٣٠\١\٢٠١٩
نووسەرێک بۆ ھەمیشەی ھەورامان.

هۆمەر
دەستپێک:
دوابەدوای ئەو ڕەوشە تایبەتەی بۆ کوردی باشوور لە سەردەمی دەسەڵاتی
سەددامدا خاسما لە ساڵی ١٩٩١بەملاوە دێتە ئاراوە، بەدەیان نووسەر و
ڕووناکبیری باشوور ،ڕوو لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان و وڵاتی ئێران دەنێن.
ھەر کامە لەم کەسایەتییە زانستیی و چاندییانە دواتر بۆ ڕۆژھەڵات دەبنە
سەرچاوەی خزمەت و تەکانێک بە بزاڤی ڕۆشنبیریی کوردییلە ڕۆژھەڵات دەدەن.
دوکتۆر "حەمەدەمین ھەورامانی" یەکێکە لەو کەسایەتییە زانستییانەی
باشوور کە لە ڕۆژھەڵات خاسما لە باژاڕەکانی پاوە ، سنە و مەریوان
دەبێتە دنەدەری زۆر نووسەر و ڕووناکبیر بۆ ئاوڕدانەوەی زێتر لە زمان و
چاندی کوردی و بۆ خۆیشی یارمەتی زۆر کەسان دەدات و بە گەشت و گەڕانێکی
فرە بە ڕۆژھەڵاتی کوردستاندا بەتایبەت ھەورامان، گەلێک بەڵگەنامە و
بەرھەمی دەستنووسی گرانبایی لەسەر دیرۆک و زمان و تۆرەی کوردی دەست
دەکەوێت و دواتر ھەر بە پاڵپشتیی ئەم سامانە زەنگینە،چەندان بەرھەمی
لێکۆڵینەوەیی ناوازە بە کتێبخانەی کوردی دەبەخشێت. مێژووی ھەورامان، لە
دوو بەرگدا، فەرھەنگی ئاریانڤاچ، لە سێ بەرگدا و گوڵزاری ھەورامان(دوو
بەرگی لە چاپ دراوە)، نموونە ھەرە گەشەکان لەو بوارەدا دێنە ئەژمار.
حەمەدەمین ھەورامانی لە یادگەی مندا.
یەکەمین دیدار و ئاشنابوونم لەگەڵ ئەم کەسایەتییە سیما گەشە دەگەڕێتەوە
بۆ نەوەدەکانی زایینی بەملاوەکە خوێندنی زانستگەم کۆتایی پێ ھێنابوو و
تازە ڕێم کەوتبووە نێو ڕادیۆ کوردیی تاران. ئیدی لەو دەمە بەدواوە لە
ھەر سەردانێکی مامۆستا بۆ تاران یانژی گەڕانەوەی من بۆ ھەورامان،ناو بە
ناو چاومان بە یەکتر دەکەوت. چەند جارێک لە پاوە و گوندی خانەگا پێکەوە
لەسەر تۆرە و ئەدەبی کوردی و دۆخی چاندیی کوردستان دەکەوتینە قسە و باس.
دواتر کە مامۆستا سەری تارانی دەدا ،چەند جاری دیکە لە چایخانەیەکی
گۆڕەپان و مەیدانی "ئینقلاب"دا بەدەم چاخواردنەوە قسەمان لەسەر زۆر پرس
دەکرد. بەردەوام سەری ماڵی مامۆستا محەممەدساڵح ئیبراھیمی "شەپۆل"ی
دەدا و زۆر جاریش لەبەر خاکەڕابوونی ئەو مرۆ نازەنینە و ماڵباتەکەی،ھەر
لە ماڵەکەی ئەودا دەمایەوە و شەپۆل نەیدەھێشت ڕوو لە ئۆتێل بنێت.
پێش ئەوەی خودی خۆی(حەمەدەمین ھەورامانی) لە نزیکەوە ببینم،لە ڕێی
کتێبێکی ئەم نووسەر و توێژەرە کوردەوە،ئاشنا بە پێنووسەکەی بوو
بووم.ئەو کتێبەکەیش دیوانی "میرزا ئەولقادر پاوەیی"،شاعیری ناسراوی
کورد بوو کە مامۆستا حەمەدەمین ھەورامانی لێکدانەوە و ڕاڤەی
ھۆنراوەکانی کردبوو و ساڵی ١٩٨٤ لە بەغا لە چاپی دابوو.ھەر لە ڕێی
پێنووسە جوانەکەی ئەم نووسەر و توێژەرەوە، پتر شەیدای ھۆنراوە و ھزرینی
ئەدەبیی میرزا ئەولقادر بووم.ئەم کتێبەی نێو کتێبخانەکەم ھاوڕێی
میدیاکارم" ئارام مستۆفی" بە ئەمانەت لێی وەرگرتم و بەداخەوە ئیدی
کتێبەکەم ھەر نەبینییەوە و ئێستا لای ئەو ئازیزەیە.
