په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\١٠\٢٠١١

نووسەر و زانا و گەورەکان لە سەرەمەرگدا چییان گوت.


وەرگێڕانی لە فارسییه‌وە: ئەحمەد خوسرەوی


+ لیوناردو داوینچی بەر لەوەی گیانی دەرچێت گوتی (من سووکایەتیم بە خەڵک کرد. بەرهەمەکانم نەگەیشتنە ئەو ڕادەیەی کە من بە تەمایان بووم).


+ جورجویلهلم فردرێک دامەزرێنەری مەکتەبی دیالیکتی هیگل کە هەتا دوا ساتەکانی ژیانیشی هەر لە سەر ئەو بڕوایەی خۆی مایەوە لە سەرەمەرگا لە ژێر لێوی‌یەوە گوتی ( لە هەموو ژیانما تەنیا کەسێک هەبوو کە دەرکی بە من دەکرد ) پاش وەستانێکی کەم درێژەی بە قسەکەی دا و گوتی (لە ڕاستیدا بگرە ئەویش لێم تێنەگەیشت).


+ توماس کارلایل، مێژوو نووس و نووسەری سکۆتلەندی ساتێک پێش گیان لە دەست دانی گوتی: (درووست هەستی کەسێکم هەیە کە لە سەرەمەرگایە.).


+ ماری ئەنتوانت شاژنی فەرانسە لە ڕۆژی لە داردرانیدا زۆر لە سەر خۆ بوو، کاتێک کە هەڵدەزنایە سەر سەکۆی سێدارەکە لە ناکاو خلیسکا و پێ‌ی نایە سەر پێ‌ی ئەو کەسەی وا ئەیویست حوکمەکەی جێبەجێ کات.کەچی ڕووی لە کابرا کرد و پێ‌ی گوت (تکایە بمبوورە ئەوەی کە ڕوویدا بە ئەنقەست نەبوو).


+ نرون ئیمپراتۆری ڕۆم بەر لەوەی بکەوێتە سەر عەرد هاواری کرد (ئەکتەرێکی گەورە لە دەروونمدا دەمرێت).


+ واسلاو نیجنسکی، ئەناتول فرانس ، جوزیە گاریبالدی و جۆرج بایرۆن هەموویان بەر لە مردن وشەی  (دایک)یان بە زاردا هاتووە.


+ فردریکی یەکەم، پادشای ڕووسیە لە سەرە مەرگا قەشەیەکی بە ڕاسەرەوە بوو کە دوعای بۆ دەخوێند. کاتێک فردرێک بیستی کە قەشە وتی (مرۆڤ بە ڕووتی دێتە دونیاوە و بە ڕووتیش دونیا جێ دەهێڵێ) دەستی قەشەکە ڕادەکێشێ و پێ‌ی دەڵێ: (مافی ئەوەت نی‌یە بە ڕووتی بمنێژیت و ئەمەوێت بە یونیفرمی تەواوەوە بمنێژن).


+ فیودو تایچف، شاعیری ڕووسی وتی (چ ئەشکەنجەیەکە، ئەو کاتەی کە مرۆڤ ناتوانێت وشەیەک بۆ ئەو وەسفی ئەو حاڵەی کە تێیدایە بدۆزێتەوە.).


+ ئاگوست لومیر، کە یەکێک لە کاشفانی کامێرای فیلم هەڵگرتنە گوتی لە سەرە مەرگا وتی (خەریکە لە فیلمەکە ئەڕۆمە دەرەوە).


+ کەس نازانێ ئەلبێرت ئەنیشتاین لە سەرە مەرگا چی گوتووە، چوونکە ئەو پەرەستارەی کە لە تەنیشتیدا بوو زمانی ئەڵمانی نەدەزانی.


+ تئودور داستایوفسکی لە ڕۆژی ٢٨ ی ژانویەی ساڵی ١٨٨١ دا کاتێک لە خەو ڕادەبێ وا هەست دەکا کە ئەو ڕۆژە دووایین ڕۆژی ژیانێتی. لە سەر قەرەوێڵەی ڕادەکشێ و چاوەڕێ دەکا تا هاوسەرەکەیشی لە خەو هەڵدەستێ، سەرەتا ئانا ی هاوسەری بڕوا بە قسەکانی ناکات . بەڵام تئودور هەر لە سەر قسەی خۆی پێداگرە کە دەمرێت و داوای لە هاوسەرەکەی کرد کە بانگی قەشەیەک بکات. کە قەشە هات و دوعای بە ڕاسەری یەوە خوێند، گیانی دەرچوو.


+ لئو تولوستوی دوواین ڕۆژەکانی ژیانی خۆی لە لادێ‌یەکدا لە نزیک وێستگەیەکی چووکی شەمەندەفەر بە سەر برد. دوواین ڕستەیەک کە تولستوی لە سەرە مەرگا وتوویەتی ئەمە بوو کە (من عاشقی حەقیقەتم). هندێک لە کەسە نزیکەکانیشی دەڵێن کە تولستوی بەر لەوەی دوواین نەفەسی دەرچێت وتوویەتی، دەرک بە مەرگ ناکەم.


+ برنارد شۆ دەڵێت: حەز ئەکەم هەتا دوواین هەناسەی ژیانم کەسێکی بە کەڵک بم و ئەو کاتە کە هیچ کەڵکێکم نامێنێ، بمرم. هەروەها دەڵێ: یەکێک لە سەیرو سەمەرەکانی مەرگ ئەوەیە لە کاتێکدا کە ئێمە خۆمان بۆ ژیانێکی شیرین ئامادە کردووە، ئەو دەماندۆزێتەوە.لە دوواین ساتەکانی ژیانیشیدا هەر ئەم قسانەی دووپات کردەوە.


+ موریس میترلینگ لە دووایین ساتەکانی ژیانیدا گوتوویەتی: ئەگەر مەرگ نەبایە، ژیان چێژی نەدەبوو.
 

ماڵپه‌ڕی ئه‌حمه‌د خوسره‌وی

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک