٢١\٥\٢٠١١
ئۆپۆزسیۆن و
ناتوندوتیژیی.

فەرەیدوون سامان
قسەکردن لەسەر چەمکی توندوتیژیی یان ناتوندوتیژیی لەم رەوشەی هەرێمی
کوردستانی ئێمەدا کەم و زۆر شتێک ناخەینەسەر خەرمانی راو بۆچوونی
بەرایی کە پێشتر باسی لێوەکراوەو یان بەئەزمووی ئەو گەلانەدا بچینەوە
کە دووچاری هەمان قەیران هاتوون وەک کێشەگەلی نێوان ئۆپۆسیۆن و دەسەڵات
و ئەو ململانێیەی کە دەکەوێتە نێوانیان و بەتایبەتیش ئەزموونی دوو
مانگی رابردووی ململانێی توندی نێوان ئەو لایەنانەی کە وەک ئۆپۆزسیۆن
لەبەردەرکی سەرادا خۆیان ناساندو مەکینە میدیایەکانی خۆیان خستەگەڕ بۆ
دژایەتی کردنی دەسەڵات و تەنانەت پەنابردنە بەرهۆکارگەلی توندوتیژییش
بۆناچارکردنی دەسەڵات تا مل بەداخوازیەکانیان بدەن ، لێرەدا لەم
نووسینە تەنها ئاوردانەوەیەکی خێرایە بەئەزموونی ئۆپۆسیۆنی گەلان
لەهەمبەر دابینکردنی خواستەکانیان وبەرامبەر دەسەڵاتەکەی خۆیان
بابزانین ئێمەو ئەوان لەکوێن و تا چەند ئەومافە بەخۆمان دەدەین کە
رەوایەتی بە ئۆپۆسیۆن ببەخشین ، جا بۆ ناسینی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی
خەباتی ناتوندوتیژیی و شێوازی بە ئاکام گەیاندنی، پێویستە تایبەتمەندی
ئەم شێوازە لەخەبات تاوتوێ بکەین کە ناوەرۆکێکی ناتوندوتیژییان هەیە.
بۆ نموونە وەکو شێوازێک کە رابەری میللی هیند(مهاتما گاندی) بۆ پێشگیری
لە کوشتاری موسوڵمانەکان بە دەستی هیندۆسەکانو سیکەکان لە مۆمبای دا
بەکاری هێنا. گاندی هەڕەشەی کرد کە ئەگەر خەڵک دەست لەبراکوژی هەڵنەگرن
تا گیانی تێدا مابێَ رۆژوو دەگرێ. لەرەوشێکدا دەوڵەتی تازە بنیاتنراوی
هیندستان بەیارمەتی هێزە تەناهییەکانی بریتانیا لەکونترۆڵکردنی خەڵکدا
دەستەوەستان مابوون، شێوازی گاندی وەڵامدەر بوو، خەڵک لەکوشتو
کوشتاری ئایینیو نەژادی دەستیان هەڵگرتو دەستە دەستە دەڕۆیشتن بۆ
دیداری گاندی. خەباتی ناتوندوتیژیی لەدرێژایی مێژوودا، لەفەرهەنگو
رەوشە جیاوازە سیاسییەکان، لەوڵاتە رۆژاواو رۆژهەڵاتییەکان، لەوڵاتە
پێشکەوتووە پیشەسازییەکان وتەنانەت دواکەوتووەکانیشدا روویداوە. هەر
لەبەرامبەر دیکتاتۆرەکان، کۆلۆنیالیزمی دەرەکی و تەنانەت حکومەتە
دیموکراتە هەڵبژێراوەکانیش ، خەباتی ناتوندوتیژیی بە نوێنەرایەتی
لەهەزاران کەس، بەهەزار هۆکار تەنانەت هۆکارگەلێکیش کە زۆرێک لەخەڵک
لەگەڵیدا دژایەتییان کردووە روویداوە. ئەم میتۆدە لەئاقاری پێشگیری یان
پەرەپێدانو ریفۆرمخوازیی بەکار هاتووەو لەهێندێ بابەتیشدا پەنای
بردۆتە بەرخەباتی توندوتیژانە . درێژەی ئەو وتووێژانە کە لەواندا ئەم
خەباتانە شێوەیان گرتووە زۆر جۆراوجۆر بوونە و هەڵگری دووبەرەکییە
کۆمەڵایەتی، ئابووری، نەژادی، ئایینی، نەتەوەیی، رەگەزپەرستانە یان
سیاسی، بە شێوەی ریشەییو بنەڕەتی بووە.
