په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\١١\٢٠٢٥

ئۆنتۆلۆژیای تاریکیی.


ئەرسەلان مەحمود      

سفر.

پێش ئەوەی دەست بە نووسینەکە بکەم، با ڕازێکت پێ بڵێم: ئەم وشانە لە تاریکیدا نووسراون. هەڵبەتە ئەو تاریکییە نا شاعیران پێیدەڵێن شەوی ڕۆح، بەڵکوو ئەو تاریکییەی لە بێ کارەباییدا ڕژاوە، ئەو تاریکییەی جوگرافیای کۆڵۆنیاڵ، مۆدێرنەی موزەییەف و حەشدی تاریک و ئاین و ئۆنی خێڵگەرایی بڕیار دەدات کەی ببینین و کەی نەبینین و لە میدیا و سۆسیال میدیای ڕستکراویشیاندا خەڵکی تری لەسەر تەخوین و تۆمەتبار دەکەن. ئەم وشانە لەسەر مۆبایلێکی کەم شەحن نووسراون، لە ژوورێکدا تەنها ڕووناکی لە ئەستێرەکانەوە وەردەگرێ، ئەستێرەیی ئاسمانی.

یەک: ئۆنتۆلۆژیک.

تاریکی پێش ڕووناکی نەبوو. ئەم ڕستەیە باش بخوێنەوە، هێواش، وەک نوێژێک، وەک نەفرەتێک. بڕوانە تاریکی لە ئەفسانەکانی گەلانی دیکەدا، ئەو کابوسەیە دەکەوێتە پێش لە دایکبوون، ئەو پەتاییەی مرۆڤایەتی دەمێک سەدە و ساڵە جێیهێشتووە. بەڵام بۆ ئێمە هێشتا ئەو ئاکامەیە هەموو چرکەیەک پێیدەگەینەوە، تاریکی ئێمە دوای ڕووناکی دێت، وەک بیرەوەری شتێکی لەدەستدراو، وەک خۆڵەمێشی ئەستێرەیەک بە دەست عەقڵییەتی خۆپەسند و ڕستکراو ک، لەسەر چاوی منداڵێکدا ڕژا.

ئەوەی ئێمە ئێستا نیمانە، نەبوونی ڕووناکی نییە، بوونی نەبوونە. ئۆنتۆلۆژیایەکی تازەیە: هەبوون لە ڕێگەی نەهێشتنەوە. ئایا مرۆڤ هەیە، کاتێک ئەو شتانەی مرۆڤبوون دەسەلمێنن لێیدەسەنرێتەوە؟ ئایا گەلێک هەیە، کاتێک نەخشەیەکی نییە؟ ئایا کوردستان هەیە، کاتێک تەنها لە ناو ئاگردا لە تاریکدا دەردەکەوێت؟ ئێمە ئەو ئەگزیستانسەین لە نێوان هەبوون و نەبووندا هەڵواسراوین، وەک شنەیەک لە کێڵگەی چوار تا پێنج بۆ شەش قەدەغەدا.

دوو: میتافیزیکی سنووردار.

فەیلەسووفەکان، ئەوانەی لە گەرمایی ئاگردانەکانیاندا بوون دەفکرین، دەیانگوت: هیچ لە هیچەوە نایەتە دی. بەڵام ئەوان تاریکی کوردستانیان ئەسبەر نە کردبوو. نەیاندەزانی لە خاکێکدا هیچ لە هەموو شتێکەوە دروستدەکرێت. نەبوون لە بوونەوە دەڕوێت، وەک گوڵێکی سوور لەسەر سنگی خاکێکی ڕەشدا، وەک زاڕۆیەک لە سکی دایکێکی گوللەبارانکراودا.