گەلێک یادەوەرییم لە تەک مامۆستا حەمەدەمین ھەورامانیدا ھەیە کە بۆ
ئەوەی لە بیر نەچنەوە، پێویستە بنووسرێنەوە.
یەک لەو یادەوەرییانە،خوێندنەوەی یەک و دوو شێعرێک بۆ مامۆستا بوو کە
یەکەمیان شێعرێکی نوێ بوو و ڕووی لە زارۆکێکی بۆسنیایی بوو کە مامۆستا
دەیگوت،برا،ئێمەی کورد گەرەک لەسەر خۆمان بنووسین و پێنووسەکەمان زێتر
بخەینە خزمەت زمان و کولتووری خۆمان. شێعرەکەی دی ،شێعرێکی کلاسیک بوو
بە ناوی "بێوەفا یار"کە بۆم خوێندەوە،یەکسەر وتی،ئەم شێعرەت بۆ گۆرانی
جوانە.
دواتر ئەم پێوەندییە ھەر بەردەوام بوو ھەتا جارێکی دی لە تاران و
ئەمجار لە خودی ڕادیۆ ،بە دیداری یەکدی شاد بووینەوە. مامۆستا
حەمەدەمین ھەورامانی زنجیرە بەرنامەیەکی لەسەر شاعیرانی کلاسیکی کورد
بە خامەی خۆی نووسیبوو و پێی خۆش بوو لە ڕادیۆ کوردیی تارانەوە بڵاو
ببنەوە. منیش بەرنامەکانم برد بۆ لای کابرای بەڕێوەبەری ئەو دەمی ڕادیۆ
کە "ئەردەشێر زابلی زادە"ی فارس بوو و باسم لە ناوەڕۆکی زەنگینی
بەرنامەکان کرد کە بە شێوەی تێکستی ڕادیۆیی نووسرابوون. چونکە مامۆستا
خاوەنی ئەزموونی ئیشکردن لە نێو ڕادیۆی کوردیی بەغا بوو بوو.بەڕێوەبەری
ڕادیۆ وتی، باشە و بە ئەوەندە ھەزار لێی وەردەگرین کە لە چاو پێنووسە
بەپێزەکەی مامۆستا و تێکستەکان،پارەیەکی زۆر کەم بوو. دواتر کە
بەسەرھاتەکەم بۆ مامۆستا حەمەدەمین گێڕایەوە، پارەکەی زۆر پێ ھیچ بوو
ھەر بۆیە لە پێشنیازەکەی پەژیوان بووەوە.
بۆ مێژوو پێویستە بنووسرێت کە ئەو دەمانەی مامۆستا حەمەدەمین ھەورامانی
لە ناوچەی ھەورامان و شاری پاوە دادەنیشت،لە لایەن خەڵکانی
فەرھەنگدۆستی ئەم ناوەوە ڕێزێکی فرەی لێ دەنرا،بەتایبەت ماوەیەکی فرە
لە گوندی "خانەگا"ی پەنا شاری پاوە،لە ماڵی کەسایەتی ناسراوی ھەورامان"
عیززەت بەگی لھۆنی"بوو و ژوورێکی تایبەتی بۆ ئامادە کرابوو؛ ھەروەھا لە
شاری پاوەدا نووسەر و توێژەری ناوئاشنای ھەورامانی "محەممەدڕەشید
ئەمینی" بەوپەڕی سینگفرەوانییەوە لە ماڵەکەی خۆی باوەشی میھری بۆ
کردبووەوە و تا ئەو دەمەی لە پاوە بوو، خاکەڕایانە خزمەتی کرد. من بۆ
خۆم چەند جارێک لە ماڵی محەممەدڕەشید ئەمینی سەری مامۆستام دابوو.
دواتر مامۆستا ڕووی لە سنە نا و ماوەیەک لە زانستگەی سنە بوو بە
مامۆستا و دەستی دایە وانەوتنەوە. ھەر لێرەدا پێویستە ئاماژە بەم
خاڵەیش بدرێت کە ڕێنماییەکانی مامۆستا حەمەدەمین ھەورامانی و
گوێزتنەوەی ئەزموونە زانستییەکانی لە بواری نووسین و توێژینەوەدا دواتر
بوو بە چرا بۆ زۆر نووسەر و توێژەری ھەورامانی تا پتر ئاوڕ لە
مێژوو،زمان و تۆرەی کوردی لە ناوچەی ھەورامان بدەنەوە و نھا
دەرەنجامەکانی ئەو ھەوڵەیش بە ڕوونی دەبینرێن. پاش ئەم گشت
ساڵانە،مامۆستا حەمەدەمین ھەورامانی ڕووی لە ئەورووپا نا و ساڵانێک لە
وڵاتی سویسرا بوو. تا ئەو دەمەیش ھەر بە تەلەفۆن لە پێوەندییدا بووین و
چەند جارێک لە ڕادیۆوە تەلەفۆنم بۆ کرد و لەسەر ئەدەب و وێژەی ھەورامان
قسەم لەگەڵدا کرد. ئیدی بەداخەوە پاش ئەم ساڵانە پێوەندییەکە وەک جاران
نەما و تەنێ لەم و لەو،پەیجۆری حاڵی دەبووم کە بۆ ھەمیشە گەڕابووەوە
کوردستان.
حەمەدەمین ھەورامانی وەک خۆی.
با لە زمان خودی خۆیەوە(مامۆستا حەمەدەمین ھەورامانی) پتر ئاشنا بەم
توێژەر و نووسەرە کوردە بین. مامۆستا حەمەدەمین ھەورامانی لە کتێبی "مێژووی
ھەورامان"دا سەبارەت بە خۆی دەنووسێت: " ناوی محەممەدئەمینە و بە (حەمەمین
ھەورامانی)،ناوبانگی ئەدەبیی دەرکردووە،لە "بیارە"،لە دایک بووە. لە
بیارە قوتابخانەی سەرەتایی تەواو کردووە و ئەوجا،یەکسەر چووەتە سلێمانی".
حەمەدەمین ھەورامانی ،دواتر لە کەرکووک خولی مامۆستایەتی کۆتایی پێ
دێنێت و پاشانیش دەبێتە مامۆستای سەرەتایی و لە
بیارە، ھاوار، عەنەب، ھەڵەبجە، سلێمانی، دووکان و گەلێک شوێنی دیکە مامۆستای
قوتابخانان دەبێت. دواتر ڕوو لە زانستگەی "موستەنسەرییە"ی بەغا دەنێت و
بەشی زمانی ئینگلیزی کۆتایی پێ دێنێت. لە وەزارەتی ڕاگەیاندن دەبێتە
سەرۆکی بەشی وەرگێڕان و پاش ئەوەیش، سەرۆکی بەشی ڕۆشنبیریی لە ئیزگەی
کوردی. ئیتر وتار و نووسینەکانی لە گۆڤار و بڵاڤۆکە کوردیی و
عەرەبییەکاندا بڵاو دەبنەوە.
مامۆستا ،ئەندامی یەکێتیی نووسەران و یەکێتیی ڕۆژنامەنووسان و کۆمەڵەی
ڕۆشنبیریی کوردییش دەبێت. جگە لە شارەزایەتی لەسەر زار و بنزارەکانی
زمانی کوردی،زمانەکانی عەرەبیی و ئینگلیزییش دەزانێت.
شیاوی ئیشارەت پێدانە کە حەمەدەمین ھەورامانی، ساڵی ١٩٢٨ لە "ئاڵیاوا"
لەدایک دەبێت.
مخابن ئەم مرۆ نازەنینە ڕۆژی ھەینی، ٢ی سەرماوەزی ٢٧١٨(٢٣ی نۆڤەمبەری
٢٠١٨)لە تەمەنی ٩٠ و لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی دەکات و تەرمەکەی لە
بیارەدا بۆ ھەمیشە لە نێو خاکی نیشتماندا ستار دەگرێت.
ئەنجام.
ڕاستیت گەرەکە کەس نییە حاشا لەڕۆڵ و دەوریڕۆشنگەرانەی نووسەر و
ڕووناکبیرانی وەک حەمەی حەمە باقی،دوکتۆر حەمەدەمین ھەورامانی،حەکیم
مەلا ساڵح و دەیان سیمای پرشنگداری تری باشوور لەڕۆژھەڵاتدا بکات.
مانەوەی ئەمڕووناکبیرانە، بزاڤی چاندییڕۆژھەڵاتی کوردستانی چەند
ھەنگاوێک بەرەو پێشەوە پاڵ پێوە نا.
دوکتۆر حەمەدەمین ھەورامانی پێنووسێکی بەپێزی نێو ڕووبەری چاندیی
کوردانە و خاوەنی نزیکەی ٣٠ پەڕتووکی گرانباییە کە بەشێکیان لەسەر زمان
و بەشێکی دیکەیشیان سەبارەت بە ئایینی کوردان و مێژوو،جوگرافیا و تۆرە
و وێژەی ھەورامانن.
نووسەری خامە ڕەنگین "کامەران سوبحان" لە کورتە نووسینێکدا لە بن
سەردێڕی "فەرھەنگێکی مەزنی زمان، گەڕایەوە بۆ ناو خاک!"،ئیشارەت دەداتە
گەورەیی ئەم کەسایەتییە کوردە و دەنووسێت: "نیو سەدە زیاترە، بە
بێدەنگیی و دوور لە چاوی خوێنەرو خەڵک، لەگەڵ خۆی و زمان و مێژووی
کورددا کاردەکات. لە ماوەی ئەم پەنجا ساڵەی کارکردنی، زیاتر لە ٢٠
ھەزار لاپەڕەی چاپکراو و نزیکەی ٣٠ کتێبی لە کتێبخانەی کوردییدا ھەیە.
کتێب و نووسینەکانی زۆربەیان لە چوارچێوەی زمان و فەرھەنگ و مێژوودان.
بەتایبەتیش زمان و مێژووی کۆنی کورد و ئاڤێستایی".
کامەران سوبحان ھەروەھا دەنووسێت: "لە ھەموو ئەو کتێب و بەرھەمانەیدا،
دوو کتێبیی بۆ من زۆر گرنگ و پڕ بایەخ بوو. یەکەمیان، بەرگەکانی مێژووی
ھەورامان. دووەمیان(فەرھەنگی ئاریانڤاج- سێ بەرگ)، ئەم فەرھەنگە سێ
بەرگییە، لە نزیکەی ٢ ھەزار لاپەڕەدا، ھەزاران وشەی کۆن و نوێی کوردیی
و ئاڤێستایی بەراورد کردووە.(ئاریانڤاج)لە کتێبخانەکەمدا، ھەمیشە
بەرانبەر بە خۆم بوو".
مێژووی ھەورامان، بەرھەمێکی ناوازە و زەنگینی ئەم نووسەر و توێژەرە
کوردەیە کە خاوەنی بایەخ و سەنگێکی تایبەتە و زۆر دیوی شاراوەی ڕووداو
و بویەرە جۆربەجۆرەکانی دوێنێی ھەورامان بۆ خوێنەر ئاشکرا دەکات.
مێژوونووس گەرەک ڕاستییەکان وەک خۆی بنووسێتەوە و خۆ لە حەز و سەلیقەی
تاکەکەسی دوور بگرێت و ڕووپەڕێک دوور لە ڕاستی، ئاوێتەی بەرھەم و
کتێبەکەی نەکات کە دواتر لێی پەژیوان ببێتەوە و لە ڕەوش و دۆخێکی
تایبەتدا لەبەر چاری ناچار دێڕێک یان چەند لاپەڕەیەک لەسەر کەسێک یان
لایەنێک بنووسێت کە دوور لە ڕاستی بێت. ئەم بەرھەمەی دوکتۆر حەمەدەمین
ھەورامانی گەلێک ڕەخنەیشی لەسەرە و ئەم نووسەر و توێژەر چەندان ڕووپەڕ
لە بەرھەمە بەپێزەکەی تەرخان دەدات بە چەند کەسێک کە دواتر لە
نووسینەکەی خۆی لەسەر وان،پەژیوان دەبێتەوە و لە کەشێکی کراوە و
ئازاددا ئەو پرسە بە زماندا دێنێت. ئومێدە نزیکانی مامۆستا بۆ چاپەکانی
داھاتوو ڕەچاوی ئەم پرسە گرینگە بکەن و ھەڵەکان ڕاست بکەنەوە و واقیع و
ڕاستییەکان وەک خۆ بخەنە بەر دیدەی خوێنەر نە وەک سبەی لەبەردەم ڕای
گشتیی و نەوەی داھاتوودا وەبەر تیر و توانج بکەوێت کە بۆچ مامۆستا
ڕاستییەکانی وەک خۆی نەنووسیوەتەوە و بێلایەن نەبووە؟!
____________________________________________________
ژێدەرەکان:
• مێژووی ھەورامان،محەممەدئەمین ھەورامانی،بەرگی یەکەم و دووەم،چاپی
یەکەم،١٣٨٠ی ھەتاویی(٢٠٠٠)،پەخشکاری بەڵخ،تاران.
• فەرھەنگی ئاریانڤاچ،نووسینی:د.ھەورامانی،بەرگی یەکەم،چاپی یەکەم،ساڵی
٢٠٠٨،چاپخانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری،ھەولێر.
• گوڵزاری ھەورامان،بەرگی یەکەم،محەممەدئەمین ھەورامانی بە یارمەتیی
محەممەدڕەشید ئەمینی،بڵاوکراوەی ئاراس،چاپی یەکەم،ھەولێر،٢٠٠٤.
• نووسینێکی کامەران سوبحان کە لە ڕووپەڕەکەی ئەم نووسەرە لە فەیسبووک
وەرگیراوە.
h_noryawi@yahoo.com
|