په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٩\٢٠٢١

نیولیبرالیزمی کورد و پەیامی شیعر!

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)


ساڵانە لە ڕۆژی جیهانی شیعردا١ بە سەدان شاعیر لەنەتەوە جیاجیاکانی سەر ئەم گۆی زەوییە, پەیامی شیعر دەنووسن و ڕایدەگەێنن. لەو ڕۆژەدا شاعیرانی نوخبە، ئەوانەی خۆیان بەپێشڕەو دەزانن، شیعر پیرۆز دەکەن و پەیامی شیعر دەدەن بەگوێی خوێنەران. شاعیرانی کوردیش٢ ئەوە چەند ساڵێکە، ڕوونتر لە جاران، ئەو پەیامە دەنووسن کە ستراتیژ و هێڵە گشتییەکانی ئیشکردن و بەرژەوەندی چینایەتیان دەیخوازێت. ئەگەر جەستەی پەیامەکانی شاعیرانی کورد لەو چەند ساڵەی ڕابردوو وەربگرین و شیبکەینەوە، دەبینین کە:


یەک: شاعیران خۆیان وەک نوخبە و سەردەستە نیشان دەدەن.پێیانوایە ئەوەی ئەوان دەینووسن، کەس لەتوانایدا نییە بینووسێت. واتە هێزێک یان خۆیان وتەنی ئەو ئیلهامە نەفرەتییەی کە ئەوان وەکو خاڵی جیاکەرەوەی خۆیان و خەڵکی تر نیشان دەدەن،دەکەنە بەردەباز بۆ پەرینەوە بەسەر پردی جیاوازی نێوان ئەوان و خەڵکی تر، وەکو ئەوەی پیرۆزییەکیان تیا بێت و خەڵکیش لەسەریانە ئەو پیرۆزییە بناسن و بپارێزن.


دوو: لەشوێنێکی خەیاڵیی بەرزەوە قسە دەکەن، وەک ئەوەی پەیامبەرێک بن و لە ئاسمان دانیشتبێتن. وەکو ئەوەی مەقامی ئەوان بەرزتر بێت لە مەقامی خەڵکی ئاسایی و زەحمەتکێشی کوردستان. ئەم خۆ بەرز بینینە نەک هیچ پەیوەندییەکی بە کلتووری سۆشیالیستیی و کرێکارییەوە نییە، بەڵکو سەر بە کلتووری بۆرژوازی و پارێزەرانی دەسەڵاتی ستەمکارە.


سێ: بەڵێن دووبارەکردنەوە بۆ چین و بەرژەوەندییە چینایەتییەکان. لەو پەیامانەدا خاڵی جەوهەری جگە لەوەی بە زمانێکی وێکنەهاتوو لەگەڵ زمانی گشتی ئینسانەکانی ئەم سەرزەمینە نیشان دەدەن و جەغد لەوە دەکەنەوە کە تا دوا هەناسەیان ئامادەن بەرژەوەندی چینی دەسەڵاتدار بپارێزن و دژ بە گەشەی هۆشیاری سیاسیی خەڵک بوەستنەوە. ئەمەش ناڕاستەوخۆ بەشێوازی جیاجیا لە پەیام و نووسینەکانیاندا هەست پێدەکرێت و ڕەنگی داوەتەوە.


چوار: خەڵک و جەماوەری بەشمەینەت هیچ جێگەیەکیان نییە لە ئیعرابی ئەو پەیامانەدا. چونکە پەیامەکان ناڕاستەوخۆ ڕوو بە دەسەڵاتداران و چینە چەوسێنەرەکانە و لەدیدی ئەو پەیامنووسانەوە خەڵکی هەژار هیچ جێوشوێنێکیان نییە لە جیهانبینی و دیدگای هونەری و ئەدەبیی ئەوان. دەق و نووسینی ئەوان، دەق و نووسینی سەروو خەڵکیین و ئەوەندە لە ماتریاڵی خەڵک سوود وەردەگرن کە بتوانن بیکەنە خزمەت دەقەکانیانەوە نەک دەقەکانیان بکەنە خزمەت خەڵکەوە. نووسەرانی نیولیبرالیزمی کوردیی، وەکچۆن لە سێ دەیەی ڕابردوودا کۆشاون لەسەر ڕاستەهێڵی کوشتنی ئیرادەی خەڵکی شۆڕشگێڕی کورد و بێبەها نیشاندانی مارکسیزم و خەباتی سۆشیالیستی کرێکاران لە کوردستان و جیهان و چاندنی بێئومێدی لەناو دڵی خوێنەر وەک بونیاد و شوناسی کاریان، بڕۆن و بۆ پێکانی ئامانجەکانیشیان، بەموو لەم میتۆدە لایان نەداوە. بۆیە کاتێک لەناوەڕۆکی کۆمەڵایەتی ئەو پەیامانە دەگەین و لێیان ورد دەبینەوە، دەبینین هەمیشە بەئاراستەی شەپۆڵە پۆزەتیڤەکانی کۆمەڵگەوە نووسران و لەسەر ئەو هێڵە فیکرییە ئیش دەکەن کە بونیادی پەیامەکەی لەسەر بنیاد نراوە. سەرباری ئەمەش خوێنەر بۆ خوێندنەوەی دەقێک، نووسینێکی نووسەرێکی نیولیبڕاڵی کوردیی، پێویستی بە پاشخانێکی مەعریفی وا نییە، بۆ تێگەیشتن لە دەق و ناسینەوەی کۆدەکانی نووسین، بەڵکو لە سێ دەیەی رابردوودا هەلومەرجێک گوزەراوە و دەسەڵاتی کوردایەتی کایەی نووسین و ئەدەبیاتی دووچاری پاشاگەردانییەک کردووە، کە نووسەران لەڕاستەهێڵی نووسین و داهێنان لابدەن و جۆرە شێوازێک لە نووسیندا بگرنەبەر کە بتوانن بە ئاسانی بگەن بە مەبەستەکانیان. کەئەویش گەیشتنە بە ئامانجی چینایەتی نووسین. ئامانجی چینایەتی نووسینیش لای زۆربەی هەرە زۆری نووسەران و ئەدیبانی نیولیبڕاڵ بریتی بووە لە خستنە بەرچاوی دەقێک کە لەلایەکەوە وا بنوێنێ کە نوێیە و ئەفرێنراوە و لەلایەکی تریشەوە خوێنەر چەند فرسەخ لە واقیعی ژیان و گۆمەڵگە دوور بخاتەوە. ئەم هەوڵانە گەرچی دیماگۆجییەتێکی دیار و ناسراون، لەهەمان کاتیشدا ماسکێکن و پۆترەیتی کۆمەڵایەتی و کانزا ئەسڵییەکەی نووسەری نیولیبڕاڵ دەشارنەوە. ئەوەی وای کردووە کە ئەو دۆخە بەوجۆرە بچێتە سەر، سادەیی خوێنەرە لەهەمبەر مەسەلە فیکریی و سیاسییەکان. بۆرژوازی کوردیی ڕێک عەوداڵی ئەو دۆخە پڕ لە شکستەی نووسینە تا لەلایەک نووسەرانێک بهێنێتە پێشەوە کە وەفا و وەلائیان بۆ دەسەڵاتی شکسخواردووی کوردایەتی هەبێت و لەلایەکی تریشەوە سوپایەک لە خوێنەر ڕابهێنێت لەسەر شکاندنی جەوهەری نووسین و ئیرادە، لەتەواوی جومگە هەستیار و ناهەستیارەکانی کۆمەڵگە و ژیان بە ئەدەب و ڕۆشنبیریشەوە. بۆیە دەبینین کە نووسەران و شاعیران و نووسەرانی نوخبەی کوردیش بۆ ئەوەی پشکێکی فیکریی و ئەدەبیی و سیاسییان لەو کەمپینە دژە خەڵکییە لە ڕۆژی شیعردا بەر بکەوێت، دێن ژەهری دژە خەڵکیی و دژە شۆڕش و دژە کرێکاریی خۆیان دەڕێژن لەژێر ناوی نوێگەریی و ڕەهاوە چاوبەستەگیی لە خەڵک دەکەن و ئەو ڕێگە دروستەی کە شیعر دەبێت بیگرێت وەک چەکێکی کاریگەری نووسین دژ بە ستەم و نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی ژیان، لەبەرچاوی خەڵک دەشێوێنن. بەمەش پەیامی بۆرژوازیی لە ڕۆژی شیعردا، بەناوەڕۆکێکی کۆنەپەرستانە دەخەنە بەر دیدەی خوێنەر و وا لەخەڵکی عەوام و خوێنەری ناهۆشیار دەگەێنن کە بەشداریکردن لە ئەرکی هۆشیارکردنەوەی خەڵک سەبارەت بە پرسە سیاسییەکانی وەک خەبات و شۆڕش و گۆڕینی دونیای پڕ لە چەوسانەوە ئەرکی شیعر و شاعیر نییە و ئەدەب نابێت بەو ئەندازەیە خۆی بچووک بکاتەوە و خۆی لە قەرەی ئەم باسانە بدات و ئەم ئەرکانە بخاتە سەر شانی شیعر.! لەکاتێکدا پەیامی ڕاستەقینەی شیعر هۆشیاکردنەوەی خەڵکە بە بەرژەوەندییە چینایەتییەکانیان و بەشداری جیددی شیعر و شاعیرە لەو خەباتە بۆ گۆڕینی دونیای پڕ لە ستەمی بۆرژوازی و هەنگاونان بەرەو ڕزگاری یەکجارەکی. خوێنەری زیرەک و هۆشیار و خەڵکی بەشمەینەت دەبێت بزانن ئەو جۆرە پەیامانەی کە میدیای بۆرژوازی کوردی پیرۆزانە نمایشیان دەکات، هەوڵگەلێکن بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵکی ستەملێکراو لە خەباتیان بۆ ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی!٣
__________________________________________
پەراوێزەکان:
١- لە ساڵی ١٩٩٩ وە بە فەرمی لەلایەن یۆنسکۆوە ٢١ی ئازاری هەموو ساڵێک، وەک ڕۆژی جیهانیی شیعر ناسێنراوە. ئامانج لەم دیاریکردنەش پەرەدانە بە خوێندنەوە و نووسین و بڵاوکردنەوەی شیعرە لەسەرتاسەری جیهان.
٢- لەشاعیرانی کوردیش بەنموونە دلاوەر قەرەداغی و بەختیار عەلی لەڕێگەی ناوەندی باڵندەوە ئەو پەیامەیان لەساڵەکانی ٢٠١٩ و ٢٠٢١دا نووسیوە.
٣- ئەم نووسینە دەبووایە لە دەوروبەری ٢١ی ئازار بڵاوببووایەتەوە، بەڵام بەداخەوە لەبەر چەند هۆیەک دواکەوت.
 

ماڵپه‌ڕی عه‌بدوڵا سڵێمان(مه‌شخه‌ڵ)

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک