ئۆپۆزیسیۆن
پێویستییەکى هەنووکەییە.
عەبدوڵڵا ئەحمەد گەرمکی
بێگومان بوونی ئۆپۆزیسیۆن لەهەر وڵاتێکدا گرنگە و پێویستییەکە، چونکە
گەر لەوڵاتێکدا ئۆپۆزیسیۆن بوونى نەبوو ئەوا بزانە دەسەڵاتدارانى ئەو
وڵاتە بەشێوەیەکی دوور لەپێوانەکانى دیموکراتی دەسەڵاتگەریان بەسەر
خەڵکدا دەسەپێنن. هەر لەبەر نەبوونى ئۆپۆزیسیۆنە کە دەبینرێ لەزۆربەى
وڵاتانى دونیا دەسەڵاتدارەکان بەرەهایی کردەوە نەگریسەکانیان
ئەنجامدەدەن و لەئاکامیشدا نا عەدالەتى سیاسی و کۆمەڵایەتى و ئابووری و
هتد دێتەکایەوە. وڵاتێک تا وڵاتێکى تر جیاوازى هەیە، لەوانەیە لەهەندێ
وڵاتدا ئۆپۆزیسیۆن بوونى زیاتری هەبێ و لەهەندێ وڵات کەمتر و یانیش هەر
بوونى نەبێت.
لەدواى هەڤدەساڵ هەبوون وستاتۆی حکومەتى هەرێمى کوردستان، پێشتر
لەئیدارەى هەولێر و سلێمانى، ئێستاش بەیەکگرتنەوەى هەردوو ئیدارە
ئۆپۆزیسیۆنێک کەوا بڵێ هەبوونێکى جددى هەبێ و بەکاریگەربێ نەبووە. لەم
دوو سێ ساڵەى رابردوودا هەنگاوێکى باش نرا بۆ دروستبوونى بەرەیەک کە
بەبڕواى من ئەو هەنگاوانە بەردەوام بوونایە ئەوا کاریگەرى پۆزەتیڤى
دەبوو، ئێستاش هەندێ لایەن لەناو خودى پەرلەماندان، کەچی هەندێ جار
ویستوویانە خۆیان وەک ئۆپۆزیسیۆنێک نیشان بدەن. کە ئەمەش شتێکى
نەکردەیە و تا ئەو رادەیەى وەک خۆهەڵخەڵەتاندنێکە، لەبەر ئەوەى
لەکاتێکدا بوونت هەبێ لەحکومەت و پەرلەمان، لەکاتێکى تریشدا خۆت
ئۆپۆزیسیۆنی خۆت بی سەمەرەیە!.
هەبوونى ئۆپۆزیسیۆن بۆ دەسەڵاتدارانى هەرێم پێویستیەکى هەنووکەیە،
چونکە گەر بمانەوەى دەسەڵاتگەرى هەندێ بەرەو لاوازى ببەین و هێزى
جەماوەر بدرێتە پێش، پێویستە بەکارى ئۆپۆزیسیۆن و خۆپیشاندان و
ناڕەزایی دژی هەر کردەوەیەکى نابەجێ حکومەت هەڵوێست پیشان بدرێ. لەبەر
ئەوەى هەڵوێست نواندن دەمانگەیەنێتە دەسکەوتەکان. بۆ ئەوەى بتوانین
ژیانێکى باشتر بکەین و پێوانەکانى دیموکراتی جێبەجێ ببێ، دەبێ
هەنگاونان بەرەو ئۆپۆزیسیۆن هەڵمەتەکانى دەست پێ بکات، ئەمەش مەرج نییە
تەنیا پارت و رێکخراوەکانى دەرەوەى دەسەڵات بەو کارە هەڵسن، بەڵکو
جەماوەریش دەتوانێ خۆی رێک بخات و ببێت بە ئۆپۆزیسیۆن. ئەم کارەش
بەخەڵکێکى ژیر دەکرێ، تەقەلاکانیش بۆ بەرەو ئۆپۆزیسیۆنی جەماوەری زیاتر
ئەرکێکە دەکەوێتە سەر پارتە سیاسییەکانی دەرەوەى دەسەڵات، لەهەمانکاتدا
جەماوەریش ئیتر دەبێ دەرک زیاتر بەراستیەکان بکات و تاکەکانیش دەبێ
هەست بەبەرپرسیارێتى بکەن و ویژدانیان نابێ ئەو هەموو ناهاوسەنگیە
لەهەموو رووەکانەوە قبوڵ بکات، هەر بۆ نمونە زۆر نییە کە
پەرلەمانتارانى هەرێم بڕیاریان گرتبوو سەبارەت بەوەى کە مووچەکانیان
زیاد بکرێ، بەڵام پێیان رەوا نەبینى کە مووچەى فەرمانبەرى ئاسایی زیاد
بکات، بگرە قسەیان لەسەر ئەوە کردووە کە مووچەى فەرمانبەران
کەمبکرێتەوە. هاوکات ئەو رەوشە نالەبارەى کە هاتونەتە کایەوە، هەر
لەمەسەلەى هاتنى سوپای ئێراق بۆ ناوچە کوردیەکانى ژێر دەسەڵاتى حکومەتى
ناوەند، هەروەها تەقەلای لایەنە ئێراقیەکان بۆ جێبەجێکردنى ماددەى بیست
و چوار و کۆمەڵێک سازشکارى و خۆشباوەڕی کوتلەى کوردى لەبەغدا، ئەنجامە
نێگەتیڤەکانى دەبینین و ئەمانەو زۆر شتى تر، بەڵام نەمانبینى جەماوەر و
لایەنە سیاسییەکانی دەرەوەى دەسەڵات هەڵوێستێکى کاریگەر بنوێنن،
دەبوایە ناڕەزاى دژى کوتلەى کوردی بنوێنرایە کەوا زیاتر لەپێنج ساڵە
دەرەوەى خۆدەوڵەمەندکردن و هەبوونى رووکەشیانە چیان کردووە، ئینجا دەبێ
ناڕەزایى دژی حکومەتى ناوەندى بنرێ کەوا خەریکە حیسابێکى ئەوتۆ بۆ
پێگەى هەرێم ناکات. حکومەتى ئێراق دوێنی باسى نەوتى دەکرد، ئەمڕۆش باسى
دەسکەوتەکانى گومرکى هەرێم دەکات و پێی رەوا نییە کە ئەو دەسکەوتنانە
بۆ هەرێم بن، بەڵکو دەسکەوتەکانى گومرکى هەرێم دەبێ بگەڕێتەوە بۆ
خەزینەى ناوەند، چونکە وەک وەزارەتى داراى ئێراق ئاماژەى پێدەدا
دەسکەوتى گومرکى حکومەتى هەرێم لە (45%) دەسکەوتى گومرکى ئێراقە،
سبەینیش دەڵێن ئەگەر ئێمە بەگوێرەى دەستور بڕۆین نابێ پێشمەرگە چەکى
قورس هەڵبگرێ، چونکە پێشمەرگە (حرس اقلیم)ە. ئیدى هەر جارەو مەهانەیەک
دێننە کایەوە، مەسەلە چارەنووس ساز و سەرەکیەکانمان لەبیر دەکەن و
بەمەسەلەى هاتنى سوپای ئێراق و شتى دیکەى لابەلا حکومەت و خەڵک سەرقاڵ
دەکەن. حەتمەن چاوەڕوانى شتى تری لاوەکى دەبین کە دروستى بکەن، بۆ
ئەوەى مەسەلەى کەرکوک و زۆر مەسەلەى گەرم و گوڕتر وەلاوەبنرێ. ئەم
هەموو رەوشەى کە هاتوەتە کایەوە، بێگومان بەپلەى یەک نوێنەرانى کورد
تاوانبارن، چونکە هەبوونى خۆیان وەک پێویست نەسەلماندووە، ئاوەهاش بڕوا
کار لەکار زیاتر دەترازێ، هەروەکو چۆن وتیان تا کۆتایی دووهەزاروحەوت
کێشەى کەرکوک چارەسەر دەبێ، بەڵام چارەسەر نەبوو، ئێستاش هەر جارەو
بەماددە و قانونێکى ترەوە ئەم مەسەلەیە درێژتر دەکەنەوە تا رۆژێک دێت و
مەسەلەکە دەگێڕنەوە بۆ پەرلەمان و زۆریەنەى کوتلەکانى پەرلەمانیش
بەکوتلەکانى ناو (ائتلاف الموحد)یشەوە لەگەڵ گەڕانەوەى کەرکوک نین بۆ
سەر هەرێم، بۆیە بەدەردى ئەو نووسەرى کە ووتبووی با فاتیحا بۆ کەرکوک
بخوێنین دەمانبەن.
بۆیە لەبەرامبەر ئەو هەموو کردەوانەى دەسەڵات کە خەریکە خەباتى ساڵەهای
ساڵەى میللەتێک بەفیرۆ دەدەن و لەبەرامبەر ئەو هەموو نایەکسانییە و
لەبەرامبەر ئەو هەموو گەندەڵییە و لەبەرامبەر ئەو رەوشە نالەبارەى کە
لەئارادایە، پێویستە رێکخراوە سەربەخۆکان و ئەحزابەکان و ئەو تاکانەى
کە هەست بەبەرپرسیارێتی مێژووى دەکەن. هەوڵ بدرێ بۆ دروستبوونى
ئۆپۆزیسیۆنێکى راست کە چاودێری کارەکانى حکومەت و پەرلەمان و
دامودەزگاکان بکات، لەبەرامبەریشدا دەسەڵات کە ببینێ فشارێکى جددى
لەسەرى هەیە، ئەوکاتە هەنگاو بۆ راسترکردنەوەى کردەوەکانى دەکات. بۆ
ئەمانەش دەبێ هەڵمەتی ئۆپۆزیسیۆنبوون دەستپێبکات.
germiki@gmail.com
|