ئاکامەکانی سیاسەتی ڕێگان شی دەکاتەوە. ئەو باس لە چۆنیەتیی گۆڕانکاری بەشینەوەی داهات لە ساڵانی ١٩٧٧ هەتا ١٩٨٨ بەپێی سیاسەتەکانی دوکترینی نیولیبڕاڵ دەکا. لە درێژایی دەیەی ١٩٨٠ مامناوەندی داهاتی لە سەدا ١٠ی بەشی سەرەوەی بنەماڵە ئەمریکاییەکان هەتا سەدا پێنج و، لە سەدا پێنجیان هەتا سەدا بیستوسێ بەرز بۆتەوە، بەڵام ئەم ڕادەیە لە سەدا یەکی هەرە خۆش شانسەکەیان بەهۆی سیاسەتەکانی ڕێگانەوە هەتا سەدا ٥٠ چۆتە سەرێ و داهاتی ئەوان لە ٢٧٠ هەزار دۆڵار گەیشتۆتە ٤٠٥ هەزار دۆڵار. بەڵام ئەمریکاییە هەژارەکان، واتە لە سەدا ٨٠ی بەشی خوارەوەی کۆمەڵگه‌، هەر کام بە چەشنێک شتێکیان لەدەست داوە و، ئەوانەی کە پاژێک لە هەرە خوارترین بەشی کۆمەڵگه‌ بوون زۆرترینیان لەدەست دا و داهاتی لە سەدا ١٠ی بەشی خوارەوەی ئەمریکا بە نزمترین ئاستی خۆی گەیشت. بەپێی لێکدانەوەکانی فیلیپس (پێشتر)، ئەوان لە سەدا ١٥ی نزمە داهاتی خۆیان لەدەست دا؛ واتە خوارترین ئاستی داهاتی ساڵانەیان کە ٤.١١٣ دۆڵار بوو گەیشتە ٣.٥٠٤ دۆڵار . لە ساڵی ١٩٧٧، لە سەدا یەکی بەشی سەرەوەی بنەماڵە ئەمریکاییەکان مامناوەندی داهاتیان ٦٥ جار زۆرتر لەسەدا ١٠ی بەشی خوارەوەی بنەماڵە ئەمەریکاییەکان بووە.

بەپێی ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەرژمێریی ئەمریکا سەبارەت بە میزانی هەژاری (ساڵی١٩٩٣)، جیاوازی نێوان دەوڵەمەند و هەژارەکان زۆرتر بووە. لە ساڵی ١٩٩٢ ٣٦.٩ میلیۆن کەس هەژار و دەست‌ بەتاڵ بوون، ئەم ڕێژەیە ١.٢ میلیۆن لە ئاماری ساڵی ١٩٩١ و ٥.٤ میلیۆن لە ئاماری ١٩٨٩ بەرزتر بوونەتەوە. پتر لە سەدا ٤٠ی دەست ‌تەنگەکانی ئەم وڵاتە منداڵەکان بوون. نرخی هەژاری لە نێو ئافریقاییە ئامریکاییەکان پتر لە، لە سەدا ٣٣ و لە نێو سپانیایییەکاندا ٢٩.٣ بووە. نیزیکەی سەدا ١١.٦ لە تەواوی سپی‌ پێستەکان لە هەژاری و دەست ‌تەنگیدا دەژین. ڕێژەی بێ ماڵوحاڵەکان لە ساڵی ١٩٩١ دا لە ئەمریکا ٦٠٠ هەزار کەس بووە و لەم ڕێژەیە نەوه‌د هەزار کەسیان منداڵ بوون.

لە چەند دەیەی ڕابردوودا نابەرامبەریی داهات و سامان و سەروه‌ت گەلێک بەرز بۆتەوە، بۆ وێنە لە ساڵی ٢٠١١ شەش میراتبەری ئیمپڕاتۆری والمارت خاوەنی نزیکەی ٧٠ میلیارد دۆڵار بوون کە بەرامبەرە لەگەڵ سەدا ٣٠ی سامان و سەروەتی خوارترین بەشی کۆمەڵگه‌ی ئەمریکایی. لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا گەشەیەک لە خۆشبژیویی باوی ئەمریکایی نەدیتراوە و داهاتی لەسەدا یەکی بەشی سەرەوەی دانیشتووانی ئەمریکا لە ماوەی ٤٠ حەوتوودا زۆرتر لە داهاتی یەک لە پێنجی بەشی خوارەوەی کۆمەڵگه‌ لە ساڵێک دایە. بەپێی ڕاپۆرتی بنکەی سڵامەتی گشتیی زانستگه‌ی ئەمریکا لە سەتا ٤٤ی منداڵانی ئەمریکایی ژێر ١٨ ساڵ (سەرەوەی ٣٠ میلیۆن) ژیانێکی هەژارانەیان هەیە. هێنری گۆنزالێس نوێنەری کۆنگرە و سەرۆکی کۆمیتەی کاروباری بانکی، ماڵی و شاریی کۆنگرە لە وتەیەکیدا ئاماژە دەکا کە "ئێمە کارێکمان کردووە ئەمریکاییەکان لە وڵاتی خۆیاندا ماڵ بەکۆڵ بن، ئێمە بنەماڵەگەلێک دەناسین کە لەم وڵاتەدا ئاوارەن، بەشێک لەوان لە ماشێن یان لە ژێر پردەکاندا دەخەون و ڕێژه‌ی ئەوان رۆژ بە رۆژیش پەرە دەستێنی".

