پارتی مۆم داده‌گیرسێنێ.. حه‌سه‌ن سلێڤانیش چرای زمانی کوردی ده‌کوژێنێته‌وه.!
موحسين جوامێر
ئه‌گه‌ر ئاوڕێک له ڕه‌وڕه‌وه‌ی دانوستانه‌کانی نێوان حکوومه‌ته‌کانی عیڕاق و سه‌رکردايه‌تیی سياسيی کوردستانی به‌رێ، بده‌ينه‌وه، ده‌بينين يه‌ک له داوا و خواسته هه‌ره‌زه‌قه‌کانی له ڕۆژه‌ڤی گفتوگۆکاندا تۆمار کراوه و جه‌ختی له‌سه‌ر کراوه، خوێندن به زمانی کوردی بووه، به يه‌ک زمان، نه‌ک به دوو له‌هجه.. به‌تايبه‌تی دوای هاتنی عه‌بدولکه‌ريم قاسم له 1958 دا و پاشترێش له 1970 دا که ئه‌و سه‌روبه‌نده بازدانێک بوو له بزاڤی خوێندن له کوردستاندا و له هه‌مووان کاريگه‌رتر بوو.. بێگومان، چه‌سپاندنی ئه‌م مافه‌ش له بن چاودێريی بارزانیی يه‌که‌مدا بوو، خۆی ده‌يزانی کام له‌هجه و به‌هۆی چييه‌وه‌ش ئه‌ويان ده‌کرێته به‌ردی بناغه. دووباره به‌عه‌ره‌بيکردنی به‌رنامه‌ی خوێندن له دهۆکدا، پاش پيلانه‌که‌ی 1975 بوو و پشتی کۆچکردنی بارزانی بوو بۆ ده‌ره‌وه‌ی کوردستان، دوای ئه‌وه‌ی عه‌رزوحاڵ به خه‌ڵکی نووسرا. له بيرمه، ئه‌و ساته‌وه‌خته ـ هه‌تا ساڵی 1974 ـ بۆ ئاسانکردنی پرۆسه‌که و سه‌رکه‌وتنی له ناوچه‌ی باديناندا، ئيداره‌ی کوردی؛ مامۆستای هه‌ولێر و سلێمانیی له دهۆک داده‌مه‌زراند.
له بنه‌تای حه‌فتاکاندا، کاتێ به‌عس خه‌ريک بوو به‌رنامه‌ی خوێندنی مه‌کته‌بی له هه‌ولێر و سلێمانيشدا، ده‌عه‌ره‌باند، هاشم عه‌قراویی وه‌زير، ده‌يوت حکوومه‌ت کارێکی باشی کرد، بادينی فڕ له سۆرانی ناگه‌ن. پاش ئه‌و، له تورکيا بووم که محه‌مه‌د پیرۆزـ ی پارێزگاری ئه‌وسای دهۆک، له ڕۆژنامه‌يه‌کی تورکیدا چاوپێکه‌وتنێکيان له‌گه‌ڵدا ساز کردبوو، ده‌يوت کوردی ئه‌سڵه‌ن زمانی عيلم و زانست نييه، بۆيه شايه‌نی ئه‌وه‌يه هه‌ر ده‌مکوتی که‌يت.!
من، سه‌يدا حه‌سه‌ن سلێڤانی سه‌رۆکی يه‌کێتیی نووسه‌رانی کورد ناناسم.. وه‌لێ به حيساب و قياساتی هه‌لومه‌رجه‌که، ده‌بێ ئه‌و هێژايه ـ له‌گه‌ڵ ڕێزمدا بۆ بیروباوه‌ڕی ـ پارتی بێ و پارتيش له 16 ی ئه‌م مانگه‌دا شه‌ست و يه‌که‌مین مۆمی ته‌مه‌نی داده‌گیرسێنێت ( 1946 ).. له سه‌رده‌مێکدا، خۆشبه‌ختانه هه‌رده‌ڵێیت ( قاب قوسین أو أدنی ) ين له دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تدا، ئه‌گه‌رچی شه‌وقه‌که‌ی به‌قه‌ده‌ر چرای دزێک بێت. يه‌که‌م ده‌رفه‌تيشه که پياو بشێ بڵێت ئه‌مجاره‌یان کورد ده‌ستی به‌ئه‌نگێو بوو و ئۆخه‌ی له گيانی که‌وت، ئه‌گه‌رچی به چه‌ک و وه‌حه‌ی ئه‌وانيکه بوو.
ئه‌رێ، له‌م سه‌رده‌می هه‌نووکه‌ی کوردا، مامۆستای نێوبراو، هه‌ڕه‌شه ده‌کا، به‌وه‌ی ئه‌گه‌ر چيتر به‌رنامه‌ی خوێندنی سۆرانی ( به‌س قه‌يناکه تورکی، عه‌ره‌بی، ئينگلیزی و فڕه‌نسی ) له دهۆکدا بخوێندرێت، ئه‌وا ده‌ڕژێنه سه‌ر شه‌قامه‌کان و پڕ به‌ده‌م ده‌قیژێنن، بگره واز له خوێندنيش دێنن. به‌ڵێ، من ئه‌م مه‌ته‌ڵه‌م پێ هه‌ڵنايه‌ت. جگه له‌و ده‌يان هه‌زار ئيمزايانه‌ی گوايه له دژی خوێندن به زمانی یه‌گکرتووی ته‌مه‌ن سه‌دساڵدا، کۆ کراونه‌ته‌وه، که ئه‌م کاره ئه‌وه‌نده ناکوردانه و قیزه‌ونه؛ پياو يه‌ق ده‌کاته‌وه. له‌وه‌ش گه‌ڕێ، که فه‌رته‌نه‌ی ئاوا به‌ره‌و هه‌را و دووبه‌ره‌کیی مه‌غلووبه‌ی ئاوه‌ها ده‌با، ڕه‌نگبێ به مه‌لای ماوه‌رانيش حه‌ل و له‌حيم نه‌کرێت.
دڵنيام، دوای ماوه‌يه‌ک، ئه‌و نه‌يارانه‌ی ئێسته خۆیان له سه‌نگه‌ری دژ به کوردا مه‌ڵاس داوه و بۆی يه‌کاڵا بوونه‌ته‌وه، سه‌باره‌ت به کاری پڕ له هه‌ڵه و په‌ڵه و بێسه‌روبه‌ری مامۆستا حه‌سه‌ن سلێڤانی و هه‌ڤاڵه‌کانی، بێ فوو له دۆ کردن، ده‌ردێکمان پێ ده‌که‌ن، زاته‌ن ڕووی مه‌جليسانمان نه‌بێت و ده‌بێ به هه‌نگوێنی بڵێین : ژه‌هری مار. چونکه ئه‌نگۆ ئه‌گه‌ر خۆتان به يه‌ک گه‌ل بزانن و يه‌کزمانی خوێندنتان نه‌بێت، ئه‌ی ئه‌م ته‌پڵ و زوڕنايه‌ی کوردايه‌تی و ئازاديتان له چی دايه؟! ئاوامان پێ ده‌ڵێن.
پرسيار ئه‌وه‌يه، ئاخۆ دوای داگیرساندنی شه‌ست و يه‌که‌مین مۆمی پارتی ديموکراتیی کوردستان، چرای زمانی يه‌کگرتووی کوردی ـ که بارزانیی يه‌که‌م يه‌ک له هه‌ڵگيرسێنه‌رانی بوو ـ له‌م ساڵه‌دا به‌يه‌کجاری ده‌کوژێته‌وه و کورديش ده‌بنه تۆوی ئه‌و ناوه.؟ واته، دوای ئه‌وه‌ی پارتی ـ وه‌ک حيزبێکی مه‌زن ـ ڕێبه‌رايه‌تیی يه‌ک گه‌لی کوردی ده‌کرد، له‌مه‌ولا له سۆنگه‌ی ئه‌وه‌ی هێژا حه‌سه‌ن سلێڤانی و هاوڕێکانی، ئيعلانی ته‌ڵاقيان کرد و يه‌کزمانی کوردييان کرد به دوو له‌هجه و سه‌رکزۆڵه‌يان کرد.. ئايا ئه‌و حيزبه له‌مه‌ولا پێشه‌وایه‌تیی دوو گه‌لی جياواز ده‌کات و به قه‌ولی سالمی سنه‌يی ده‌بێته ( ڕه‌حمه‌ت عه‌زابی هێنا ) ؟!
ئه‌مه پرسيارێکه و نازانم له کێی بکه‌م !
2007/08/07 mohsinjwamir@hotmail.com
|