په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\٧\٢٠١٢

پاقلەفرۆشەکە!

نەهرۆ          


مام سمایل پیاوێکی باڵا بەرز بوو، سەروڕیشی سپی بوو، تەمەنی نزیکەی شەست ساڵێک دەبوو، بەڵام کڵاوجامانەی دەبەست و چاکەت و پانتۆڵی لەبەر دەکرد، چاکەتەکەی ڕەنگێک بوو، پانتۆڵەکەی ڕەنگێکی تر، پێدەچوو لە لەنگە کڕیبیتیان یان خەڵکی دەستڕویشتوو پێیان دابێ، لەو شارەی ئێمە خەڵکی جلی فرێ نەئەدا یان دەیدایە کەسیک لە خۆی هەژارتر یا هەتا مردن لەبەریان دەکرد، تەنانەت جلی پیاوێکی مردوو کۆدەکرایەوەو پاک دەشوشتراو ئەدرایە مجیوری ئیمامی خدرزندە، تەنانەت لەناو بوخچەی جلەکاندا سابۆنێکی بۆن خۆشیان دادەنا! مام سمایل خاوەنی ژن و مناڵ بوو، کچە گەورەکەی تەمەنی چواردە ساڵان بوو، تازە بن مەمکی دانابوو، نێوی ویداد بوو، کوڕیکی دوو ساڵانیش هەبوو لەگەڵ ژنەکەی، پێدەچو مام سمایل درەنگ ژنی هینا بێ، بەڵام درەنگتر باشترە لەوەی کە هەر نەیهێنێ! ئاخر پیاوێکی کوێری وەکو مام سمایل باشە ژنیان پێداوە، مەزنن ئەو ئافرەت و پیاوانە لەخوار خۆیانەوە شوو دەکەن یا ژن دێنن، هاوسەری وا هیچ تەماحێکی تیا نیە، تەنیا خۆگونجاندنە لەگەڵ رێڕەوی ژیان.


مام سمایل خەڵکی گوندێک بوو لە کەناری ئاوی ئەڵوەن، گوندەکەیان زۆر دوور نەبوو لە شارەوە، کاتی دەچوون بۆ شار دەبوایە بەسەر پردی گەورە تێپەر ببن، پردی گەورە ژێرەوەی تاق تاق بوو، بە کەلپووچ و کەچ دروست کرا بوو، دەیانگوت کاتی خۆی نادر شا ئەم پردەی بونیادناوە، کاتی سوپاکەی ویستویەتی لە روبارەکە بپەرێتەوە بەڵام نەیانتوانیوە، تەنانەت وەک ئەفسانە خەڵکی شار باسیان دەکرد، پیرەژنەکان دەیانگوت بەئاوی سەروپێ گەچەکەی گیراوەتەوە تاوەکو توکمەو قایم بێ، ئاوی ئەڵوەن وەکو ئێستا تەنک و لێڵ نەبوو، ئەو کاتە مەلەوانی دەخنکاند، لەژێر پردی گەورە شوێنێک هەبوو پێیان دەگوت باوەگەزی، هەموو ساڵێک یەکێک لەوێ دەخنکا، دەیانگیڕایەوە گوایا ئەوە دایکی ئەڵوەنە هەموو ساڵێک پیویستی بەقوربانییەکە! گوندەکەی مام سمایل خەڵکی جۆراوجۆری تیا دەژیا، ئەو گوندانەی نزیک شار جیهانێکی تایبەتیان هەیە، خەڵکی تیایە قاچاغچی یە، خەڵکی تیا فیتەرە، خەڵکی تیایە مامۆستایە یا ئەندازیارە، کەم کەسیان خەریکی کشتوکاڵن، هەیانە دوکانی هەیە لە شار، قەدەری مام سمایلیش لەگەڵ کچەکەی عەرەبانەیەکیان پێبوو پاقلەی کوڵاویان دەفروشت، مام سمایل لەگوندەکەی خۆیان پاقلەکەی ساغ نەدەکردەوە، بەڵکو بەسەر پردە ئاسنینە سەوزەکە ئەهاتن بۆ گوندەکەی ئەم بەر، مام سمایل کاتێ گەیشتە پردە ئاسنینەکە ترس سەراپای لەشی دائەگرت و دەیگوت ویداد کچم سەیری ئەمبەروئەوبەر بکە نەوەکو ئۆتۆمبیلەکانی پاڵێشگای نەوت بمان شێلن! ئەو پردە کاتی خۆی بەهوی بەستنەوەی پاڵێشگا بە شارەوە ئینگلیز دروستی کردبوو، تەنانەت ئەگەر لافاویش بهاتبایە، پردەکەو پایەکانی لە شوێن خۆیان دەمانەوە، تەنیا خۆڵەکەی ئەمبەروئەوبەر ئاو دەیبرد، بەهوی سفتی ئەو پردەی پاڵێشگاوە، لەناو خەڵکی ناوچەکە ئینگلیز ناوی دەرکردبوو، هەر کەرەسەیەک باش و جێباوەر بوایە دەیانگوت ئینگلیزییە گاڵتەی پێناکرێ، مام سمایل عەرەبانەیەکی پێبوو لە دار دروست کرابوو، سێ تایەری پایسکلی بچوک لە ژێری دابوو، دووان لە پاشەوەو یەکێک لە پێشەوە، خۆی و ویداد بەدەست پاڵیان دەنا، لەناوەڕاستی عەرەبانەکە مەنجەڵیکی گەورەی پاقلەی لێبوو هەمیشە هەڵمی لێهەڵدەسا، پێدەچو سوپایەک یان پەرەمێزێک لەژێریا بێ، لەسەر عەرەبانەکە شووشەیەکی بەتاڵی ئاو تەماتەی لیبوو سەرەکەی کون کون کرا بوو، پڕ کرابوو لە پونگی وشک، پورێکم هەبوو(خۆشکی دایک) خەڵکی گوندەکەی ماڵی مام سمایل بوو، کاتی خۆی، مێردەکەی لە پاڵیشگا ئیشی کردبوو، وەرزەکە پایز دەبێ کە لە ئیش دەگڕێتەو لە حەوشەکەیان بەئاوی سارد خۆی دەشوا، ئیدی تووشی نەخۆشی دەبێ دواتر ئەو نەخۆشیە بووە هوی مردنی! پورەکەم کاتی دەهات بۆ ماڵەوەمان دەنگ و باسی گوندەکەیان دەهێنا بۆ دایکم، ئێمەش لەدەوریان خڕ دەبووینەوەو گوێمان رادەخست، رۆژێکیان باسی مام سمایلی هینایەکایەوەودەیگوت ژنەکەی مام سمایل ژۆر زرنگە، خەڵکی گوند پارەیان بۆ کۆکردنەوە مانگایەکی شیردەریان بۆ کڕین، ئەویش هەموو رۆژی داس و گوریسێک دەباو دەچی بۆ ناو باخەکەی قەراخی ئەڵوەن باوەشی گیای تەڕ دەهێنێتەوە، هەموو ئێوارەیەکیش مانگایەکە دەدۆشی ولەشیرەکەی هەموو بەیانییەک مەنجەڵی ماست دروست دەکا، جاروبار خەڵکی گوند لێدەکرن، جارو باریش لەگەڵ پاسەکەی باخەوان دەینێرێ بۆ شار، ئەو رۆژەی پارە نەکا خویان دەیخون یان دەیکەنە ناو کیسەیەکی خامەوەو هەڵیدەواسن دواتر دەبێە توراغ! جگە لەوەش کۆمەڵی قازو مراویی هەیە بەیانیان بەرەڵایان دەکا بۆ ناو ئەڵوەن، ئێوارانیش دەیانهێنێتەوە، هەموو رۆژێکی هەینیش سەبەتەی هێلکە دەبا بۆ شار تەنانەت هێلکەش لەژێر قازو مراویەکان دەنێتەوە، هەروەها بەیناو بەین دەچێ بۆ قەراغی ئەڵوەن باوەشی پونگ دەهێنێتەوە و لەسەربانەکە لەسەر پەڕۆیەک هەڵیدەخا تا وشک ببێتەوەو دوایی گەڵاکانی هەڵدەوەرێنێ و ئەیکاتە شووشەوە بۆ ئەوەی کڕیارەکانی مام سمایل پاقلەو پونگ بخۆن، بەڕاستی بەلەزەتە کاتێ پاقلەی کوڵاو پونگی پێوەی دەکەی، دایکم گوتی مام سمایل بۆ چی ئەم رێگا دوورە دەبڕێ و لەگوندکەی خۆیان پاقلە نافرۆشی، پورم لە وەڵامدا گوتی لەبەر کچەکەی شەرم دەکا، دوایی دوکان وپاقلە فرۆش لە گونەکەی ئێمە زۆرە، ئەو ناوچەیەی ئێمە بە پایزان ڕەشە بایەو بە زستانانیش بارانە، وێرای ناخۆشی ئەم دوو وەرزە مام سمایل و کچەکەی هەر دەهاتن، بەڵام لە گوندەکەی ئێمە نزیکەی دوازدە کرێکاروباخەوان وکارەباچی و سائق هەبوون لە پاڵێشگا ئیشیان دەکرد، بۆیە بەرێوبەری پاڵێشگا بریاری دابوو لە ناوەڕاستی گوند و لە قەراغ جادەکە بەپلێت و لوولەی مام ناوەندی خانوێکیان بۆ دروست بکەن تا لەکاتێ چاوەڕوانی هاتنی ئۆتۆمبێلی پاڵێشگا بەیانیان تەڕ نەبن، خانوەکە دەمەکەی ئاواڵە بوو، کرێکارەکان تەنیا بەیانیان سودیان لێوەردەگرت، بۆیە مام سمایل خۆی و ویداد و عەربانەکەی نزیکەی سەعات نوی بەیانی دەهاتن و لەژێر ئەو خانوە بە پلێت دروستکراوە ڕادەوستان، جاروبار مام سمایل هاواری دەکرد پاقلەی کوڵاو، ئەگینا گەورەو بچوکی گوند دەیانزانی لەوێ دەوەستێ، باوکم سائق بوو، مانگێک کاری دەستئەکەوت، شەش مانگ بێکار دەبوو، من کە تەمەنم دە ساڵ بوو زۆر حەزم دەکرد باوکم لە پاڵێشگا ئیشی بکردبایە تاوەکو مانگانەی هەبووایە، بەڵام دایکم دەیگوت باوکت حەزی بە ئیلتزام نیە، کەی لە کارو خاوەن کار بێزار بوو سویچەکەی بۆ فڕێ ئەدا! باوکم نەیدەهێشت بێخەرجی بین، تەنانەت ئەگەر کاری نەبوایە قەرزی دەکرد، جارێک سێ دینار لە ژنێکی پارچە فرۆش قەرز کردبوو، سێ رۆژ بە دوای یەکدا ژنەکە هات بۆ قەرزەکە، باوکیشم دەیگوت پێبڵین لە ماڵ نیە یا خود سبەی وەرەوە! دوڵابێکمان هەبوو لاکێش بوو، خاڵم لە پاڵێشگا هینا بووی، دایکم قاپ وقاچاغی تیادائەنا، دوو پەنجەرەی لە سەرووی هەبوو بە هێڵک گیرابوو، دایکم پارەی خوردەی لەوێ دادەنا تاوەکو ئێمە دەستمان پێڕانەگا، بەڵام لەکاتی پیویست دا لێدەپاڕاینەوە هەندێ وردەی پێئەداین، دەچووین قاپێک پاقلە بە پونگمان لە مام سمایل دەکڕێ.


کچەکەی مام سمایل پرچی ئاڵوزکاو بوو لە پشتەوە دەیبەست و کراسێکی کودەری ئافرەتانەی لەبەر دەکرد، ئێمە ئەو کاتە هەر دەمانگوت گوناحن! ئەگینا توانای ئەوەمان نەبوو یارمەتیان بدەین، لەبەر ئەوەی خەڵکانێک لەوان هەژارتر هەبوون، پیاوێکی دی هەبوو لە گوندەکەمان قۆڵێکی گۆج بوو، هیچ ئیشی نەدەکرد، نازانم چۆن ماڵ و مناڵەکەی بەرێوە دەبرد! ئەو جورە خەڵکانە سەیرن بەبێ هیچ ئایندەو پروگرامێک خۆیان ئەدەنە دەستی قەدەر سەرنەویشتی نادیار، وەک ئەوەی کە هەن خۆیان دەسەپێنن بەسەر ژیان دا.


هەر دەڵێن خوا کەریمە، خوا سەر بدا رزقیش ئەدا یان پەنا بە خوا! باوکم نویژی نەدەکرد بەڵام چەندین جار گویم لێبوو ئەو قسانەی دووبارە ئەکردەوە، چەندە خۆشە ئینسان بروای بە شتێک هەبێ، بۆ نموونە بە هێزێکی شاراوە، هێزێک کە ئاگای لە دەردو چارەنووس و ئازارەکان هەبێ، هەژارەکانیش لە نێو چارەنووسی دیاریکراویان دا مومارەسەی خۆشی دەکەن، بۆ نموونە ئەگەر جەژن بوایە مام سمایل نەدەهات، رۆژی هەینیان نەدەهات، تاقە رۆژێکیش گویم لێنەبوو مام سمایل نارەزایی دەرببڕێ، هەر دەیگوت خوایە شوکر بەبەشت! رۆژێکیان خۆر بە تاقی ئاسمانەوە بوو، کات نیوەرۆ بوو، مام سمایل خۆی و ویدادی کچی لەژێر خانوە پلێتەکە ڕاوەستا بوون، لە پڕ ئۆتۆمبێلیکی زیلی سەربازی هات، چوار سەربازی لێدابەزی، دیار بوو لە مێژ بوو پاقلەیان نەخواردبوو، سەرەتا داوای سەروقاپێکیان دەکرد بە پونگەوە خواردیان، هەر کە تەواو بوون داوای سەروقاپی تریان ئەکرد، بەڵام یەکی لە سەربازەکان زۆر چاو حیز بوو، بەردەوام نیگای لەسەر کچەکەی مام سمایل بوو، لەناکاو دەستێک بۆ باخەڵی ویداد برد، ویدایش لە شەرما سور هەڵگەڕا، وەکو ڕەنگی تەماتەی لێهات، سەربازێکی تر کە سێ خەت لەسەر قۆڵی بوو، زۆر بەم کردەوەیە نیگەران بوو، دەستبەجێ دەستی لە پاقلە خواردن هەڵگرت و رووی دەمی تێکرد و پێگوت شەرم لەخۆت ناکەی، نابینی ئەوە باوکی زەلیلە، تۆ دیارە خۆشک و دایکت نیە، نازانی ئابڕو چەند گرانە، سەربازەکەش بەسەر خۆی دا شکایەوە ولەو ساتەدا حەزی دەکرد ئەرز شەق بێ قووتی بدا بەڵام چاری نەبوو، غەریزەی هەرزەکاری وای لێکرد، سەربازە سێ خەتەکە بە ئەوانی تر گوتی وائەمرۆ مووچەتان وەرگرتووە، هەر یەکو پینج دینار دەرکەن بیدەین بەم پیاوە زەلیلە!!! ئەوانیش بەدەنگییەوە هاتن...


٢٠\٠٧\٢٠١٢ - نەرویج / ئۆسلۆ
ماڵپەڕی نەهرۆ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک