٢٦\٧\٢٠١١
نۆش
ئەی مەراق.

زمکان
عەزیز
ئەو ژەھرە چەند
شیرینە
کە لە دەمی تۆوە
بە قەستی مردن
ماچێکم ئەکەیت.
*
* *
ئەو پێکەش چەند تاڵە
کە بێ تۆ ..
لەم مەراقخانە
خەیاڵم نۆشی ئەکات.
*
* *
ئەو فێڵە لە خودا
چەند جوانە ..
ئەو دزیە لە خەڵک
چەند پاکە ..
کە من تۆم ھەبێت
چیبکەم لە ئەخلاق.
*
* *
کە تۆ دەرم ئەکەیت
بۆ دەرەوە پاڵم پێوەئەنێیت
لە دواتەوە ..
عەشق چاوم لێدائەگرێت.
*
* *
لە نامەیەکدا نوسیبوت
بۆ بینین و
بۆ بیستنی .. من
ھەتا ھەتایە ناتەوێت
کەچی ھەموو ڕۆژێک
بە دزی تۆوە ..
من و نامەکەت
ئەچینە دەرەوە ..
شەوانیش بە تەنیشتمەوە
ئەنوێت.
*
* *
ویستم لە پەنجەرەکەتەوە
بتبینم ..
پەردەکەت دادایەوە
گڵۆپەکەشت کوژاندەوە
لە خۆشیدا تا بەیانی
ھەڵپەڕیم
ئاخر ..
تۆ لەوێیت.
*
* *
ووتت ..
من تۆم ناوێت
ڕقم لە تۆیە
بە خۆمم ووت ..
ئێستا ئەزانم
کە من ھەم.
*
* *
چرایەک ئەکوژێتەوە
وائەزانم ..
لەسەر جێی نوستنم
چرایەکیش دائەگرسێت
وائەزانم ..
بە ووردە ماچی تۆ
خەبەرم ئەبێتەوە.
*
* *
لە ژوورێکدا ..
چاوەڕێی کچێک ئەکەم
لە شقامێکیشدا
چاوەڕێی ئازادی ،،
ئاخر .. شەقامەکان
بێ دەرگا و
بێ پەنجەرەن.
*
* *
من ..
حەزم لە ئازادی نیە
ئازادی ،،
لە دڵی ھەموو کەسێکدایە
من ..
حەزم لە تۆیە ،،
لەناو دڵی من
بە تەنیا تۆ ھەیە.
*
* *
بەر لە مردن
ووتیان ..
حەزت لە چیە
ووتم .. مردن
ئاخر ..
بە تەنھا مردن
من ئەکات بە ھی تۆ.
*
* *
لە تونێلە تاریک و تەڕ و توشەکەدا
لەوسەرەوە ..
کونێک ماوە بۆ ھەناسە
کونێک ..
ڕوناکی لێوە ئەڕژێت
کونێک ..
لە قوڵایی تاریکیەکەدا
لە لێوی تۆ ئەچێت.
*
* *
ئەو سەری ڕێگاکە
لای تۆ ..
گیراوە
ئەمسەریش .. لای من
بە ئەسپی ئومێدەوە
بەسراوە ..
گەرچی نازانم
ئەسپەکە ..
بەرەو کوێ ئەڕوات.
*
* *
ئەوە عەشقە
لە شەڕی عومردا
ئەتوانێت ..
ھێرشی بەربەریانەی
تووکە سپیەکان بۆ سەر ڕەشەکان
ڕاگرێت ..
بەیانی زوو
لە ئاوێنەکەتەوە تەماشاکە.
ماڵپهڕی زمکان عهزیز
|