ئەگەر چی ئەم شێوەیە لەخەبات لەمێژە بوونی هەیە، بەڵام زۆرێک
لەمێژوونووسانو مێژووناسان ئەم خەباتانەیان نەنووسیوەتەوە ، بێگومان
بەشێکی زۆر لەم خەباتانە لەلابەلای لاپەڕەکانی مێژوودا بزر بوونە یان
ئەگەر لەهێندێ بابەتدا مابێتەوە، لەبیر کراون . وەک بەشێکی کەم لەم
نموونانە دەگەڕێنەوە بۆ کێشەی نێوان کاربەدەستانی حکومەت و زۆربەیان
دەگەڕێنەوە بۆ ئەو بەشەی لەخەڵک کە لەبەرامبەر دەسەڵاتداراندا
دەستەوداوێنی ئەم شێوازانە بوونە، وەکو زۆرێک لەخەباتو مانگرتنە
کرێکارییەکان کە بۆ بەدەستهێنانی مافە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان
شێوەیان گرتووە. ئەم شێوە خەباتانە لەهێندێ بابەت وەکو دووبەرەکییە
نەتەوەیی، نەژادی، ئایینەکان یان تەنانەت مانگرتنە خوێندکارییەکانیش
کەڵکی لێوەرگیراوە. نموونەی دیکە، دەتوانین بە پڕۆتێستۆ(نارەزایەتی)و
دژایەتیی خەڵک بە پەنابردنە بەر شێوازی ناتوندوتیژی لەبەرامبەر
دەسەڵاتدارانو هێندێ جاریش هێزە عەسکەرییەکاندا ئاماژە بکەین.
لەسەدەی هەژدەهەمەوە تائێستا شێوازی خەباتی ناتوندوتیژیی لەزۆرێک لە
دووبەرەکییەکانو قەیرانەکاندا بەکار هاتووە؛ راپەڕینی وڵاتە
داگیرکراوەکان، دوژمنایەتییە نێونەتەوەییە سیاسیو ئابوورییەکان،
خەباتی ئایینیو خەبات دژ بە کۆیلەداری. ئەم میتۆدانە بۆ پاراستنی مافی
ژنان، کرێکاران، مافی دەنگدانی پیاوانو ژنان یان بۆ بەدەستهێنانی
سەربەخۆیی گەلان، بەرژەوەندیی ئابووری، پێشگیری لەڕەشەکوژی، رووخانی
حکوومەتە ستەمکارەکان ، بەدەستهێنانی مافی هاووڵاتی بوون ، پێشگیری
لەڕەگەزپەرستی، خەبات دژ بە کودەتاکانو . . . هتد بووە.
یەکێک لەشێوازە باوەکانی ئەم شێوە خەباتانە، مانگرتنەکانو گەمارۆ
ئابوورییەکانی فیدراسیۆنەکانو گرووپەکانە کە لەزۆربەی وڵاتەکاندا
بەرێوە دەچن. یەکێک لە نموونە کردەکییەکانی ئەم شێوازگەلە لەسەرەتای
سەدەی بیستەم لەساڵی 1905ی زایینیدا لەشۆڕشی رووسیادا رووی داوە.
چین لەساڵەکانی1908و1915و1919ی زایینیدا گەمارۆی ئابووری خستە سەر
تەواوی بەرهەمەکانی وڵاتی ژاپۆن. ئەڵمانیەکان لەساڵی1920ی زایینیدا
شێوازی ناتوندوتیژییان دژ بە پیلانگێڕانی (ک. ا. پ. پ) بەکار هێنا کە
مەبەستیان لابردنی حکوومەت بوو، لەساڵی"1923ی زایینی" شدا هەرئەم
شێوازەشیان دژ بەداگیرکەرانی فرانسەییو بلژیکی بەکار هێنا.
لەدەیەی1920تا1945ی ز. لەزۆرینەی وڵاتە ئەوروپایییەکانی وەکو نروێژ،
دانیمارکو هۆڵەندا خەڵک شێوازی خەباتی ناتوندوتیژییان دژ بەداگیرکاری
نازییەکانو یاساگەلێک بەکار هێنا کە ئەوان دایان نابوو. وێنەی ئەم
شێوازانە بۆ پێشگیری لە جینۆسایدکردنی جوولەکەکان لەکوشتارگەکانی
هیتلەرو دیاردەی هۆلۆکاست لەزۆربەی ناوچەکانی ئەورووپا وەکو
بولگارستانو دانیمارکو بەڕلین بەکار هاتووە. دیکتاتۆرە عەسکەرییەکانی
ئەلسالفادۆرو گواتیمالا لەبەهاری1944ی ز. دا بەم شێوازە لەسەر حکومەت
لابران. خەباتی کۆمەڵایەتی دژ بە ئاپارتاید لەدەیەکانی1950و 1960ی ز.
لەباشووری وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا بوونە هۆی گۆڕینی زۆرێک
لەیاساکانو دانانی سیاسەتی نوێ.
لەنیسانى1961ی ز. دا ناڕەزایەتیی چەکدارانی فرانسەیی جێگیر لە جەزاییر
بە شێوازی خۆپارێزی لەهاوکاریی لەگەڵ سوپادا کە بە خۆپیشاندانی خەڵکی
فرانسەو لایەنگری حکومەتی ژەنڕاڵ دیگوڵ پشتیوانی دەکرا، پێشی بە
بەڕێوەچوونی کودەتا لەجەزایر گرت. ئەم هەوڵدانە لەراستیدا هەنگاوێک
بوون بۆ پێشگیری لەکودەتای هاوشێوە لەپاریسدا.
دوابەدوای پەیمانی وارشۆ لەساڵەکانی1968و1969ی ز. ، خەڵکی
چیکوسلۆڤاکی بەشێوەی خۆڕسک بۆ ماوەی 8مانگ بەپشتبەستن بەشێوازی
ناتوندوتیژیی وەکو خۆپاراستن لە هاوکاری و مانگرتن، کۆنتڕۆڵی وڵاتیان
لەدەست دەسەڵات بەدەستانی حکومەتیی یەکێتیی سۆڤییەت دەرهێنا.
لە1953تا1990ی ز. لەوڵاتە کومۆنیستییەکانی ئەوروپای رۆژهەڵاتدا
بەتایبەت ئەڵمانیای رۆژهەڵات، لەپۆلۆنیا، مەجارستانو کۆمارەکانی
باڵتیک بەشێوەی بەربڵاو و بێپسانەوە ناڕەزایەتیی نەیاران بۆ
بەدەستهێنانی ئازادیی زیاتر پەرەی گرت.
خەڵکی پۆلەندا لەساڵی1980ی ز. داخوازییەکانی خۆیان بۆئازادیی
فێدراسیۆنە پیشەیییەکان بەبەرنامەڕێژییەکی رێکوپێکو مانگرتنێکی
بەربڵاو راگەیاند. لەکۆتاییدا ئەم خەباتە بەرووخانی حکوومەتی کومۆنیستی
تەواو بوو. خەباتی جەماوەریو ناتوندوتیژیی لەوڵاتانی چیکوسلۆڤاکیا
لەساڵی1989ی ز، ئەڵمانیای رۆژهەڵات، لیتوانیو ئێستۆنی له(1991ی ز)شدا
کۆتایی بە دەسەڵاتی سەرەڕۆیی کومۆنیستى هێنا. لەساڵێ1991ی ز. هەوڵەکان
بۆ پێکهێنانی"گاردی ئاسنی"لەمۆسکۆ، بەناڕەزایەتیو خۆپاراستنی خەڵک
لەهاوکاری کردنیان رووبەرووی رووخان بووەوە. نارەزایەتییو خەباتی
ناتوندوتیژیی خەڵک دژ بەسیاسەتی هەڵاواردنی نەژادیو باڵادەستیی سپی
پێستەکان لەئەفریقای باشوور لەماوەی ساڵەکانی1950تا1990ی ز، بوو بەهۆی
هەڵوەشانەوەی یاسای هەڵاواردنی نەژادی.
حکومەتی دیکتاتۆری مارکوز لەفیلیپین لەساڵی 1986 هەربەم شێوەیە رووخا.
لەمانگی تەمووزو ئابى 1988 دیموکراسیخوازانی بۆرما بە رێپێوانو
ناڕەزایەتیی بەربڵاوی خۆیان سێ کەس لەکاربەدەستانی حکومەتییان ناچار بە
دەست لەکار کێشانەوە کرد، ئەگەرچی لەکۆتاییدا خەباتەکە بەکودەتاو
کوشتاری عەسکەری کۆتایی پێهات.
