په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\١١\٢٠١٥

نووسەر و وەرگێڕی مەغریبی سەعید بلغربی لە گفتوگۆیەکدا.

سازدانی: وریا باقر    

وریا باقر: پاڵنەری دەسپێکردنی نووسین لاتان چی بوو؟ بۆ نووسین؟

سەعید بلغربی: کۆمەڵێک فاکتەر و تێکشکانی زاتی و سایکۆلۆژی، بوونە ھەوێنی دەستپێکی سەرەتاکانی نووسینم.. ھەر لەمنداڵییەوە حەزم بەخوێندنەوە بوو، ھەر زووش دەستم دایە نووسین، زۆربەی ئەوەی دەشم خوێندەوە، ھەستم دەکرد ھیچ پەیوەندییەکی بەزاتی من و شوناس و دەوروبەری منەوە نییە. بیرم کردەوە بەزمانی دایک و بەشێوەیەکی جیاواز بنووسم، ھەوڵمدا گوزارشت لەبیرۆکەو دنیابینی و پرسیارەکانی ناخی خۆم بکەم و بەتێپەڕبوونی کات نووسین بووە بەشێکی گەورەی ژیانم.. بووە ئەو دەرفەتەی کەلەڕێی ئەوەوە دەتوانم چێژ بەدەست بھێنم. لەم ڕووەوە زۆر لەئاماژەکان کۆکن لەسەر ئەوەی نووسین کردەیەکی مرۆییانەی کاریگەرە لەسەر کۆمەڵگە، بۆیە ھەوڵدەدەم لەڕێی نووسینەکانمەوە نیشانگەلێک دروست بکەم تا جیای بکاتەوە..بەزمانی دایک دەستم دایە نووسین.. نزیک زیندەگی مرۆڤە سادەکان مامەوە.. ئەمەکدار بەرامبەر ئینتیمای زمانەوانی و مێژوویی و مرۆیی خۆم..نووسەر دەبێت مەسەلەیەکی گەورەی ھەبێت و دەبێت بەتوندی داکۆکی لێبکات و بەرامبەر بەو رەشەبا توندە بوەستێت کەلە ھەموو روویەکەوە بەرامبەری دێت، ئەمە جگە لەکارلێککردن لەگەڵ فەزای شوێن و زەمەنی فراوان، بۆ ئەوەی لەقاوغێکی دوور لەکارلێکەکانی دەورووبەر نەمێنینەوە.

وریا باقر: محمد شوکری بەزمانی ئەمازیغی دەستی پێنەکرد، بەڵکو یەکەمین رۆمانی"نانی پەتی" بەزمانی ئینگلیزی بڵاوبۆوە؟ بۆ بە ئەمازیغی دەنوووسیت؟

سەعید بلغربی: خاوەنی شاکاری "نانی پەتی" منداڵییەکی سەرکوتکەرانەی زمانەوانی ژیا، وەک زۆربەی ئەمازیغییەکانی پەراوێز.. ئەم نووسەرە جیھانییە پەنایەکی لەزمانی خۆیدا نەبینیوە، بۆیە خۆی فێرە زمانی عەرەبی کردو ھەوڵیدا بەشێوەیەکی تایبەت پێی بنووسێت. بەڵام داشنەبڕا لەڕەگ و ریشە ئەمازیغییەکەی خۆی.. نووسینەکانی لەھەموو روویەکەوە وێنەی ئەو ئەمازیغییە پەراوێزخراوە بوو، ھەر ئەمەش ھۆکاری جۆرێک لەجیھانی بوون و گرنگی پێدانی بوو. بووە نووسەرێکی بەناوبانگ، نووسینەکانی گۆڕدرایە سەر ھەموو زمانەکانی جیھان، تەنھا زمانی ئەمازیغی نەبێت، ئەمەش کەموکورتییەکە دەرئەنجامی تەمەڵی ئەو کەسانەیە کەلەبنەڕەتدا گرنگی بەکەڵچەری مەغریبی دەدەن. ئەوەی لەگەلڕ "محەمەد شوکری"دا روویدا، زۆرێک لەھاوشێوەکانی لەنووسەرەکانی ئەمازیغیش دەگرێتەوە، بەھۆی نووسینەکانیانەوە بەناوبانگ بوون، لەکاتێکدا بەزمانی تری غەیرە ئەمازیغی نووسیان، بۆ نموونە "محەمەد خەیرەدین".. ئەوەی بەشێوەیەکی گشتی سەیری ئەدەبی ئەمازیغی بکات، دەبینێت کەداھێنەری ئەمازیغی، لەژێر زەبری سیستمە شۆڤێنیستییە سەرکوتکەرەکاندا، شوناس و ناسنامەی خۆی بەرەو سڕینەوە چووە.. ھەر لەمەشەوەیە کەھەر زوو و بەپەرۆشەوە گرنگیمدا بەکەڵچەری ئەمازیغی و زمانی دایک، لەڕێی دۆزینەوەی جوانییەکان، کەناکرێت بەدی بێت، تەنھا لەڕێی مومارەسەی نووسینی جدییەوە نەبێت. زانیم چێژ بەخشترین شت نووسینە بەم زمانەو دەرخستنی ئەو پێکھێنەرانەیەتی کەشارستانییەت و رۆشنبیری و کلتووری مرۆڤایەتی لەخۆ دەگرێت، کەتەمەنی ھەزاران ساڵە.