میتافیزیکی ئێمە وەک میتافیزیکی ئەوان نییە. ئەوان دەپرسن: بۆچی هەبوون لەجیاتی نەبوون هەیە؟ ئێمە دەپرسین: بۆچی نەبوون لەجیاتی هەبوون هەیە؟ ئەوان لە نەبوونەوە بەرەو بوون دەڕۆن، ئێمە لە بوونەوە بەرەو نەبوون پاشەکشێ دەکەین. لە ڕووناکییەوە بەرەو تاریکی، لە یەکەم فێربوونەوە بەرەو دوا قەدەغەکردنی زمان. نەک بەپێی یاسای ئینتڕۆپی یان تێرمۆدیناموس، بەڵکوو بەپێی یاساکانی خێڵ و میلیشیا و پەیمانی نهێنی کۆڵۆنیاڵیزم و پۆستمۆدێرنیزم. ئەوان وتیان بوون هەیە، نەبوون نییە. ئێمە دەڵێین: بوون هەیە، بەڵام بۆ گەرمکردنی بازاڕ، بازاڕی نەفرەتی گرگنە پیاوان!

سێ: دیالێکتیکی شکاو.

هیگڵ لە خەونیدا یەکخستنەوەی دژەکانی بینی، هەڵکشانی ڕۆحی مێژوو بەرەو ئازادی. بەڵام هیگڵ شەقامەکانی ڕووناکی ئێرەی نەدیتبوو چۆن و بۆچی بۆمباران دەکرێن، گوندەکانی ئێرەی نەدیتبوو چۆن کوێرکرانەوە. دیالێکتیکی ئێمە دیالێکتیکی شکاوە: ڕووناکی، تاریکی، تاریکی، تاریکی. یەکخستنەوە نییە، تەنها دژبەرەکی بێکۆتایی هەیە. ئەوەی پێیدەڵێن سینتێز تەنها مۆڵەتێکی کاتییە، چەند ساڵێکی هەناسەدان، چەند دەیەیەکی نیمچە سایەبان، پێش ئەوەی دووبارە بمانگەڕێننەوە ئەو تاریکییەی لێیەوە هاتین.

مێژوو بۆ ئێمە هەڵناکشێت، مێژوو دەسووڕێتەوە: قەتڵ، ناچارکراو، نەبوون، بەڵێن، ئومێد، قەتڵ. هیگڵ گۆڕستانەکانی ئێمەی دیتبا چی دەوت؟ کام ڕۆحییەتی مێژوو ئەو منداڵدانەی لە ئێمەدا کوشت؟ کام سینتێزە دەمی ئەوانی داپچڕی؟

 چوار: هەرمەنیوتیکی بێزاری.

تاریکی زمان نییە. تاریکی کۆتایی زمانە. ئەو شوێنەیە وشە پێش ئەوەی بگات لێییەوە هەڵدەتۆقێت، ئەو قووڵاییەیە مەتەل تێیدا دەخنکێت، ئەو بێدەنگییەیە گریان تێیدا دەبێتە بەرد. کاتێک کارەبا نامێنێت، منداڵ ناتوانێ ئەو وشەیە بخوێنێتەوە فێرە ناوی نیشتیمانی دەکات، خوێندکار ناتوانێت ئەو وانەیە تەواو بکات دەبێتە ڕێگەی ڕزگاری، دایک ناتوانێت سفرەی نانەکە ڕاخات لە ڕووناکیدا، نەخۆش لە تاریکیدا دەمرێت، بێئەوەی ڕووی دکتۆرەکەی ببینێت.

لێرەدا تاریکی ئەبستراکسیۆن نییە، فەلسەفە نییە، گۆشتە، ئێسکە، هەناسەی کۆتاییە. تاریکی ئەو کاتەیە دایکێک ڕووی منداڵەکەی نابینێت کاتێ دەمرێت، تاریکی ئەو کاتەیە کچێک تێیدا ناتوانێت هاوار بکات. ئەوان لە کۆنفڕانسەکاندا باس لە نەبوونی ڕووناکی دەکەن. ئێمە لە ژوورە نەخۆشەکانی نەوتخانەدا لەگەڵ مردن شەڕ دەکەین.

پێنج: ئەبسوردی کوردی.

کامۆ پرسی: ئایا ژیان شایەنی ژیانە؟ ئێمە دەپرسین: ئایا تاریکی شایەنی بەرەنگاربوونەوەیە؟ ئایا دەبێت بەرگە بگرین، کاتێک بەرگەگرتن هیچی لەواقیع ناگۆڕێت؟ ئایا دەبێت ئومێدی پووچ هەڵچنین، کاتێک پووچی خۆی بووەتە یاسا؟ کاتێک پەیمان دەبەستین و دەشکێنرێت، کاتێک دەق دەنووسین و دەسووتێنرێت؟ سیزیف هێشتا بەردەکە بەرەو سەرەوە دەبات، بردنەکە نا، تراژیدیاکە غلۆربوونەوەکەیە. ئێمە هەر شەوە بلاجکتۆرێک دەکوژێنینەوە، هەر شەوە مۆمێک ڕەشدەکەینەوە، وەک ئاکتێکی یاخیبوونی میتافیزیکی دژی ئەو ئاسمانەی مووشەکەکانی پێدا و تێدا دەفڕن.

کامۆ وتی: دەبێت سیزیف بە دڵخۆش بزانین. ئایا دەبێت کوردیش بە دڵخۆش بزانین یان دڵخۆشی مرۆییبوونێکە پێویست ناکات وەک ئێمە بەردەکە هەڵبگرن؟ ئەبسوردی ئێمە ئەبسوردی کامۆ نییە. کامۆ بژاردەی هەبوو: یان خۆکوشتن، یان ژیانکردنە. ئێمە تەنها بژاردەی نیوەیمان هەیە: ژیانکردن، بەڵام لەژێر شەرتدا. ئێمە ناپرسین ئایا ژیان شایەنی ژیانە، ئێمە ناچاردەکرێین بپرسین ئایا ڕێگەمان پێدەدەن بژین یان نا.

شەش: جیۆپۆلیتیکی سێبەر.

تاریکی ئێمە، جوگرافی نییە، جیۆپۆلیتیکییە. لە نەخشەکانی ساتلایتدا هەرێمی کوردستان ڕووناکە: چرای شارەکان دەدرەوشێنەوە، هەولێر و سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجە وەک ئەستێرە لەسەر ڕووی زەوی. بەڵام ئەوە ڕووناکی ساختەیە. لە ڕاستیدا ئێمە سێبەرێکین لەنێوان ئەو دەوڵەتانەی لەسەر جەستەمان ڕاهێنانی سەربازی دەکەن، پەیمان دەبەستن، بەسەر خاکمانەوە شەڕ دەکەن بەبێ ئەوەی ناومان ببەن.

نەوت و غاز لە ژێر پێمانە، تاریکی لەسەر سەرمانە. ئەمە پارادۆکس نییە، ئەمە لۆجیکی ئیمپراتۆرییەتییە. ئەوان ڕۆشناییەکەمان دەفرۆشن و تاریکییەکی دەهێڵنەوە بۆمان. سامانەکەمان بۆ ڕووناککردنەوەی پایتەختەکانیان دەبەن، خاکەکەمان دەکەنە سووتەمەنی پێشڕەوییان. ئێمەیش لە تاریکیدا دەمێنینەوە، لەسەر ئەو نەخشانەی خۆمانی تێیدا نابینین.

حەوت: تیۆلۆژیایەکی بێهودەیی.

ئەوانەی ڕووناکیمان دەکوژن، وادەزانن دەتوانین خۆشمان بکوژین. نازانن ئێمە ئەو نەسلەین لە تاریکیدا گەورە بووین. نازانن لە تاریکیدا: فێری زمانی دایک بووین، فێری نووسین بووین، بەبێ گڵۆپ، فێری خوێندنەوە بووین، بە ڕووناکی شەوقی مانگ، فێری خۆشەویستی بووین، لە ژێر سێبەری بۆردومانەکاندا. ئەوان گومان دەکەن تاریکی یەکسان بێت بە کۆتایی. بەڵام ئێمە لە تاریکیدا ئەفسانەمان گێڕایەوە، لە تاریکیدا گۆرانی نیشتمانیمان وتەوە. لە تاریکیدا ئاڵاکەمان لە دڵدا دانا.

هەشت: ئیپیستمۆلۆژیای شەو.

ئەوان دەپرسن: چۆن دەزانین؟ ئێمە دەپرسین: چۆن لە تاریکیدا دەزانین؟ زانین لە ڕووناکیدا ئاسانە: کتێب دەخوێنیتەوە، وتار دەنووسی، ڕاڤەدەکەی. بەڵام لە تاریکیدا زانین دەبێتە ئەزموون، زانین دەبێتە برین، زانین دەبێتە بۆنی خوێن و تەنکە بارووت. ئیپیستمۆلۆژی ئێمە ئیپیستمۆلۆژیای ئازار دەچەرخێنێت. ئێمە بە پێست دەزانین، نەک بە مێشک بە گیان دەزانین، نەک بە لۆجیک بەو تاریکییە دەزانین لە چاوماندا ڕەشدەچێتەوە.

نۆ: ئەستەتیکی ئاگر.

جوانی لای ئەوان ڕەنگە، گوڵە، ئاوەڕۆیە. جوانی لای ئێمە ئاگرە. نەک ئاگری وێرانکەر، بەڵکوو ئاگری ئەو مۆمەی لە تاریکیدا ژیان ڕۆشندەکات، ئاگری ئەو بوخارییەی نانی گەرم دەکات کاتێک کارەبا نییە، ئاگری ئەو ئاڵایەی دەسووتێت و دەشەکێتەوە، ئەستەتیکی ئێمە ئەستەتیکی بەردەوامییە: جوانی ئەوەیە بمێنیتەوە، جوانی ئەوەیە هێشتا هەیت کاتێک دەبوایە نەبیت. ڕەنگەکان لە تاریکیدا قووڵترن: سووری خوێن، ڕەشی خاک، سپی ئێسک. ئەم ڕەنگانە ڕەنگەکانی ئارتی ئێمەن، ئەم ڕەنگانە ڕەنگەکانی مانەوەی ئێمەن.

دە: ئەخلاقی مانەوە.

کانت پرسی: ئەرکی ئەخلاقی چییە؟ نیتشە پرسی: لەوبەری چاکە و خراپەوە چی هەیە؟ لێڤیناس پرسی: بەرپرسیاریەتی بەرامبەر ئەویتر چۆنە؟ ئێمە ئەم پرسیارانە لە تاریکیدا دەکەین: ئەرک چییە کاتێک دەوڵەت نییە؟ چاکە و خراپە چین کاتێک یاسا خۆی خراپە؟ ئەویتر کێیە کاتێک خۆمان لە چاوی ئەوانەوە، ئەویترین؟ ئەخلاقی ئێمە ئەخلاقی مانەوەیە: مانەوە چاکەیە، ڕۆیشتن خراپەیە، نەک بەو واتایەی لاواز بین، بەڵکوو بەو واتایەی شایەنی مانەوە بین. لەبەرئەوە دەمێنینەوە، لەبەر ئەوانەی پێش ئێمە مردن بۆ ئەوەی بمێنین، لەبەر ئەوانەی دوای ئێمە دێن و پێویستیان بە خاکی ماو هەیە.

یانزە: فەلسەفەی کۆتایی.

فەلسەفە لە یۆنان بە سەرسوڕمانەوە دەستپێکرد، فەلسەفەی لای ئێمە بە تووڕەیی دەستیپێدەکات. تووڕەیی کوێر نا، تووڕەیی ڕووناکییەکی لەناوچوو، تووڕەیی ئەوەی دەزانیت شتێکت لێسەندراوە، کەسێکت لێکوژراوە، خاکێکت لێبڕاوە.

دوازدە: دوعا بۆ ڕووناکی.

ئەمە دوعایە نەک فەلسەفە: با ڕووناکی بگەڕێتەوە، نەک ڕووناکییەکی ئەوان پێمان دەبەخشن و لێمان دەسەننەوە، بەڵکوو ڕووناکی خۆمان، لە خاکی خۆمان، بۆ چاوی خۆمان. با تاریکی ببێتەوە شەو، ئەو شەوە ئاسایییەی پێویستی بە خەو هەیە، نەک ئەو شەوە ئۆنتۆلۆژیییەی پێویستی بە ڕزگاری هەیە. با منیش، لە ژوورێکی ڕووناکدا، ئەم وشانە باشتر بنووسمەوە، نەک وەک فریادی ڕزگاری، بەڵکوو وەک شیعرێکی ڕزگار بوو.

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک