په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

ئۆباما لە نێوان سەرکەوتن و هەرەسدا...!


موزەفەر عەبدوڵا


لە هەڵبژاردنی ڕۆژی 4-11-2008 ی ووڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئۆباما، نوێنەری حیزبی دیموکراتی ئەمریکا، پاش چەند مانگ لە کێبرکی، سەرەتا لەگەڵ هیلاری کلنتۆنی هاوحیزبی و پاشان لەبەرانبەر جۆن مەکینی نوێنەری حیزبی کۆماری، سەرکەوتنی بەدەست هێنا. پاش دوو مانگ و چەند ڕۆژیش بە فەرمی ڕۆژی 20-1-2009 بو بە 44 مین و یەکەمین سەرۆکی رەش پێست لە میژووی سیاسی ئەمریکادا .دیارە ئەمە ڕوداوێکی سەرسوڕهێنەر بوو نەک بۆ خەڵکی ئەمریکا خۆی بەڵکو بۆ هەمو خەڵکی جیهان. بێگومان ئەمەش وەک پێویستی یەکی بۆرژوازی و دەستەی فەرمانڕەوای ئەمریکا کە بە درێژایی مێژوو بەهۆی پەیرەو کردنی سیاسەتی ڕەگەزپەرستانەیان ڕێگایان نەداوە کە ڕەش پێستەکان بگاتە ئەم پلەیە لە دەسەڵات. بەڵام هێنانە پێشەوەی ئۆباما لەم هەلومەرجی جۆرەها قەیرانەدا ماناو مەغزای جۆراوجۆری خۆی هەیە.


هەڵبەت ئەوە بۆ هەموو لایەک ڕۆشنە کە ئۆباما لە هەر 3 قۆناغی کەمپیەنی تەبلیغاتی خۆی ،وەک ئاماژەمان پی دا ،چ لە بەرانبەر هیلاری و چ لە بەرانبەر مەکەین و چ لە مەراسیم و ووتاری سوێندخواردنی لەسەر یەک هێڵی سیاسی کۆمەڵێ وەعدە وەعیدی بە دانیشتوانی ئەمریکا و هەموو خەڵکی جیهان داوە. ئەمەش دیارە بەهۆی ڕۆڵی زلهێزی ئەمریکا لە ماوەی چەند دەیەیەی ڕابردوو بە تایبەتی دوو دەیەیەی دوایی سەدەیی بیست.


بەهەرحاڵ ئۆباما بە ڕواڵەت وا دیارە سەرکەوتنەکەی لە ئاکامی دەنگ دانی خەڵکی ئەمریکاوە بێت بەوەی پاڵەوانی گۆڕانکاری و مژدە بەخشی ئازادی یە.بەڵام لە ڕاستی دا دەنگ دانی خەڵک بە ئۆباما نەک لەبەر ئەوەیە ئەو نوێنەری راستەقینەی خەڵکی یە، نەخێر .بەڵکو ئەم دەنگ دانە ئاکامی دژایەتی خەڵکی ئەمریکایە لەبەرانبەر باڵی نیولیبرالی و ئەوپەڕی ڕاستی بۆش و جۆن مەکینی حیزبی کۆماری.بۆیە ئێستا کەشتی یەکەی ئۆباما لەنگەری لە کەنار دەریایەکی پڕ شەپۆڵ و گێژەنگ گرتووەو ئەم سەرکەوتنەی لەسەر ترۆپکی هەرەسێکی گەورەی گەورە هێزی ئەمریکا بەدەست هێناوە.


چاوپیاخشانێک بە بارودۆخو جێگەو ڕێگەی سیاسی و ئابوری ئەمڕۆی ئەم ووڵاتە زلهێزە لە ئاستی ناوەوەو دەرەوەدا زۆر بە کورتی ئەوەمان بۆ دەردەخات کە چۆن وەعدەو وەعید و پڕوپاگەندەکانی ئۆباما بە گۆڕان و شەفافیەت و سەراحەت و ڕاستگۆیی لەگەڵ خەڵکی ئەمریکا و جیهان پاش ماوەیەکی تر دەبێتە بڵقی سەر ئاوو و بەبادا دەچن.


هەڵبەت خودی ئۆباماو سەرجەم دەستەی فەرمانڕەوای ئەمریکا بە هەردوو حیزبی کۆماری و دیموکراتەوە پێش هەر کەسیک ئەوان باشتر لە هەموو خەڵکی جیهان دەزانن کە ئۆباما ئەمڕۆ ئەم سەرکەوتنەی لەبەرانبەر چ هەرەسەێکدا بەدەست هێناوە.


با لێرەدا زۆر بە کورتی ئاماژە بە چەند تەوەرەو لایەنێکی ئەم هەرەسە بکەین.


یەکەم:لەسەر ئاستی ناوەوە ئۆباما ئەمڕۆ سەرۆکی وڵاتێکە کە سیستەمە ئابوری یەکەی لە جیهاندا بە گشتی و ئەمریکا بە تایبەتی لە قوڵترنی قەیراندا پەل دەکوتێ. قەیرانێک کە سیستەمی ئابوری سەرمایەداری لە ساڵی 1907 دا جارێک توشی هات ئەو کاتەی ترومەنی حیزبی دیموکرات سەرۆکی ئەمریکا بوو . ئاکامی ئەو قەیرانەش هەڵگرسانی جەنگی جیهانی یەکەم بوو. پاشان لە ساڵی 1930 بەهەمان شێوە کیندی حیزبی دیموکراتەکان بوو کە ئاکامی ئەو قەیرانەش جەنگی جیهانی دووەمی بەدوادا هات. قەیرانی ئابوری ئیستای سەرمایەش کە لە ئەمریکادا قوڵ بۆتەوە لە هەموو ئاستەکاندا ئاکامی مەینەتباری بەدوادا هاتووە، ئیتر هەر لە بێکاری کە ئێستا گەیشتۆتە %16 و هەروەەها عجز لە میزانیەدا کە دەگاتە 2 تریلیۆن دۆلار، لە کاتێکدا لە ساڵی 1992 لەسەردەمی کیلنتۆندا نەک میزانەیەی ئەمریکا عجزی نەبوو بەڵکو فائزی هەبوو .


وە حاڵی حازر بە پێی ئامارەکان هەر خێزانێکی 4 کەسی ساڵانە 12 هەزار دۆلار لە داهاتی ساڵانەیان لە دەست دەدەن بەهۆی ئەم قەیرانەوە.ئەمە جگە لە کەسادیکی سەرسورهێنەر لە کاڵاکاندا و داخستنی سەدان کارگەو دامەزراوەو بانک و خراپی لە ڕادەبەدەری بیمە و خزمەتگوزاری یە کۆمەڵایەتی یەکان. هەر لە بیمەی بێکاری و تەندورستی و خراپی باری خوێندن و فیرکردن و بەرزبوونەوەی ڕادەی تاوانو بەکارهێنانی زیاتری ماددە بیهۆشکەرەکان و بارزگانی لەفرۆشی و دەیان دیاردەی تری نالەباری دژی ئینسانی.


دووەم :لە ئاستی دەرەوەشدا ئۆباما ڕووبەری شکستی دوو جەنگی بێئاکام بۆتەوە لە عێراق و ئەفغانستان و ئەمەو وێرای شکستیان لە دەیان گرفت و کێشەی تر لە ووڵاتانی جۆراوجۆر لە بەرانبەر هێزە نەیارەکانیان .


یەکێک لەو گرفتانەی کە بۆش بڕیارو بەڵێنی دابوو کە پێش ڕۆیشتنی لە کۆشکی سپی چارەسەری بۆ بکات کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بوو .ئیتر هەر لە کێشەی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئیران و سوریاو رەوتە قومی و دینی یەکان لەسەرو هەموویانەوە تیرۆریزمی ئیسلامی سیاسی، ئەوەی ناوی نابوو محوەرەکانی شەڕ، تا دەگاتە کێشەی فەلەستین .شایانی ئاماژە پێکردنە کە چەند مانگ لەمەو ەر بۆش لە لوتکەی ئەناپۆلس پەیمانی دا بە سەرانی جیهان بۆ چارەسەری یەکجاری ئەم کێشەیە. بەڵام ئەمرۆ نەک هەر ئەم کێشەیە چارەسەر نەکرا بەڵکو جەنگ و هێرشی ئەم دواییەی حکومەتی فاشی ئیسرائیل بۆ سەر کەناری غەزە بە بەهانەی ڕۆکیتەکانی حەماسەوە ئەم کێشەیەی چەند قات قوڵتر کردووە کە ئیتر چارەسەری زۆر سەخت ترە لە ساڵانی پیشوو. وە لەم جەنگەشدا هەروەک بینیمان حکومەتی بۆش و ئیستاش ئۆباما زۆر سەرسەختانە لایەنگری ئەم هێرش و جەنگە تاوانکاری یەی ئیسرائیلیان کرد .لە واقعدا چۆن جەنگە داگیرکاری یەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان و عیراق ،کە ناویان نابوو جەنگ لە دژی تیرۆر، ئەم تیرۆریزمە کوێرەی ئیسلامی سیاسی لاوازنەکرد بەڵکو بەهێز تری کردن، بەهەمان شێوە جەنگی ئیسرائیلیش لە دژی دانیشتوانی کەناری غەزە وە دووساڵ لەمەوبەریش کەلە لوبنان کردی حەماس و حیزب اللەی زیاتر بەهێز کرد.ئەمانەو دەیان کێشەو گرفتی تر وەک گرفتی مل نەدانی ئەمریکا بە پەیمانە نێو دەوڵەتی یەکان بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی گەرمی گۆی زەوی، هەروەها ریک نەکەوتن لەگەل زلهیزە تازەکان لەسەر زۆر گرفتی تەوەرەیی و بەمەش قوت بوونەوەی چەندین جەمسەری ئابوری تر وەک روسیاو یەکێتی ئەوروپاو چین و ژاپۆن کە سەرهەڵدانی ئەم جەمسەرانە دەورو نەخشی ئەمریکا لە هەموو ڕوویەکی ئابوری و سیاسی دەبەنە دواوە.ئەمانە هەمووی قەیران و کیشەو گرفتی کراوەن و پەروەندەکانیان بە چارەسەنەکراوو کراوەیی لەسەر میزەکەی ئۆبامادایە.


ئەگەر هەر چاودێرێک بە ووردی سەرنج لە ووتاری سوێند خواردنی ئۆباما بدات بە ئاسانی دەکرێ ڕەوەندی سیاسی ئێستاو ئایندەی ئەمریکا لە سایەی ئەم قەیران و کیشەو گرفتانە بە سادەیی ببینێ.وە هەر ئاسۆی ئەم هەموو کێشەوگرفت و قەیرانە جۆراوجۆرانەیە کە وا دەکات ئەم سەرۆکە بە ڕواڵەت سەرکەتوە باس لە گۆڕان بکات و بڵێ وەزعی جیهان گۆڕاوەو دەبێت ئێمەش بگۆڕێن.وە ئەمەش باشترین دانپیانان و بەڵگەیە بۆ کۆتایی هێنانی سەرکردەیی ئەمریکا لیرە بە دواوە.


لە ڕاستیدا ئەمڕۆ ئەگەر بەراوردیک بکەین لە نێوان ئەمریکای ئۆباماو سۆڤیەتی سەردەمی گورباتشۆفدا ،هەروەک زۆرێک لە لێکۆڵەرەوەکانی جیهانیش بە ڕاست و چەپەوە دەڵێن، لە زۆر ڕوووە لە یەک دەچن.ساڵی 2009 بۆ ئۆباماو ئەمریکا لە ساڵی 1985 رووسیاو گۆرباتشۆف دەچیت کە بە دەسەڵات گەیشت .ئەگەر گورباتشۆف لە ئاستی ناوەوەو دەرەوە بە پاڵەوانی گۆڕانکاری و کرانەوە دادەنرا ئەوە ئێستاش ئۆباما بوە بەم پاڵەوانەو بانگەوازی گۆڕانکاری و کرانەوە دەکات. وە لەسەر دەستی ئەم سەرۆکە بە ڕواڵەت ئازادیبەخشە ئەگەر ئەمریکا وەک سۆڤیەتی پیشوو لە چەند ساڵی ئایندەدا لەتو پەتیش نەبێت ، ئەوە جێگەو ڕێگەی سیاسی و ئابووری و زلهیزی ئەمریکا زۆر زیاتر لە روسیای نەوەتەکان دێتە خوارێ.


بەڵام بە پێچەوانەی پروپاگەندە درۆیینەکانی ئۆباماو دەزگا ڕاگەیاندنە ژەهراوی یەکانی بۆرژوازی جیهانی، لەسەر هەمویانەوە خودی ئەمریکا ،ئۆباما کە ئێستا لە نێوان سەرکەوتنێکی شەخسی و هەرەسێکی گەورەی ئابوری و سیاسی و فەرهەنگی ئەمریکا وەستاوە نەک هەر ناتوانێ بچوکترین گۆڕانکاری بە قازانجی ژیانی خەڵکی ئەمریکا و جیهان بکات بەڵکو بە پێچەوانە لە چەند ساڵی ئایندەدا ژیان و گوزەرانی خەڵکی زۆر زیاتر دیتەوە خوارەوە،چونکە ئەو نوێنەری تەنهاو تەنهای سەرجەم بۆرژوازی قەیرانگرتووی ئەمریکایە .جا بۆ ئەوەی سەرمایەداری لەم قەیرانە ڕزگار بکات پێویستە زیاتر ئاکامی قەیرانەکە لە هەموو ڕوویەکەوە بەسەر خەڵکی ئەمریکادا بشکێنێتەوە .ڕەنگە ئاکامی ئەم قەیرانە هەمە لایەنە جیهانییەی سەرمایەداری جارێکی تر جیهان بەرەو دەرگای جەنگێکی جیهانی بەرێت .وە ئەگەرو فاکتەرەکانی ئەم جەنگەش ،بە پێچەوانەی پڕوپاگەندەکانی ئۆباما لەبارەی ئەمن و ئاسایش و ئازادیبەخشی یەکانی ، وا ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر دەبێت.


بۆیە خەڵکی ئازادیخوازی جیهان بە گشتی و ئەمریکا بە تایبەتی نابێت چاوەڕوانی نە لە ئۆباماو نە لە هیچ کەسایەتی و حیزبێکی وەک دیموکرات و کۆماری هەبێت. بەڵکو هەر گۆرانکاری یەک بە قازانجی خەڵکی خۆی تەنها و تەنها لەوەدایە کە هێزی ملیۆنی خۆیان بێننە مەیدان بۆ ڕووخانی یەکجاری سەرجەم سیستەمی سەرمایەداری و هەنگاو نان بەرەو بونیادنانی دونیایەکی ئازاد و یەکسان و بی چین و چەوسانەوە.


ئێستا ئەوە رۆشتە کە ئۆباما لە نێوان سەرکەوتنێک و هەرەسێکدا لەنگەری گرتووە، بەڵام بەهەمان شێوەش کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە سایەی ئەم سیستەمە سیاسی و ئابوری یەی کە ئۆباما نوێنەرایەتی دەکات، لە نێوان وەحشیەت و بەربەرییەتی سەرمایەداری و ئینسانیەتی سۆسیالیزم دا لەنگەری گرتووە.بەڵام ئەوەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی کامیان هەڵدەبژێرێ ئەوە بێگومان پەیوەستە بە ڕادەی ئاگاهی سیاسی چینایەتی و ڕادەی ڕێکخراو بوونی زۆرایەتی کۆمەڵگاوە لەسەرو هەموویانەوە چینی کرێکاری و کۆمۆنیستە پێشرەوەکان.

 


کۆتایی جەنیوەری 2009

Mozafar_as@yahoo.com