وریا باقر: کام بواریان ئەدەبی یان فیکری، زیاتر لەتواناکانی نووسینتەوە نزیکن؟ ئایا ئەدەبیاتت پێ باشترە یان نووسینە فیکرییەکانت؟

سەعید بلغربی: ھەر لەسەرەتاوە کاریگەری خەباتی ئەمازیغیانەم و خوێندنەوەی ئەدەبیاتی "بزافی ئەمازیغی"، رۆڵی ھەبوو لەبەرەو پێش چوونی توانا مەعریفی و زیندەگیەکانم، ئەمەش کاریکردە سەر رێچکەی نووسینە ئەدەبییەکانم، ھەمیشە ھەوڵمدەدا لەپەیوەندیدا بم لەگەڵ دەنگی جفات و بزافی ئەمازیغی کەپێشتر و ئێستاش پڕە لەو بانگھێشتانەو ئەو دەنگە پەراوێزخراوە سەرکوتکراوانە..وەک نووسەرێکیش ھەوڵمداوە وەرگێڕی ئەو بانگھێشتانەبم، بۆ تێکستی ئەدەبی کەدواتر دەبێتە بۆتەی بیرکردنەوەو مامەڵەکردنم لەگەڵ کۆمەڵگە.

وریا باقر: لەیەکێک لەدیمانە تەلەفزیۆنیەکانتاندا، بینیمان گرنگی بەباڵندەو رووەک دەدەیت و بەئاسوودەیش لەگەلڕ ھاوڕێکانت دادەنیشیت.. ئایا ئەمە ئەوە دەگەیەنێت، ئەدیب و نووسەرانی مەغریب، دوورن لەململانآ و دژایەتییە شەخسییەکان، کەلەگشت وەسەتە ئەدەبی و رۆشنبیرییەکانی دنیادا ھەیە، ھەر لەناشیرینکردنی ناوی نووسەر و دژایەتیکردنی بەشێوازێک کەھەموو حیساباتە رەوشتییەکان دەبەزێنێت؟

سەعید بلغربی: دانیشتن بەئاسوودەیی لەگەڵ ھاوڕێیان و گرنگیدان بەباڵندە، مانای وانییە کەمرۆڤ لەشارێکی نموونەیدا دەژی و تەنھا ھەوای پاکی تێدا ھەڵدەمژآ! کۆمەڵگەکان ھەرچییەک بن، بەسروشت خێر و شەڕیان تێدایە، بەڵام من ھەمیشە ھەوڵ دەدەم، دوورە پەرێز بم لەو ململانێیانە، تا خۆم لەپەرچەکردارەکانی بەدوور بگرم، کە تەنھا ئەدەب و داھێنان تووشی ئەزمە و لێک ھەڵوەشاندن دەکات.. دەمەوێت ھەندێک ھیوایەتی لاوەکی بۆ خۆم دروست بکەم، تا وەک وتتان ، لەم دنیا پۆخڵەواتییە دوور بکەومەوە..بەڵام ئەمەش رێگر نییە کەپەیوەندی باش و دۆستانەمان لەگەلڕ نوسەران وشاعیران و ئەوانەی گرنگی بەئەدەبیات دەدەن ھەبێت، وەک ھاوڕآ لەدیدەنی و رێوڕەسمە رۆشنبیرییەکاندا لەگەڵیان یەکبگرینەوە، وەک دەزانن شێوازە بەیەک گەیشتنە نوێیەکان، بەشدارە لەدروستکردنی دیالۆگی ئەدەبی و گفتوگۆ و لەو رێیەشەوە زانیاری و بەرھەمەکانمان ئاڵوگۆڕدەکەین.

وریا باقر: دەمانەوێت چالاکییە رۆشنبیرییەکانتان لەدەرەوەی مەغریب بزانین؟ بەتایبەتیش بۆ نموونە کاتێک لە"کاتالۆنیا-ئیسپانیا"بوون؟ غوربەت و ئیغتراب لاتان چییە؟

سەعید بلغربی: لەڕاستیدا لەم ساڵانەی دواییدا "کاتالۆنیا" ھەنگاوێکی گەورەی نا، لەڕووی گرنگیدانی حکومەتەکەی بەڕۆشنبیری و زمانی ئەمازیغی و زۆر دەستپێشخەری کەڵچەریانەش کرا، کە ئامانجی ناساندنی کلتووریی و رۆشنبیریی و ژیاریی گەلی ئەمازیغ بوو.خۆم ئەندامی کۆمەڵەیەکی ئەمازیغی بووم و وەک کۆمەڵەیەک لەسنووری ئیمکانیاتە خاکیەکانمان مەبەستمان ناساندنی رۆشنبیری ئەمازیغی بوو..کۆمەڵەکەشمان بەشداریکرد لەدامەزراندنی "خانەی ئەمازیغی لەکاتالۆنیا"، لەپالڕ بەشداریکردن لەفێرکردنی منداڵانی جالیەی ئەمازیغی پرەنسیپە سەرەتاییەکانی زمان و رۆشنبیری ئەمازیغی، بەڵام بەداخێکی زۆرەوە قەیرانی ئابووری بەشێوەیەکی سلبی کاریکردە سەرمان و ئیتر دامەزراوە ئابووری و حکومییەکانی کاتۆلۆنیا نەیانتوانی پشتگیری ماددیمان بکەن. زۆربەی چیرۆکەکانی خۆم لەوآ نووسی، رەنگە فاکتەری غوربەت و دووریم لەکەشوھەوای گەرم و گوڕی زێدم، ھۆکاربووبێت بۆ پەنابردنە بەر نووسین.. بەنیسبەت منەوە غوربەت ئەزموونێکی دەوڵەمەند بوو، زۆر لایەنی سلبی و ئیجابیم تێدا بینییەوە، بەڵام بەنیسبەت منەوە ھەلێک بوو، بۆ نووسین و رامان.

وریا باقر: لەڕێی یەکێک لەسایتەکانەوە، سایتی "کورد پرێس"ەوە زانیمان کەتۆ ھەستاوی بەوەرگێڕانی کۆمەڵێک تێکستی تایبەت بەھونەری گێڕانەوەی نووسەر و رۆماننووسی کورد"یوسف عزدەین"، ئایا دەتوانن زیاتر لەبارەی قورسی وەرگێڕانەکەو ئەو ماوەیەی کەپێویستی کرد تابخەمڵێت لەدوا فۆرمیداو وەک ئاگاداریشین ئەمە یەکەمجارە تێکستی کوردی بکرێتە ئەمازیغی؟

سەعید بلغربی: نووسینەکانی "یوسف عزەدین"م پێش ناسینی شەخسی خۆی ناسی..ئیتر لەم رێیەوە توانیم بڕوانمە ئەدەبی کوردی، کەبەوەرگێڕاوی لەسایتە ئەدەبییەکاندا شان بەشانی ئەدەبیاتی میللەتانی تر بڵاودەبۆوە. ھەستم کرد تێکستە کوردییە وەرگێڕاوەکانی "یوسف عزەدین" بۆ زمانی عەرەبی و بەتایبەتیش ئەوەی لە"دروب"ی مەغریبیدا بڵاودەبۆوە، زیاتر رایاندەکێشام.. بۆ یەکەمجار بوو، ھەست بکەم گێڕانەوەی زۆر نزیک لەخۆم دەخوێنمەوە.تێکستەکانی پڕبوون لەمیسۆلۆژیاو ئەفسانەی خوڵقێنراو بەخەیاڵێکی فراوان و رەمزیەتییەکی قوولڕ، لەدنیایەکدا کەھەستم دەکرد بەمن نامۆ نییە.. لێرەوە ھەستم کرد کەلەنێوان گەلی کورد و ئەمازیغدا، ھاوبەشییەک ھەیە کەلەزۆر کایەو لایەنەوە لەئێمە دەچێت. ھەر لەمەشەوە بیرۆکەی وەرگێڕانی تێکستەکانی ئەم نووسەرەم بەخەیاڵدا ھات..نکوڵیش لەوە ناکەم کەئاسان نییە، تێکستی سەردیی وەربگێڕیت، کە ئەتمۆسفێری تایبەت و موفرەداتی تایبەت و ھەڵاوێردەی ھەیە، لەپالڕ بونیاد و داڕشتن و شێوازی جیاوازی لەبونیادی زمانەوانی و داڕشتنی زمانی ئەمازیغی.. بەتایبەتیش ئەم وەرگێڕانە لەزمانێکی نێوەندەوە کراوە کەزمانی عەرەبی-یە. دەشزانین ھەر وەرگێڕانێک چەند بەدیقەت و ئەمینیش بێت، ئاستەمە بتوانێت ئەو گەرم و گوڕییە حەقیقییەی تێکستەکە بگوازێتەوە، تێگەیشتن و ھۆشیاریم بەرامبەر بەم راستییە وای لێکردم بچمە دنیای خەیاڵی نووسەرەکەو داوای راڤەکردنی زۆر مەسەلەی وردی لێبکەم تا بەباشی نزیک بمەوە لەو تایبەتمەندیانەی کەتەنھا لەواقیعی کوردیدا ھەیە، وێڕای لەخۆگرتنی بۆ خەزێنەیەک لەموفرەدات و رووداو. بەو پێیەی کەوەرگێڕان بەپرسیارییەتێکی ئەدەبی و مۆڕاڵییە، پێش ئەوەی گوێزانەوەی زمانێک بێت بۆ زمانێکی تر، بۆیە ھەوڵمدا سەرباری ئەو قورسایی و ئاستەنگانە وەرگێڕانەکە ھەر بکەم، کەحەوت ساڵی لەپێداچوونەوەو وردبوونەوەو پاکنووسکردن و وردەکاری تر ویست..بەمەش گەیشتمە پوختەی ئەوەی ئەدەبیاتی کوردی، لەسەردەستی ھەندێک لەنووسەرانی و ھەوڵدانەکانیان گۆڕانێکی چۆنایەتی بەسەردا ھاتووە، شایانی باسیشە وەرگێڕانەکەم بەم دواییە لەمەغریب و لەژێر ناونیشانی "ئەنفرار-کۆتایی" بڵاوبۆوەو ئەمە یەکەمجاریشە تێکستی کوردی بکرێتە ئەمازیغی.

وریا باقر: وەک دەڵێن کورد گەورەترین نەتەوەیە لەڕووی ژمارەوە کەبآ دەوڵەتە؟ ڕۆشنبیری ئەمازیغی چی لەبارەی دۆزی کوردەوە دەزانێت؟

سەعید بلغربی: رۆشنبیری ئەمازیغی ئێستاشی لەگەڵدا بێت، ئیمانی بەعەدالەت و مەشروعییەتی دۆزی کورد ھەیەو ھەڵوێستی ئیجابیشی دەرحەق ھەبووە، بەتایبەت لەو بۆنانەی کەداکۆکی لەزۆر گەل و نەتەوەی تینو بەئازادی و دیمکراتییەت و عەدالەت و ئاشتی و شکۆمەندی دەکات.


ئەمە جگە لەبەشدارییان لەھەڵوێستی ھاوپشتی لەگەڵ گەلی کورد، دژ بەو حکومەتانەی کەئەم گەلە کۆڵنەدەرەیان گەیاندۆتە ئەم وەزعە. وەک زانراویشە ئاسان بڵاوبوونەوەی زانیاری بەھۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، زیاتر توانیویەتی ھەردوو گەلی ئەمازیغی و کوردی بناسێنێت و ھەردوو گەل نزیک بخاتەوەو خاڵە ھاوبەشەکانیشیان دەربخات.


ھەردوو گەل لەژێر دەسەڵاتی ئەو سیستمانەدا دەژین کەدەیانکاتە ھاوڵاتی پلە سآ، بۆئەوەی زیاتریش گەشبین ببین، لەبەردەم ھۆشمەندی زیاتر و بەئاگاھاتنەوەی میللەتە چەوساوەکان، کەلەدۆخی سڕبوونی بەئاگا دێتەوەو ئیمان بەوە دەھێنێت، کەدواڕۆژ لەبەرژەوەندیدایە ئەگەر خەبات بەڕێچکە ئینسانییە راست و دروستەکەدا بکات، ئەو دەم بارودۆخەکە بەرەو باشتر دەڕوات. لەڕوویەکی تریشەوە دەبێت ئاماژە بۆ ئەوە بکەین کەگوتاری فەرمی مەغریبی، چ لەڕووی راگەیاندن و چ لەڕووی چالاکیشەوە، خۆی لەناو ھێنانی کورد نادات، بۆ نموونە نابیستین راگەیاندنی فەرمی ھیچ شتێکی دەرحەق بەدۆزی کورد وتبێت، کەگەیشتبێتە ئاستی وتووێژ و دیالۆگ، یان رۆشنکردنەوەی راستییەکان و وردەکارییەکانیان... لەکۆتایشدا سوپاستان دەکەم.
_______________________________
ناساندنی نووسەر و توێژەری مەغریبی - ئەمازیغی.
سەعید بلغربی نووسەر و توێژەرێکی مەغریبی-ئەمازیغی-یە، ئەندامی ھەندێک کۆمەڵەیە لەوانە "ئایت سعید"بۆ کەڵچەر و گەشەسەندن..کۆمەڵەی "ئەمازیغییەکانی کاتالۆنیا"لەئیسپانیا، رێکخراوی بزافی شاعیرە جیھانییەکان لە"شیلی"،ئەندامی یەکێتی نووسەرانی مەغریب-ە لەسەر ئینتەرنێت).
خاوەنی کۆمەڵێک کتێبە بەزمانی عەرەبی و ئەمازیغی لەوانە:
مەغریب-کۆچیرۆکی ئەمازیغی ٢٠٠٦ Aswad Yebuyebhen.
کۆچیرۆکی ئەمازیغی Asfidjet.
مەغریب - رۆمان - ئەمازیغی Nunja tanecruftn izerfan.
تا سەرئێشەکە دەڕەوێتەوە - ھاوبەشی عەرەبی- بڵاوکراوەی داھێنەرە مەغریبیەکان ٢٠١١.
میدیای ئەلکترۆنی ئەمازیغی - دەروازەیەک بۆ توێژینەوەی تیۆری و شیکاری - مەغریب - ٢٠١١.
"کۆتایی" ھونەری گێڕانەوە - کۆمەڵێک تێکستی وەرگێڕاوی کوردی - مەغریب ٢٠١٥ Anfarar.
کۆچیرۆکی ئەمازیغی - مەغریب - ٢٠١٥ Tariwriwtn raxart.


سەرنج: وریا باقر "نووسەر و رۆژنامەنووس"، دەرچووی بەشی کۆمەڵایەتی / کۆلێژی پەروەردە، بەڕێوەبەری نووسینی گۆڤاری "روون"ە.

 


wriabaqr83@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک