په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

ئۆپۆزسیۆن کێیە و چۆن ئۆپۆزسیۆنێکمان دەوێت ؟

  
عەلی مەحمود محەمەد


ماوەیەکە ئەم چەمکە لە گوتاری سیاسی کوردیدا زۆر بەکار دەهێنرێت،هەر کەس و گروپێک نەیار بن بە دەستەی فەرمانڕەوایی لە وڵاتێکدا،ئەوانە ئۆپۆزسیۆنن،مەرجیش نییە ئەم نەیارانە تەبا بن لەگەڵ یەکتر،بەڵکە جاری وا هەیە یەکتر قڕە کەن،لە کوردستان نموونەمان زۆرە لەسەر ئەمە پێش ساڵی 1986.هاوکات ئۆپۆزسیۆن بوون هەموو کات چاکی و باشی ئەو لایەنە دەرناخات کە لەو بەرەیەدایە، کۆنترا و یۆنیتا و تاڵیبان و حکمەتیار و مەحسود و باکۆ حەرام و .....هەموو ئۆپۆزسیۆنن،جاری وایە دەسەڵاتێکی شۆڕشگێڕ دێتە سەر حوکم ،ئەوا پارێزەرانی ڕژێمی پێشوو تێکۆشانیان دەگوازنەوە بۆ ڕیزی ئۆپۆزسیۆن تاکو ئەو دەسەڵاتە بڕوخێنن،نموونە شا لە دەسەڵاتەوە بووە ئۆپۆزسیۆن،خومەینی لە ئۆپۆزسیۆنەوە گەیشت بە دەسەڵات.


ئۆپۆزسیۆن دەشێت تاک بن،یان هێزێکی ڕێکخراو،گروپێکی بچووک یان لایەنێکی جەماوەری،چەپ یان ڕاست،پێشکەوتنخواز یان کۆنە پەرست،بەشێوەی گشتی سروشتی دەسەڵات شێوەی ئۆپۆزسیۆن دیاری دەکات.واتا مەرج نیە ئۆپۆزسیۆن هەموو کات باش بێت و لە قازانجی خەڵکدا کار بکات،دەشێت هێزێک بێت هەوڵی گەڕانەوەی چاخەکانی ناوەڕاست بدات وەک تاڵیبان، یان گروپێکی مافیای بن وەک یۆنیتا لە ئەنگۆلا،یان ڕاستڕەو بن وەک سەد ڕەشەکەی سۆڤییەت و نەیارانی شافیز و مۆرالیس،یان چەپگەڕا بن وەک ماویستەکان.....،یاخود بیانەوێت بە شێوەی ئاشتی دەسەڵات بە دەستەوە بگرن وەک پارتەکانی ئەوروپای ڕۆژئاوا،یاخود بە خەباتی چەکداری بگەن بە دەسەڵات وەک کەمبۆدیا و نیپاڵ و فلپین.


پارتە سیاسییەکانی کوردستان بەشێوەی گشتی لە خانەی ئۆپۆزسیۆندا بوون تاکو بەهاری1991،ڕاپەڕین کۆتایی بە ئۆپۆزسیۆن بوونیانی هینا،لێرەوە لە ئێراق سستەمی دوو فەرمانڕەوایی پەیدا بوو.


بە گەیشتنی بەرەی کوردستانی بە دەسەڵات،ئیتر شێوازی فەرمانڕەوایی ئەوان ئۆپۆزسیۆنی بەرهەم هێنا،لە سەرەتاوە ڕەوتەکانی کۆمۆنزمی کرێکاری و باڵەکانی پکک" پارتی ئازادی و ... ) و بزووتنەوەی جوتیارانی کوردستان و کەسانی سەربەخۆ وەک ئۆپۆزسیۆن خۆیان نمایش کرد و دەستیان کرد بە چالاکی،پاشان چەند ڕێکخراوێکی جەماوەری وەک کۆمەڵەی ئاوارەکان و ڕێکخراوی ئاوارەو ئەنفالەکانی کوردستانیش پەیوەست بوون بەو کاروانەوە.لە دوای ساڵی 2000ەوە ناوەندی چاک"چاودێری کودۆساید" و پارتی چارەسەری و حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری و یەکێتی کۆمۆنیستەکان و پارتی چەپی کوردستان و ماڵپەڕی کوردستان پۆست و کەمتر کوردستان نێت و ڕۆژنامەکانی هاووڵاتی و دواتر ئاوێنە وەک ئۆپۆزسیۆن کاریان کرد،تەنانەت زۆر جار گەیشتە گرتنی ئەندامانیان و و سکاڵا تۆمارکردن لەسەر سەرۆک کۆمار و ... .


لەو سات و کاتەدا ئەوانەی ئێستا خۆیان وەک ئۆپۆزسیۆن دەناسێنن"گۆڕان و 4پارتەکە" لە دەسەڵاتدا بوون،بگرە بەشێکیان باڵی توندڕەوی دەسەڵات بوون لە سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆن بەشداری کارایان کرد،لەوکاتە ئەوانەی لە سلێمانی ئۆپۆزسیۆنیان سەرکوت دەکرد و بێکارانیان کەرتە کرد،یەک دنیا نموونە هەیە لەسەر ئەم بارە،بگرە خەڵتان خوێنکردنی خۆپیشاندانی کەلار و هەڵەبجە بەشێک لە ئۆپۆزسۆنی ئێستا ئەنجامیان دا.


سەبارەت بە 4 پارتەکەو و بزووتنەوەی ئیسلامی ،جگە لە کاک قادر عەزیز و یەکگرتووی ئیسلامی،ئەوانی دی زۆر کاری ناشیاویان بەرامبەر ئۆپۆزسیۆنی کوردی ڕۆژهەڵات کردووە،ئەمان لە بیرۆکەی عەلمانی بوونی دەسەڵاتەوە نەیاری بوون و خۆیان وەک ئۆپۆزسیۆنی نمایش کرد،نموونەیەک بچووک هەموو نەیاریان بۆ دەستور بە پەسەند کردنی خاڵی6 بەتاڵ بووەوە.


لە کاتێکدا ئەم دوو لایەنەی ئاماژەمان پێیان دا، خۆیان وەک ئۆپۆزسیۆن نمایش دەکەن،مەرج نییە هەموو تەرحەکانیان باشتر بێت لە دەسەڵات.هاوکات ئۆپۆزسیۆن بون تاپۆ نییە لەسەر ئەوان،وە ئەوان لایەنە پێشکەوتنخوازەکەی ئۆپۆزسیۆنیش نیین،بگرە لایەنە گەورەو بەهێزەکەین.


تەرحی ئیسلامییەکان بۆ ئازادییەکان و شەریعەت زۆر خراپترە لە تەرحی دەسەڵات،هاوکات تەرحی گۆڕان بۆ ناوچە دابڕاوەکان و کەرکووک و کوردی پارچەکانی دیکە و پەیوەندی لە گەڵ وڵاتانی داگیرکەر مەترسیدارە بۆ سەر ئاسایشی نەوەتەوەیی و زیان بەخشە.


بە کورتی دەمەوێت بڵێم ئۆپۆزسیۆن بوون مانای پاکبونەوە نییە لە گەندەڵی خراپییەکان،مێژوو فێرمان دەکات هەمیشە ئۆپۆزسیۆن باشتر نییە لە دەسەڵات،هەموو هەنگاوێکیشی پۆزەتیف نییە،جیاوازیان تەنها ئەوەیە لەو قۆناغەی کە هەڵویست دەرە بڕن بەشێک نین لە دەسەڵات و فەرمانڕەوایی.


مەرجیش نییە هەموو ئۆپۆزسیۆنەکان یەکگرتوو بن و تەبا بن لە هەڵوێستەکانیان و لە ژێر چەترێک کۆببنەوە،دەشێت دابەش بن بەسەر کۆمەڵێک تەوژم و بۆچوونی جیا جیا و دژ بە یەکیش بووەستنەوە لە زۆر هەڵوێستا،خوێندنەوەی جیایان بۆ ڕودا و پێشهاتەکان هەبێت.


بە بڕوای من ئۆپۆزسیۆنی مرۆڤ دۆست و داکۆکیکەر لە مافەکانی مرۆڤ و چینە چەوساوەکان ئەو بەشە لە ئۆپۆزسیۆنن کە بۆ جیهانێکی باشتر خەبات دەکەن ،ئەوانیش باڵە دیموکراتە عەلمانی و چەپەکەی کۆمەڵگایە،پێویستە ئەم تەوژمە بۆ داهاتوو خۆی ڕێک بخاتەوە و یەکگرتووانە بێتە مەیدان ،ببێتە ئۆپۆزسۆنی بەرەی ئازادیخوازان و هەژاران و ستەمدیدان بۆ دەسەڵاتی چەوسێنەران و لایەنی کۆنەپەرستان،بەرامبەر هەموو گوتارێکی تەژمەکانی دی،گوتار و وەڵام تەرح و پێشنیاری خۆی هەبێت،نە لە باخەڵی دەسەڵاتدا بێت نە لە بەرەی کۆنەپەرستان.