نموونەیەکی دیکە، بەڕێوەبردنی نیولیبرالیزم لە کۆماریی گەلی چینە. لە چین چاکسازییەکانی نیولیبرالی بە سەرپەرەستی دەنگ شیاوپینگ توانی لە ماوەی چەند دەیە ئەم وڵاتە بکاتە یەکێک لە هێزە گرینگەکانی بازاڕی سەرمایەداری. هەبوونی کرێکاری هەرزان، ڕاکێشانی شیرکەتە بەرهەمهێنەرەکانی تایوانی، ژاپۆنی، کۆریایی و تەنانەت ئەمریکایی بۆ سەرمایەنانەوە لە چین، چاکسازیی خۆیی‌کردن و گۆڕان و سپاردنی بەشێکی بەرچاو لەو شیرکەتە دەوڵەتییانەی کە پێشتر لەسەر بنەمای خاوەنداری هاوبەشایەتی دامەزرابوون، بە شیرکەتە خۆییەکان، بوو بە هۆی گەشەکردنی ئابووریی چین و دەوڵەمەند بوونی بەشێکی بەرچاو لە ئەندامەکانی حیزبی کۆمۆنیستی چین کە بەرپرسی ئەم شیرکەتانە بوون، بەڵام ئەم سیاسەتە هاوکات، بوو بە هۆکاری بەرزبوونەوەی ڕادەی نابەرامبەریی کۆمەڵایەتی و جیاوازی لە داهاتی چین و توێژەکانی جۆراوجۆر، سەرهەڵدانی گەندەڵیی ماڵی – سیاسی، هێرشی خەڵکی گوند بۆ شارەکان [سەرەڕای نەبوونی مافی نیشتەجێبوونیان لە شارەکان] و سەرهەڵدانی دیاردەیەکی تازە بە ناوی کرێکاری گەڕۆک و گەشەکردنی کاری حەقدەستی و کۆبوونەوەی سەروه‌ت و سامان لە نێو دەستەیەکی تایبەت، و بە‌گشتی جەمسەری بوونی کۆمەڵایەتی.

چەوساندنەوەی هێزی کار و بە تایبەتی ژنە کرێکارە لادێییە کۆچەره‌کان، هەروەها ئاستی گەلێک نزمی حەقدەستی کرێکاران سەرچاوەیەکی دیکەی گردەکۆیی سەروەت و سامان لە چین بوو. بە وتەی پڕۆفسۆر دوکتور "بینگ یان لی" سەرۆکی ئەنستیتۆی ئابووریی نانجین و مامۆستای ئەنستیتۆی ئیداریی ئەیالەتی جیانگسۆ و زانستگه‌ی ناوەندی کاروباری ماڵی و ئابووریی شاری پیکەن، دۆخی ژیانی کرێکاران لە دەیەکانی ڕابردوو لەژێر کاریگەری سیاسەتی نیولیبرالی گەلێک خراپتر بووە. بە بەراوردی قەبارەی سەرمایەنانەوە لە شیرکەتەکانی پلە یەک و دووی ئابووریدا، ئەمڕۆ سەدا ٥٢ی ئابووریی چین لە دەست بەشی خۆیی و سەدا ٤٨ ی لە دەست دەوڵەتدایە. ئابووریی خۆیی لە سەدا ٦٣ی بەرهەمی ناساف (ناخالص)ی نەتەوەیی پێک دێنێ و ئەم ڕێژەیە بەرەو زیادکردن دەچێ. بەپێی ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٠٥ی بەرنامەی گەشەسەندن و تەواوکاریی ڕێکخراویی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەدا ٥٩ی خاوەنداریەتی، لە دەست سەدا ٢٠ی توێژی سەرەوەی کۆمەڵگه‌ی چینە، ئەمەش لە حاڵێکدایە کە تەنیا لە سەدا ٣ی خاوەندارییەتی بۆ سەدا ٢٠ی توێژی خوارەوەی کۆمەڵگه‌ تەرخان کراوە. ئەم ڕێژەیە لە نێوان ئەواندا ٢١ بە یەکە. بەپێی ڕاپۆڕتی ساڵانەی کۆمیسیۆنی بەرنامەی تەواوکاری لە پێوەندی لەگەڵ دابەشکردنی داهات لە چین کە بۆ ئیدارەی ئاماری نەتەوەیی و ئاکادێمی زانستی کۆمەلایەتی ئامادە کراوە لە سەدا ١٠ی بنەماڵە دەوڵەمەندەکان کە بەرزترین ئاستی داهاتیان هەیە، خاوەنی سەدا ٤٥ی خاوەندارییەتی چینن، ئەمە لە حاڵێکدایە لە سەدا ١٠ی بنەماڵە هەژارەکان خاوەنی ١.٤٪ خاوەندارییەتین و ئەم ڕێژەیە لە نێوان ئەواندا ٣٢ بە یەکە.

سیاسەتەکانی نیولیبرالی ڕۆڵیکی بەرچاویان لە پەرەسەندنی ژیانی بەکارهێنەری (مەسرەفی) بووە. لە ساڵی ٢٠٠٣دا، چین بەکارهێنەریی سەدا ٣٠ ی بەرهەمی خەڵووز، سەدا ٣٦ی پۆڵا و سەدا ٥٥ی سمیتی جیهان بووە و پاش ئەمریکا دووهەمین هاوردەکەری نەوتە. چاکسازییەکانی نیولیبرالی چین لە کەمتر لە ١٠ ساڵدا بوو بە هۆی شێواندنی نەریتی دووچەرخە (پاسکیل) لێخوڕین و چوونەسەرەوەی میزانی ماشێن لێخورین، پیسبوونی لە ڕادەبەدەری ژینگەی چین و گەیاندنی ئەم وڵاتە بە پلەی شازدە لە نێوان بیست وڵاتێک کە پیس‌ ترین هەوای جیهانیان هەیە.

پاش چاکسازییەکانی بازاڕی ئازاد لە چین بە میلیۆن منداڵ بەهۆی هەژاریی داراییەوە بۆ یارمەتیدانی بنەماڵە، خوێندنی مەدرەسە‌یان بەجێ هێشتووە و ملیان ناوەتە کاری هەرزان. کارخانە گەورەکانی پارچەچنین لە شانگهای، بێ هیچ چەشنە بەربەستێک دەتوانن کار بە منداڵانی ١٢ هەتا ١٥ ساڵ بکەن. لە ساڵانی ٩٢ و ٩٣ دا بە هۆی دابەزینی حەقدەست و ناڕەزایەتی کرێکاران، منداڵان جێگای ئەوانیان پڕ کردۆتەوە.

سیاسەتی هاوتەرازکردنی ئابووری.

بۆ جیهانی‌ کردنی ئاڵوگۆڕ پێویست بە گۆڕانی بنەڕەتی پێکهاتەی ئابووری و کۆمەڵایەتی وڵاتەکانە. بۆ ئەم مەبەستە بەرنامەی هاوتەرازکردنی پێکهاتەیی لە ژێر چاودێری بانکی جیهانی و سەندووقی نێونەتەوەیی پارە بوو بە هۆی داسەپاندنی ڕێسایەکی سەخت و توند، هەروەها مەندی و وێرانی ئەو وڵاتانەی کە ملیان بەم سیاسەتە دا. سیاسەتی هاوتەرازکردنی ئابووری بوو بە هۆی زۆرکردنی مەودای چینایەتی، گەندەڵیی ئابووری و لاوازکردنی بەرپرسایەتیی سیاسی.