لەساڵی1989ی ز. خوێندکارانی چینیو هێندێ لەخەڵک لەزیاتر
لە300شاردا(بۆنموونە تیان ئان مێن لەپەکین) رێبەرایەتی ناڕەزایەتییە
سیمبۆلیکەکانی دژ بە گەندەڵیو چەوساندنەوەکانی حکومەتیان وەئەستۆ گرت،
هەرچەند ئەم ناڕەزایەتییانە بێجگە لەکوشتاری عەسکەری ئاکامێکی
لێنەکەوتەوە. لەکۆسۆڤۆ خەڵکی بە رەچەڵەک ئاڵبانی لەماوەی
ساڵەکانی1990تا1999ی ز. بە بەرنامەڕێژییەکی رێکوپێکو بەگەمارۆو
خۆپاراستن لەهاوکاری، نارەزایەتیی خۆیان بەنیسبەت ئەو یاسا
چەوسێنەرانەی کە لەلایەن سربەکانەوە دانرابوو دەربڕی. کاتێک حکومەتی
نافەرمی کۆسۆڤۆ نەیتوانی ستراتیژییەکی ناتوندوتیژیی بۆ بەدەست هێنانی
رەوایی خۆی بەرهەم بێنێ، لەشکری رزگاریخوازی کۆسۆڤۆ ناچار رووی کردە
شێوازی توندوتیژانە. ئەم کارە بەکوشتارو سەرکوتکاری سربەکان
بەناوی"پاکتاوکردنی نەتەوەیی" درێژەی کێشا کە سەرەنجام بووە هۆی دەست
تێوەردانی عەسکەری ناتۆ.
لەمانگی ئیلۆنی 1996ی زایینیدا سربەکان ناڕەزایەتیو خۆپیشاندانە
بەردەوامەکانی خۆیان بەشێوازی بەربڵاو دژ بەحکومەتی ستەمکاری سەرکۆمار
میلۆسۆڤیچ لەبەلگرادو شارە جۆراوجۆرەکاندا رێکخست کە لەکۆتاییدا
بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی رێکوپێکو دوور لەساختەکاری، لەناوەڕاستی
مانگی کانوونى دووەمی 1997ی زایینی بەدواوە بوو.
لەو کاتەدا دیموکراسیخوازانی سربی بەهۆی نەبوونی ستراتیژیو
بەرنامەیەکی رێکوپێک بۆ خەبات، نەیانتوانی ناڕەزایەتییەکانی خۆیان
بەربڵاوترو بۆ لابردنی دیکتاتۆرییو ستەمکاریی میلۆسۆڤیچ سەرکەوتوو
نەبوون. بەڵام بزووتنەوەی بەرخودانو دیموکراسیخوازان، لەسەرەتای مانگی
ئۆکتۆبری2000دا. بە بەرنامەیەکی داڕێژراو رێکوپێک دەستیان دایە
بەربەرەکانێ لەگەڵ میلۆسۆڤیچ، کە لەکۆتاییدا توانییان حکومەتە ستەمکارەکەی
ژێروژوور کەن.
لەسەرەتای ساڵی2001دا "ئێسترادا"سەرکۆماری فیلیپین کە بە گەندەڵیی
دارایی تاوانبار کرابوو، بە خەباتو تێکۆشانی خەڵکی ئەو وڵاتە ناسراو
بە"هێزی خەڵکی" لەسەرکار لابرا.
خاڵی گرینک لەسەر هیتلەرو وڵاتی ئەڵمانیا ئەوەیە کە ئەو لەرێگای
هەڵبژاردنێکی جەماوەریو یاسایییەوە وەکو نوێنەری پارتی زۆرینە
بەدەسەڵات گەیشتبوون حکومەتەکەی ئەو یاسایی دەهاتەبەرچاو کە ئەمە خۆی
هۆیەک بوو بۆ ئەوەی سووپا دژایەتیی نەکەن. چونکو ئەوان هیتلەریان وەک
نوێنەری خەڵک دەناسی.
