په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

نووسه‌رگەلێک هەن : ئاشق بە پارە و دەسەڵاتن....!

  
حەمەى ئەحمەد رەسوڵ


دیاردەیەکى زۆر ترسناک ، کە ئەمڕۆ نێو ژینگە و مەجلسی نووسه‌رانى کوردستانى ئازادى تەنیووەتەوە ، ئەوەیە کە نووسه‌رانێکى زۆرى هەندەراننشین پاش ئەو هەموو سالانە لە فێربوون و لە کرانەوە ، لە زمانێکى زیاتر فێربوون و لە فەرهەنگ و کەلتوورێکى دەوڵەمەندتر وەرگرتنەوە .. لە دیدگاى فرە ڕەنگتر و ڕەهەندى زۆرتر و بەرفراوانترەوە ... لە دونیاى جوانتر و سروشتى کردگارترەوە ،لە پەیوەندى پڕ خۆشەویستى و عاشقانەترەوە ..لە چاوێکى گەشترەوە بۆ ژیان و ماناکانییەوە ... لە عیزەتى نەفسێکى بەرزترەوە ..... لە دەروون و ناخێکى تەندروستترەوە ..لە کەسێتییەکى دروستترەوە .... ئەفسووس و مەخابن ، کەسانێکى نووسه‌ر و رووناکبیر و وەرگێڕ و پسپۆڕ و زانا کە چەندەها ساڵە لە خزمەتى زمان و فەرهەنگى کوردیدابوون .. هاتنەوە بۆ نیشتمان و خەڵکانێکى زۆریش بەوە خۆشنوود و بەختەوەر بوون کە ئیدى بەڵکو ئەم نووسه‌رانە بتوانن ، گۆڕانێکى نوێ ، هەنگاوێکى نوێ ، دیدگایەکى نوێ ، پڕۆژەیەکى نوێ ،تەکانێکى نوێ ،خزمەتگوزارییەکى نوێ پێشکەش بە خەڵکى هەناسەسارد و ستەمدیدەى ئەم خاکە خێرنەدیووە بکەن .....!


بەڵام ئەوەى جێی داخە و نیگەرانییە ئەوەیە کە ئەم نووسه‌رانە زۆربەى زۆریان هاتوونەتەوە بۆ ئەوەى بچنە پاڵ ( حەجەکە ) و بۆئەوەى کە ڤێلا و سەیارە و مووچەى خەیاڵى و.....تاد. وەکو ئیمتیازات و خەڵات لەلایەن دەسەڵاتى کوردییەوە وەربگرن ..!! نووسه‌رى هێژا و بەڕێز : ئێمە ناڵێین حیزبى مەبن و لەگەڵ دەسەڵاتى کوردیدا مەبن ..هیچ شورەیی و نەنگى نییە تۆیەکى نووسه‌ر حیزبى یان هەوادارى ئەم حیزبانەى ئێمە بیت .. هیچ نەنگ نییە تۆ لە هەندەرانەوە بۆ باوەشی ئەم حکومەت و حیزبە دەوڵەمەندانە بگەڕێیتەوە .. هەر هیچ نەنگ نییە و تۆ ئازادیت کە نەتوانیت لە خانووى کرێدا بژیت و تازە بە تازە کرێچی بیت ........!
بە هیچ شێوەیەک شورەیی نییە و تۆ ئازادیت کە نەتوانیت سوارى پاسی کۆستەر ( 21 نەفەرى) ببیت کە لە پاسەکانى سودان و سۆماڵ دەچێت ... تۆ ئازادیت و هەقتە کە نەتوانیت برنجى باییعى بخۆیت .. بەڵێ هەقتە کە نەتوانیت بە چەندەها کاژێر بێکارەبا و بێ ئاو و بێ سووتەمەنى و بێ هاتوهاوار و قیژەقیژی هەژارانى کۆڵانە میللییەکان بژیت ......!