کورتە لێکدانەوەی کاری سەندووقی نێونەتەوەیی پارە لە دوو دەیەی کۆتایی سەدەی ڕابردوو پیشاندەری پانتایی سەرنەکەوتن و بنبەستی تیۆری بە جیهانی بوونی ئاڵوگۆڕی ئازاد و بەرنامەی گەشەسەندن لەسەر بنەمای هەنارەدەکردنە. سەندووقی نێونەتەوەیی پارە لە ساڵی ١٩٨٧ لە ڕێگای قەرزدانەوە دەستی بە وەڕێخستنی بەرنامەی هاوتەرزاکردنی پێکهاتەیی کرد. سەندووقی نێونەتەوەیی پارە بە ئەزمونی ئەم ساڵانە نەیتوانی بەڵێنەکانی خۆی بەجێ بهێنێ و ببێتە هۆی گەشەسەندنی ئەو وڵاتانە یان باشترە بگوترێ ئەو پەرەسەندنە؛ گەلێک نابەرامبەر بوو. بەپێی پێوەرە ئابوورییەکان، سیاسەتی هاوتەرازکردنی ئابووری لە وڵاتانی لە حاڵی گەشەسەندندا بوو بە هۆی هەژاری، بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری، دابەزینی ئاستی گەشەسەندنی ئابووری، چوونە سەرەوەی لاسەنگیی بازرگانی و قەرزداری و بەستراوەیی بە وڵاتانی بیانی. بۆ وێنە لە ئەفریقا ڕێژەی هەژاری لە ٢٧٠ میلیۆن لە ساڵی ١٩٨٦ گەیشتە ٣٣٥ میلیۆن لە ساڵی ١٩٩٠، لە ئەمریکای لاتین ڕێژەی خەڵکی فەقیر لە سەدا ٤١ی ساڵی ١٩٨٠ هەتا سەدا ٦٢ی ساڵی ١٩٩٢ زیادی کرد.

لە وڵاتە ئاسیاییەکان ڕێژەی ئەو کەسانەی وا لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین زیادی کردووە، ئەم ڕێژەیە لە ئەندۆنێزیا ٣٩٪، لە مالێزیا ٢٧٪، لە فیلیپین ٥٨٪، لە کۆریای باشوور ١٦٪ و لە تایلەند سەدا ٣٠ییە. چوونەسەرەوەی ڕێژەی بێکاری و دابەزینی حەقدەست بۆتە هۆی خراپتر بوونی ئاستی هەژاری. لە ئەفریقا و ئەمریکای لاتین لە نێوان ساڵانی ٩١-١٩٨٠دا، ئاستی دابەزینی نرخی مامناوەندی داهاتی ساڵانەی هێزی کار بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی ٨٠-١٩٧٠ گەلێک بەرزبۆتەوە. ڕێژەی بێکاری لە ئاڕژانتین لە ٥.٣٪ لە ساڵی ١٩٨٥ گەیشتۆتە ٧.٣٪ لە ساڵی ١٩٨٩دا، لە بۆلیوی لە ١٨٪ لە ساڵی ١٩٨٥ بە ١٩٪ ی ساڵی ١٩٩٠، لە برزیل لە سەدا ٣.٤٪ ی ساڵی ١٩٨٥ بە ٧.٣٪ ی ساڵی ١٩٩٠ و لە نیکاراگۆئە لە ٣.٢٪ ی ساڵی ١٩٨٥ بە ١٤٪ ی ساڵی ١٩٩١ گەیشت و هتد...

بە گشتی بەڕێوەبردنی سیاسەتی هاوتەرازکردن، کاریگەرییەکی گەلێک نەرێنی و تێکدەری لەسەر ڕەوتی گەشەکردنی ئابووری لە وڵاتانی لە حاڵی گەشەسەندندا بووە. لە نێوان ساڵانی ٩١-١٩٨٠ بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی ٨٠-١٩٦٥ مامناوەندی نرخی گەشەسەندنی ساڵانەی بەرهەمهێنانی ناسافی نێوخۆیی لە وڵاتانی لە حاڵی گەشەسەندندا گەلێک دابەزیوە، تەنانەت وڵاتە سەرکەوتووەکانی ئاسیایی وەکوو کۆریای باشوور، تایوان، سەنگاپوور، هۆنگ کۆنگ، تایلەند، ئەندۆنێزیا، مالێزیا و فیلیپین سەرەڕای ئەوەی خاوەنی بەرزە نرخی گەشەسەندن بوون، تووشی دابەزینی ڕەوتی گەشەسەندنی ئابووری بوون، ئەم بارودۆخە لە ئەفریقا گەلێک دڵتەزێنترە. مامناوەند نرخی گەشەسەندنی ساڵانەی بەرهەمهێنانی ناسافی نێوخۆیی لە ساڵانی ١٩٨٠-١٩٧٠دا، لە ١.٢٪ گەیشتبووە ٢.٤٪، بەڵام لە ساڵانی ١٩٩٣-١٩٩٠ هەتا ١.٣٪ دابەزی. ئەم نرخە لە ئەمریکای لاتین بێجگە لە شیلیا لە کەمی دا. وەزعییەتی قەرز و بەستراوه‌یی بە وڵاتە بیانییەکانیش پاش دەستپێکی سیاسەتی هاوتەرازیی ئابووری لە وڵاتانی لە حاڵی گەشەسەندندا گەلێک خراپتر بوو، بۆ وێنە لە ماوەی ساڵانی ١٩٨٠ هەتا ١٩٩٣ ڕێژەی قەرزەکانی ئەندۆنێزیا لە ٢.٩٤ میلیاردەوە گەیشتە ٨٩.٥٣ میلیارد، لە تایلەند لە ٨.٢٩ەوە بوو بە ٤٨.٥١ میلیارد و لە هێندستان لە ٢٠.٥٨ەوە گەیشتە ٧٨.٩١ میلیارد.

