په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\٩\٢٠١٠

پارتی کەوتە ناو تەڵەکەوە!


موحسین کەریم  


راگەیاندنەکەی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە کەیسی سەردەشت عوسمان ئەو تەڵەیە بوو کە پارتی نەزانانە خۆی تێهاویشت! رەنگە کاتی تیرۆرەکەی کەسانێک هەبووبن گومانیان لەبوونی دەستی پارتی لەو تیرۆرەدا کردبێ، بەڵام پێموایە راگەیاندنەکەی ١٥/٩/٢٠١٠ی لیژنەی لێکۆڵینەوە کە راستەوخۆ لەلایەن مەسعود بارزانیەوە پێکهێنراوە، گومانی لای ئەو کەسانەش نەهێشتەوە!

نەک هەر تۆمەتی دەستێکەڵاوکردنی سەردەشت عوسمان لەگەڵ گروپی تیرۆریستی ئەنسارولئیسلام و دواتر تیرۆرکردنی لەلایەن ئەو گروپەوە بەمێشکی هیچ ئینسانێکی ژیردا ناچێ، بەڵکو شێوازی نوسینەکەو بەڵگەهێنانەوەکانی راگەیاندنەکەی پارتی ئەوەندە نەزانانە نوسراوە کە هەر لەیەکەم سەیرکردندا ئینسان دەتوانێ لەوە تێبگات کە هیچ پێوانەو ستانداردێکی لێکۆڵینەوەی تێدا نیە. لەبەرئەوەی کە سەرتاپای سیناریۆکە دروستکراوە بۆیە نوسەری راگەیاندنەکە نەیتوانیوە وەکو لێکۆڵەرەوەیەکی شارەزا درۆکانی پێکەوە بچنێت و شتێکی لێبەرهەم بهێنێ کە هیچ نەبێ کەمێک گومانەکان لەسەر پارتی کەمبکاتەوە! راگەیاندنەکەی پارتی نەک نەیتوانیوە لەوەدا سەرکەوتوبێت کە تاوانی تیرۆرەکە لە ملی خۆی دابماڵێ و بیکاتە ملی لایەنێکی تر کە بەحوکمی کارنامەی رەشی لەناو جەماوەری کوردستاندا چاوەڕوانی ئەو کارانەی لێدەکرێ، بەڵکو بە هەوڵی فاشیلانەی بۆ تۆمەتبارکردنی سەردەشتی گەنجی مۆدێرن و ئازادیخوازی پەروەردەی ناو خێزانێکی پێشکەوتنخواز و چەپی شاری هەولێر، کە دوو دەیەی لە خەباتی دژی کۆنەپەرستی ئیسلامی و ناسیۆنال عەشیرەتی و نایەکسانی ناوەتە پشت سەری، بەدەستو قاچەوە خۆی خستە ناو ئەو تەڵەیەوە کە هەر لەیەکەم جارەوە تێیکەوت و بڕیاربوو لیژنەی ناوبراو لەو تەڵەیە رزگاری بکات!

ئەگەر پارتی لە روداوی تیرۆری سەردەشتدا ریسواییەکی بەنسیب بوو کە بەهیچ شێوەیەک لە حساباتی خۆیدا داینەنابوو، ئەوا راگەیاندنەکەی لیژنەی لێکۆڵینەوەو تاوانبارکردنی سەردەشت بەدەستێکەڵکردن لەگەڵ تیرۆریستانی ئیسلامیدا، نەک هەر ریسوایی، بەڵکو رقو نەفرەتی خەڵکی بەرادەیەکی فراوانتر کردە نسیبی پارتی. کاردانەوەی لایەن و کەسایەتی سیاسی و جەماوەری و رۆشنبیری و خەڵکی ئاسایی کۆمەڵگای کوردستان و تەنانەت هەندێ دەزگای نێو دەوڵەتی بە سادەیی ئەو راستیە دەخاتەروو.

ئەوانە کەم نەبوون کە هەر لەیەکەم رۆژەوە پێشبینی ئەم سینارۆسازیەی پارتیان دەکرد، چونکە گومانیان لە دەوری پارتی نەبوو لە ئەنجامدانی ئەو کارە، لەبەرئەوەی هۆکاری کوشتنەکەی ئاشکرابوو، سەردەشت خۆی سەرەداوەکانی دابووە دەست و تاوانباریش شاراوە نەبوو! مەلا بەختیاریش لە وتارەکەی (سەردەشت و ئازادی)دا ئەوەی پشتراستکردەوە. بەڵام نەگبەتی بەختی پارتی ئەوەبوو کە دوای ٦ مانگ تلانەوە بەسازکردنی ئەو سیناریۆیەوە کەچی بینەرێکی دەست نەکەوت بێجگە لە بینەرانی دەربار!

بەڵام دەبێ ئاماژە بەیەک راستیش بکەین، ئەویش ئەوەیە کە پارتی تەجروبەی لەگەڵ ئەو جۆرە ریسوابوون و سکانداڵانەدا هەیە، بۆیە ناکرێ بەوەندە کۆتایی بە پانورامای نارەزایەتی و وەستانەوە بەرووی ئەو دەسەڵاتە خێڵەکی و میلیشیاییەدا بهێنرێ. پارتیەک کە دوای ئەوەی رەنج و زەحمەتی دەیانهەزار کەسی کردە قوربانیی بەرژەوەندی شای ئێران و لە زمانی باوکی رۆحیەوە رایگەیاند کە کاری ئەو تەواوبوو، پارتیەک کە شانبەشانی سوپای پاسدارانی رژێمی دڕندەی ئیسلامی لە سەرەتای هەشتاکاندا پەلاماری دانیشتوانی شارە کوردنشینەکانی ئێرانی دەدا، و پارتیەک کە بەفەرمان و پارەی دەوڵەتی نەتەوەپەرستی تورکیا پەلاماری ئەندام و لایەنگرانی پەکەکەی(هاوخوێنی نەتەوەیی خۆی) دەدا، پارتیەک کە بۆ بەشکستکێشانی حەریفی دوێنێ و دۆستی ستراتیژیی ئەمڕۆی سوپای بەعسی هێنایە سەر هەولێرو سەرۆکەکەشی لەبەرامبەر نیگەرانی ئەندامەکانی حیزبەکەیدا سەبارەت بەو ریسوابوونە بڵێ "دان بەخۆتاندا بگرن و هەرماوەیەک هێرشێکی راگەیاندمان لەسەردەبێ و تەواو دەبێ"، پارتیەک کە ئەمانەی هیچ پێ شەرمەزاری نەبێ و بوبێتە بەشێک لە ژیان و مێژووی سیاسیی، بێگومان لەپێناو بەرژەوەندی سیاسی و مادیی خۆیدا لەهیچ ریسوابوونێک سڵ ناکاتەوە. ئەو دەیەوێ بەهەرجۆرێک بێت بەرگری لە دەسەڵات و سامانی خەیاڵی سەرکردەکانی و سەرمایەدارانی دەرباری لەچوارچیوەی قودسیەتی بنەماڵەی بەرزانیدا بکات! بۆیە زنجیرەی سکانداڵی ئەو حیزبە بەردەوام دەبێ تائەوکاتەی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان خاڵی بۆدادەنێن!

 

١٧\٠٩\٢٠١٠

ماڵپهڕی موحسین کهریم