ئەم سەرکۆنەو گاڵتەپێکردنە زیاتر لەباوەڕی سیاسەتمەدارانی ئەم
کۆمەڵگایانەدا جێی گرتووە. ئەوان بەهۆکاری جۆراوجۆر لەوانە
جەماوەرخوازیو راکێشانی بیرورای خەڵک لەم چینە پشتیوانی دەکەن ، بەڵام
لەکردەوەدا ئەوانیان پێبچووکتر لەوەیە کە رۆڵێکیان لەگۆڕانکارییە
سیاسییە کۆمەڵایەتییەکاندا ببوو- لەحکوومەتە ستەمکارو
توتالیتاریزمەکاندا، ئەم چینانە تەنیا لەچوارچێوەی پارتو ئەنجومەنەکان
بەدەسەڵاتەوە بەستراون، دەتوانن لەچالاکییە سیاسییەکاندا بەشدار بن ،
لەسەدەکانی رابردوودا لە فەرهەنگە جۆراوجۆرەکاندا هێندێک جار
بۆچارەسەری قەیرانەکان لەجێی بەکارهێنانی توندوتیژیی بەدیلێکی دیکە
بەکار بردراوە. ئەم بەدیلانە لەسەر بنەمای ئەم بیرۆکە یە نەبووە کە
ئەگەر کەسێک زللەی لەروومەتی راستت دا روومەتی چەپیش بێنیە پێشەوە،
بەڵکو لەسەر بنەمای بەرەنگاری بەهێزانە لەبەرامبەر دەسەڵاتدارانی
ستەمکاردا بووە. تیۆدۆر روزاک دەڵێ: خەڵک بۆ وەدەستهێنانی مافەکانیان
تەنیا بۆ چەند ڕۆژێک روو دەکەنە شێوازی ناتوندوتیژیو لەبەرئەوەی کە
ئاکامێکی لێناکەوێتەوە، هانا دەبەنە بەر شێوازی توندوتیژیی کە لە
درێژەی سەدەکانی رابردوودا ئاکامێکی نەبووە، لەهەرای دووبەرەکییە
قەیرانیو ریشەیییەکاندا، چاکەبینیو مشوور لێخواردن تەنانەت وتووێژکردن
بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک و دەربازبوون لەقەیران وەک کارێکی بێبایەخ
لێکدەدرێتەوەو لەم قۆناغەدا لایەنی دژبەیەک بەدەگمەن ئامادە دەبن کە
لەئامانجەکانی خۆیان بێبەکار هێنانی توندوتیژیی بکشێنەوە، مێژووی
مرۆڤایەتی گەواهى ئەم بابەتەیە کە لەرەوتی ناکۆکییەکاندا، نارەزایەتی
دژبەرانی توندوتیژیی نەیتوانیوە توندوتیژیی لەناو بباتو خەڵکیش هیچ
کاتێک شەڕو میتۆدە جۆراوجۆرەکانی شەریان بەلاوە نەناوە، چونکە لەو
باوەڕەدان کە بیروڕای جیاواز مەترسییەکە بۆ بایەخە کۆمەڵایەتیو
ئایینیەکانی ئەوان؛ کاتێک بۆچوونێکی وا بخرێتە مێشی خەڵکەوە، ئیدی
چاوەروانی رووداو و دژکردەوەی دوور لە توندوتیژیی راستبینانە نییە.
یرۆم فرانک دکتۆری دەروونناسی پزیشکی نزیکە ى چل ساڵ پێش ئێستا، بە
دونیای راگەیاند کە ئاشتیو رێککەوتن لەباوەڕی مرۆڤەکاندا وەکو بایەخو
تایبەتمەندییە باشە ئەخلاقییەکان ناناسرێ. خەڵک، گرووپە جیاوازەکان، و
دەسەڵاتدار لەو ناکۆکییانە کە پڕەنسیپەکانو باوەڕەکانی کۆمەڵگای ئەوان
لەڕواڵەتدا دەخەنە مەترسییەوە ، بەم هۆیە لە توندوتیژیی خۆ نابوێرن، کە
خۆ دوورگرتن لە توندوتیژیی بە مانای کەمو کوڕیو دۆڕاندن دەزانن.
لەکێشە قەیراناوییەکاندا بۆ خۆبواردن لەشەڕ یان شێوازەکانی دیکەی
توندوتیژیی، وەکو دوایین رێگەچارە بۆ بەرگری لەبیروباوەڕ، کۆمەڵگا،
ئامانجەکان یان تەنانەت مانەوە، دەبێ بەدیلێکی لەبارو چارەسەرکەر بۆ
توندوتیژیی بخرێتەڕوو. ئەم ئالتەرناتیڤە دەبێ بۆ لەناوبردنی قەیرانو
ناکۆکییەکانی هێز، کاریگەریی پێویستی ببێو لەرێگای دەست ڕاگەیشتن بە
ئامانج، لەبەراورد لەگەڵ شێوە توندوتیژییەکاندا، شانسی یەکسان یان
تەنانەت لەسەرتری هەبێ. بەناچار ئەم بەدیلە دەبێ لەڕووبەڕوو بوونەوە
لەگەڵ رەوشە قەیراناوییەکاندا ، کە بە شێوازی نەریتی تەنیا رێگەچارەیان
بەکار هێنانی توندوتیژیی بەئەژمار هاتووە، کرداری جێبەجێبوونو
بەدیلێکی شیاو بۆ توندوتیژیی و پێکدادانی فیزیکی بێت؛ بارودۆخێکی
قەیراناوی وەک رووبەڕوو بوونەوەی خەڵک لەگەڵ حکوومەتە ستەمکارەکان،
داگیرکردن و دەستێوەردانی دەرەکی، رەشەکوژی و تیرۆر، بۆمبدانانەوەو
کوشتنی خەڵکی سیڤیل. خاڵی سەرەکی کە نیشانەی لێهاتووییو پراکتیزە
بوونی ئەم جێگرەوانەیە، ئەمەیە کە حکومەتە ستەمکارەکان لەترۆپکی
دەسەڵاتی خۆیاندا، بەستراونەتەوە بە سەرچاوەکانی هێزی کۆمەڵگاوە، کە
ئەم سەرچاوانەش بەیارمەتی رێکخراوە جەماوەرییەکانو پشتیوانیی خەڵکەوە
بەستراونەتەوە ، کە ئەگەر ئەم هاوکارییانە بەردەوام نەبێت، بۆ
دەسەڵاتداران رێگایەکی دیکە بەجێی شەڕو ململانێ سەرهەڵدەدەن . بۆیە
ئەگەر بمانەوێت بۆ توندوتیژیی و شەڕ بەدیلێک لەبەرچاو بگرین، ئەم
بەدیلە ئەندێشەیەکە لە سەر ئەرزی واقیع دامەزراوە. زۆرجار ئەم خاڵە
لەبیر دەکرێت کە شەڕو توندوتیژیی وەکو رێگەچارەیەکی گشتیو گشتگیر بۆ
چارەسەری قەیرانەکان لەجیهاندا نەبووە. بەدرێژایی مێژوو لەزۆرێک لە
دوژمنایەتی کردنەکاندا، هێندێ لەلایەنە تووشبووەکان لەجیاتی
توندوتیژیی، بەپەنابردنەبەر رێگەچارەی دەروونی، کۆمەڵایەتی، ئابووری
یان سیاسی یان تێکەڵاوێک لەرێگەچارەکان چوونەتە شەڕی لایەنی
بەرامبەریانەوەو سەرکەوتووش بوونە. ئەم رێگەچارانە لەهێندێ بابەتدا کە
کێشەکان لاوەکی و بچووک بوونە یان لەبەرەنگاری لەهەمبەر دوژمنانی بێمەترسیدا
بەکار نەهاتوون. ئەم ستراتیژییە توندوتیژیی نەخوازانە وەکو بەدیلێک بۆ
رێگەچارەى توندوتیژییخواز لەو دوژمنایەتیکردنانەدا کە ئامانجی دوو
لایەن لەمەترسیدا بووە یان لەبەرامبەر دوژمنانێکدا کەئامادەی
چەوساندنەوەو هەر توندوتیژییەک بوونە(وەکو لێدانو کوتان، گرتن و
زیندانیکردنو هتد)بەکار هاتوون.
سەرەڕای سەرکوتگەرییەکان، لەهێندێ بابەتدا گرووپە بەرگریکارەکان کە
بەشێوەی ناتوندوتیژیی بەرەنگاری دوژمن بوونەتەوە، سەرکەوتوو بوونە.
ئەم شێوە خەباتە، خەباتی ناتوندوتیژییە کە لەدوژمنایەتی کردنە
قەیراناوییەکاندا وەک بەدیلێکی باش بۆشەڕو شێوازەکانی دیکەی
توندوتیژیی لەبەرچاو دەگیرێ.
______________________________
*
سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە:
- لە کتێبی ''ئازادی لەنیوە شەودا''. وەرگیڕانی: پەروانە ستاری.
- کۆمەڵگای مەدەنی خەباتی مەدەنی - جین شارپ و رابێرت هێلوی. وەرگێڕانی
بۆ فارسی: مەهدی کەڵانتەرزادە.
ماڵپهڕی فهرهیدوون سامان
|