په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\١٠\٢٠١٦

ئۆپەراسیۆنی سەرتاسەریی دژی هزری داعشیی.


شاخه‌وان برایم عه‌بدوڵا


خەلافەتی دەوڵەتی ئیسلامی "داعش" لە بەرەی شەڕی مووسڵ و سەرجەم ئەو ناوچانەی لەژێردەستیدا ماون، دووچاری شکست دەبێتەوە، بەڵام دەبێت ئەوە روون بێت بۆ دەزگە ئەمنییەکان کە رێکخراوی تیرۆریستی داعش دووڕووی ھەیە، رووێکی چەکدار کە لە زۆربەی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکەی جیادەکاتەوە، واتە دەیەوێت دەستبەسەر شوێندابگرێت، رووێکی دیکەی ھاوبەشیشی ھەیە کە لەگەڵ سەرجەم گرووپ و حیزب و رێکخراوە ئیسلامییەکانی دیکەدا یەکدەگرێتەوە، ئەویش هزری داعشییە، واتە دروستکردنی دەوڵەتێکی گەورەی ئیسلامی لەو ناوچانەی کە کێشەی مەزھەبی و سیاسی و ھەژارییان ھەیە، قسەکردنیش لەسەر کۆتایی داعش لەڕووی بەرەی شەڕەوە، بڕاوەتەوە، چونکە داعش توانای ئەوەی نەماوە لە بەرەکانی جەنگدا ھاوشێوەی پێشوو رووبەڕووی پێشمەرگە و سوپای عێراق ببێتەوە، بەڵام ئەوەش مانای ئەوە نییە ئەو گرووپە ئیدی کۆتایی دێت، داعش کۆتایی نایەت، چونکە داعشەکەی دیکە کە بە داعشی هزریی و نووستوو ناوزەنددەکرێت دەست بە چالاکی دەکاتەوە، لە کردەوەی تەقینەوە و فڕاندنی خەڵک و بڵاوکردنەوەی ترس و هزری توندڕەوی ئیسلامی.


ھێرشەکەی رۆژی ھەینی ٢١/١٠/٢٠١٦ چەکدارانی داعش بۆسەر باشووری کەرکووک و رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ ھێزە ئەمنییەکان، ئاماژەیەکی روونە لەوەی داعش رەنگە ھێرشی ھاوشێوەی شاری کەرکووک بکاتە سەر شارەکانی دیکەی ھەرێمیش بە تایبەتی ھەولێر، چونکە داعش ھەوڵدەدات بۆ کەمکردنەوەی گوشاری ھێز لەسەر بنکە و بارەگەکانی لە مووسڵ، چالاکی لەناو شارەکان ئەنجامبدات بەمبەستی سەرقاڵکردنی دەزگە ئەمنییەکان و جۆرێکیش دڵەڕاوکێ لەناو ھاووڵاتییان دروستبکات، رەنگە ھانا بۆ رفاندنی خەڵکی سڤیلیش ببات، چونکە نایەوێت ھەروا بە ئاسانی بڕوات، بەوپێیەی رێکخراوێکی هزرییە و دەیەوێت لە ناوچە ئاڵۆزەکان خەلافەتی دەوڵەتی ئیسلامی دروستبکات، کەوایە لە دوای ئەو رووداوەی کەرکووکەوە، ئەرکی دامەزراوە ئەمنییەکانی ناو شارەکان زۆر قورستربووە بە تایبەتی لەو ناوچانەی شەڕی چەکداری تێدا روودەدات بەتایبەتی ھەولێر ھەم وەک ناوەندی سەربازی دژی داعش و ھەمیش بەھۆی نزیکییەوە لە مووسڵەوە، ئەرکە قورسەکە لەوەدایە کە داعشی ناو شارەکان نەبینراون و لە پڕێکدا دەردەکەون و کردەوەی تیرۆریستی ئەنجامدەدەن، دەکرێت ئەو ماوەیە رێگە لە گوتاری مزگەوتەکانیش بگیرێت، چونکە مزگەوتەکان باشترین ئەو شوێنانەن، ئەندامانی داعش وەک ئەدرەسی یەکتربینین بەکاری دەھێنن.


جموجۆڵی ئێستای داعش لە کەرکووک کۆتاییدێت، بەڵام ھیچ کات نابێت دامەزراوە ئەمنییەکان تەسەوڕی نەمانی داعش بکەن، بەپێچەوانەوە داعش لە دوای شکستەکانی لە بەرەی جەنگدا، ئیدی دەستدەکات بە ھێرشی چەکداری وەک ئەوەی کەرکووک و ئەنجامدانی کردەی تەقینەوە و رفاندن و کوشتنی خەڵکی، لەم قۆناغەشدا کە داعشی چەکدار لە شکست نزیکدەبێتەوە، بۆ دەزگە ئەمنییەکان لەناو شارەکاندا زۆر سەختە، پێویستە وەک چۆن پێشمەرگە لە شەڕگەکاندا شەڕدەکات، ئەوانیش بە ھەمان شێوە ئۆپەراسیۆن لەناو شارەکاندا دەستپێبکەن، بە تایبەتی لەو ناوچانەی ژمارەیەکی زۆری ئاوارەی عەرەبی تێدایە, رەنگە لەڕووی هزرییەوە ھاوکاری داعش بکەن.


قۆناغی ئێستا و دوای مووسڵ, دوو قۆناغی زۆر سەختن, بەوپێیەی چالاکی داعش لە بەرەی شەڕەوە, دەگۆڕدرێت بۆ چالاکی شاراوە, واتە ئیدی داعش بە نھێنی پرۆسەی تیرۆریزمی ئەنجامدەدات, وەک ئەوەی کەرکووک، ھەربۆیەش ھەم شەڕی هزریی و ھەمیش ھۆشیارکردنەوەی دەزگە ئەمنییەکان و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لەناو شارەکانی ھەرێم بۆ ئەو شوێنانەی کە جێگەی گومانن و ئەگەری ھاوکاریکردنی داعشی تێدایە، ئەگەر داعش لە بەرەی شەڕدا جارێک زیانی ھەبێت, ئەوا لەناو شارەکاندا دەیانجار ئەوەندە دەبێتە ھۆی ھەڕەشە بۆسەر ھاووڵاتییان و تێکدانی رەوشی ئاسایی کۆمەڵگە.

 

٢٣\١٠\٢٠١٦ - خەبات
ماڵپه‌ڕی شاخه‌وان برایم عه‌بدوڵا

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک