په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\٤\٢٠١١

نۆستالیژیا و نووسین.


فەرەیدوون سامان  


مرۆڤ هەمیشە بۆدۆزینەوەى ئەو هێزو وزەو بوونە شاراوەو بزرەى خۆى کە هەیەتى دەگەڕێ.. تۆ کە لەدایک دەبیت هەست دەکەى دێیتە سەر زەمینێک، ئەو سەرزەمینە جەنجاڵە، ئەو زەوینە ئاسودەیە نییە ،کە بە چاو تروکانێک بەختەوەرت بکات ، تۆ بیر دەکەیتەوە ، بۆیە هەمیشە دەگەڕێى بەدواى ناسنامەى خۆت، سەرەتا بەدواى ناسنامەى خۆت دەگەڕێى چۆن بتوانى ببیتە کارەکتەرێک تا لەناو کۆمەڵگاکەت تا خەڵک و دەوروبەر ڕێزت لێبگرن، وەک کارەکتەرێکى جوان بتوانى بەرامبەر بەوە خزمەتێکى گونجاو بە خەڵک و دەوروبەرەکەت پێشکەش بکەى، وەک خزمەتی پەروەردەو فێرکردن یان ئەدەبى و هونەری و فەرهەنگى هتد...، لێ کەسایەتى نیگەران هەمیشە لەحاڵەتى ڕابردوودا دەژی و بیر لە داهاتووی خۆی ناکاتەوە، ئەم سۆزە بۆ رابردوو لە زمانە لاتینیەکاندا پێی دەگوترێت (نۆستالیژى)، ئەم رەوشە دەروونییە واى لە مرۆڤی نیگەران کردوە جۆرێک لەنامۆیى لا دروست بێت، متمانە و باوەر بەخۆبوون بە تواناو داهێنانەکانی خۆی لەدەست بدات ، بۆ نموونە ئێمە ئەگەر ئاوڕێکی خێرا لە ئەزموونی هەندێک لە هونەرمەندان و رووناکبیرانی کورد بدەینەوە کە بەر لە بیست بۆ سی ساڵێک شاعیرو نووسەر یان هونەرمەندی بەهرەمەندو بەتوانا بوون و لە رۆژگارە سەختەکاندا کە رژێمی بەعس هەموو هەناسەیەکی ئازادی خنکاندبوون بە هەموو جۆرێک دژایەتی هزرو هەڵوێست و قەڵەمی ئەو مرۆڤە بەخشندانەی دەکرد، کەچی لەپێناو پاداشت و مووچەی چەورو پۆست و دەسەڵات سازشیان نەکرد، لێ مخابن نها ئەگەر لەچاو جاران رێژەییش بێت لە سایەی ئەو ئازادییەی کە لەدەربڕین و نووسین و هزردا بۆ نووسەران و هونەرمەندانی کورد رەخساوە، سەرباری هەبوونی ئەو هەموو داوو دەزگا رۆشنبیری و چاپەمەنیەی کە ئەمڕۆکە لە هەرێمی کوردستاندا فەراهەم بووە وبەداخەوە چاوەڕوانی ئەوە نەدەکرا ئەو نووسەرو هونەرمەندە بەهرەمەندانە ئەمڕۆکە بێ بەرهەم بن و بەخشندە نەبن.


پرسیارەکە لەوەدایە ئایا کێشەو کەموکوڕییەکە لەمیکانیزمی ئەو دەزگایانەدایە، بۆ نموونە وەزارەتی رۆشنبیری کەوەکو پێویست ناکارێ مامەڵەیەکی تەندروست لەگەڵ داهێنەرانی ئێمە بکەن، وەک ئەو بەرپرسانەی کە ئەمڕۆکە لەناو وەزارەتدا پلەو پایەی هەستەوەرو بەدەسەڵاتیان هەیە وەلێ لەبنەڕەتدا ئەم کارمەندانە زۆرینەیان بێ بەهرەو بێ تواناو بێ بڕوانامەی زانستین و کە جگە لەفەرمانبەرێکی حیزبی شتێکی دیکە نین، یانیش نەبوونی پرۆژەیەک بۆکارو چالاکییە فەرهەنگییەکان و دوور لە بەرژەوەندی شەخسی و ناوچەگەرێتی کە ئەزمونەکانی ساڵانی رابردوو سەلماندی کە بەگیانێکی کوردانە ئەم بزاڤە رۆشنبیریانە ئەنجام نەدراون، هەروەها نەبوونی بیرۆکە یان پرۆژەیەکی تۆکمەو تەندروست بۆ لەچاپدانی بەرهەمی لێکۆڵەرێک یان رۆماننووسێک و شانۆنووسێک و شاعیرێک و ...هتد.


هەروەها جیاوازی کردن لەنێوان نووسەرو هونەرمەندی شارێک و ناوچەیەک لەگەلڕ ئەویتر و پتر بایەخدان بە رووناکبیرێَکی گوێرَایەڵ و پشتگوێ خستنی رووناکبیرێَکی رەخنەگر، ئیدی گەرەکە لە هۆکارەکانی بێدەنگی و کەم بەرهەمی ئەو نووسەر و هونەرمەندانە بکۆڵرێتەوە، کە هەر تەنها رووبەرووی گلەیی خوا و خەڵک نەکرێنەوە، کە بۆچی ئێستا وەکو ساڵانی رابردوو بێ بەرهەمن و بەخشندە نین، ئەمانیش لەو دۆخە نۆستالیژیەی خۆیان دەرباز بن و بەرهەمی نوێ و داهێنەرانەتر پێشکەش بەنەوەی نوێ بکەن.
 

ماڵپه‌ڕی فه‌ره‌یدوون سامان

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک