| 
			   
			  
			
			ئۆپۆزیسیۆن لە 
			کوردستاندا لاى دەسەڵات چى ئەگەیەنێت. 
			
			
			  
			هیوا ڕەش   
			 
			
			 
			کۆرپەڵەکانى سەردەمى دەسەڵاتدارێتى پارتى و یەکێتى هاوسەرگیرییان 
			پێکهێنا و بوون بە ژن و مێرد و نەوەیان خستەوە ، بەڵام ئەزمونى حکومەتى 
			کوردستان هەر ساوایە و هێشتا لە گڕ و گاڵ نەکەوتووە ، وا بۆ نۆزدە ساڵى 
			خشت ئەچێت گەلى کورد چارەنووسى کەوتۆتە دەست دوو زلحیزبى بێ منەتەوە و 
			لەو ماوەیەدا تا دێت ژیانى سەختتر و دۆخى ناهەموارتر ئەبێت ، کەچى 
			مەترسى و دڵە ڕاوکێى لە لەناوچوونى ئەزمونە گەندەڵەکە هەر ناڕەوێتەوە ، 
			لایەک بەدەست تێکەڵى قەرەقوشى تورکیا هەوڵى قەڵاچۆى پارتى کرێکارانى 
			کوردستان ئەدەن ، و هاووڵاتییەک بۆ گەشت و گوزار سەردانێکى تورکیا بکات 
			بە میتى تورکى تۆمەتبار ئەکرێت ، لە لایەکى دیکەوە گرەو لە سەر 
			دیموکرات و کۆمەڵە ئەکەن لەگەڵ بەسیج و پاسدارى ئێراندا ، و 
			هاووڵاتییەک بۆ چارەسەرى نەخۆشى سەردانى ئێران بکات بە ئیتیڵاعات 
			تۆمەتبار ئەکرێ ، هەموو کردەوەیەک لە خۆیان جوانە و لە خۆیان عادەتە و 
			بۆ گشت خەڵکیى عیبرەتە ، بۆ خۆیان ڕەوایە شارەزایى هەموو داڵانە 
			نهێنییەکانى حکومەتە داگیرکارەکانى کوردستان بن و نابێت کەسیش پێیان 
			بڵێت سەرى چاوتان برۆیە ، ئەگەر هاووڵاتییان بۆ داواى ماف و 
			خزمەتگوزارییەکان بڕژێنە شەقام ، ئەو ئاکارانەى ساڵەهاى ساڵە خۆیان 
			خووگیرى بوونە پێیانى ئەفرۆشنەوە و بە دەست لە پشتدانى موخابەراتەکانى 
			دەور و دراوسێ تاوانباریان ئەکەن . 
			 
			گەندەڵى دایوەشاندوون ، ناعەدالەتى دایخوراندوون ، نایەکسانى 
			دایکرماندوون ، بەڵام نابێت وورتەمان لێوەبێت چونکە بەرژەوەندى حیزب 
			ئەکەوێتە مەترسییەوە ، کە ئەمانەوێت بە شێوەیەکى ڕێکخراوتر ، 
			مەدەنیانەتر ، شارستانیانەتر ، هێمن تر و سیاسییانەتر ئاراستەى 
			داواکانمان بجوڵێنین لە جیاتى بەرهەڵًسکاربوون لە گەندەڵى و ناعەدالەتى 
			و نایەکسانییەکان تاوانى بەکرێگیراو بوون ئەدەنە پاڵمان . 
			 
			پارتى چەپى کوردستان وەکو پارتێکى نوێخوازى کوردستانى پێداویستى دۆخەکە 
			هێنایە بوون و لە 14 ى تەمموزى 2007 دا لە کۆنگرەیەکدا خۆیان ڕاگەیاند 
			، و ئاوێتەى داخوازییە جەماوەرییەکان بوون و ئەندامیان بوونە ( میوان ) 
			ى ئاساییشى دەسەڵاتى کوردى و لەگەڵ چەندین ئەندامى یەکێتى کۆمەنیستەکان 
			و حیزبى کۆمەنیستى کرێکارى و دەستەى داکۆکى لە داخوازییەکانى خەڵک 
			گیران کەچى زۆر بێباکانە ئەیانویست توهمەى نابەجێیان بەسەردا 
			ببەخشێننەوە بەڵام ووریایى جەماوەر و پێداگرتن لە سەر ئازاد کردنیان 
			پیلانەکانیانى شکست پێ هێنا ، پارتى چەپى کوردستان وەکو توێژێکى 
			بەشخوراو بۆ چرکە ساتێک لە پاڵپشتیى زیندانییانى سیاسى کوردستان 
			غافڵگیر نەبووە کەچى بۆ فشار و گوشار وەکو نەیارێکى دەسەڵات لە ( 
			بەخششى ) مۆڵەت وەدەریان ئەنێن و دانیان پێ ناهێنن ، تاک ، کۆمەڵ ، 
			گروپ ، ڕێکخراو و حیزب ئەگەر چەشنى حیزبە شاگردەکانى پارتى و یەکێتى 
			نەبێت و دەست لەسەر سنگ لە حزورى گەندەڵى و تاڵانییەکانیان بەپشتەملا 
			نەکێشێت ، ناحەز ، نەیار و دوژمنى ئەزمونى نوێى دەسەڵاتدارێتى گەلى 
			کورد و کوردستانە ، ئەم تۆمەتە ئامادەکراو و داتاشراوەى فەرهەنگى 
			دەسەڵاتداران هەمیشە لەسەر پێیە بەرامبەر هەر ناڕازیبوون ، مانگرتن ، 
			ڕێپێوان و خۆپیشاندانێک و زۆر بێباکانە ئەیدەنە پاڵ دڵسۆزترین و 
			غەمخۆرترینەکانى خەڵکى ستەملێکراو . 
			 
			ئۆپۆزیسیۆن لەم نیشتمانەى ئێمەدا ئەبێت بە پرس و ڕاى پارتى و یەکێتى 
			بێت ئەگینا لەو سیفەتەى دائەماڵن و گێڕانەوەى ناوچە داگیرکراوەکان بۆ 
			سەر کوردستانیان بە قەد ئەوە بە لاوە گرنگ نیە کە چ وێنەیەکى بێزراوى 
			نێو ئەلبومى خۆیانى پێوە بلکێنن ! چونکە ئەوان خۆیان بە خاوەنى نیشتمان 
			ئەزانن و هەر ئەوانیش بۆیان هەیە میدالیاى نیشتمانپەروەرى لە بەرۆکى 
			خەڵک بدەن ، لەوە بترازێت نیشتمانپەروەر ئەکەن بە نیشتمانفرۆش و 
			ئۆپۆزیسیۆنیش لاى ئەوان خۆفرۆشە ، بۆیە کاتى ئەوە هاتووە ئێمەش ئەو 
			بەرژەوەندى گەلەى ئەوان کردویانەتە مەزەى خۆیان بە بەرژەوەندى حیزب بە 
			ڕاى گشتیى بناسێنین و ئەو مەترسییە دەرەکییانەى خەڵکیى پێ ئەترسێنن 
			ئێمەش خەڵکیى لە مەترسییە ناوخۆییەکان ووریا بکەینەوە ، و هانیان بدەین 
			کە خەباتى سەردەم و هاوچەرخ پەرە پێ بدەن و لە زیاتر پێشێل کردنى 
			مافەکانیان یاخى بن ئەگەر وا نەبێت دیارە ئەوەى دەسەڵات بە ئۆپۆزیسیۆنى 
			ئەڵێت هەمووى ڕاستن و لە جێى خۆیایەتى . 
			
			 
			07701309524  
			Hewarash1@yahoo.com  
			 
			 
  
			   |