په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\٨\٢٠١٥

پانۆرامای چاوەڕوانییە بێ کۆتاییەکان.


ستار محەمەد قادر   


چەند بەسوێیە مرۆڤ ھەموو ژیانی لە چاوەڕوانییەکی بێ ھوودەدا خەرج بکات، قەدەری ئێمەی کورد وەھایە دەبێت ھێزە سیاسیەکان ھەموو کارەکانیان نیوەو نیوە چڵ بەجێبھێڵن و وا لەمیللەت بکەن تەنانەت چارەنووس و ئایندەشی رادەستی قەدەر بکات. کورد چاوەڕوانیی رۆژێکی وەھای دەکرد، تا لەمەحافلی نێو دەوڵەتیدا پێشوازی لێ بکرێ و گوێی لێ بگیردرێت، کەچی سەرباری ئەو ھاوپەیمانێتیە نێو دەوڵەتیەیش، ناتوانێت نێو ماڵی خۆی رێک بخات.

دوای واژۆکردنی رێککەوتنی ستراتیژی، چاوەڕوانیی ئەوە لەو دوو حیزبە دەکرا تا دەرەنجامەکەی کۆتایی بەھەردوو زۆنی زەردو سەوز بھێنێ و دوو ئیدارەیی و دە ئیرادەیی بۆ تاھەتایی لەگۆڕ بنرێت.

چاوەڕوانیی لای تاک بەتاکی ئێمە، ئێستا بووە بەخەونێکی ئەرخەوانی و دوو ئیدارەیی بووە بەبەشێک لەواقیعمان و لەماوەی ئەوەندە ساڵدا نەتوانرا نەھێزی پێشمەرگەی کوردستان یەکبخرێ و نەش دوو دەزگای ئاسایش یەکبگرێت!

کورد چاوەڕوانیی ئەوە بوو تا لەدەلاقەی دەستووری نوێی عێراقەوە بەمافەکانی شاد بێ و ماددەی ١٤٠ لەماوەی دیاریکراوی خۆیدا جێبەجێ بکرێت، کەچی نەک ئەوە نەکرا، بەڵکو لەخەیاڵدانی کەسدا چاوەڕوانیی ئەوە لەناوەند نەدەکرا، دەست بەرێت بۆ بڕینی بوودجەو قووتی خەڵکی و پێگەی کورد لەعێراقی نوێدا بەشێوەیەک لاواز بکرێت، بەناچاریی لە جکومەتەکەی عەبادیدا بەشداری پێ بکرێت!

پارچەکانی تری کوردستان، ھەموو چاوەڕوانیی ئەوەیان لەھەرێمی کوردستان دەکرد، تا حکومەتی ھەرێمی کوردستان نەک حیزبەکان، ببێت بەھێزی پشتیوانی بۆ ئەوان و لەسەر خاکی خۆیان کۆنگرەی نەتەوەیی ببەستن!

کەس چاوەڕوانیی ئەوەی لەحکومەتی ھەرێمی کوردستان نەدەکرد، نەوت لەبازاڕەکانی جیھان بفرۆشێت و موحتاجی ناوەند بێت بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەران دابین بکات!

کێ لەئێمە چاوەڕوانیی ئەوەی دەکرد، لەشەڕی داعشدا ببین بەھاوپەیمانی وڵاتانی زلھێزو لەملایشەوە بەسەر دوو جەمسەردا دابەش بین!

کێ چاوەڕوانیی ئەوەی لە حیزبەکان دەکرد، بەقەولی خۆیان لەناوەند سەرقاڵی کوردایەتی ببن و لە ھەرێمی کوردستانیش حیزبایەتی!

چاوەڕوانیی ئەوە بووین ئەمڕۆ یان سبەی دەبین بەخاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆمان، کەچی ململانێی حیزبایەتی و کۆبوونەوە پێنج قۆڵی و چەند قۆڵیەکان، ھەموو ئەو چاوەڕوانییانەی لەبیر بردینەوە.

بۆیە ئێستا لەپانۆرامای چاوەڕوانییەکاندا، لە چاوەڕوانیی ئەوەداین خوای پەروەردگار رەحممان پێ بکاو ئەو نزایەمان قبووڵ بکات، رازین بەدوو ئیداریی، بەدابەشکردنی ھەموو شتەکان لەنێوان خۆتاندا، رازین بەو حکومەتە بنکە فراوانە نیشتیمانیە ئەگەر بەرووکەشیش بێت، رازین بەبێ مووچەیی، رازین بەمانەوەمان لەچوارچێوەی عێراقێکی نادیاردا، رازین بەبێ ئیشی و نەبوونی ھەلیکارو دامەزراندن، رازین بێ دەنگی بکەین بە مژار و بەرگەی پەراوێزخستنی خودی خۆمان بگرین، لەبەرانبەر ئەو ھەموو رازیبوونەی ئێمەدا، داواکارین لێتان لەم چرکە ساتە ھەستیارەدا، یەکڕیزی نێو ئەو ماڵە لێکترازاوە بپارێزن!

کۆمەڵانی خەڵکی چاوەڕوانیی دەسکەوتی زۆر گەورەیان لەئێوە دەکرد، کەچی چاوەڕوانییەکان خەریکن دەبن بەسەراب و پێشینان جوانیان فەرمووە: "کاڵا بە گوێرەی باڵا" زیان لە نیوەیشی بگەڕێتەوە ھەر باشە، ئێستا چاوەڕوانیی ئەوەتان لی دەکەین، لەوە پتر ئەو میللەتە داماوە بە چاوەڕوانییەوە دەسخەڕۆ مەکەن و کۆتایی بەو شەڕە بھێنن کە لەسەر خەڵکی و بەنێوی دەنگدەرەوە بەیەکتری دەفرۆشن؟!
 

ماڵپه‌ڕی ستار محه‌مه‌د قادر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک