٢٣\٥\٢٠١٧
نزیكبوونەوەی
پەیەدە لە ئەمەریکا و
پڕچەککردنی یەپەگە
و هاوپەیمانەکانی جێگای نیگەرانییە.

زاھیر باھیر
هاوکێشە سەربازیی و سیاسییەکان و دۆستایەتی و نەیارێتی لە نێوانی
هێزەکانی ڕۆژاوادا لە بەرانبەر ئەمەریکا و ڕوسیا و تورکیادا
بەبەردەوامی لە گۆڕاندایە. دینەمۆی ئەم گۆڕنکارییەش زۆر بە کەمی
پەیوەندی بە داعش و هێزی ئەوانەوە هەیە ، بەڵکو زیاتر پەیوەستە بە
پاوانخوازیی و بەرژەوەندییەکان و مل ملانێ لەسەر دەسەڵات لە نێوانی
ئەمەریکا و ڕوسیا و تورکیا و وڵاتانی دیکەی ناوچەکەشەوە.
ئەوەی کە لە ئێستادا دەبینرێت گەیشتنی بە لێشاوی چەکی قورس و سووکە لە
لایەن ئەمەریکاوە بۆ هێزی سوریای دیمۆکرات، کە ئەمەش هۆکاری زۆری هەیە
. وێڕای جیاوازی ئەو هۆکارانە، بەڕای من بۆ ئێمەیەك کە هاریکاریی
ڕۆژاوا دەکەین دەبێت ئەمە جێگای نیگەرانییەکی یەکجار زۆرمان بێت ،
لەبری شادومانیمان . ئەویش لەبەر ئەم هۆکارانە:
یەكەم: ئەمەریکا لەسەردەمی ئۆبامادا، لە بەرانبەر ڕوسیادا بەرەو لە
دەستدانی نفوس و کێشی سیاسی دەبووەوە، کە ئەمەش کارێکی نەشیاوە لە
ئەمڕۆدا. چونکە ئەمەریکا هەتا بۆی بکرێت لە هەوڵی ئەوەدایە کە خۆی
گەورەی مەیدانەکە بمێنێتەوە ، لێرەشدا بۆ ئەوەی کە ئەو ڕۆڵە بگێڕێت
پشتگیرییکردنی هێزە کوردییەکانە لەوێ، ئەویش نەك لەبەر بەرژەوەندی کورد
، بەڵکو تەنها خودی خۆی.
دووەم: بۆ دەستەمۆکردنی هێزە کوردییەکانە و لەدەستدانی شۆرەتی باشیان و
ناوبانگی ئازادیخوازانەیانە کە سەراپای جیهانی پڕکردبووەوە . هەروەها
ئەمەریکا دەیەوێت کە بیانکاتە هێزێكی ئەساسی لە ئێستادا بۆ
بەدەستهێنانی مەبەست و ئاماجەکانی، کە ئەمەش باشترین ڕێگایەکە بۆ
ناجەماوەییبوونیان و بێ شۆرەتکردنیان.
سێیەم: دابڕینی ئەو هێزەیە لە پەکەکە و کەمکردنەوەی هەژموونی پەکەکە
لەسەر ڕۆژاوا. ئەمەریکا کار لەسەر بچڕاندنی تەواوی پەیوەندی یەپەگە
لەگەڵ پەکەکە دەکات.
چوارەم: دەبێتە هۆی تووندکردنەوەی تورکیا لە کورد و دەستتێوەردانی
ڕاستەوخۆ لە ڕۆژاواو هێڕشی دڕندانەی دیکە بۆ سەریان و هەروەها بۆ سەر
قەندیل و شەنگاڵیش .
پێنجەم: چڕکردنەوەی شەڕەکە و لاوازکردنی هێزە کوردییەکانە هەم بەدانی
قوربانی زیاتر و هەمیش بە لەدەستدانی ئەو شۆرەت و ناوبانگەی کە هەتا
ئێستا هەیان بووە . ئەمە جگە لەوەی کە شەڕی داعش و گەورەکردنی قەبارەی
هێزی سوریای دیمۆکرات، لەلایەکەوە زیاتر دەیانکاتە وابەستەی ئەمەریکا و
وڵاتانی ڕۆژاوا لە لایەکی دیکەوە ئامانجی لەناوبردنی داعش دەکاتە
ئامانجی سەرەکی، کە ئەمەش لەسەر حسابی بێ هێزکردن و پێشنەکەوتنی
کۆنفیدراسوێنەکان دەبێت. چەندێکیش ئەم هێزە سەرکەوتنی زیاتری
سەربازیانە بەدەستدبهێنێت و شوێنی زیاتر بگرێت، ئەوەندە زیاتر پێگەی
سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریی ، لە ڕۆژاوادا لەدەستدەدات. هەروەها
گەورە بوونی قەبارەی هێزی سوریای دیمۆکرات و پەیەدە لەسەر حسابی
خۆسەرییەکان و بزوتنەوەی تێڤدەمە.
بە گوێرەی ئەوەی کە دەیزانین ژمارەی شەڕکەرانی هێزی سوریای دیمۆکرات ٥٠
هەزار کەسە. ئەگەر تەنها لەم ژمارە زۆرە تەنها ١٠ هەزاریان خەریکی
کارکردن بوونایە لە کێڵگە کشتیارییەکان و هەرەوەزییەکان و دروستکردنی
قوتابخانە و خەستەخانە و خانووبەرە بوونایە، ئێستا ژیان لە ڕۆژاوادا
شتێکی دیکە دەبوو.
شەشەم: پاش ئەوەی کە دەرکەوت بزوتنەوەیەکی وەکو ڕۆژاوا لە ناوچەکەدا
ڕوینەدا وەکو پشتوپەنایەك بۆیان هەروەها هاریکاریی و کۆمەكی
نێونەتەوەیییش نەگەێشتە ئاستێكی کاریگەر، ئیتر مانەوەی ڕۆژاوا و
هێزەکانی بەستراوەتەوە بە مانەوەی داعشەوە . کەی داعش نەما ئەو کاتە
سەرەی ڕۆژاوا دێت، یاخود لەو پەڕی باشیدا کورد لە ڕۆژاوادا دەبێت ڕازی
بێت بەوەی کە بۆی دیاری دەکرێت ، نەك بەوەی کە خۆی دیاریدەکات، ئەمە
نەك هەر لە ڕوی داخوازییەکانەوە بەڵکو لە ڕوی بوونی سیاسیی و پەیوەندی
دیبلۆماسیشی لە تەك دەوڵەتانی دەوروبەر بەتایبەت حکومەتی هەرێـم و
تورکیا و سوریای ئێستاو داهاتووش.
حەوتەم: هەبوونی داعش وەکو هێزێك لەوێدا هاوکێشەیەك دادەنێت بۆ پێگەی
سیاسی و سەربازیی کورد. دوای بەزاندنی داعش لە موسڵ و لە ڕەقە ، وەکو
پێشتریش پێشبینیم کردووە لێدانی هێزەکانی ڕۆژاوا و پەکەکە ئەو پەڕی
چاوەڕونکراوە کە ئەمەش ڕەنگە لە کۆتایی مانگی ئاب یاخود ئەیلول- دا
ڕووبدات ، لەو بارەشدا ئەگەریی هاتنەناوەوەی ڕاستەوخۆی تورکیایە بە
هاوکاریی پارتی . ئەم شەڕەش ماوەیەکی زۆرە لە لایەن توورکیا و وڵاتانی
ناوچەکە و بارزانی و بە ئاگەداری ئەمەریکاو بریتانیا پلانی بۆ کێشراوە
و کارەساتیش لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.
هەشتەم: نزیکبوونەوەی پەیەدە و هێزی سوریای دیمۆکرات دەبێتە هۆی
تووڕەبوونی ڕوسیا، ئەمەش ڕەنگە سەرنجامەکەی گۆڕانی هەڵوێستی سوریا بێت
لەژێر داوای ڕوسیادا، گەر ئێستاش نەبێت ، ڕەنگە لە ئایندەدا. ڕەنگبوایە
گەر پەیەدە ئەو نزیکبوونەوەی لە ڕوسیاوە بوایە باشتربوایە چونکە ڕوسیا
هاوپەیمانێکی زیاتر متمانە پێکراوە تاکو ئەمەریکا. هەروەها لەوە دەکات
کە ئەسەد لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە و زیاتریش گوێ بۆ ڕوسیا دەگرێت. ئا
لەو بارەدا دوای وەستانی شەڕ ئەسەد لەژێر فشاری ڕوسیادا لە ڕۆژاوا
دەگەڕا، تاکو ئایندەیەکی باشتری هەبێت ، باشتر لەوەی کە ئەمەریکا و
ڕۆژاوا ڕەنگە بۆی دیاریبکەن.
بەڕای من لە دوای جەنگی کۆبانی و ڕزگارکردنی گوندەکانی ئەو دەڤەرە،
دەبوایە یەپەگە و یەپەژە هەر لە هەڵوێستی بەرگریی-دا بمانایەتەوە، لە
بری هێڕشکاریی. دوای ئەو جەنگە پاڵەوانانە و هاتنەناوەوەی ئەمەریکا و
ڕوسیا، شەڕەکە لەشەڕی هێزەکانی ڕۆژاوا و پەیەدە تا ڕادەیەکی زۆر
دەرچووە و بووە بە شەڕێ ڕوسیاو ئەمەریکاو تورکیا و سوریا. هاوکاتیش
پەیەدە دەبوایە باشتر مامەڵەی گۆڕانکارییەکان و هاوکێشەی هێز و
بەرژەوەندی ڕۆژاوای بکردایە . هەروەها دەبوایە پەیەدە دەسەڵاتی زیاتری
بۆ تێڤدەم و خۆبەڕێوەبەرییەکان بهێڵایەتەوە تاکو ئەوان بەزۆرینە بڕیار
لەسەر شەڕ و ئاشتی بدەن.
ئێستا بە ئاشکرا دەبینین کە سروشت و ئاڕاستە و جەوهەری شەڕەکە گۆڕاوە و
بووەتە شەڕی زلهێزەکان و هەندێك لە وڵاتانی ڕۆژاواو حکومەتەکانی
ناوچەکە بە هەرێمیشەوە. ئەم شەڕەش شەڕی پاوانخوازیی و بەرژەوەندی
سیاسیی و ئابووریی هەموو ئەو لایەنانەیە، نەك کورد لە ڕۆژاوادا.
بۆ بەدبەختی، ئەم بارودۆخەی ئێستا ، لەوە ناکات سەرەنجامێکی باشی هەبێت.
لەوە دەکات کە داعش لە موسڵ و ڕەقە دەرکران ئەو کاتە شەڕەکە بکەوێتە
ڕۆژاوا و شەنگاڵ و قەندیل. وەکو پێشتر ئاماژەم پێکرد ئەمە پلانە و لە
لایەن بارزانی و تورکیاوە بە ئاگەداریی ئەمەریکا و بریتانیا و ئەڵمانیا
و ڕەنگە ئێرانیش لێی بە ئاگابێت.
١٣\٥\٢٠١٧
- لەندەن
ماڵپەڕی زاهیر باهیر
|