٣٠\٨\٢٠١٧
چیرۆک بۆ منداڵان:
ئۆپەرێتی شەنگە و
دارا.

عەلی حەمەڕەشید
دایک:
کوڕم دارا، کچم شەنگە............ھەستن لە خەو،کات درەنگە
دارا:
بەیانیت باش دایەی شیرین.......مایەی خۆشی و گوڵی ئەوین
شەنگە:
بەیانیت باش دایەی دڵسۆز.......خۆشەویست و دڵ پڕ لەسۆز
ھەردووکیان:
دایە ئێمە زوو ھەستاوین........لەڕێی دەنگی تۆ وەستاوین
ئێمە چونکە زوو دەخەوین.......خەمت نەبێ دوا ناکەوین
دایک:
ڕۆڵەکانم،ھێزی دڵمن......لە باخی ژین،ئێوە گوڵمن
وا باوکیشتان چاوەڕوانە....بتان بات بۆ قوتابخانە
شەنگە:
با جێگەکانمان ھەڵگرین...ئەوساکە دێین دایەی شیرین
دارا:
من دەچم بۆ تەوالێت.....نابێ لەبیرم بچێت
دوایی دەست و دەم و چاو......دەشۆم بەسابون و ئاو
خاولێکەی خۆیشم دەبەم.....وەک ڕۆژانی تر دەکەم
شەنگە:
دارا گیان منیش وەک تۆ....زۆر ھێمن و لەسەرخۆ
ئەوانە ئەنجام ئەدەم....منیش وەکو تۆ دەکەم
دارا دەڕوات و خاولییە بچوکەکەی خۆی بە دەستەوەیە ، دوایی دەچێتە
چێشتخانەکەو دەڵێت:
بەیانیت باش بابە گیان...بەیانیت باش دایە گیان
خوا بتان ھێڵێت بۆمان...
لەم کاتەدا دەچێت ئەملاو لای ھەردووکیان ماچ دەکات و ئەوانیش بەھەمان
شێوە ماچی دەکەن..
لەم کاتەدا شەنگەش پەیدا دەبێت و دەڵێت:
بەیانیتان باش ئەی بابە و دایە
خۆشەویست ترین کەس لەم دنیایە
ئەویش دەچێت وەکو دارای برای ئەملاولای باوک و دایکی ماچ دەکات..ولەسەر
مێزی نانخواردن دادەنیشێت.
بەخێرایی نانی بەیانی دەخۆن.
باوک:
نان خواردنی بەیانیان....سوودی زۆرە بۆ ھەمووان
تا زیرەک و وریابن.....لە خوێندن بە ئاگابن
دایک:
دەی خیراکەن زووبەزوو.....خۆ ئامادەبکەن ھەردوو
بڕۆن بۆ قوتابخانە......دووەم ماڵی ھەمووانە.
ماڵپەڕی
عەلی حەمەڕەشید
|