په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٢\٢٠١٤

پارەی حکومەت و وەزارەتی تەندروستیی

لە خۆشخانەی (پار)ی کەرتی تایبەت خەرج دەکرێ!


بۆ/ بەڕیز سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی.
بابەت/ بەکارهێنانی بودجەی گشتی بۆ پرۆژەی تایبەتی تەندروستی.

پاش رێز و سڵاو..


ئەم یاداشتەی بۆ ئێوەی بەڕێزی ڕەوانە دەکەین تایبەتە بە کێشەیەکی کەرتی تەندروستی کە بەڕای ئێمە لە کەمپه‌ینی چاو هەر چاوە بەکارهێنانی مافی گشتیە بۆ مەبەستی تایبەت.


بەڕێز (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رۆژی ١١/٢/٢٠١٣، نەخۆشخانەی (پار)ی سەر بە کەرتی تایبەتی لە هەولێر کردەوە. بەڕێز (دەرباز کۆسرەت ڕه‌سول عه‌لی) سەرۆکایەتی بۆردی ئەم نەخۆشخانەیە دەکات و نەخۆشخانەکە لە ١٢٠ قەڕه‌وێڵە پێکهاتووە و هەردوو کۆمپانیای میدۆزی تورکی و کۆمپانیای گەڵاڵە کارەکانی نەخۆشخانەکەیان ڕاپەڕاندووە. ناوی ئەم نەخۆشخانەیە لە پیتی یەکەمی ناوەکانی هەرسێ کوڕی بەڕێز کۆسرەت ره‌سول عه‌لی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێکهاتووە بە ناوەکانی (پێشڕەو، ئاراس، رێباز).


بە وتەی سەرپەرشتیارانی نەخۆشخانەکە ئەم پرۆژەیە بۆ قازانج نیە و وەکو خۆیان دەڵێن "بە پلەی یەکەم بۆ خزمەتی خانەوادەی شەهیدانە".


ئێمە وەکو کەمپه‌ینی چاو هەر چاوە کۆمەڵێک گومانی بەڵگەدارمان هەیە لەسەر تەرخانکردنی داهات بۆ ئەم نەخۆشخانەیە لە بودجەی گشتیەوە و داوا لە بەڕێزتان دەکەین کە بەدواداچوون بۆ ئەم پرۆژەیە بکەن و لە ئەنجامی بەدواداچوونەکانتان ئاگادارمان بکەنەوە.


وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مێژووی ٢١/٠٩/٢٠١٠ گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای گەڵالە بەستووە. گرێبەستەکە لە ٣ لاپەڕە و لە ٢١ بەش پێکهاتووە و لەگەڵ ئەم یاداشتەدا کۆپیەکی گرێبەستەکەتان بۆ ڕەوانە دەکەین. گرێبەستەکە لەلایەن بەڕێز د. تاهیر هەورامی وەزیری پێشووی تەندروستی و بەڕێز عبداللە عه‌دنان یاسین، نوێنەری کۆمپانیای گەڵاڵە ئیمزاکراوە. بەپێی ئەم گرێبەستە، وەزارەتی تەندروستی ده‌بێت ئەم کارانەی خوارەوە بکات:

- دابینکردنی (ئامێر و پێداویستی پزیشكی) بۆ نەخۆشخانەی (پار)ی 'خێرخوازی'.
- دابینکردنی (٥،٦٩٥،٧٩٩) پێنج مليۆن و شەشسەد و نەوه‌دو پێنج هەزار و حەوسەدو نەوه‌دو نۆ دۆلاری ئەمەریکیی بۆ کۆمپانیای گەڵاڵە لەبەرامبەر دابینکردنی ئەو ئامێرانەی سەرەوە.


ئێمە لەکەمپه‌ینی چاو هەر چاوە داوا لە بەڕێزتان دەکەین کە بە دواداچوون بۆ لایەنە یاساییەکانی ئەم گرێبەستە بکەن و وەڵامی ئەم پرسیارانەی خوارەوەمان بدەنەوە:


- بۆچی لە بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی تەندروستی پارە بۆ پرۆژەیەکی سەر بە کەرتی تایبەت و نەخۆشخانەیەکی "خێرخوازی" دابینکراوە؟
- بۆچی لە بودجەی فەرمانگەی تەندروستی سلێمانیەوە ئەو بڕە پارەیە دابینکراوە لە کاتێکدا کە نەخۆشخانەکە لە هەولێری پایتەخت دروستکراوە و هه‌روه‌ها لە پارێزگای سلێمانی دەیان پرۆژەی تەواونەکراو بوونیان هەیە؟
- هەڵبژاردنی کۆمپانیای "گەڵاڵە" بۆ دابینکردنی ئامێر بۆ نەخۆشخانەی "پار"ی تایبەت بەپێی پێوەر و ستاندارد و جێگاو ڕێگا یاساییەکان بووە؟
- ئەگەر نەخۆشخانەیەک بە ناوی کوڕەکانی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە بێت، مافی خۆمان نیە بپرسین بۆچی خانەوادەی بەڕێزان هەموو خەرجییەکانی ئەم پرۆژەیەیان دابینەکردووە و بۆچی لە بودجەی حکومەت داهاتی بۆ دابینکراوە؟
- وەزیری تەندروستی مافی هەیە بودجە بۆ پرۆژەیەکی سەر بە کەرتی تایبەت دابین بکات يان نا؟
- ئايا دڵنیایی هەیە لەوەی کە ئەو نەخۆشخانەیە بەخۆڕاییە و بەتەنها بۆ کەسوکار و خێزانی شەهيدە سەربەرزەکانی کوردستانە بە بێ جێاوازی ئینتمایی سیاسی یان شوێنی دانیشتن یا شێوازی شەهیدبوونی قوربانیەکان؟

تێبینیی: هاوپێچ، کۆپیەک لە گرێبەستی ئاماژەبۆکراو ئاراسته‌ى ئێوه‌ ده‌كه‌ين.
 

بۆ پەیوەندیی:
د.گۆران عەبدوڵا: goransbr@yahoo.com، ٠٤٤٧٥٨٤٨٦٧٦٢٣.
فەرمان چیمەن: fxelany@yahoo.com، ٠٠٣٢٤٨٨٠٥٥٩٢٩.


کەمپەینی چاو ھەر چاوە
٢٢\٢\٢٠١٤

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک