په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٨\٢٠١٠

نزار خەزرەجی و پارتی و حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی!


موحسین کەریم 


بڵاوکراوەی روداو کە ئیلهام لە پارتی وەردەگرێ بەشێکی لەچاوپێکەوتنێکی نەزار خەزرەجی بڵاوکردۆتەوە کە زیاتر لە ٣٠٠٠ ووشەیە و چەندین مەسەلەی جۆراوجۆری لەخۆگرتوە. لە گۆشەیەکدا ناوبراو تۆمەتێک بۆ حیزبی کۆمۆنستی کرێکاریی هەڵدەبەستێ گوایە لەبەرئەوەی پارەی لە سەدام وەرگرتوە جەلال تاڵەبانی لێیداون. روداویش ئامانجدارانە ئەو قسەیەی نەزار خەرزرەجی دەکاتە سەرتایتڵی چاوپێکەوتنە ٣٠٠٠ ووشەییەکە!


مەبەستی من لێرەدا وەڵامدانەوە بە نەزار خەزرەجی و بەرگریکردن لە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری نیە، چونکە ئەم وڕێنەیەی نەزارخەزرەجی گومانێک لای هیچ کەس لە خەڵکی عێراق کوردستان دروست ناکات. ئەوەندە بە کافی دەزانم کە قسەی برادەرێک ئاماژە پێبکەم کاتێک لە نامەیەکدا لەسەر فەیسبووک بۆی نوسیبوم "چۆن دەزانم ماست سپیە ئاوا دەزانم ئەو قسەیە درۆیە!" بەڵام دەمەوێ ئاماژە بەوە بکەم کە بۆچی نەزار خەزرەجی پەنا دەباتە بەر ئەو تۆمەتە دژی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری و بۆچی دەزگاکانی پارتیش وەکو هەنگوینیان لە کونە دارا دۆزیبێتەوە دەیکەنە بابەتی پڕوپاگەندەی بڵاوکراوەکانیان!؟

نەزار خەزرەجی، وەکو "روادونێت"یش دانی پیائەنێ، پاشئەوەی بە هاوکاری پارتی رەوانە دەرەوەی ووڵاتکراو گەیشتە دانیمارک و مافی پەنابەری لەو وڵاتە پێدرا، له‌وێ له‌لایه‌ن کۆمەڵێک لە هەڵسوڕاوی سیاسیەوە لەسەر تاوانەکانی بەرامبەر بە خەڵکی عێراق و کوردستان درایه‌ دادگا. لایەنێکی چالاکی ئەو هەوڵە بۆ دادگاییکردنی ناوبراو کادرانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بوون. ئەمە لەکاتێکدا یه‌کێتی‌و پارتی‌ پاکانەیان بۆ نەزارخەزرەجی دەکرد. کاتێک‌ دادگای دانیمارک بڕیاری ده‌ستبه‌سه‌رکردنی دا، ناوبراو خۆی ونکردو بەنهێنی دانمارکی بەجێهێشت و تا ئێستاش شوێنەکەی نادیارە! تێکدانی لانەی ئارامی ئەو سەرە تاوانبارەی رژێمی دڕندەو ئینساکوژی بەعس هۆکاری ئەوەیە کە ئەو هەڵیتوپەڵیتە دژی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری هەڵبڕێژێت!

بێگومان نەزار خەزرەجی کە ئێستا لە یاسا هەڵاتوە، دەبێ رۆژێک لەسەر تاوانەکانی بەرامبەر بە خەڵکی کرێکارو زەحمەکتکێشی عێراق وکوردستان روبەروی دادگا بێتەوە، هەرئەوکاتەش دەبێ تۆمەتەکەی لەدژی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بسەلمێنێ. بەڵام مەسەلەی گرنگ ئەو پڕوپاگەندەیەی دەزگاکانی راگەیاندنی پارتیە لە دژی حیزب. ئامانجی پارتی چیە لەو هێرشی راگەیاندنە بۆسەر حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان!؟

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان تەنها حیزبی سیاسی بوو کە جەسورانەو راشکاوانەهەڵوێستی سیاسی خۆی دەربارەی تیرۆری سەردەشت راگەیاندو بەرپرسیارێتی ئەو تاوانەی خستە ئەستۆی دەسەڵاتدارێتی پارتی. هاوکات لە ناوخۆو دەرەوەی کوردستان دەیان خۆپیشاندان و چالاکی سیاسی و جەماوەری بۆ هەڵخڕاندنی جەماوەرو رای گشتی لەدژی ئەو تاوانەو ریسواکردنی تاوانەکەو پێداگری لەسەر خواستی ئاشکراکردنی تاوانباران و بەسزاگەیاندنیان بەرپاکرد. رێکخستنەکانی حیزب لە دەرەوە توانیان پشتیوانی چەندین لایەنی کرێکاری و ئینساندۆست و کەسایەتی ئازادیخواز بۆ پشتیوانی لە خواستی ئاشکراکردنی تاوانباران و بەسزاگەیاندنیان و بەرەسمی ناسینی ئازادی سیاسی لە کوردستان بەدەست بێنن و چەندین یاداشتنامە بۆ ئەو مەبەستە بکەنە سەر سەرۆکی پارتی. سەرەڕای ئەمانە راوەستاویی خێزانی سەردەشت بە دەوری بەکر عوسمان (ناسراو بە ئارام عەلی) کادری پێشکەوتوی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، بەرامبەر بە پیلانەکانی پارتی بۆ بێدەنگ کردن و تەسلیمکردنی خێزانەکەیان، تا لەورێگایەوە نارەزایەتیەکانی جەماوەری ئازادیخوازی کوردستان لە دەرەوەو ناوەوەی کوردستان لە دژی تیرۆری سەردەشت بە کارێکی پوچ و بێبایەخ نیشان بدەن، ئەمانە ئەو هۆکارە سیاسیانەن کە مەبەستی ئەو پڕوپاگەندە چەواشەکارو هەزیلانەیەی دەزگاکانی راگەیاندنی پارتی لێکدەدەنەوە.

گاڵتەجاری زەمانە ئەوەیە کە لایەنێک کە سەرۆکەکەی چەندینجار دەستی رێزی بۆ سەدام حسین بە سنگەوە ناوە و بە سەرۆک کۆماری بەڕێزی عێراق ناوی دەهێنا، لایەنێک کە نامەی پاکانەی بۆ نەزارخەزرەجی گەورە تاوانباری سەربازی رژێمی بەعس ناردوە، لایەنێک کە لەلایەن بەعسەوە لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦دا دەسەڵاتی شاری هەولێری پێبەخشرا، وڕێنەیەکی نەزارخەزرەجی وەکو بەڵگەی هاوکاری نێوان بەعس و حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بڵاوبکاتەوە!
 

١١\٨\٢٠١٠

ماڵپهڕی موحسین کهریم