په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\١٢\٢٠١٢

ئۆپەراسێونی دیجلە، خەسڵەت و ئاکامەکانی!

کازم قادر        

ئەگەر جەنگ ڕوونەدات و ئەگەر خەڵکی کردستان باجی گەورە نەدەن،مێژوو تەنها درۆێکی گەورەیە!


خەڵکی کوردستان بیست و یەک ساڵە،چرکە بەچرکەی بیست و یەک ساڵ باج دەدات.بیست و یەک ساڵ ژیان لە سایەی دەسەلاتی ڕەش و ستەمگەرو بێدایدی پارتی یەکێتییدا،هیچ نەبوو بێجگە دۆزەخێک،شەڕو کووشتن و تۆقاندن،برسییکردن،بەتاڵان بردنی سامانی کۆمەڵگە،تێرۆری سیاسیی و بیروڕای جیاواز،ژن کوژیی و نوقم کردنی کۆمەڵگە لەناو داڕزیوترین کولتوری دین و خێڵدا.


بیست و یەک ساڵ مێژووە،لەو ماوەیەدا هەموو شتێک خەمڵیوە،واتە کۆی ڕەگەزو کێشەکانی ناو ئەو مێژووە بە پۆزەتیڤ و نێگەتیڤ_وە خەمڵییون و گەشەیان کردووە.دەکرێت ئەم سووڕە_دەورەیە_ساتی تەقاندنەوەی بڕێک لە کێشەکان بێت.بە واتاێک،ئەگەر بیست و یەک ساڵ ژیان لە سایەی دەسەڵاتی کوردییدا ئەو کۆمەڵگەو کولتورە ناشیرین و زەلکاو ئاسایە بێت،ئەو بەرئەنجامە نەگۆڕە بێت کە وەها مێژووێک دەیخولقێنێت و فڕێی دەداتە دەرەوە،ئەوا ئۆپەراتسێونی دیجلە،لەشکرکێشیی و لەشکری کۆنەپەرستیی دینیی و مەزهەبیی مالیکیی،یەکێک لەو دەرکەوتە پێگەییوە ترسناکانەیە،ڕەگەزێکی ناو ئەو مێژووەیە،ئەو گەمەی مەرگەیە کە پارتی و یەکێتیی لە گەڵ ژیان لە کوردستان دەیانکردو ئەو سیاسەت و قوماربازییەیە کە لەگەڵ حکومەت و باندەکانی بەغدادا دەیانکرد.واتە ئۆپەراتسێونی دیجلە،لەشکرکێشیی ئیسلام و مەزهەبیی،پرۆسەێکی بان مێژوویی نییە،دیاردەێک نییە لە فەزاێکیترەوە هاتبێت،بەڵکو تەواو بەرئەنجامی میژوو و چالاکیی ناو مێژووە،مێژووی قوومارو بازرگانییەکانی پارتی یەکێتیی.واتە سوپاێک کە ئەمڕۆ شاڵاوی بۆ سەر ژیانی خەڵکی کوردستان هێناوە(دەکرێت شەڕ هەڵبگیرسێت یانیش بڕێک دوا بکەوێت)دروستکراوی هاوبەشی باندەکانی بەغداو هەرێمە،سوپاسالارەکەی کوردێکی قوتابخانەکەی کوردایەتییە.


لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس لە ٢٠٠٣وە،پارتی و یەکێتیی،بە فرۆشتنی نرخی ژیانی خەڵکیی بەم ئاییندە تاریک و شەڕانگێزییە،لەپاڵ زەبروزەنگ و بێدادیی کۆمەڵایەتیی بەخەڵکی کوردستان، خەریکی بەهێزکردن و دروستکردنی ئەو لەشکری قورەیشییەیە کە ئەمڕۆ شمشێری لێهەڵکێشاوە.ئەو لەشکرکێشییەی مالیکیی گاڵتە نییە وەک بڕێک لە خەڵکیی بە گاڵتەی دەزانن،بەڵکو ئەو پرۆسەیە مەنتالیتێتی مالیکیی و کۆی کایەی سیاسیی و فەرهەنگیی دەوڵەتی دینیی و مەزهەبیی عێراقە، مەنتالیتێتی شۆڤێنیزمی ئیسلامیی عەرەبییە کە لە دەوڵەت و دەسەڵاتی ئێستای مالیکیی و باندەکانی دەوروبەریدا بەرجەستەیە.دەوڵەتی مەزهەبیی عێراق،سیستەم و دەستورەکەی،لەسەر بنەمای هیچ پرەنسیپێکی مرۆیی و ئازادیی و یەکسانیی خوازیی و مافی یەکسانیی هاولاتیی بوون دانەمەزراوە،هیچ بەهاو مۆراڵێکی مرۆیی گەردوونیی لەنێوان دەسەڵاتی بەغداو هەرێمدا نییە تا ڕێگریی لەشکرکێشیی و جەنگ و داگیرکاریی کوردستان بکات.جەنگ ئەگەرێکی کراوەو واقیعیی ناو ئەو فەزا وێران و بەدمۆراڵییەیە.


لەو ڕووەوە بەبۆچوونم بابەتی زۆر گرنگ و هەستیار لە دۆخی ڕوودانی شەڕدا،پرسی بەشدارییکردنی شەڕە!دەکرێت شەڕ ڕووبدات یان نا،دەکرێت دوابکەوێت یان نا،بەڵام زەمینەی لە باری هەیەو خولقاوە. ئەو پرسیارە دەشێت هەموو کەسێک بیکات،ئەگەر شەڕ بکەم بۆ کێ؟ئەگەر نایکەم داگیرکاریی!هەڵبەتە بەشارییکردنی شەڕ لە ناو سوپاو دەوڵەتێکدا کە لەسەر پێی خۆی ڕاوەستاوەو سوپاو جەنگاوەری ئیجباریی هەیە،زۆر جیاوازە لە بارودۆخی کوردستان و میلیشیاکانی پارتی و یەکێتیی.بە هەموو پێوەرێک شەڕ لەبەرەی پارتی و یەکێتییدا تەنها شەڕیکی خۆکوژییە،شەڕێکە تا ئەوپەڕی بێبایەخیی مرۆڤ خۆی سوک و ڕیسوا دەکات.خەڵکی کوردستان ئەگەر بەهاو قورسایی یەک نووکەدەرزیی نرخ بۆ خۆیان و ژیان دابنێن،هەرگیز لەبەرەی پارتی و یەکێتییەوە شەڕ ناکەن.بۆ خەڵکی کوردستان هیچ جیاوازییەک لەنێوان مالیکیی و پارتی و یەکێتییدا نییە.بەبۆچوونم بابەتی گرنگ لەم ڕووەوە(شەڕ ڕوو بدات یان نا)بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی چڕوپڕی بەشداریی نەکردنی شەڕە لەبەرەی پارتی و یەکێتییداو هاوکات خۆسازدان و هێنانەئارای بابەتی دروستکردنی هێزو لەشکری چەکداریی سەربەخۆی خەڵکییە لەدەرەوەی میلیشیاکانی پارتیی و یەکێتیی.ئەگەر شەڕ رووبدات پێویستە خەڵکی کوردستان شەڕی پارتی یەکێتییش بکەن یان تەریکیان بکەنەوەو لەدەرەوەی ئەوان هێزی بەرگریی ئازادیئ خوازانەیان ساز بدەن، ئەگەر نا،هەموو شەڕێک دۆڕان و خۆکوژیی و بێنرخییە بەخۆ...!


٤\١٢\٢٠١٢

ماڵپه‌ڕی کازم قادر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک