١٦\٢\٢٠١٢
ئۆپۆزیسیۆن بە ئاڵاى کوردستان و
سروودى (ئەى رەقیب) شێتگیر و تەنگەتاون.

هیوا رهش
شێرپەنجەى کەللەڕەقیى ئۆپۆزیسیۆن ، پەرچەکردارى کردارە قێزەون و
دزێوەکانى ( گەندەڵى ، نادادى ، حیزباندنى کۆمەڵگا ، مۆنۆپۆلکردنى
کایەکانى ژیان ، قۆرخکردنى دەسەڵات و پاوانکردنى بازاڕ و - - - تد)
دەسەڵاتدارێتیى پارتى و یەکێتیە ، ئەمەش زۆر بە نەرێنى جێپەنجەى بەسەر
ئەزمونى گەلى کوردستانەوە جێهێشتووە ، لە سیما هەرە دیارەکانى
ململانێکانى نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن ، چاندنى تۆوى ڕِەتکردنەوەى
یەکتر و قین و تۆڵەیە لە نێوان هەوادارانیاندا و بنیاتنانى بارودۆخێکى
ناتەندروستە لە ناو تەواوى چین و توێژەکانى کۆمەڵگادا ، ئەمەش مەترسیى
جیددى بۆ سەر ئاییندەى هەرێمەکەمان و پیرۆزییەکانى خوڵقاندووە ،
ڕەشکردنى گشت ڕەنگەکانى یەکتریش بۆتە مایەى باڵکێشانى بێهودەیى لە
بەرەو پێشبردنى هەلومەرجى چەقبەستووى هەنوکەى ئەزمونەکەمان .
لە دەمەدەمى خۆپیشاندانەکانى شوباتى پارساڵدا و بە خوێناوى کردنى ،
ئەوەى نەدەشیا بوترێ بە یەکیان وت ، ئەوەى نەدەگونجا بیکەن کردیان ،
لەو نێوەندەدا خوێنى خەڵکێکى بێتاوان لە هاوڵاتى و چەکدار بووە کالاى
بازرگانیى بۆ گەییشتن بە مەرامە پەنهانەکانى حیزب کە ختوکەدانى خەڵک و
خۆبەدوور ڕاگرتن و خۆبەخاوەن نەکردن لێیان هیچى لە تەقە کردنەکان کەمتر
نیە ، خۆپیشاندانەکە بە ئاژاوەگێڕى ناوبرا ، ( ئاژاوە ) کەش بە هێز
وەڵام درایەوە و خزمەتگوزارى و داخوازییەکانى خەڵک لەبەر پێى سەرکردە
ساختەچییەکان سەربڕدرا و ڕۆڵە بێمافەکانى گەلەکەمان باجى سەرەڕۆیى
حیزبەکانیان دا و مێزى سازشى کاسبیى کورسى ناوى لێنرا گفتوگۆ و
دانوستان .
دڵسۆزیى و دروشمە باقوبریقەکانى حیزب بە تەمى تاریکى بەرژەوەندیخوازیى
حیزب پۆشراوە ، گەل و خواستەکانى بێبەهایانە لە لایەن حیزبەکانەوە
سەودایان پێوە دەکرێ ، خەریکە پیرۆزییەکانیشمان دەبەنە نێو مامەڵە
سیاسییەکانى خۆیانەوە و دەکرێنە بابەتێکى دانسقەى مشتومڕى نێوان
حیزبەکان و چاوبەستەیى خەڵک ، گەل کراوەتە گوریسى نێوان دەسەڵاتدار و
بەرهەڵستکار و گەمەى
- جر الحبل - ى پێدەکەن ، نەبادن لەوەى ئاخۆ ئەو
گوریسە کەى دەپچڕێت و ڕیسەکەمان دەبێتەوە خورى ؟
ماوەیەک بەر لە ئێستا و لە میانەى بەرنامەیەکدا لە تەلەفزیۆنى
- ئێنئاڕتى - یەوە عەبدوڵاى مەلا نورى پەلەمانتارى گۆڕان بێپەردە و
ڕاشکاوانە بە زاخاوى ڕەچاوکردنى بوونى پێکهاتەى دیکەلە هەرێمى کوردستان
هەوڵ دەدەن ئاڵاى کوردستان و
سروودى نیشتمانیى کوردستان
- ئەى ڕەقیب - بگۆڕدرێن ، دیارە هەگبەکەیان بەس ئەمەى تێدا ماوە بیگۆڕن ! ، هاوکات لە
ساڵیادى شۆڕشى گەلانى ئێران کە ئاخوندەکانى ئێران خۆیان بە خاوەنى
کردووە ، نوێنەرانى کۆمەڵى ئیسلامى کە مەلا کرێکار بە
- ئێرانیزم - ناوزەدیان دەکا و - حەسەن بابەکر
- سەروکارى دەکرد ، ئامادەى
مەراسیمەکە بوون و لەوێدا لە کاتى وتنەوەى
سروودى - ئەى ڕەقیب - دا
هەڵنەستاونەتە سەر پێ ! زۆر دەمێکیشە بێشەرمانە جەخت لەسەر گۆڕینى ئەو
سروودە نەمرە دەکەنەوە ، بۆیە ئەم ڕەفتارەیان نامۆ نیە و لە شانوباهویان
دەوەشێتەوە .
مەسخەرەکە لەوەدایە ، هەرچەندە سەرۆکى هەرێم شانازیکردنى خۆى
ناشارێتەوە لەوەى کە لە ژێر ئاڵاى کوردستاندا لەدایکبووە ، بەڵام
زۆرجاران دەسەڵاتدارانى هەرێمى کوردستان لە کۆبوونەوە و کۆنگرە
ڕۆژنامەوانییەکانیان لەگەڵ دەسەڵاتدارە داگیرکارەکانى کوردستاندا
نەیانوێراوە یان خۆیان لە گەمژەیى داوە ، پاڵیان بە ئاڵاى دوژمنانەوە
داوە و نیشتمانپەروەرێتییان پێمان فرۆشتۆتەوە ، کەچى ئاڵاکەى خۆمانیان
وەلا ناوە نەبادا دڵى ناحەزانمان گەرد بگرێ ، لەویش سەیروسەمەرەتر ،
ئەو حیزبەى لافوگەزافى لێدەدا گوایە یەکەمین جار ئەوان دروشمى
سەربەخۆییان بەرز کردۆتەوە و ئاڵاى کوردستانیان شەکاندۆتەوە ، لە
بۆنەیەکى نزیکى ماوەى ڕابردوو لە بارەگاکەیاندا ئاڵاکەمانیان سەرەونخون
دانابوو !
ئەو ئاڵایەى هەزاران لاو بە نامرادى لە پێناوى شەکانەوەیدا سەریان
نایەوە ، ئێستا لەسەر زارى بەرپرس و پەرلەمانتار و حیزبە بازرگانەکان
بۆتە بنێشتە خۆشە و تا ڕادەیەک هەندێکیان بێڕێزییان پێدەکەن ، سەرقاڵن
بەوەى چۆن فتى بکەن ؟ گومان لەوەدا نیە کە بە لاى دەسەڵاتدارانەوە
گرنگییەکى ئەوتۆى نیە ، ئەگەر گرنگیى هەبوایە دەبوو بە هەر نرخێک بێ لە
ناوچە داگیرکراوە قەتیسکراوەکانى مادەى
١٤٠ دا بەسەر قینى ڕەشى دوژمندا
هەڵیان بدایە ، من بەشبەحاڵى خۆم نەک لەسەر ئەم پرسە بەڵکو لە زۆر شتى
تریشدا دەستم لەوە شۆریوە کە بەڕێوەبەرانى هەرێمى سوتماکى کوردستان
بتوانن ڕاستگۆ بن لەگەڵماندا ، لە گەلێک پرسى ناوخۆیى و دەرەکى دیکەشدا
کەمتەرخەم و نەباد بوون ، بۆیە سەرهەڵدانى ئۆپۆزیسیۆنم بە هەنگاوێکى
ئەرێنیى کاریگەر پێشوازیى لێکرد بەو هیوایەى لە پرسە نەتەوەییەکاندا
گڵۆپى سووریان بۆ هەڵبکەن و ڕێگاى سازشیان پڕ لە دڕکوداڵ بکەن، مخابن
ئەمانیش تا تەمەنیان زیاتر هەڵبکشێ جوانتر کۆپییەکەیان دەردەکەوێ و
مەهزەلەکانیان ئاشکراتر دەبێ و تیلتیلە و پڵپڵەى دوکانەکانیان
هەرزانفرۆشتر دەکەن .
ئاخر وڵاتە داگیرکارەکانى کوردستان ، لە تورکیا
٢٥٪ى دانیشتوانەکەى
کوردن و بە تورکە شاخاوییەکان ناویان دەبەن ، لە ئێران لە
١٥٪ى کوردن
و کە داواى مافى نەتەوایەتى دەکەن بە تاوانى زددە ئینقیلاب لە
سێدارەیان دەدەن ، لە سوریا ڕێژەیەکى بەرچاوى کورد هەن و لە تەواوى
مافى هوڵاتیبوون و مرۆڤبوون داماڵدراون ، لە کامیاندا مارشى
- نیشتمانییان ئاماژە بە بوونى کورد دەکا ، چ هێمایەکى ئاڵاى داگیرکاران
بوونى کورد لە وڵاتەکەیان نیشان دەدا ، دەستورى ڕەشیان ، یان چنگى
خوێناوییان ڕێز لە بوونى کورد دەگرن و دەسەلمێنن ؟ ! لە عێراقى بە ناو
فیدڕاڵى و دیموکراسیشدا کە لە
٢٠٪ى کوردن ، نیشانەى پرسیارى زۆر هەن
لەسەر ڕاستگۆیى بەڵێنەکانى دەسەڵاتدارانى ناوەند کە بە ناچاریى دانیان
بە مافە نەتەوایەتییەکانمان ناوە و ئەویش وەکو لاستیک بە کێشى دەکەن و
وێکى دەهێننەوە، لە گەڕانەوەى ناوچە داگیرکراوەکاندا چاوشارکێمان لەگەڵ
دەکەن ، الله اکبرى سەر ئاڵاکەیان کە کوردى لە سایەدا ئەنفال کرا وەکو
خۆى ماوەتەوە ، لە یاساى نەوت و غاز و بودجەى پێشمەرگە و گەلێک یاساى
پەیوەست بە هەرێمى کوردستانەوە دەڵێى یارى
- سین و زەرف - مان لەگەڵ
دەکەن و بە مەزەننەى هێزى خۆیان زۆربەیان فت و یەکێکیان گوڵ دەکەن ،
تەنانەت بەرەى تورکمانیى ڕۆبۆتى کەمالیستە شۆڤینییەکان و عەرەبە هاوردە
کانى کەرکوک کە لە خڵتە و پیسایى بەعسییەکان لە ناوچە تا هەنوکە
داگیرکراوەکانماندا ماونەتەوە ، هیچیان دان بە هەرێمى کوردستاندا نانێن
و بە - شمال الحبیب
- ەکەى عەفلەقییەکان ناوى دەبەن و بە هەموو سەنگى
سووکى خۆیانەوە دژاى گەڕانەوەى ناوچە داگیرکراوەکانى کوردستان
وەستاونەتەوە و دەوەستنەوە ، ئەدى خێرە ئۆپۆزیسیۆن بە تایبەتى
بزوتنەوەى گۆڕان هێندە خۆ بە بچووکزانن لە ئاستیاندا و لەسەر تەپڵى
ئەوان هەڵدەپەڕن ، گوایە ئەوان لەبەر ڕۆشنایى داخوازى ئەو پێکهاتانەى
کوردستان داواى گۆڕینى ئاڵا و
سروودى نیشتمانیى کوردستان دەکەن ، ئەى
باشە تا ئەوان پەیدا نەبوون و نەکەوتنە دنەدانى ئەم مەسەلەیە بۆچى
سکاڵایەک لەو بارەیەوە بە هیچ کەس و هیچ شوێنێک نەگەیەنرا ، تۆ بڵێى
بەم هەڵوێستەیان نەیانەوێ شکستیى هەڵبژاردن لە کەرکوک قەرەبو بکەنەوە و
چش لە پیرۆزییەکانى گەل و بە فیداى دەنگى سنوقەکانى هەڵبژاردنى نەکەن ؟
! بۆ ئەمەش خواکەى
- کۆمەڵى ئیسلامى
- هاوپەیمان و هاوهەڵوێستیان
- علیم و بسیر
- ە ، تا ئێستا بۆ هەر شتێک دڵیان نەخوازێت دەیان کەمپینى
بۆ جاڕ دەدەن ، بەڵام دیارە بۆ گۆڕینى ئاڵا و
سروودى نیشتمانیى کوردستان
لە ڕوویان نایەت ، ئەگینا بۆیان بلوایە ئەو سەدان هەزار دەنگدەرەى
خۆیان کە لە خۆپیشاندانەکانى شوباتى پارساڵدا دڵیان نەهات بیانهێننە
سەر شەقام ، ئەوا بۆ گۆڕینى ئاڵا و ئەى ڕەقیب و هێنانەدیى خەونى دێرینى
دوژمنان دەمێک بوو بۆى دەسبەکار دەبوون !!!
سەرۆکە درشت و وردیلەکانى کوردستان ئاو بیانبات مێشێکم میوان نیە ،
دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن لە دەرەوەى ئاوەدانییەکان دواچۆڕى خوێنى یەکتر فڕ
بکەن عافێتیان بێ و مەسەلەیەک نیە ، بەڵام سازش لەسەر ناوچە
داگیرکراوەکان هێڵى سوورە و لەویش بڤەتر دەسبردنە بۆ ئاڵاى کوردستان و
سروودى نیشتمانیمان ، نیشتمانێک ڕوبارێک خوێنى لەبەر ڕۆییشتبێ نەک
دینمان و ئایینمان هەر نیشتمانە ، بەڵکو نیشتمان لەوەش واوەترە ، چونکە
ئەوەى ئۆپۆزیسیۆن دەیڵێ ناماقوڵییە و ئەگەر بە ماقوڵیشى دەزانن دەتوانن
بۆ جێبەجێکردنى ئەو داوا نانەتەوەیى و نانیشتمانییە پەنا وەبەر
ڕاگەیاندنى کەمپین ببەن و ئەگەر نا ، با بایکۆتى دانیشتنەکانى پەرلەمان
بکەن ، بەڵکو دەسەڵاتیش ملکەچى خواستە ناجوامێرانەکەیان بێ ، ئەوسا
دروشمى ڕوخانیش پڕ بە پێستى دەسەڵاتدارێتى کوردى دەبێ .
دوا قسەشم ئەوەیە کاتێک ئۆپۆزیسیۆن توانییان قەناعەت بە تەجەموعى
عەرەبى سوننە و بەرەى تورکمانى و شۆڤینیزمان بهێنن دان بە قەوارەى
هەرێمى کوردستاندا بنێن و ئامادە بن دەوارە شڕەکانیان بهێننە ژێر سایەى
هەرێمى کوردستان و بە برایەتیمان قایل بوون
و - شمال الحبیب
- یان لە
زارى بڕاویان بڕییەوە ، ئەوسا دەتوانین بە داواى ئۆپۆزیسیۆن بڵێین
ڕەوایە ، بە پێچەوانەشەوە پێویستە ئۆپۆزیسیۆن چۆن بۆ دەسەڵات دادوفیغان
دەکا ئاوهاش داواى لێبوردن لە خەڵکى خوێنلێَڕۆییوى کورد بکا ، (( بوکە
لەگەڵ تۆمە خەسو گوێت لێبێ )) ، مەبەستمە بزوتنەوەى گۆڕان لەوە ئاگادار
بێ ئەگەر بە غەمى پرسە نەتەوەیى و نیشتمانییەکانەوەیە نەکەوێتە داوى
ئیسلامى سیاسییەوە ، چونکە ئەوان لە ئاستى پرسە نیشتمانییەکاندا بە
تەماى غەزوى وڵاتەکەمانن بە شیر و تیر و عەگالەوە بۆ تێکدانى قەوارەى
کوردى و دامەزراندنى ئەمارەتى ئیسلامیى لەسەر تەرز و شێوازى حوکمڕانیى
جەزیرەى عەرەبى ، ئەوسا هەموو شتێکمان
- ناوى عەرەبى ، بانگى عەرەبى ،
حیجابى عەرەبى ، دەستورى عەرەبى ، کلتور و دابونەریتى عەرەبى
- بە
تۆبزى بەسەرماندا دەسەپێنن ، با بۆ ڕیش نەچن باشترە لەوەى سمێڵیشى
لەسەر دانێن ، چونکە گۆڕینى ئاڵاى کوردستان و
سروودى نیشتمانیى
- ئەى
ڕەقیب - بە گەلەکۆمەکیى دوژمنان خەفە دەبن ، بەڵام هەرگیز نامرن و
هەمیشە لە ناخ و دڵى میللەتدا زیندوون و بە عەقڵى سەردەمى شاخەوە
بەرگریى لێدەکەین .
ماڵپهڕی
هیوا رهش
|