١٥\٥\٢٠١١ ئۆپۆزیسیۆن گەمەی خۆپیشاندانی دۆڕان.
خۆپیشاندانەکان بەدرێژایی شەست و یەک رۆژ
نەیانتوانی سنوورێکی دیاریکراو کە پارێزگای سلێمانییە تێبپەڕێنن، ئەمەش
هێندەی تر فۆرمی ناوچەییبوونی خۆپیشاندانەکانی خستەڕوو، تا ئەو
ئەندازەیەی ئەو بۆچوونەی کردە بۆچوونێکی باو و بەربڵاو کە جەختی لەسەر
ئەوە دەکردەوە ئۆپۆزیسیۆن بەشێوەیەکی گشتیی و بزووتنەوەی گۆڕان بە
تایبەتی هێزێکی ناوچەیین و ناتوانن بە یەک ئاست و وزەوە لە سەرتاسەری
وڵاتدا کار بکەن. ئەگەر یەکێک لە فاکتۆرەکانی سنوورداریی جوگرافیای
خۆپیشاندانەکان بۆ ئەوە بگەڕێتەوە بزووتنەوەی گۆڕان وەک داینەمۆی
هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن، بزووتنەوەیەکی ناوچەییە و تابعێکی سلێمانی
وەرگرتووە، بە دیوەکەی تریدا کۆمەڵێک فاکتۆری تر رۆڵی بەرچاویان هەبوو
لە سنوورداربوونی ئەو پرۆسەیە وەکوو، یەکەم بێ پلانی هێزە
ئۆپۆزیسیۆنەکان لەمەڕ شێوازی بەڕێوەبردن و دەستپێکردنی پرۆسەی
خۆپیشاندانەکان، چوونکە بێ ئامادەکارییەکی ئەوتۆ و پلانێکی تۆکمە و
لەژێر کاریگەریی و هەڵچوونی خێرای رووداوەکانی باکووری ئەفەریکا
دەستکرا بە جۆشدانی جەماوەر. دووەم: هەڵبژاردنی سلێمانی وەک یەکەم شوێن
بۆ بەڕێوەبردنی خۆپیشاندان تیایدا هەڵەیەکی تری ئۆپۆزیسیۆن بوو، چوونکە
ئەگەر دیقەت بدەین لە تونس و میسر خۆپیشاندانەکان لە پایتەختەوە
سەریانهەڵدا و ناوچەکانی تری گرتەوە، کەچی لە کوردستان هاوکێشەکە سەد و
هەشتا پلە بەپێچەوانەوە بوو، ئۆپۆزیسیۆن دەیتوانی سەرەتا لە هەولێر
دەستبداتە خۆپیشاندان یان پلانی هەبووایە لە یەک کاتدا لە سەرتاسەری
کوردستاندا پرۆسەی خۆپیشاندان بەڕێوە ببات. تەنانەت لێدان لە بارەگای
لقی چواری پارتی هەڵەیەکی تر بوو، کە پارتی لە هەولێر بێدار کردەوە و
هەموو حەزەرێکی بۆ ئەگەری روودانی خۆپیشاندان لە هەولێر کرد. سێیەم:
پەلەپەلکردن و شپرزەیی بەمەبەستی ئەنجامدانی خۆپیشاندان لە شارەکانی
کوردستان بە تایبەت لە سلێمانیدا. خۆ ئەگەر کەسێک بەیاننامە حەوت
خاڵییەکەی گۆڕانی لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەم بخوێندایەتەوە،
دەیزانی گۆڕان کە چۆن وا بەخێرایی لە هەڵپەدایە بۆ بەڕێخستنی
خۆپیشاندان لە کوردستان بە ئامانجی کۆتایهێنان بە دەسەڵاتی پارتی و
یەکێتی.
پلانی سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆن هەڵوەشاندنەوەی
حکوومەت و پەرلەمانی کوردستان بوو لە رێگەی فشاری خۆپیشاندانەکانەوە.
ئۆپۆزیسیۆن نەیتوانی حکوومەت و پەرلەمان بڕوخێنێت، ئەمەش هێندەی تر
شکست و دۆڕاندنی ئەوانی بەرجەستەتر پیشانی کۆمەڵگە دا. قسەی ئێمە
لێرەدا لەسەر رەوایی حکوومەت و دامودەزگاکانی دەوڵەت نییە، چوون لە
سترۆکتۆرەوە چەمکی رەوایی بابەتێکی قانوونی و دەستووریی پڕ ئیشکالییەت
و وردەکارییە. بەڵکو ئێمە دەمانەوێت باس لەوە بکەین هەر سێ لایەنی
ئۆپۆزیسیۆن تەماحیان لە دەسەڵاتدا هەبوو، لێ ئەوە کارێکی ناشەرعی و
نایاسایی نییە، بەڵام فۆرم و میکانیزمەکانی وەرگرتن و تەنانەت
رووخاندنی حکوومەت لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنەوە هەڵەی گەورەی تێدابوو،
بەلایەنی کەمەوە دەبوو بە پێی پرۆسەیەکی درێژ و هەمەلایەنە جەماوەریان
بۆ ئەو ئەجیندا سەخت و پڕ گرێ و گۆڵەی خۆیان کۆبکردایەتەوە، پاشان
دەبوو دەستبردن بۆ بانگەشەی هەڵوەشاندنەوەی حکوومەت بەپێی پلانێکی ورد
و چڕتر و پرۆسەیەکی قۆناغ بە قۆناغ بوایە، چوونکە هیچ حکوومەتێک لە
دونیا بە بەیاننامە و میتینگی بچووکی وەک ئەوەی بەردەرکی سەرا ناڕوخێت،
لە بناغەوە رووخاندنی حکوومەت یەکێکە لە کارە هەرە قورسەکانی پرۆسە و
کردەی سیاسیی، بۆیەکا چاوەڕێمان نەدەکرد بەو شێوە خێرا و ئاسانە
ئۆپۆزیسیۆن بانگەشەی هەڵوەشاندنەوەی حکوومەت بکا، هەر نەبێت دەبوو
چاوەڕوانی ئەوەی بکردایە کارتەکانی دەسەڵات هێشتا لە کارتەکانی ئەو
بەهێزترن، تا ئەو راددەیەی پاساوەکانی دەسەڵات بە ئەندازەی پاساوەکانی
ئۆپۆزیسۆن قەناعەتپێکەر بوون.
یەکێک لە ئەجیندا زۆر سەرەکییەکانی ئۆپۆزیسیۆن بە تایبەت بزووتنەوەی گۆڕان لە دروستکردنی فەزایەکدا چڕ دەبۆوە، یارمەتیدەر بێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتننامەی ستراتیجی نێوان پارتی و یەکێتی. دیارە رێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی پرسێکی تایبەت بە خۆیانە، بەڵام هەروەک دەوترێت نەوشیروان مستەفا لە نەیارانی سەرسەختی ئەو رێککەوتنە ستراتیجییەیە و تەنانەت یەکێک لە پاڵنەرە بەهێزەکانی هاتنە دەرەوەشی لە یەکێتی بریتیبوو لەو نزیکایەتییەی یەکێتی بە هۆی ئەو رێککەوتنەوە لەگەڵ پارتی هەیبوو. وەک بینیمان گۆڕان لە سەرەتای پرۆسەکەوە جۆرێک لە مجامەلەی یەکێتی و دەسەڵاتی دەکرد لە سلێمانی، یان ویسترا سەرەتا لە رێگەی لێدان لە بارەگاکانی پارتییەوە لە سلێمانی، بۆشاییەک دروست بکرێت لەنێوان هەردوو حزبدا کە دواجار ببێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی ستراتیجی نێوانیان، بەڵام ئەو پلانە سەرکەوتوو نەبوو، چوون پارتی و یەکێتی دەیانزانی بە دابڕاویی لە یەکتر، بەدەست هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنەوە دەبنە پۆڕی خوراو، لە هەمان کاتدا ئەجیندای هەڵوەشاندنەوەی حکوومەت و گواستنەوەی خۆپیشاندان بۆ ناوچەکانی نفوزی پارتی دەبێتە کارێکی زۆر ئاسان. بەڵام ئەوەی لەم نێوەندەدا لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنەوە زۆر بیری لێنەکرابووەوە ئاستی پەیوەندیی نێوان هەردوو حزبەکە بوو، بەتایبەت کە لە رێگەی ئەو رێککەوتنە ستراتیجییەوە زەمانەتی پاراستنی بەرژەوەندیی سیاسیی و ئابووری هەردوولا کراوە، هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن تا ئەو ساتەوەختەش نەیاندەزانی ئەو رێککەوتنە بەهایەکی مەعنەویی و ماددیی گەورەی لای هەردوو حزبی سەرەکیی هەیە و کۆی پەیوەندییەکانیان لە توێی ئەو رێککەوتنەوە سەرچاوەی گرتووە.
دروستکردنی بەرەی ئۆپۆزیسیۆن لەلایەن هەر سێ حزبی ئۆپۆزیسیۆنەوە وەک ئیفرازات و تەداعیاتی خۆپیشاندانەکان، ئەگەر لە سەرێکەوە لە خزمەتی پرۆسەی بەرەوپێشبردنی ئەجینداکانیاندا بووبێت، لە رەهەندێکی ترەوە بووەتە مایەی جۆرێک لە فەوزا و بەدحاڵیبوون، ئەگەر لە نموونەیەکی زۆر سادەوە دەستپێبکەین، تەفسیری ئازادیی لەلای مەلایەک و ئیسلامییەکی رادیکاڵ زۆر جیاوازترە، لە مانای ئازادیی لەلای هەڵسوڕاوێکی گۆڕان، گەرچی هەر سێ لا بەیەک نەغمە قسە دەکەن بەڵام کاتێک چەمکەکان ورد دەکەینەوە، ئەوە نەک تەبایی نابینین بەڵکو بەر ناکۆکییەی سەیر دەکەوین. بۆیە بە بڕوای من هاوپەیمانێتی ئەو سێ هێزە لە باشترین حاڵەتدا ناتوانێت ئاستێکی باشتر لە هاوپەیمانێتی یەکێتی و پارتی پێشکەش بکات، بە پێچەوانەوە ئەو هاوپەیمانێتییە لەسەر لم رۆنراوە و بناغەیەکی تەواو فشەڵی هەیە، چوون هەست ناکرێت ئینسیجام بە ئاسانیی لەنێوان ئەو سێ لایەنەدا دروست ببێت، نە "الله اکبر"ەکەی رێبین هەردی و نە دروشمی "ئازادیی" مەلاکان ئەو هێزەیان نییە، ئەو سێ لایەنە سیاسییە ناکۆکە ئایدۆلۆجییە کە خاوەنی پاشخانی دژ بەیەک و ناکۆکن، بەیەکەوە کۆبکەنەوە بۆ ماوەیەکی درێژ، تەنانەت ناتوانێت لە گەمەیەکی سیاسیی کاتی کە بە هاوسەرگیریی سیغە وەسفکراوە شتێکی زیاتر بێت.
پرۆسەی خۆپیشاندان لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا لە کوردستان دەسەڵاتی سیاسیی راچڵەکاند، لە خراپترین باردا پێکێکی تاڵی پێ نۆشی، بەڵام هەروەک چۆن هیچ مرۆڤێک بە پێکی تاڵ نامرێت، دەسەڵاتی کوردیش بەم پێکە تاڵە نەمردووە و هێشتا زیندووە، بەپێچەوانەی را باوەکەشەوە من پێموایە ئەو هەوڵانەی ئۆپۆزیسیۆن بۆ رووخاندنی دەسەڵات گرتیەبەر، نەک دەسەڵاتی نە رووخان بەڵکو یارییەکە هەتا ئەم ساتەوەختەش بە قازانجی مانەوە و بەردەوامی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار چۆتە پێشەوە، رەنگە کەسانێک هەبن پێیانوابێ ئەم بۆچوونە لایەنگرییە لە دەسەڵات، بەڵام ئەز تەنێ یەک وەڵامم هەیە بۆ ئەوانەی بەوجۆرە بیردەکەنەوە و دەڵێم بۆچوونەکانی من تەنیا لایەنگرییە لە واقیعێکی ریالیستانە نەک یۆتۆپیا.
|