ئێرانیش یەکێک لەو وڵاتانەیە کە لە دەیەی ٦٠ی هەتاوی بەهۆی هەرەسهێنانی ئۆتۆپیای ئابووری ئیسلامی، خەرجومەخارجی ماڵی شەڕ لەگەڵ عێڕاق، بایکۆتی ئابووریی نێونەتەوەیی و دابەزینێکی بەرچاو لە بازاڕی جیهانی نەوت، پاش وازهێنان لە خەیاڵی دامەزراندنی دەستەڵاتی "مستضعفین" و قبووڵی بڕیارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆتایی بە شەڕ لەگەڵ عێڕاق هێنا. پاش شەڕ، دەوڵەتی ئێران هەوڵی خۆی بۆ ڕاکێشانی سەرمایە بیانییەکان دا و بە تایبەتی لە ساڵی ١٣٦٩ی هەتاویدا پێشوازییەکی گەرموگوڕی لە لێژنەی سه‌ندووقی نێونەتەوەیی پارە – بانکی جیهانی کرد کە بۆ یەکەم جار پاش شۆڕشی ڕێبەندانی ١٣٥٧ی هەتاوی سەردانی ئێرانیان دەکرد. ڕاپۆرتی ئەم سەردانە لە ٣٠ی ژوئیەی ١٩٩٠ لە IMF Survey لە ژێر ئەم سەردێڕە بڵاو کرایەوە: "کۆماری ئیسلامی ئێران بە شوێن گۆڕانکاریی بنەڕەتی و پێکهاتەییەوەیە". لەم ڕاپۆرتەدا باس لە ویستی دەستەڵاتدارانی ئێرانی بۆ هاوتەرازکردنی تەواوی بوارەکانی گەورە ئابووری ئەم وڵاتە، پێکهێنانی هەلومەرجی پێویست بۆ بەهێزتر کردنی بەشی خۆیی و لابردنی پەیتاپەیتای کۆتوبەندەکانی ئابووری دەکرێ.

لەم پێناوەدا، لە نێوەڕاستەکانی دەیەی حەفتای هەتاوی کاربەدەستانی حکوومەتی ئێران داوانامەیەکیان بە نهێنی بۆ ڕێکخراوەی بازرگانیی جیهانی نارد (وەرگیراو لە ڕۆژنامەی شه‌رق ٤.٦.٨٣) و لە کۆتایی دەیەی ٦٠ی هەتاویدا حکوومەتی ئێران هەوڵی دا، بە به‌ڕێوەبردنی سیاسەتەکانی هاوتەرازکردنی پێکهاتەیی، لۆژیکی بازاڕ بەسەر کۆمەڵگه‌دا زۆرتر داسەپێنێ و بە دێرهاتێکی ١٠ ساڵە پەیوەست بە ئەو وڵاتانە بێ کە ملیان بە شەرت و مەرجەکانی سەندووقی نێونەتەوەیی پارە و بانکی جیهانی دابوو، ئەویش لە حاڵێکدا کە بەپێی لێکدانەوەی فەرشاد مۆمنی لە پەرتووکی "ئابووریی سیاسیی گەشەسەندن لە ئێرانی ئەمڕۆ -١٣٩٤" قەرزی ئێران بە وڵاتە بیانییەکان نیزیک بە سفر بوو"، بەڵام پاش بەکارهێنانی ئەم سیاسەتە میزانی قەرز بە وڵاتە بیانییەکان لە ساڵی ١٣٧٤ بە ٣٤ میلیارد دۆڵار و ئاستی ئاوسان هەتا سەدا ٤٩،٥ بەرز بۆوە، ڕێژەی هاوردەکردنیش سنووری ٢٢،٥ میلیاردی لەو ساڵە تێپەڕاند. ڕێژەی هاوردەکردن لە ساڵی ١٣٩٣ گەیشتە ٥٣.٥ میلیارد دۆڵار.


ئەزموونی ئەم چەند دەیەیە پیشاندەری ناسەقامگیریی پارێزراوی پیشەیی، دابەزینی حەقدەستەکان و چۆنییەتی خزمەتگوزاریی بێهداشتی لەگەڵ چووونەسەرەوەی خەرجومەخارجی سەرسووڕهێنەر، دابەزینی چۆنییەتی بارهێنان لەگەڵ خەرجێکی زۆر بۆ بنەماڵەکان و زۆربوونی جیاوازیی چینایەتی، هەروەها زاڵبوونی مافیای سەرمایەداریی بوڕۆکراتیک و بازرگانیی گەورە و سپای پاسداران و هێزە نیزامییەکان لە سەر ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی ئەم وڵاتە بە هۆی سیاسەتە نیولیبرالییەکانی ئێران و خۆیی کردن واتە شیرکەتی کردنی بەشی خزمەتگوزارییەکانی دەوڵەتی، ئازادسازیی نرخەکان بە بیانووی ئامانجدارکردنی یارانەکانە. سیاسەتەکانی نیولیبراڵی و هاوتەرازکردنی ئابووری سەرەڕای داهاتی ٨٠٠ میلیارد دۆڵاری فرۆشتنی نەوتی ئێران لە درێژایی سێ دەیە، ئەویش کاتێک داهاتی دراوی ساڵانە لە کاتی دەستەڵاتداریی ئەحمدی نیژاددا 2.5 بەرامبەری داهاتی مامناوەندی ساڵانەی دەوڵەتی خاتەمی، ٤.٢ بەرامبەری دەورەی ڕەفسەنجانی و ٤.٨ بەرامبەری کاتی دەستەڵاتداریی میر حوسێنی مووسەوی و ٥ بەرامبەری ٩ ساڵی کۆتایی دەستەڵاتی حکوومەتی پەهلەوی لە ئێران بووە (ڕۆژنامەی سەرمایە، ٢٥ی خەرمانانی ١٣٨٨)، نەک نەبوو بە هۆی خۆشبژیوی خەڵک و چوونەسەرەوەی ئاستی ژیانی ئەوان، بەڵکوو بەپێچەوانە، هەژاری و بەرزبوونەوەی جیاوازیی چینەکانی ئێرانیشی زۆرتر کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی "محەممەد موخبێر دزفوولی" بەڕێوەبەری بنکەی بەڕێوەبەرایەتی "فەرمانی حەزرەتی ئیمام" ڕێکەوتی ١٧ی مانگی پووشپەڕی ١٣٩٦، "[لە ئێراندا] دوازدە میلیۆن کەس لە ژێر هێڵی ڕەهای هەژاریدا دەژین و ٢٥ هەتا ٣٠ میلیۆن کەسیش لە ژێر هێڵی ڕێژەیی هەژاریدا ژیان بە سەر دەبه‌ن، ئەویش لە حاڵێکدایە کە ئێران چوارەمین پاشەکەوتی نەوتی جیهان واتە لە سەدا ٩.٣ پاشەکەوتی نەوتی لەبەر دەستدایە". کوشتن و قاچاخی ئەندامانی لەشی منداڵانی ئێرانی بەگشتی یەکێک لە کارەساتەکانی هەژاری و بێپارەیی لە ئێرانە. بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی "بەهار"، محەممەد عەلی پوورموختار ئەندامی کۆمیسیۆنی قەزایی و حقووقی مەجلیسی ئێران ئاماژە بە کرێدان و قاچاخی ئەندامی لەشی منداڵان، و بە تایبەتیی لە نێو بنەماڵەی گیرۆدەکانی مادەی سڕکەر دەکا. بەپێی وتەی فاتمەی دانیشوەر ئەندامی شووڕای شاری تاران لە وتووێژێک لەگەڵ میدیاکان "لە زۆربەی بوارەکاندا منداڵان ون دەبن و ئەندامەکانیان قاچاخ دەکرێ و پاش ماوەیەک لەشی بێ چاو و گورچیلەیان لە بیابانەکان دەبینرێتەوە". ڕۆژنامەی بەهار پێداگری لەوە دەکا کە قاچاخی ئەندامی لەش هەر لەو نیزیکیانە لە نێوان منداڵانی قەراخ‌ شارنشین و منداڵانی کار و ئەوانەی لە نێو زبڵدانەکان دەگەڕێن ڕوو دەدا. ئەو منداڵانەی کە هیچ کەس پەرۆشی بوون و نەبوونیان نییە.

نرخی بێکاری لە بەهاری ١٣٩٦دا، بەپێی ڕاگەیاندنی ناوەندی ئاماری ئێران سەدا ١٢.٦ بوو و ئەم ڕێژەیە لە بەراورد له‌گه‌ڵ بەهاری ساڵی ١٣٩٥ هەتا ٠.٤٪ و زستانی ١٣٩٥ هەتا ٠.١٪ بەرز بۆتەوە.

بەپێی ئامارەکانی بانکی ناوەندیی ئێران، ئاستی ئابووریی بنەماڵەکانی ئێرانی لە دە ساڵی ڕابردوودا تا سەدا ١٥ دابەزیوە، بەپێی قسەکانی عەبدولره‌زا ڕەحمانی فەزڵی وەزیری نێوخۆی ئێران، ڕێژەی بێکاران لە بەشێک لە شارەکان، سەدا شەستە، هەروەها مامناوەندی ڕادەی خواردنی گۆشت، ماسی، نان، برینج و شیر لەم دە ساڵەدا لە سەدا ٣٠ هەتا ٥٠ کەمی کردووە. مەودای خەرجی نێوان پارێزگای تاران و پارێزگاکانی دیکەی ئێران بەلانیکەم دووقات زیادی کردووە و، جیاوازی بودجەی بنەماڵەکانی تارانی و پارێزگاکانی دیکەی ئێران لە سەدا ٤٥ لە ساڵی ١٣٨٥ی هەتاویدا گەیشتۆتە سەدا ٨٧ لە ساڵی ١٣٩٥، سەرنجڕاکێش ئەوەیە وەزعی بنەماڵەکانی پارێزگای لوڕستان و کوردستان بە بەراورد لەگەڵ پارێزگاکانی دیکە، لە ئاستێکی نزمتر دایە.

ڕاپۆرتی ناوەندی توێژینەوەی مەجلیسی شووڕای ئیسلامی لە ساڵی ١٣٩٥ لە پەرتووکێک بە ناوی "سەرەکیترین مەسایلی وڵات: ڕاسەری (ئەولەویەت) و ڕێکارەکانی مەجلیسی شووڕای ئیسلامی لە خولی دەیەم" پیشاندەری قەیرانێکی هەموو لایەنە لە ئێران دایە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە "گەشەسەندنی ئابووریی ئێران لە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی هاوتەراز لە ئاسۆی درێژخایەندا نزم بووە. مامناوەندی گەشەی ئابووریی ئێران لە نێوان ساڵانی ١٩٦٦ هەتا ٢٠١٤ بەرامبەر بە ٤.٢٪ بووە، ئەمەش لە حاڵێکدایە کە مامناوەندی گەشەی ئابووری لەو وڵاتانەی کە داهاتیان نێونجییە، هەروەها لە وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوه‌ڕاست و باکووری ئەفریقا بەڕیز ٥.١ و ٤.٨٪ بووە. لە نیزیکەی ٥٠ ساڵدا جیاوازی لە نرخی گەشەسەندن جیاوازییەکی بەرچاوی لە ئاستی داهاتی ئێران پێک هێناوە. دەگەڵ ئەوەش، دوورەدیمەنی دەرچوون لە مەندیی ئێستای ئابووریی ئێران گەلێک نادیارە" ئێستاکە ٢.٩ میلیۆن لە ١٤ میلیۆن کرێکاری ئێرانی واتە پتر لە سەدا ٢١ی کرێکاران، بێکارن و ٢.٤ میلیۆنیش پیشەی ناتەواویان هەیە. بەپێی ئاکامی لێکدانەوەکان وێدەچێ لە ساڵی ١٤٠٠ی هەتاویدا ژماری بێکاران لە ئێران بگاتە ٥ میلیۆن کەس.


بەهۆی پەرەسەندنی نەرێنیی ئابووری و نرخی سەرەوەی ئاوسان لە ساڵانی ١٣٩١ و ١٣٩٢دا، داهاتی سەرانەی ڕاستەقینەی خەڵک بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ١٣٩٠ نیزیکەی سەدا ٢١ دابەزیوە. لێکۆڵینەوەی ١٧١ وڵاتی جیهان پیشانی داوە کە لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا تەنیا ٢٦ وڵات نرخی ئاوسانی دوو ژمارەییان بووە و ئابووریی ئێران لە ڕیزی ١٠ وڵاتی یەکەم دایە.

لە ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی، سەدا ٧١ی دانیشتوانی ئەم وڵاتە لە ناوچە شارییەکان ژیاون، نیسبەتی تەڵاق بە هاوسەرگیری، ٢٣ بووە و ئەوە لەخۆیدا دیاردەیەکی بێوێنەی ٥٠ ساڵی ڕابردووە. بەپێی سەرژماریی ساڵی ١٣٩٥ ڕێژەی ئەو ژنانەی کە سەرپەرستیی بنەماڵەیان وەئەستۆ گرتووە لەچاو ساڵی ١٣٧٥ چۆتە سەرێ و لە یەک میلیۆن و دوو سەد هەزارەوە گەیشتۆتە یەک میلیۆن و شەشسه‌د ‌و چل‌ و چوار هەزار کەس. چوونەسەرەوەی ئاماری دۆسیە قەزاییه‌‌کان (١٥ میلیۆن)، بەرزبوونەوەی ڕادەی تەڵاق و دابەزینی ڕێژەی هاوسەرگیری، وێڕای بوونی نیزیکەی ١١ میلیۆن کەس لە تەمەنی پێکهێنانی ژیانی هاوبەشیدا، دیاریکرانی ٣١٩٥٠ نەخۆشی ئەیدز هەتا کۆتایی ساڵی ١٣٩٤ [هەڵبەت ڕێکخراوەی بێهداشتی جیهانی باس لە سەرەوەی ١٠٠ هەزار نەخۆشی HIV لە ئێران دەکا، پتر لە سەدا ٤٠یان لە ڕێگه‌ی پێوەندیی جنسییەوە تووشی ئەم نەخۆشییە بوون]، بەرزبوونەوەی مەیلی بەکارهێنانی مادەی سڕکەر و ڕەوانگۆڕ (پتر لە ٢٣٢٥٠٠٠ گیرۆدەی دایمی و بە ئیشتیا بوون)، ئەوانە هەموو بەشێکن لە کارەساتی سیاسەتی هاوتەرازکردنی ئابووریی نیولیبڕاڵەکانی ئێران. بەپێی ئاماری بنکەی خەبات لەگەڵ مادەی سڕکەر ژماری گیرۆدەکان لە ئێران نزیکەی ٢٣٢٥٠٠٠ کەسە کە بە حیسابکردنی مامناوەندی ڕەهەندی بنەماڵە ٥.٣ کەس لە ئێران، دەکرێ ئاماژە بە تووشبوونی ڕاستەوخۆی ٨ میلیۆن و ١٣٧ هەزار و ٥٠٠ کەس بە مادەی سڕکەر بکرێ.

مووچەی مانگانەی خانەنشینەکان تەنیا لە سەتا ٤٨ی خه‌رجومەخارجی ژیانی ئەوان مسۆگەر دەکا. قەرزی دەوڵەت بە ڕێکخراوەی تەئمینی کۆمەڵایەتی، سەرەوەی ١٠٠ هەزار میلیاردە. لەسەدا ٨٠ی مووچە و سەربەشی خانەنشینەکان لە سه‌ندووقەکانی سپایی و نێوخۆیی لە بودجەی گشتیی دەوڵەت مسۆگەر دەکرێ و ئەمە بە مانای نابووتبوونی ئەم دوو سەندووقەیە.

لەم هەلومەرجەدا، بارودۆخی کوردستان بە بەراورد لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەی ئێران خراپتریشە، هەژاری و بێکاری لە کوردستان تەنانەت بۆتە هۆی سەرهەڵدانی دیاردەی کۆڵبەری و کوژران و بریندار بوونی دەیان کەس لە سنووری باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان. کوژرانی کەسانێک کە بۆ مسۆگەرکردنی ژیانی بنەماڵەیان گیان و سڵامەتیی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە و هێزەکانی سەرکوتکەری ئێران بێبەزەییانە ئەوان و ئاژەڵەکانیان وەبەر گولـلە دەدن و دەیانکوژن. بەپێی ڕاپۆرتێک لە ماڵپەڕی "سلامت آنلاین - ٢٦ی ڕێبەندانی ١٣٩٥"دا، پارێزگاکانی ورمێ، کوردستان و کرماشان زۆرترین ڕێژەی کۆڵبەریان هەیە و زۆرترین میزانی کوژرانی کۆڵبەرەکان لە مەریوان، سەردەشت، شنۆ، بانە و نەوسوود ڕوو دەدا. بە وتەی عەبدولکەریم حوسێنزادە نوێنەری خەڵکی نەغەدە و شنۆ لە پەرلەمانی ئێران هەموو ساڵێک لە نێوان ٥٠ هەتا ١٠٠ کۆڵبەر کە تەمەنیان لە نێوان ١٠ هەتا ٧٠ ساڵە، گیانی خۆیان لەدەست دەدەن.

بەپێی لێکدانەوەکان ڕێژەی هەژاریی داهات لە کوردستان سەرەوەی سەدا نەوەدە. بە وتەی ئەحمەد میده‌ری جێگری بەشی خۆشبژیویی وەزیری هاریکاری, کار و خۆشبژیویی کۆمەڵایەتی، هەژاریی چەند ڕەهەندی لە پارێزگای کوردستان دەگاتە سەدا ٤٥. بەپێی وتەکانی سەید مێهدی فەڕشادان نوێنەری شارەکانی سنە، دیواندەرە و کامیاران لە پەرلەمانی ئێران: "بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران نرخی بێکاری لە نێو گەنجانی کوردستان لە یەک تاقە ساڵدا، دوو بەرامبەری مامناوەندی ئێران بەرز بۆتەوە و نرخی بێکاری لە گرووپی تەمەنی ٢٤-١٤ ساڵدا نیزیکەی سەدا ١٢ لە مامناوەندی وڵات بەرزترە"، فەڕشادان هەروەها دەڵێ: "سەرەڕای ئەوەی ڕێژەی کارخانەکانی ئەم پارێزگایە و گشتییەکەکانی بەرهەمهێنەری گەورە و بچووک ٨٢٧ یەکەیە، بەڵام بەپێی ئامارە نافەرمییەکان لە سەدا ٦٠ی یەکە بەرهەمهێنەرەکانی کوردستان ناچالاک و بەپێی ئاماری فەرمی ٢٣٧ یەکە وێستاو و نیوە چالاکن. مامناوەندی چوونە سەرەوەی ئاستی هەژاریی ڕەها لە پارێزگای کوردستان لە نێوان ساڵانی ٩٠- ١٣٨٧ هەتاویدا ٦.٩٪ و میزانی هەژاری ڕێژەیی ٩.٦٪ بووە. بە وتەی سەید شاکری ئیبراهیمی نوێنەری کرێکارانی پارێزگای کوردستان حەقدەستی کرێکارانی ئەم پارێزگایە یەک لە ٣ی هێڵی دیاریکراوی هەژارییە.

بەپێی لێکۆڵینەوەیەک لە شاری مهاباد کە لەسەر بنەمای وەڵامی سەرپەرستی بنەماڵەکانی ئەم شارە لە پێوەندیی لەگەڵ میزانی داهاتیان کراوە و دەکرێ وەکوو پێوەرێک بۆ لێکدانەوەی ئاستی هەژاری لە پانتاییەکی گەورەتر لەبەر چاو بگیرێ، بەرزترین دەستەی هەبووی داهات لە شاری مهاباد لە نێوان ٢٠٠ هەتا ٣٠٠ هەزار و پاش ئەوان دەستەی داهات لە نێوان ٣٠٠ هەتا ٤٠٠ هەزار تمەن لە مانگدایە. بەپێی ئەوەی کە بانکی ناوەندیی ئێران ٤٨٠ هەزار تمەنی وەکوو هێڵی هەژاری دیاری کردووە، لە سەدا ٩٢ی خەڵکی مهاباد لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. بێکاری لە وڵاتانی لە حاڵی گەشەسەندندا یەکێک لە هۆکارە سەرکییەکانی سەرهەڵدان و پەرەگرتنی هەژارییە و ئەمڕۆکە پتر لە سەدا ١٥ی خەڵکی مهاباد بێکارن و سەرەوەی سەدا ١٥ش بێکاریی نهێنی خۆیان لە ژێر سەرپۆشی پیشەی ئازاد و پڕ زەحمەتی کشتوکاڵدا شاردۆتەوە.

ئاستی سەرەوەی هەژاری و بێپارەیی بۆتە هۆی سەرهەڵدانی دیاردەی فرۆشتنی ئەندامانی لەش لە هەموو ئێران بەگشتی و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی. بەپێی وتەکانی سەید عەتائوڵڵا عەبدی سەرپەرستی پشتگری لە نەخۆشەکانی گورچیلەی پارێزگای سنه‌ لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی "باران خبر"، "پارێزگای سنە پلەی هەوەڵی لە ئێران بۆ فرۆشی گورچیلە هەیە و هەژاریی بەرچاوی ئابووری هۆی چوونەسەرەوەی ڕادەی فرۆشی گورچیلە لە کوردستانە. عەبدی هەروەها دەڵێ لێکدانەوەی زۆربەی فایلەکان نیشاندەری پێداویستی سەختی ماڵیی ئەو کەسانەیە کە دەیانەوێ گورچیلەکانیان بفرۆشن". پەرەسەندنی بێکاری، گرانی، هەژاری، ئاستی بەرزی جیاوازیی چینایەتیی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆتە هۆی ئاسایی بوونی دیاردەی فرۆشتنی ئەندامی لەش و سەرهەڵدانی بازرگانیی خوێناویی فڕاندن و کوشتنی منداڵان و گەنجان لە لایەن قاچاخچییەکان و کڕین و فرۆشتنی ئەندامی ئەوان لە بازاڕی ڕەشی نێوخۆیی و بیانیدا.

کۆتایی.

سیستمی سەرمایەداری لە سەدەی بیستەمدا، سێ قۆناخی مەندی لە نێوان ساڵانی ١٩٢١-١٩٠٠، ١٩٤٩-١٩٢٩ و ١٩٨٢-١٩٦٥ تێپەراندووە. لە ڕوانگەی ئابووریی سیاسیی مارکسییەوە بەرهەمهێنانی "زێدە سەرمایە" و ناتەبایی "دەرخستن و ویستنی" کەلوپەل هۆی سەرەکی قەیرانی سیستمی سەرمایەدارییە. نیشانەکانی ئەم قەیرانە بریتین لە دابەزینی بەهرەی سەرمایە، بەرزبوونەوەی وزەی بەرهمهێنانی پەنگخواردوو، کەڵەکەبوونی قەرز و زۆربوونی جیاوازیی چینایەتی. لە دەیەی ١٩٧٠دا قەیرانی کەڵەکەبوونی سەرمایە، پەرەسەندنی بێکاری و ئاوسانی بێوچان و خێرا، کاریگەرییەکی نەرێنی لە سەر هەمووان بوو. قەیرانی سێهەمی سەرمایەداری و ناڕەزایەتی گشتی لەم بارودۆخە نالەبارە، هەروەها بەیەکگەیشتنی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی کرێکاری و شاری لە بەشێکی بەرچاو لە جیهانی سەرمایەداریدا، ڕێخۆشکەرێ ڕەوتی زاڵبوونی بیروهزری نیولیبرالی وەک وڵامێکی ئایدیۆلۆژیک بە قەیرانی"دەوڵەتی خۆشبژیویی کێنزی" و کۆتایی هاتن بەم سیاسەتە ئابوورییە (کێنزی) لە زۆربەی وڵاتە سەرمایەدارییەکانی جیهان بوو.

لە سەرەتای دەیەی ١٩٨٠ – وە، تاچێریزم لە بریتانیا و ڕێگانیزم لە ئەمریکا ڕێخۆشکەری ڕەوتی خۆیی‌ کردن و پەرەسەندنی نیو لیبرالیزم لە هەموو جیهانی سەرمایەداریدا بوون. بە شوێن ڕووخانی یەکیەتیی سۆڤییەت، گشت خولی مێژووی خاوەندارییەتی دەوڵەتی بە چەشنێکی بەرچاو پاشگەز کرایەوە. بە شوێن ئەم پاشگەزبوونەوە، ئەوەی کە ڕووی دا بریتی بوو لە دەستپێکی چەرخی سەربزێوی سەرمایەداری و گەڕانەوە بۆ خاوەندارییەتی خۆیی شیرکەتەکان و دووربوونەوە لە خاوەندارییەتی گشتی و دەوڵەتی، هەروەها هەڵوەشاندنەوەی ڕێساکانی دەوڵەتی بۆ پیشەسازی و بەشە جۆراوجۆرە ئابوورییەکان، ماڵیکردنی کۆمەڵگه و، بەم هۆیە بازاڕی بوونی هەرچی زۆرتری پێوەندییە کۆمەلایەتییەکان، هەروەها دابەزینی ئاستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و شتومەکی خۆڕایی، یان "یارانەی دەوڵەتی". نیولیبرالیستەکان خوازیاری کرانەوەی سنوورەکان بۆ سەرمایە و کەلوپەلی سەنعەتی و ئازادیی بازاڕی کاری جیهانین. مەبەستی سیاسەتەکانی نیولیبرالیزم لە ئازادیی بازاڕی کاری جیهانی هەڵوەشانەوەی تەواوی ئەو یاسایانەیە کە لە بەرژەوەندیی کرێکاران پەسەند کراون، هەروەها لە نێوبردنی یەکیەتیی کرێکاران و گرێبەستەکانی کۆیی نێوان کرێکار و خاوەنکارەکان، هەڵوەشاندنەوەی یاسای دایمی کار و جێگیرکردنی لانیکەمی حەقدەست بۆ بەرهەمهێنەرەکان، کە وەکوو کۆسپێک لە سەر ڕێگای یاسای بێعەیبی بازاڕ پێناسە دەکرێن. بەڕێوەبردنی سیاسەتی نیولیبرالی و ڕێکارنامەکانی سه‌ندووقی نێونەتەوەیی پارە و بانکی جیهانی لە زۆربەی وڵاتاندا بۆتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوسانی ئابووری، بێکاری، گرانی، هەژاری، دابەزینی ئاستی خدمەتگوزاری لە تەواوی ئاستەکان، پەرەگرتنی گەندەڵی ئابووری و، بەرزبووونەوەی ئاستی نەخوێندەواری. بەرزبوونەوەی نابەرامبەریی سامان و سەروەت و داهات. هەروەها بەرزبوونەوەی ئاستی جیاوازیی چینایەتی،‌ ئاکامی سیاسەتی ئابووریی نیولیبرالییە.

_________________________________________

١- Private Ownership مالکیت خصوصی.
٢- Privatization خصوصی‌سازی.
٣- Regulation.
٤- Individualit.
٥- Gap.
٦- مەبەست لە عەقڵانییەتی ئابووری (Economic Rationality) هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئەوپەڕی بەرژوەندیی مادی تاک لە چوارچێوەی بایه‌خدان بە دابینکردنی خۆشگوزەرانی و بەختەوەریی زۆرتر بۆ بەکارهێنەر و سوود و قازانجی زۆرتر بۆ بەرهەمهێنەرە.
٧- Global.
٨- Exchange مبادلە.
٩- گات کورتکراوەی “General Agreement on Tariffs and Trade” واتە ڕێککەوتنامەی گشتیی تاریفە و بازرگانییە. ئەم بەڵگەنامەیە بریتییه‌ لە ٣٨ مادە و ٤ بەش کە لە ٣٠ی ئۆکتۆبری ١٩٤٧ لە نێوان ٢٢ وڵاتی پێشکەوتوو و سەنعەتی لە شاری ژنێڤی سویس واژۆ کراوە. لە ساڵی ١٩٩٤ واتە کۆتایی ژیانی ئەم ڕێککەوتنامەیە، ژماری ئەندامەکانی گەیشتە ١٢٣ وڵات. بەگشتی گات ڕێککەوتنێک بۆ دابەزاندنی تاریفەی گومرکی، لابردنی ئاستەنگی‌ و بەربەستەکانی بازرگانیی ئازاد بوو و ئێستا وەکوو ڕێکخراوەیەکی نێونەتەوەیی بوونی نییە و جێگای خۆی بە ڕێکخراوەی بازرگانیی جیهانی داوە.
١٠- Keynesian Economics
ئەم بیرۆکەیە سەرچاوەی لە بۆچوونەکانی مینارد کینز ئابووریناسی بریتانیایی گرتووە و بەپێی ئەم بیرۆکەیە دەوڵەت بە بەڕێوەبردنی کۆیەک لە خدمەگوزاریی کۆمەڵایەتی و کۆنتڕۆڵی ئابووری هەوڵدەدات پێشگیریی سەرهەڵدانی قەیرانی دەورەیی سەرمایەداری بکا.
١١- New Deal.
بەرنامەی ئابووری و کۆمەڵایەتیی فرانکڵین ڕۆزوێڵت پاش مەندیی گەورەی ئابووریی ئەمریکا لە ساڵی ١٩٢٩ بۆ باشترکردنی وەزعییەتی ئەم وڵاتە.
١٢- Mont Pelerin Society.
١٣- Institute of Economic Affairs.
١٤- The Heritage Foundation.
١٥- Bretton Woods system.
لە ساڵی ١٩٤٤ نوێنەرانی ئەمریکا، بریتانیا و ٤٤ وڵاتی دیکە لە کۆبوونەوەیه‌ک لە برتن وودز لە نیوهەمشایر کۆبوونەوە هەتا له‌ مه‌ڕ سیستمی پارەی نێونەتەوەیی پاش شەڕی جیهانی دووهەم قسە بکەن و بە بڕیاری هاوبەش بدەن. ئەم کۆبوونەوەیە بووە هۆی پێکهاتنی دوو ڕێکخراوەی جیهانی وەکوو سەندووقی نێونەتەوەیی پارە و بانکی جیهانی.
١٦- Maastricht Treaty.
پەیمانی واژۆکراو لە ساڵی ١٩٩٢ لە نێوان ئەندامەکانی کۆمەڵی ئوڕووپا کە بنچینەی پێکهاتنی یەکیەتیی ئوڕووپا بوو.
١٧- Inflation تورم.
١٨- Economic adjustment تعدیل اقتصادی.
١٩- Structural adjustment تعدیل ساختاری.
٢٠- Stagnation رکود.
٢١- (Gross domestic product (GDP.
٢٢- توسعە.
٢٣- رشد منفی.
٢٤- لشکری و کشوری.

 

ماڵپەڕی کامەران ئەمین ئاوە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک