په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

پارەپەرستیی و مــەیخواردنەوە
تاکى کوردى خەساندووە ...!!

      

حەمەى ئەحمەد رەسوڵ*


1- پارەپەرستى : پارە پەرستى یان چاوچنۆکی ، مەبەست لە هەموو ئەو بیرکردنەوە و ڕەفتارە ناشرینانە یە کە وا ئەکات مرۆڤــ مرۆڤی برای خۆی لەخشتە بەرێت و بچەوسێنێتەوە و بە مەبەستێک بەکاریبێنێت تەنها لەبەر بەرژەوەندی تاکەکەسی خۆی،چاوچنۆک وا هەستئەکات کە ئەمڕۆ سبەینێی بەدوادا نایەت و ژیان هەر ئەمڕۆیە وتاهەتایە مردنیش نایەتە ڕێی کەس،پارەش هەموو شتێکە وئاسوودەیمان بۆ مەیسەر ئەکات و هیچ ئازارێکیش لە جەستەماندا ناهێلێت و بۆ هەمیشە ساڕێژیان ئەکات .!


ئیشکردن وخەمخۆری بۆ بژێو پەیداکردن جوانترین خەسڵەتی مرۆڤە،لە دونیادا بە خەباتکردن لەقەڵەمئەدرێن و کێ هەیە بڵێ ئیشکردن کاریێکی خراپە ؟هیچ کۆمەڵگایەک نییە کەسانی خۆی هانبدات کە تەمەڵـی و کارنەکردن بکەنە دروشمی خۆیان و ببنە باوەکووشتەی بژێو پەیداکردن..!


بەڵام ئەگەر چاوێکی کۆمەڵناسانە بە کۆمەڵگای ئەمڕۆماندا بخشێنین و بچینە سەر شەقام و پاشان بەرەو پێشانگای سەیارە فرۆشتن بڕۆین و ئەوجا کۆمپانیاو نووسینگەکان بەسەر بکەینەوە چاومان بە شتی سەیر ئەکەوێت،گوێمان لە شتی سەیرتریش ئەبێت !


ئەوەی گوێت لێئەبێت ئامراز و کەرەستە وسەیارە وتەلارە کە هیچ کەسێک بەختەوەری سەد دەر سەدی لێوە نەچنیووەتەوە،باس باسی دەفتەر و دۆلارە، باسی قازانج کردنە، باسی سەیارەوپارچە زەوی و دۆنم و کۆشک و تەلار دروستکرن و کڕین و فرۆشتنییانە ،باسی قازانجە لەو سەودا سەرییەدا، باسی بازرگانی وکەلوپەل هێنانە لە چین و ماچینەوە ..لە ئێران و تورانەوە، باسی قازانجی چەندەها دەفتەرە دۆلارە لەو سەوداسەرییانەدا.


گرنگ ئەوەیە باسکردنی دۆلار و دینار و پارە پەیداکردنە زۆرترین کاتی بۆ تەرخانکراوە و بۆتە وێردی سەر زمانی ڕێژەیەکی زۆر لە خەڵکی..بێگومان ئەم دیاردەیەش هەروا لەخۆڕا دروست نەبووە هۆکارگەلێک لەپشت ئەم بارودۆخەوە وەستاون،خەڵکی جاران هەژار بوون و پێداویستییەکانیان کەم بوون و قەناعەتیان بەو گوزەران و شێوازی ژیانە هەبووە و بەوەندە پێویستی و ئامراز وئارەزووە دامرکاونەتەوە وپێویستی بە هەڵپەکردن و کاری لابەلا نەبووە، کەواتە ئەگەر داواکارییەکانی ئەمڕۆ لەگەڵ دوێنێدا پێچەوانە بکەینەوە و تەنها باسی دوێنێ بکەین هۆکاری ئەم دیاردەیەمان بۆ ئاشکراتر ئەبێت، سەردەمی باپیرانمان :ژمارەی دانیشتوان کەمتر بووە و خێزان هەموو پێکەوە هەڵیانکردووە و لە باپیرەوە تا کوڕەزا و زازایەکی تریش پێکەوە لە خانوویەکدا گوزەراون وتەباو دۆست بوون، یەکتریان قبووڵبووە و ڕێز و حورمەتی یەکیان لامەبەست بووە،بۆیە نیشتەجێبوون نەبۆتە گرفت و قەیران،کرێی خانوو لایەکی مووچەی نەبردووە ...!


یان کارەبا و ئاو بە پارەیەکی ئەوتۆ نەبووە و بە بەردەوامیش هەبووە،کە هەنووکە بە پارەیەکی زۆریشە و هەر مەیسەر نابێت و لەمەشدا چاوچنۆکەکان هەر هەڵپەیانە و لە خەڵکی خاوەن قەناعەت جوودان..لەولاشەوە سووتەمەنی کە هەرگیز وەکو ئەوڕۆ قڕی تێنەکەوتبوو،هەموو کارێکی هاوین و زستانی ناوماڵیش هەر بە نەوت بووەو کەچی ئەو ڕاکە ڕاکەی ئێستای پێویست نەبووە،هەروەها ئۆتۆمبیل کێشەیەک نەبووە هەموو ماڵێک یەک یان دووی لێبکڕن کە بێگومان خەرجی وسەرئێشەی خۆی هەیە و تێچوونی زۆری لای فیتەریش لەولاوە بووەستێ،هەروەها خێزانی ئەمڕۆ بێجگە لەوەی خانوویەکی سەربەخۆی ئەوێت، مناڵیشیان زۆرەو هەیانە سەری بۆ دەرزەنێک ئەخوورێت، کە ئەوەش بارگرانی وخەرجییەکی زۆر و ڕاکەڕاکەی لێئەکەوێتەوە وبە مووچەیەک یان بە یەک کەس ناچێت بەڕێوە،بۆیە لە تاودا دووتا سێ مناڵی ئەخاتە سەر شەقامەکان و دەستگێڕییان پێ ئەکات، کە ئەوەش گرفتی کۆمەڵایەتی دیکە بەدوای خۆیدا ڕائەکێشێت ....!


ئینجا گرانی ونرخی شتوومەک وپێـویستی ماڵ هەرگیز ئەوەندە بەرز نەبۆتەوە کە هەروەکو مارکسی زانا و فەیلەسووف وتوویە :(هەرکاتێک نرخی کەلوپەل و کاڵا لە نرخی مرۆڤــ بەرزتر بۆوە ، ژیان لەو کۆمەڵگایەدا ئەبێتە دۆزەخ !).. ئەمەش زەنگێکی خەتەرناکە وبیرو باوەڕی مرۆڤــ بە ئاقارێکی هەڵدێردا ئەبات، چونکە هەموو شتێک لە پێناوی پارەدا ئەگۆڕدرێتەوە و هەموو پێویستییەک بە پارە چارەسەر ئەکرێت ئیدی وشە و بیروباوەڕ هیچ هێزێکی نامێنێت و ڕەونەق لە ئامانج و ئاواتەکاندا ناهێڵێت،ژیان ئەبێتە غاردان بەدووی پارەدا، مانا و داتاکانی بەختەوەری و ژینی ڕاستەقینە و مرۆڤی مەزن، ئەبێتە کۆکردنەوەی سامان و ڕیزکردنی ڕیزە دوکان و دۆنمە زەوی و سەیارەی دووا مۆدێل و وەچنگکەوتنی ژنی شۆخ و نازداری شار،گرنگترین و شایستەترین هیوایەک ئەبێت لەو کۆمەڵگایەدا کە بەداخەوە ئێمەی کورد لە کوردستانی ئازاددا پێیوەی ئەناڵین ...!


ئیدی خەڵکی دیکەی نەداریش پەتای لاساییکردنەوە و موڵک بەدەستهێنان ئەیانگرێتەوە و ئەکەونە هەڵپە و تێکۆشانی دووجا بۆوەی بە وتەی خۆیان بگەنە لووتکەی بەختەوەری وخۆشی ( کە لە ڕاستیدا ئەوشێوازە ژیانە ئاسوودەیی و کامەرانی دروستناکات !).


هۆکاری سەرەکی کە دەستی ئەوتۆی لە وەدەرکەوتنی ئەم دیاردە خراپەدا هەیە، دەسەڵات و سەروەری یاسایە،کە گرنگترین خاڵێکەو تاکە هێزێک بتوانێت بەربەست بێت لەبەردەم ئەم دیاردە قێزەونەدا تەنها دەسەڵات و حکومەتە،بۆ نموونە( لەسەروەختی سەدامی دیکتاتۆردا قەدەغە بوو هەر کارمەندێک پاش تەواوبوونی دەوامی فەرمی خۆیدا هیچ جۆرە کارێکی دیکە بکات و یاسایەک هەبووئەو کارەی قۆرخکردبوو بۆ ئەوانەی کاسپی ئازاد و سەربەخۆیان ئەکرد).. هەروەها ئازادکردن یان باشتر وایە بڵێم بەرەڵاکردن وگوێنەدانە بازاڕ و نرخی شتومەک کە وەکو کوفر وایە و بێویژدانی ولێنەپرسینەوە دێنێتە ئاراوە و سەرەنجام گرانی ئەخوڵقێنێت ، هەروەها ئابووری هیچ سەقف و سانسۆرێکی پرۆگرامئامێزی بۆ نەکراوە،کڕین و فرۆشتن سنووری بۆ نییە ،هەرکەسە و بۆخۆیەتی، بازاڕ و لە مەیدانی جەندرمە و مافیا ئەچێت ،یەکسانی و دادپەروەری غایبن ونەبوون،بەرپرسەکان پشکی شێریان بەرکەوتووە وئابووری وڵات بە دەستی ئەوان ئەگوزەرێت،مووچە و موڵکی ئەوان هەر خوا ئەزانێت چەندە!!حاڵەتێکی پڕ ئاژاوە دروستبووە،ئەوان زۆر هایلایڤ ئەژین،لە بورجی عاجیدان ، خاوەنی هەموو شتێکن و زۆربەی خەڵکیش خاوەنی هیچ نین، ئەمە ئەو ترسەی لای خەڵکی درووستکردووە کە هەرچی زووە فریا بکەون و شتێک بۆ ئەمڕۆو سبەی پەیدا بکەن و دڵنییابوون و بۆ نەوەی داهاتوویان مەیسەر بکەن .. داخی گرانم کە ئەم بارگرانی و زەحمەتی ژیانە پلەی ژێر سفری هێناوەتە بەرهەم و ئەم بارودۆخەش ماوەیەکی دیکەش ئەخایەنێت و ڕاوێژکاری ئێمەش هیچ سوودێکی ئەوتۆی نییە، تەنها ئەوەندە نەبێت کە بڵێین قەناعەت زۆر گرنگە ولە کەرەستە و ئامراز و کۆشک و تەلار و سەیارە مۆدێل بەرزەکان پیرۆزترو بەسوودترە و کامەرانی و ئاسوودەییتان بۆ دەستەبەرئەکات ..!


2 - کۆمەڵگەی کوردی ، بەوە ئەناسرێتەوە کە داخراو و چەقبەستووە ، بەڵکو کراوەتەوە بەسەر دابونەریت و نۆرم و بەهای کۆمەڵایەتی کۆن و سەلەفی خۆیدا ،واتە گۆێی قوڵاغە بۆ بیری کۆنی باووباپیران و پێشینانی خۆی وەکو تەلیسم و قورقوشم پێوەی نووساوە و لەبەر سیستمی فیۆدالیزمی و کاریگەری و نفوزی هۆزو خێڵی سەردەستا چۆکی داداوە و لە هەموو بوارەکانی ناو خێزان و کۆڵان و گەڕەک و خوێندنگە و دامودەزگا فەرمی و نا فەرمییەکاندا وەکو ئەختەبووت و شێرپەنجە بڵاوبۆتەوە و هەرگیز گۆڕانکاری و بەرەوپێشچوون و تێکشکاندنی تەلیسمەکانی ئەو سەلەفییەت و کۆنخوازییە لەم چرکەساتەدا لە ئارادا نییە و ئەو بیری پێشکەوتنخوازی و مۆدێرنیتە و عەلمانییەتەی لێرەو لەوێ ڕۆشنبیران و ڕووناکبیران وەکو مەشخەڵێک بەدەستییانەوەیە ، مەخابن نەبۆتە هێز و فاکتەر و کاریگەریی بەسەر توێژە گرنگەکانی کۆمەڵگای کوردییەوە بە زەبر و توندو پتەو نییە .....!


لە گرنگترینی ئەو هۆکارانەی کە لە دوای ڕاپەڕینەوە نەهاتوونەتە مەیدان و نەبوونەتە کۆڵەکە بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی و کراوە و شارستان و هیچ نەبێت نیمچە پێشکەوتوویەک ، کارە نامەدەنی و پڕ گەندەڵییەکانی دەسەڵاتی کوردییە ، چونکە ئەم دەسەڵاتە زەمینەی خۆشنەکردووە بۆ دروستکردنی ئەو کۆمەڵگە مەدەنییە و کراوەیە و هەمیشە ئاغا و بەگ و شێخ و مەلا و پیاوانی ئایینی و بیری کۆنخوازییەکانی لە خۆی کۆ کردۆتەوە و لە پێناوی دروستکردن و گەورەکردنی ڕێژەی هەوادار و نفوزی خۆی و حیزبەکەیدا ، چاوپۆشی و وەلانان لە پرۆگرام و پلانی زانستی و ئەقڵ و بڕوانامەی کەسانی سەربەخۆ و ئازاد و ڕۆشنبیر و زانایان کرد و مەخابن هەر ڕەفتارێک ڕژێمی بەعسی دیکتاتۆر لەم کۆمەڵگایەی ئێمەدا بە دەستی ئانقەست ڕەنگڕێژی بۆ کرابێت ،ئەم دەسەڵاتە بێ بەرنامە و پرۆگرامە زانستییە جارێکی دیکە بەکاریبردۆتەوە و بەکاریهێناوە و هیچ هەوڵێکی جیدی بۆ نەداوە کە خزمەتگوزاری و بە ئاسوودە کردنی تاکەکانی کۆمەڵگای کوردی بکاتە ئامانج و بەردی بناغەی خزمەتکردنی تاکی کورد ...
بۆیە تاکی کورد بۆ ئاسوودە بوون و بەسەربردنی کاتەکانی و دوورکەوتنەوەی لە ئاریشە و سەریەشەی ژیان و گوزەرانی خۆی پەنای بۆ زۆر کار و کردەوە بردووە لەوانەش بیرە و ئارەق خواردنەوەن ....!


ئەم کردەوە لاسایی ئامێزە لە کۆنەوە و لە سەروەختی سەدامەوە ڕێی خۆشکردووە و زەمینەی بۆ خۆشکراوە ، ڕۆژانی هەینی هاوینان ،ئەم وڵاتەی ئێمە سەراپا سەرخۆش و ژێرخۆشە ، ئەقڵ و زانست و مەعریفە و ماناکانی دیکەی ژیان و خولیا و ئارەزووی مرۆڤی کورتکردۆتەوە بۆ کحولیات خواردنەوە ...!


ڕاستە لە وڵاتانی پێشکەوتوو بە تایبەت ڕۆژاوا خواردنەوە بە حوکمی ئاینەکەیان و ئازادیان لە کحولیات خواردنەوەدا و بە حەرام نەهاتووە .. بەڵام لای ئەوان وەکو ئاو خواردنەوە وایە و گرفت و ئاریشەی کۆمەڵایەتی و ئابووری لێنەکەوتۆتەوە .. بەڵام ئەم کارە لێرە بۆتە ئاریشە و کێشەی گەورەی کۆمەڵایەتی لێوە دروستبووە ، دیمەنی دەشتودەری کوردستانی پاش خواردنەوە و گۆشت برژاندن ناشرینترین و پیسترین دەشت و سروشت لە دونیادا کوردستانە سەرخۆشەکەی ئێمەیە ... بوتڵی شکاو و عەلاگە ڕەشی دڕاو و خاشاک و بەرماوەی سەرخۆشان ژینگەی ئەم وڵاتەی لە کەلاوە نزیک کردۆتەوە .. ئەمە بێجگە لە کارەساتی پێکدادان و وەرگەڕانی سەیارە و مردن و برینداربوون و سەقەتبوونی چەندەها مرۆڤـی سەرخۆشی ڕۆژانی هەینی ...هەروەها لە ماڵەوە پیاوان و باوکانی سەرخۆش دۆزەخێکی گەورەیان بۆ مناڵ و ژن و دەرو دراوسێیان دروستکردووە .. ڕێژەی تەڵاق و جیابوونەوە و شەڕو شۆڕی نێوان هاوسەرانی کوردستان باشترین نموونە و دەرئەنجامی ئەم دیاردە ناشرین و بەربڵاوەیە لە کۆمەڵگاکەماندا ....!


ئەو دەرئەنجام و ئاکامە خراپانەی ئەم کردەوە ناجۆر و قێزەونە دروستی کردوون گەلێکن و پێویستی بە لێکۆڵینەوەی مەیدانی و ڕێپۆرتاژی تێروتەسەل هەیە .. بەڵام لە گرنگترینیان ئەوەیە کە ئیدی وردە وردە خەڵکی لە خۆ ڕۆشنبیرکردن و هوشیارکردنەوەی کۆمەڵایەتی و بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و مەعریفی دوور ئەکەونەوە و زانست و ڕۆشنبیری ڕۆڵی خۆی لەدەستئەدات ، لە جیاتی ئەوەی کتێب و گۆڤار کڕین پارە ئەدرێت بە بیرەو ئارەق و پێک بە پێک نۆشئەکرێت .. کابرایەک ئێواران و شەوانی خۆی بە خواردنەوە بەسەربەرێت ئیدی کاتی چی ئەمێنێتەوە بۆ هۆش و بۆ ئەقڵ پەروەردە کردن .. چی ئەمێنێتەوە بۆ پەروەردە کردنی مناڵ و زارۆکە هەناسە ساردەکانی ..چ کاتێکی چاوکراوە و هۆشدار ماوەتەوە بۆئەوەی لە وانە و دەرسودەوری مناڵ بپرسرێتەوە .. چ کاتێک ئەمێنێتەوە بۆ بەرنامە ڕێژی و پرۆگرام دانان بە مەبەستی خزمەتکردنی زیاتری هاوڵاتی و فەراهەمکردنی پێداویستییە یەکەمیین و گرنگەکانی وەکو کارەبا و ئاوی پاک و ڕێگەوبانی شارستانی و دەستەبەرکردنی نیشتەجێی دانیشتوان و هەرزانکردنی شتومەک و کاڵا و خۆراک و ئاسوودەترکردنی ژیانی هاوڵاتیان ..!!


بە کوردی و بە کورتی : بیرە و ئارەقخواردنەوە لە کوردستاندا دیاردەیەکی تەندروست نییە و زۆر بەربڵاو وبێسنوورە .. گرفت و ئاریشەی زۆر و بێشووماری دروستکردووە ، دابەزینی ئاستی هوشیاری و ڕۆشنبیری و بەپەراوێز کردنی خوێندنەوە و گرنگی نەدان بە زانین و زانیاری کە ئەمڕۆ کۆمەڵگای کوردی پێوەی ئەناڵێت و زۆرێک لە خێزانەکانی گرتۆتەوە ، نەزانی و جەهالەت و وازهێنان لە خوێندن و ڕێژەی بەرزی دەرنەچوون و سەرنەکەوتنی نەوەی نوێ لە خوێندندا یەکێک لە هۆکارە گرنگەکانی مەشغوڵبوون و سەرقاڵی باوان و باوکانە بە خواردنەوە خۆ سەرخۆشکردنەوە .. سەرخۆشی و مەستی و کاتبەسەربردنی بێسنووری بەرپرسان و وەزیران و کارمەندانی ئەم کوردستانە ، لە هۆکارە گرنگەکانی بڵاوبوونەوەی گەندەڵییە بەو شێوە و ڕێژەیەی کە ئەمڕۆ بێچارە ماوەتەوە و لە هەموو قوژبنێکی ئەم کۆمەڵگایەوە سەرەتاتکێمان لێوە ئەکات و ژیانی شیرینی لێ تاڵکردووین ..!


ئەمە و بێجگە لە ئاکامە خراپەکانی لە بارەی تەندروستییەوە ، بە یەکێک لە هۆکارەکانی جەڵتە و خەستبوونەوەی خوێن و بەرزبوونەوەی فشاری خوێن و چەوری ناو خوێن و بە مۆمبوون (تەشەموع)ی جگەری ئادەمیزاد دانراوە .بەڵام مەخابن هەتا هاتنی ئەم وەزیرە بەڕێزە ( کاک زریان ) گوێمان لە هیچ ڕاگەیاندنێک نەبووە دەربارەی نەخۆشی و حاڵەتی خراپ و تەشەنەی بەدی باری تەندروستی لەم وڵاتە هەتیوەدا ...هەروەها بیرمان نەچێت بە حوکمی خواردنەوەی ئاشکراو ئازادی باوکان لە نێو خێزاندا ، لاو و گەنجێکی زۆریش فێری خواردنەوە و جگەرە کێشان و بەکارهێنانی ماددە بێهۆشکەرەکان بوون کە ئاکامی زۆر خراپیان ئەبێت و کۆمەڵگەی سبەینێش لەوەی ئەمڕۆ باشتر و ئاسوودەتر و بێوەیتر و بێ ئارشەتر نابێت ... بیرەو ئارەق خواردنەوە ، ئاستی ویژدان و بەکارهێنانی ویژدانی لە کار و کاسپیشدا کەم کردۆتەوە .. ئاستی پابەندبوون و ئیلتیزامی بە وڵات و بە ژیان و بە کارکردن و بە خۆشەویستی و بە متمانەبوونی نێوان تاکەکانی کوردەوەی کەم و کەمتر کردۆتەوە ......!


لە هەرە کارە گرنگەکانی بیل کلینتۆن ،ئەوەبوو کە جگەرە کێشان و کحوول بەکارهێنانی بە مودمین بوون و موعتادبوون لە قەڵەم دا و تەنانەت قەدەغەکردنی ڕێکلامی جگەرە فرۆشتن لە ئەوروپاشدا ڕەنگی دایەوە و قەدەغە کرا ... ئەمڕۆ لە هەموو دامودەزگایەکی ئەوروپی و ڕۆژاواییدا ، کحوول بەکارهێنان و جگەرە کێشانیش قەدەغەن و دەستیان خۆش بێت ، چونکە ئەوان بەرنامە ڕێژن و ماندوون لە پێناوی پێشکەوتنی کۆمەڵگەکەیان و ئاسوودەترکردنی ژیانی مرۆڤـدا .. نەک سەرخۆشکردن و مەسترکردنی هاوڵاتییە بێنەوا و هەناسە ساردەکانیان !!

 

* توێژەرى کۆمەڵایەتى.


hemea.rasoeL961@yahoo.com