٤\٦\٢٠٢١
نۆ چوارینە.

عەبدولوههاب
ئەلبەیاتی |

و: نەژاد
عەزیز سورمێ |
١
مەسیح خوێنی خۆی بە پاشای کەر فرۆشت
شۆڕشگێڕانیش بەزین و
چیھان لە چڵپاودا نوقم بوو
ڕووپۆشی گاڵتەجاڕانیش کەوتنە زڵکاوەکانی شەرمەزاری.
٢
ئاگرم لەسەر پێخەفی خۆشەویستیم کردەوە
لەبەر دەرگایاندا بەجێی ھێشتم پیر ببم ، بڕوخێم
سووتاندمی ، بە خۆڵەمێشییەوە فووی پیا کردم و
وەکو مار لە دیواریدا نووستی.
٣
ھەڵکەن بە وشە پەتکیان پساند
کەوتنە تاریکایی بیران
پاڵەوانی سەر پەتکانیش
وەک توانەوەی شێوانی شەو لە ڕۆژدا ، توانەوە.
٤
سوکرات!
دەبێ مانایەک ببینینەوە و بەروانکەکان بدڕێنین
دەبێ بیبڕێنینەوە
دەبێ پێستی مەڕ دابماڵرێ و ئەو شێواویە بدرێتە بەر شواڕکان.
٥
سیاسییە پیشەوەرەکان دارەمەیتان ساف دەکەن
تۆش لە غوربەتدا نە دەژی و نە دەمری
لە چاوەڕوانی ڕێگران
بەفر و ئەستێرە و یاقووت دەتشێرنەوە.
٦
دەبێ ھەڵبژێرین
باھۆز بگرین و سفران بخوولێنینەوە
دەبێ مانایەک لە پشت بێھوودەیی ژیان بدۆزینەوە
ژیان لەم جەمسەرە داخراوەدا خۆکوژییە.
٧
دەبێ ڕۆما بڕوخێ و
لەو خۆڵەمێشەدا گەش بێتەوە ئاگر
برووسکە درەختان بسووتێنێ
دەبێ لەم کۆرپەڵە مردووەدا لەدایک بن شۆڕشڤان.
٨
دەگەڕێینەوە ، کێ دەزانێ ، ناگەڕێینەوە
بۆ دایکە زەمین کە کۆرپەی ئومێدی چاوەڕوانکراوی
لە ھەناویدا ھەڵدەگرێ و قووڵی ئەم خەم و بەڵێنانە
پەپوولەی بوون بە دەوری ئاگرماندا دەخوولێتەوە.
٩
مردووی زیندوو بێ نان و بێ ئامانج
فوو لە خۆڵەمێش دەکا
بەڵکو نیشاپور
وەک مار بەرگی خەمی دادەکەنێ و کۆت دەپسێنێ.
_____________________________________________________
*
لە (عبدالوھاب
البیاتی - الاعمال الشعریە) بەشی دووەم، بڵاوکردنەوەی (المؤسسە العربیە
للدراسات والنشر) - بێرووت ١٩٩٥ ل ٩٥.
ماڵپەڕی
نەژاد عەزیز سورمێ
|