بەڵام نووسەران و هونەرمەندانى برا و خوشکە جوانەکانى بەندە ، تەنها یەک پرسیارى لاسار و بزێو و بێچاوو ڕووم لێتان هەیە و بەس ، ئایا ئێوە لەم ڕەوشە ناهەوار و بێسەروبەرەییە ڕازین ؟ ئایا ئێوەش بوونەتە کەڕەى شەربەت ؟ ئایا گوێتان لەو هەموو سکاڵایانە نییە ، گوێتان لە گرییە و زارى : مناڵ لاو و ئافرەت و پیاو و پیر و نەخۆش و خێزانى ئەنفالکراو و شەهیدان و پێشمەرگەى دێرینى هێژا و گوندنشینان و شارنشینان و تەلەبە و قوتابی و خوێندکاران و مامۆستایان و کارمەندان و بێکاران و نووسه‌رانى بێ پشتو پەنا و هونەرمەندانى ناحیزبیى - هەژار و ڕێزلێنان بڕاوان و مووچە بڕاوان و جوتیاران و شۆفێران و .....و.....و .....تاد.


ئێوە لە تەنیشتى حەجەکەوەن بە بەڵگەش زۆربەى جاران ، لە تەلەفزیۆن و موناسەباتدا دەتانبینین ...بابەت و نوسین و کێبەکانتان زۆر بە ئاسانى و بێ زەحمەتکێشان و هاتووچوون بۆ چاپ و بڵاو دەکرێتەوە ... پارەی زۆر و خەڵاتى زۆر و ئینتیازاتى زۆرتریش وەردەگرن ...!!


بەڵام ئایا ئێوە لەوە ناترسن و پرسیارێکى ویژدانیی لەخۆتان ناکەن ، کەئایا بۆ ورتەیەک ، ئاخاوتنێک ،قسەیەک ، نوسینێک ، بەیاننامەیەک ، پڕۆژەیەک ، هەڵوێستێک ، ڕێکخراوێک ، لانەیەک ، ماڵێک ، مەجلیسێک ، دیوانخانەیەک ، فەرهەنگخانەیەک ، لیژنەیەک ، بەدواداچوونێک ، بۆچی هیچ هەلوێستێکى جارانى سەردەمى بوێریتان نەماوە دەرهەق بەو ژیانە ناخۆشەى خەڵکان و زۆربەى دانیشتوانى کوردستانى ئازاد بەسەریدەبەن !

زۆرێک لەو نووسه‌رانە چەندین ساڵ لە هەندەران و لە ئەوروپاى ئازادو مەعریفە و زانست و دیمۆکراسیدا ، وانەى فێربوونیان خوێند : سەبارەت بە پەروەردەى تاکى سەربەخۆ و ئازادى و مافە مرۆڤــ و یەکسانى و دادوەرى کۆمەلایەتى و سەروەرى یاسا و بەهێزى و سەربەستى ڕەهاى پەرلەمان و فرە حیزبى و فرە ڕەنگى و شەفافییەت و شەفافییەتى بودجە و نەسرییە تەرخانکردن و خەرجییەکانى حکومەت و وەزارەتەکان ، چەند وانەیان بینى و بیست سەبارەت بە سزادانى سرپێچیکاران لە وەزیر و گزیرانى ئەوروپا و دادگاییکردنییان لەبەرچاوى خەڵکییەوە و لەسەر تەلەفزیۆنەکان و ڕیسواکردنییان بۆ یەکجاریی و نەفرەتکردنییان بۆ هەتاهەتایی..!


زۆرێک لەم دلێرانە ، چییان هێنایەوە بۆ کوردستانى دواکەوتووى بێ خاوەن ..؟ چ هەڵوێستێکیان نواند کە کەللە تەزێن بێت و بوغراکانى نێو دەسەڵات و حیزبەکان بتەزێنن !


(( بێجگە لە هەڵــــوێستى ئازا و بوێر و ناوازانەى هەریەک لە مامۆستایان رێبوار سیوەیلـــــــــــــــــــی و دکتۆر فەرهاد پیربـــــــــــــــــــــــاڵ نەبێت کە ژیان و پلە و پایەى خۆیان و خێزانیان خستە مەترسییەوە و بە نێو خەڵکیدا کەلتوور و رۆشنبیرییەکیان پیادەکرد و فەرزکرد بەسەر کۆنەخوازاندا کە نزیکببوەوە لە هەڵوێستى هەریەک لە ڕۆسۆ و ڤۆڵتێر و سارتەر و ماندێلا و گاندى و حورمەتیان بۆ قەڵەم و دەنگ و ڕەنگى نووسه‌ر و رووناکبیر و مامۆستاى زانکۆ گەڕاندەوە ....!))


ئەو نووسه‌رانە کە ئەمڕۆ لە حکومەت و لە حیزبەکانى کوردستاندا پۆستییان هەیە بە ئاشکراو بە نهێنى ..زۆرێک لەو کادێر و دکتۆر و ماستەرانەى لە هەندەرانەوە گەڕاونەتەوە .. زۆر لەو کادێرە حیزبییانە خراپتر و بودەڵتر و گرگنتر و گەندەڵترن کە لە مێژە لە کوردستانن و لە دواى راپەڕینەوە پۆست و کورسی و مێزیان هەیە زۆر لەم ئەزموونکارانەى هەندەران خاکیتر و بەخزمەتتر و نەجیبترن ....هەندیچکى زۆریان هەن کە چاوپۆشی ناکەن ، بێدەنگى هەڵنابژێرن ، بێهەڵوێستى ناکەنە کارو خووى رۆژانەیان ، نەبوونەتە کەڕەى شەربەت ..وەڵامى تەلەفۆنى ناسیاو و برادەرانیان دەدەنەوە .. سەردانى هەژاران و نەداران و نەخۆش و کەسوکارانى پرسەدار دەکەن .. لە پشت جامى رەشی سەیارەکانیانەوە جارجار سڵاوێک لە ئەحباب و دۆستى پیادەى سەر شەقامە بێبەزەییەکانى کوردستانیان دەکەن ...!


زۆرێک لەم نووسەر و کادێر و ئەزموونکارانەى گەڕاونەتەوە هێندەى ئەو لاوانەشیان پێناکرێت ، کە لەم رۆژنامە یان ئەو رۆژنامە سکاڵاى خەڵکى خێرنەدیووى ئەم نیشتمانە دزراوە بە دەسەڵات و بە حکومەت دەگەیەنن و لێرەو لەوێ هەڕەشیان لێدەکرێت و چاویان لێسووردەکەنەوە و دەم و کاکیلەیان دەهاڕن ....!رۆژانە بە لێشاو ژن و ئافرەتى کورد ، لەم کوردستانە ئازاد و زەنگینەدا دەکوژرێن و دەسووتێن و زیندەبەچاڵ دەکرێن و ون و بێسەروشوێن دەکرێن .. ژنکوژ و ئافرەت سووتێن و جەلادى رۆحى کچەجوان و بێگەردەکانیشمان وەکو بەرزەکى بانان بۆى دەردەچن و نە یاساى سەروەر دەتوانێت سزایان بدات ، نە بەرپرسەکانمان نە زەبرى دەسەڵاتیان ڕاپێچی لاى دادگایان دەکەن ، نە کەسێک و لایەن و کۆمەڵە و ڕێکخراوێک و زانکۆ و پیاوانێک ، دەرهەق بەم جەهلستان و نەزانى و وەحشییەتگەرایە ، یاداشتێک یاخود بەیاننامەیەک یان ئیدانەکردنێک لەم ئەوروپییە ئازادیخوا و نوێخوازانەوە دەبیستین و دەبینین ....!


زۆربەى زۆری ئەم نووسه‌ر و کادێرانە ئەمێستا لە کوردستاندا مامۆستا و ڕاوێژکار و وەزیر و وەکیل وەزیر و بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیکار و کاربەدەستى گەورەى حیزب و حکومەتن ، باشە کوا ، کامەیە ، چییە قسە و تیۆری و پڕۆژە و بەرنامە و ڕەخنە و گازەندە و گلەیی و هەڵوێست و یاداشت و نامەى دەست لەکارکێشانەوە و ڕەفزکردن و قبووڵنەکردنتان و ناڕەزاییتان ؟


رۆژ لە دواى رۆژ بارى ئابوورى و کۆمەلایەتى و سیاسی و دەروونە تاک و کۆمەڵى کوردستانمان بەرەو خراپ و خراپتر و چەواشە و چەواشەتر و گەندەڵ و گەندەڵتر و گەندەڵترین و بەرەو هەڵـــــدێر و بەرەو هەرەس و لێکدابڕان و لێکترازان و تەکەتوول و تەکەتولکاریتر دەچێت .....!


ئێوە لە ئەوروپا وانەتان سەبارەت بە گەندەڵى و دزى و واسیتە و خزم خزمێنە و مەحسوبییەت خوێندووە ، وا ئێوەش هاتوونەتەوە سەر هەمان سفرە و بەلاتانەوە ئەم کەشوهەوا و ئاتمۆسفییرە ، غەریب و نامۆ نییە ....!؟


لە ئێوە ئەپرسم و لە ئێوەوە دەست پێدەکەم ، چونکە ئێوە بە دیوێک زۆر هەستیار و حەساس و دڵناسک و شاعیرین و زۆربەشتان شاعیرن و تێگەیشتوون و خوێنەر و نووسه‌رن ، هەروەها بە دیوێکى دیکەش زۆر نزیکن لە دەسەڵاتەوە و حیزب و حکومەت متمانەتان پێدەکات ، توو ئەو خوایەى ئەیپەرستن و توو ئەو بڕوایەى بڕواتان پێیەتى ، وو سەرى ئازیزتان ، ئایا لەم زەمەنە ناخۆشترتان بەچاوى خۆتان بینیووە ..؟


ئایا ئێوە لە هەندەران و لە وڵاتانى ئەوروپی بەچاوى خۆتان نەتانبینى کە حیزب و حکومەت و دەوڵەت بۆ خزمەتکردنى خەڵکى لەسەر کورسی دانیشتووە ، نەک خەڵک خزمەتى ئەوان بکات ، من بە چاوى خۆم لە هۆڵەندا بینیم کە شاژن بیاتریکس / چەندە گریا و خۆى پێڕانەگیرا لەبەردەم کامێرادا ، بۆ ئەو شارەى کە کارگەى فیشەکە شێتەى تیا تەقییەوە .. ( شاری ئەنیشخەدەى لە هۆڵاند ) یان وەکو لاى ئێمە دەبێت خەڵکى لەخزمەتى حیزب و حکومەتدا ژیانى نەهامەتى بژی..... !!؟؟ دەبێت لێرە کارەبا و ئاو و نەوت ببنە ئەستێرەى سیوەیل و ببنە داخى دڵ و دەردەدڵى خەڵکى زۆرینەى کوردستان ،ببنە جەڵتەى دڵ و دەماخى هەزاران هەزار خەڵکى ڕەسەنى کورد ...!


ئەوا بۆ چوار ساڵ دەچێت لە هۆڵەندا گەڕاومەتەوە و بە چاوى خۆم دەیبینم و تەماشایان دەکەم ، زۆرێک لەوانەى کە دەگەڕێنەوە هەفتەى یەکەم لە چایخانەى سەهۆڵەکە دەیانبینم و پاشان یان دەچنە نێو سەیارەى جام ڕەشەوە و ئیدى هەر ئەو ئێمەى لاتوپات دەبینێت یان لە پشت سپلیتى ئەم یان ئەو دەزگاى حیزبى یا حکومى یان رۆشنبیرى یاخود رێکخراوى لەژێرەوە سەر بە حیزبى و بەناو ئەهلى دەیانبینمەوە ... ئیدی بە قودرەتى قادر و بە کوون فەیەکونێک دەبنە خاوەنى سەیارەى مۆدێل بەرز و خانووى مەڕمەرى و پۆشاکى فاسۆنى ئینگلیزى بریقەدار لەبەردا و نوسینەکانیشیان زۆر بچووک دەبێتەوە و بەڵام بە بۆڵدى گەورە و بە وێنەى زۆر گەرەوە و لە لاپەڕەى تایبەت و لەگەڵ پیاوماقووڵان و مەجلسی ڕیش سپییەکاندا و لە رۆژنامە گۆڤارى بەگ و ئاغاکاندا بۆیان بڵاویاندەکەنەوە و پاداشت و موکافەئاتیشیان بە سەیارە بۆ دەبەنەوە بەدەرکى ماڵیان .....!


***


خوشک و برایانى نووسه‌ر و هونەرمەند و کادێرى گەڕاوە لە هەندەرانەوە ..ئەمەوێت زۆر بە کورتى و بێ سەرئێشاندنتان ، چیرۆکى گەڕانەوەو خەون و پڕۆژەى بەندەتان بۆ بگێڕمەوە ، وەکو ئەزموون لەگەڵ دەسەڵاتى کوردیدا ، و هەوڵدان بۆ ئیشکردن و جێگەگرتنەوەى گەندەڵ و بوودەڵێک لە شویچنى ناشیاوى خۆیدا ..!


بەندە کاتێک کە لە هۆڵەنداوە گەڕامەوە ، یەکەم کارو کردەوەیەک کردبێتم ئەوەبوو کە خاکى کوردستانم خستە نێو زارمەوە و تانەمکرد بە قووڕ و نەمجوو ، هەڵنەستامەوە سەرپێ .. بەڵام لەولاوە براکانم پێم پێدەکەنین و دەیانووت سبەینێ ڕاى خۆت دەگۆڕیت ..سبەینێ تفى لێدەکەیت و بێز لەم خاکە دەکەیتەوە .....!وەلى من لەبەر گریان و چاو بە فرمێسک بوونم : نە گوێم لەوان بوو ، نە لەبەر قەتیسی چاوم بە ڕۆندک ، بە تەواوەتى دەشمبینین ..!! زۆرم هەوڵدا و پاش نزیکەى دوانزدە ساڵ لە نووسینى دوو فەرهەنگ و تەواو کردنییان هێنامنەوە بۆ چاپکردن ، یەکێکیان کە ئیسپانى – کوردى بوو لە دەزگایەکى رۆشنبیریدا / کە هەر برادەر و هاوڕێ و مامۆستاکانى خۆم دەیانبرد بەڕێوە نزیکەى سێ ساڵ و نیوى بچکۆلانە لە ڕیز و نۆرەدا بوون بۆ چاپکردن .. هەتا زۆر لێیان نەپاڕامەوە ، چاپ نەبوو ، ئەوەکەى دیکەش بە نێوى فەرهەنگى هۆڵاندەوە ( ماڵى کاک فەتاح زاخۆیی ) ئاوەدان بێت یارمەتى لەچاپدانى دام و ئێستاکەش چوار گەڵام تیادا زەرەر و زیانبوو ، بە (نێوى هۆڵاندەوە ) کە فەرهەنگى زمانى هۆڵەندى – کوردى بوو .... هەتا ئێستاش هیچ دەزگایەک ، هیچ لایەنێک ، هیچ کەسێک لە ناخ و لە دڵێکى سافەوە دەستخۆشی لێنەکردووم و لە کوولەکەى تەڕیشدا نە باسیانکردن و نە سوپاسیشیان کردووم.. !


***


لە لایەکى دیکەوە زۆرمان هەوڵدا ، من و برا و خوشکە نووسه‌رەکانم ، کە بتوانین یارمەتى تەلەفزیۆن و ڕادیۆیەکى یەکێ لەم دوو حیزبە زلهێزە و دەسەلاتدارەى کوردستانى ئازاد و ئازادیخواز بدەین ، بە خستنە ڕووى ڕاستییەکان و وتنى هەق و ڕەخنە گرتن لەو ڕەوشە بێسەرو بەرە نایاساییەى لە کوردستانە هەتیوەکەماندا خەمڵیوە ..!


بە شێواز و میتۆدى زانستى و ئاکادیمییانەوە نووسه‌ر و رووناکبیر و سیاسەتمەدارمان بۆ ستۆدیۆى ئەو دەزگایە ڕاکێشا و لەگەڵ بوونى زۆرێک لە ئاستەنگ و بەرەبەست و بەربەرەکانێشدا بەڵام هەر ماوەیەک بەردەوام بووین و دواجار بەرەى کۆنەپەرست و ترسنۆک و بوودەڵان سەرکەوتنى وەدەستهێنا و بەرنامە و پڕۆژەکانمان وەستێنرا .... داوامانکرد بچینە لاى سەرۆکى هەرێم و دواى دوو ساڵى ڕەبەق ، ئەوەبوو بە ئارەقەى ناوچەوانى خۆمان و لەبەردەمى حەشاماتێکى زۆر لە نووسه‌ران و هونەرمەندانى کوردستان لە قەڵاچوالان ساڵى 2006، داوامان لە خوودى سەرۆکى هەرێم کرد بچینە لاى و دەرفەتمان بداتێ پڕۆژەکەى خۆمان بگەیەنینە لاى ..!


ئەوەبوو من و خوشکەکەم و خێزانەکەم چووینە لاى و ئەو زۆرى ڕێز لە خۆمان و لە ڕەخنە و پڕۆژەکەمان گرت ..زۆر خۆشنوود و کەیفساز بوو بەو پڕۆژەو پرۆپۆزەڵەى کە بەندە خستییە بەردەستییان ، پڕۆژەکە بریتى بوو لە : دەربارەى بەسەرکردنەوەى مناڵە هەژار و خێزانە ئەنفالکراو و شەهیدەکان و کردنەوەى دەزگا بۆ پاراستنى ماف و ژیانیان و دوورخستنەوەیان لە شەقام و نەهێشتنى دیاردەى ئیشکردنیان لە تەمەنى مناڵى و مێردمناڵیدا .. کردنەوەى سەنتەر بۆ فێرکرن و خوێندنیان لەو پیشە و خولیایانەى کە داخوازن و لەبەر نەداریان ناتوانن ئەنجامییان بدەن ...!


شایانى باسە ، ئەو پڕۆژە پەسەندکراوەى جەنایى سەرۆکى هەرێم ، چووە لاى زۆرێک لە بەرپرس و کارمەندى بەرز و وەزیر و گزیرى کوردستانى لێگرد بۆوە و( شیردا بۆداپیر دا ) ساڵێکى دوورو درێژ و هاوینێکى مەنجەنیقمان بەڕێگاى پایتەختەوە بردەسەر و دواى سەراب و دواى هیچ کەوتین و دراوێکى زۆرمان لەو ڕێگایەدا خەرجکرد و هیچمان بەهیچ نەکرد ..! مەخا بن و سەد هەزارجار حەیف و خەسار کەوا ، کەس یارمەتى و هاریکارمان نەبوو ..


کەس ڕێگاى دوورى بۆ نزیک نەکردینەوە ..کەس تەلەفۆنێکى بۆ نەکردین ، کەس نەهات بەرەو پیرمانەوە ، لەبەرئەوەى ئێمە مرۆڤێکى بێ پشتوپەنابووین ، لەبەرئەوەى کە حیزبی نەبووین ، لەبەرئەوەى کە هەقمان گووت و ڕەخنەمان لەو دەزگا و میدیایە گرت کە دەمانوویست پێشتری بخەین ، کراوەتر و ئازادتر و ئازاترى بکەین ......!


لەبەرئەوەى دەستى کەسمان ماچ نەکرد ، لەبەرئەوەى سەرمان بۆ کەس دانەنەواند ، لەبەرئەوەى وەکو حەللاج هەقبێژیمان گووت ، لەبه‌رئەوەى ئێمە بوودەڵى و گەندەڵیمان قبوڵنەکرد ، هیوا و ئاواتمان ، خەون و خولیامان ، پڕۆژە و بیرۆکە و نووسین وبیردۆزە و داهێنانى نوێمان ، چووە ژێر گڵەوە ، زیندەبەچاڵ بوو ، ئیدى هیلاک و ماندوو بووین ،ئیدى ئیتمامان کاڵ و کاڵتر دەبێتەوە ، ئیدى هەوڵەکانمان کیسەڵ ئاسا دەبن ، ئیدى ڕەشبینیمان بەسەر ڕوونبینى و ئومێد دا باڵدەکێشێت .... ئیدى خۆمان بە هاووڵاتى پلە یەک و دوو و سێ و .....تاد. نازانین ...ئیدى ئێمە نامۆ و غەریبین بەم نیشتمانە .. ئیدی ئەم نیشتمان و خاکە پیرۆزە ، ئێمە خاوەنى نین و ئێمە خاوەنى بستێک زەوى نین ، ئێمە وەکو هەزاران و دەیان هەزاران و زۆرینەى ئەم کوردستانە ، کرێچین و لەژێر زەبرى ساحێب خانووداین ، نیوەو زیاترى مووچەکانمان بۆ کرێە و بۆ کرێ پاسە ....!


***


خوشک و براى هێژام نووسه‌ر و هونەرمەند و کادێرى زانکۆیی گەڕاوە لە هەندەرانەوە .... لەم بەشەدا ، یاداشت و نامە و مانیفێست و هەڵوێستێَکى چکۆلانەى خۆم بۆ ئەم برا نووسه‌ر و کادێر و هونەرمەند و ئەدیب و رووناکبیرانە دەخەمە بەرچاو کە خزمەتکردنى ئەم دەسەڵاتە بوغرایە بەفیڕۆ دەچێت و کەسانى بێوەفا و بوغرا و گەندەڵ و گرگن لە شوێنى حەساس و هەستیارى ئەوتۆدا دانراون و هیچ کارێکى مەدەنى و سکولارییانە ى مۆدێرن ، هیچ پڕۆژەیەکى ئینسانى و خزمەتگوزار ، هیچ بیرۆکەیەکى تازەگەر و نوێخواز ،هیچ لیژنەیەکى پتەو بۆ ڕاستى دەرخستن و (تەقەسی حەقایق)و شەفافییەت و هەقبێژى گووتن ، هیچ پاکتاوى و چاکسازى بۆ نەهێشتنى گەندەڵى و دزى و درۆزنى و داوێن پیسى و ئەوانەى هاندەدەن ژمارەى بکوژ و ژنکوژ و رۆژنامەنووسی ئازادیخواز کوژ زیاد بێت .. ئەوانەى پارەیان دەدەنێ ، ئەوانەى لە یاسا دەیانشارنەوە ، ئەوانەى بەخێویان دەدەن و مووچەى تایبەتیان دەدەنێ .......!


لەگەڵ ئەم دۆخە و ئەم دەستەبژێرە و ئەم حیزبانەى ئێمەدا سوودى نییە .. چونکە چۆن سەدامى دیکتاتۆر و خوێنمژ ، ئەگەر شەڕى بوەستانایە دەکەوت و دەڕووخا هەر ئاوەهاش ئەم دەسەڵات و ئەم حکومەتەى ئێمە ، گەندەڵیی بوەتە سیما و خەسڵەتێکى سەرەکى ئەم بەرپرس و وەزیر و بەڕێوەبەرانەى ئێمەى کورد ، ئەگەر گەندەڵ و دز و درۆزن و داوێن پیس و گڵاو موحاسەبە بکات و بەسەری سفرەوە بیانخاتە سەر تەلەفزیۆن و بە ئاشکرا دادگاییان بکات و یاسا بەبێ دەستێوەردان دادگاییان بکات و ئیدى گەندەڵى و دیاردەى فەساد بەڕێوەبردن سنوورى بۆ دادەنرێت و لێپرسینەوە و زیندانیکردنى دز و گەندەڵ و ئازادکوژ بەرەو کۆتاییهاتن دەچێت ..!


ڕاستە زۆرێک لەم بەرپرسانەى ئێمە خەبات و شۆڕشێکى زۆر پیرۆز و بێکۆتا و نەبڕاوەیان لە سەروەخت و سەردەمى خۆیاندا بەرپاکرد و ئێمەیان لە ستەمدیدەیی و فەوتان و قڕکردنی حەتمى قووتارکرد و بوونە فریادڕەس و ڕزگارکەر ، بەڵام ئەوانە چەند کەسایەتییەکى دیارن و ئاشکران و هەندێکیان وازیان هێناوە هەندێکیان ئەوەندە دوورەدەست و دوورن لە خەڵک و لە چاوانەوە وەکو نەبن وایە ، بڕیارەکانیان ناگاتە شوێنى مەبەست ، نموونەیان زۆر کەم بۆتەوە .. سیفات و خەسڵەتى جیڤارا ئاسا و ماندێلا ئاسا و مەلا مستەفا ئاسا و شەهید قازى محەمەد ئاسا و ........تاد.یان تیادا کەم بۆتەوە ..!


کەسانى وەکو جیڤارا و ماندێلا پاش ئەوەى شۆرش و تێکۆشانى بێوێنەیان سەرکەوت و بوونە نموونەى باڵا بۆ هەموو جیهان و مرۆڤایەتى ، بوونە وانەیەکى مەزن و نەمر بۆ هەر کەسێک ماناى مرۆڤایەتى و ئینسانییەت و ویژدان و یەکسانى و دادوەرى و دیمۆکراسی و ئازادى و نرخ و بەهاى بەرزى مرۆڤـــــــ و ژیان دەزانێت و هاوپەیمان و هاوبیرە لەگەڵیاندا تا مردن ........!


ئەو نموونانە لە ئینسانى گەورە و مەزن لەمڕۆدا زۆر کەم بوونەتەوە و مەخابن کەسانى لەو نموونانە دەگمەنن و لەوە دەچێت بووبنە دانسقە لەم کۆمەڵگا هەشبەسەرەى ئێمەدا کە بتوانێت لە کاتى تەنگانە و ناخۆشی مرۆڤەکانى براى خۆیدا بەشدار و هاریکار و هاوخەم و هاودەنگ و هاو هەڵوێست بن .....!