٩\١٢\٢٠١١
پارتی و
تراژیدیای سینارێو!

کازم قادر
ئەگەرچی ھەمیشە سینارێوکانی پارتی گەمژانەو پتر لە کۆمیدیاوە نزیک بوون
تا تراژیدیا،بەڵام لە ناوکۆی کردارە کۆمیدییەکانیشدا سووچێک یان دیوێکی
گەورەی تراژیدیا ھەیە،واتە شتێک نییە ناوی کۆمیدیاو تراژیدیای ڕووت
بێت.لەم ڕووەوە فیلمە کۆمیدییەکانی چارڵی چاپلن یەکێک لە بێوێنەترین
ئەو نمونانەن پێمان دەڵێت:کۆمیدیاکان بە ژان و ڕاستییە تاڵەکان
ئاوسن،بە تراژیدیاکان ئاوسن کە دەکرێت ڕۆژێک ھەموومان شاھێدی
ھەلاھەلابوونی ھەموومان بین!خواردنی پێڵاوی کوڵاو لە چاپڵندا ئەوە نییە
مرۆڤ بەبینینی دەم بکاتەوەو قاقاپێبکەنێت،بەڵکو ئەو پرسە گەورەیەیە
بۆچی مرۆڤ پێڵاو دەخوات؟تراژیدیای جەنگ وبێنانیی و ھەژارییە،وێنەی
سیستەمی بۆگەن و بێدادی سەرمایەداریی نماییش دەکات کە تێیدا ھەژاریی
دەبێتە گاڵتەجاڕو خوێن لە قاقاکانێوە دەچۆڕێت.
لێرەوەو لەم نوسینەدا پتر جەخت لەسەر دیوی تراژیدیاکان لە ھەناوی
کۆمیدیاکاندا دەکەین.چوونکە پارتی وەک دەسەڵاتدارێکی گەمژەو
گاڵتەجاڕ،ھەمیشە بەڵاوکارەساتی گەورەی بەسەر خەڵکی کوردستاندا ھێناوە
کە لە ٣١ ئابدا دەگاتە دواچڵەپۆپەی خۆی.٣١ ئاب کێشمەکێشێکی سیاسیی
مۆدێرن لە نێوان دوو ھێزی سیاسییدا نییە کە دەکرێت لە شەڕیشدا کۆمەڵێک
پرەنسیپی مرۆیی ھەبن و پێشێل نەکرێن،بەڵکو کردەی ٣١ ئاب لۆژیک و تۆڵەی
خێڵەکییانەیە لە نەیاران،ئەو کولتورەیە کە دەکرێت لە کێشەی نێوان
دووخێڵداو بۆ"سەرشۆڕکردن"و ئەتککردنی خێڵێکیتر کچێکی تەمەن پنێج ساڵیش
لاقە بکرێت.
پارتی لە داڕشتنی سینارێودا ھەم بێڕادە گەمژەیەو بێڕادەش ملھورو
ترسناک.گەمژەییکەی لەوەدایە مەگەر گەمژەترینی یەکێک لە ١٠٠٠مێردەکە
باوەڕی پێبکات،ملھوڕوترسناکە چونکە ھیچ بەھاو پێوەرێکی مرۆیی
نامێنێتەوە کوێرانە ژێرپێی نەنێت،ھەردوو ئەو ڕەھەندانەش لە پارتیدا
ھۆکارو زەمینەی بابەتیی خۆی ھەیە.لە بارەی خاڵی یەکەمەوە،واتە
گەمژەبوونی پارتی سەری لە ناو کولتورو لۆژیکی خێڵدایە. ئەم لۆژیکی
خێڵەکییە ھەرگیز دونیا وەک خۆی نابینێت،واتە دونیا وەک جووڵەیێکی
بەردەوام و مرۆڤ و کۆمەڵگە مرۆڤایەتییەکەی لە باری گەشەکردن و
پەرەسەندندا.بەڵکو پارتی کۆمەڵگە وەک دوێخانێک دەبینێت کە ئەوەی کوێخا
دەیڵێت و دەیبینێت و ھەستی پێدەکات ھەر ئەوەیەو لە دەرەوەی ئەوە ھیچیتر
نییە.فەرھەنگی پارتی فەرھەنگی ئەزبەنی و ئەز غوڵامی تۆمە،واتە گەمژەیی
پارتی و لێرەشەوە ساویلکەیی سینارێوکانی تەنھا دیاردەیێکی بێباکیی و
ملھوڕیی ئەو پارتە نییە،بەڵکو ئەوەشە کە ئەو پارتە تەنھا لە درزی
دەوارەکانی خێڵەوە دەڕوانێت و ھەر بە تەنھاش وتەو لۆژیکی کوێخاو خاوەن
دوێخانەکان دەبینێت.بە مانایێکی ڕوونتر،نووقمبوونی پارتی لە ناو
کولتوری خێڵدا ئەو پارتەی ھێندە کوێرو دەبەنگ کردووە دەست بۆ
گاڵتەجاڕترین سینارێو ببات و باوەڕی تەواویشی ھەبێت کە خەڵکی باوەڕیان
پێدەکەن.ھەروەھا دیوێکیتری ئەو کولتورە خێڵەکیی و ساویلکەوێژییە ئەو
ڕاگەیاندنە دیماگۆجیی و بێتامەیە لە بارە ڕووداوەکانی بادینانەوە کە لە
زاری بەرپرس و درۆبێژو قەڵەمفرۆشەکانی ئەو پارتەوە بەیان
دەکرێت:تیڤییەکان،ڕۆژنامەو ماڵپەڕەکان و تا دەگاتە"فیییس بوک"،کە چۆن
ھەموویان چەند ڕستەو واژەی سوواو و کاتبەسەرچوو دەڵێنەوە ئەگەر مرۆڤ لە
ئاستیاندا نەڕشێتەوە لەوانەیە بمرێت.
بە کورتیی،گەمژەیی لەو پارتە خێڵەکییەدا لە ئاستێکدایە کە کۆی کۆمەڵگەی
کوردستان وەک گەمژە دەبینێت،وەک مرۆڤ گەلێکی دەست و پێ سپی کە ھیچ
نازانن.ئەو ئاستەش لە تێگەییشتن بۆ ئەویتر ئاستێکی زۆر ترسناکە.واتە
کاتێک پارتی کۆمەڵگە وەک نەزان و بێ چاو و گوێ دەبینێت،ئیتر سڵ لە ھەر
کارێکی دڕندانە ناکاتەوە.ئەو کاتە بەبەرچاوی دونیاوە دەکوژێت و دەڵێت
من نیم،گولە بە دەمی سەردەشت عوسمانەوە دەنێت و دەڵیت تێرۆریست
بوو،ئەرزو ئاسمان دەسووتێنێت و دەڵێت ببینن ناحەزان چۆن ئارامیی و
ئاساییشمان تێکدەدەن،دەڵێت:پیلان لە دژی پارتی و کوردستان لە
ئارادایە،(پارتی و کوردستان!).
لە بارەی ملھوڕیی و ترسناکیی پارتییەوە دەتوانین پەنجە لەسەر چەند
ھۆکارێک دانێین،لەوانە:پارتی ئیتر ھێزێک نییە و قەتیش ئەو ھێزە نەبووە
بتوانێت لەسەر بنەمای پرۆژەی سیاسیی و خۆشگوزەرانیی و بەھا مرۆیی و
ئازادییەکانەوە درێژە بە ژیانی خۆی بدات،چوونکە ئەو بەھایانە کەم و زۆر
پەیوەندیی بە نەرێت و کولتوری خێڵایەتییەوە نییە.لۆژیکی خێڵ تەنھا
ھێزی خەنجەرو گۆپاڵ دەبینێت و لە ڕووکەشدا پارتی لەو گۆپاڵ بەدەستانە
بەھرەمەندە،بەڵام ھێزێکی گەندەڵ و مشەخۆر کە لە ڕۆژانی ڕاپەڕینی
ئایندەدا یەک دەواری شڕو یەک دوێخانیان بۆ ناپارێزرێت.بەڵام لایەنی زۆر
ترسناک لە پارتیدا کە دەبێت خەڵکی کوردستان لێیئاگەداربن،بە مەقاشبوونی
ئەو پارتەیە بە دەست دەوڵەتانی فاشیستی ناوچەکەوە بە تایبەت دەوڵەتی
ھارودڕندەی تورکیا.چوونکە ملھوڕیی و تێرۆریزمی پارتی لە بەرامبەر
ئازادیی و خەڵکی کوردستاندا ئەگەر لە ڕوویەکەوە گرێدراوی فەرھەنگی
خێڵەکیی ئەو پارتە بێت کە پێشتر ئاماژەم پێدا،ئەوا لایەنی دووەم سات
وسەوداو بە کۆیلەبوونی ئەو بنەماڵەیەیە لە پێناو مانەوەیاندا بۆ
دەوڵەتانی ناوچە.واتە لایەنێکی سەڕەۆیی و زەبروزەنگی پارتی لە پشت
بەستووییانەوە دێت بە ھێزە دەرەکییەکان.بەبۆچوونم پارتی،ھێزی سیاسیی
نییە،بەڵکو ڕیکخراوێکی چەتەگەریی خێڵەکییە،تەنانەت باوەڕم وایە تەعبیری
دیکتاتۆریی بۆ پارتی بنەمای زانستیی نییە،چوونکە زاراوەی دیکتاتۆریی
پەیوەندیی بەرجەستەی بە سیاسەت و زانستی سیاسییەوە ھەیەو پارتیش کەم و
زۆر پەیوەندیی بە سیاسەتەوە نییە.زەبروزەنگو ستەمگەریی پارتی تەنھا وەک
خێڵێکی دڕندە واتا پەیدا دەکات.مێژووی بناماڵەی بارزانی نەک مێژووی
سیاسەت بەڵکو مێژووی بەکرێگیراوییە بۆ ئەو دەوڵەتانەی کوردستانیان
داگیر کردووە،کرێگرتەیی و خۆفرۆشیی دیاردەیێکی واقیعیی مێژووی زۆربەی
خێڵەکانەو پارتیش لە لوتکەی ئەو مێژووە بەرقەرارە.ئەو خێڵە ئێستا زیاتر
لە ھەر سەردەمێک گەورەترین مەترسین بۆ سەرخەڵکی کوردستان،چوونکە وەک
چۆن دەیانەوێت ھەموو خەڵکی کوردستان بکەن بە کۆیلەی بنەماڵە،بۆ خۆشیان
بەدترین کۆیلەی دەستی وڵاتانی فاشیستی ناوچەکەن،ئەو کۆیلەبوونەش لە
بنەماڵەی بارزانیدا ئاوسە بە چەندین ٣١ی ئابیتر،ئەوەش مەترسییە ھەرە
گەورەکەیە.
لایەنێکی زۆر گرنگیتر لە پەیوەند بە سووتاندنی بارەگەکانی یەکگرتووی
ئیسلامییەوە پێویستە ئاوڕی لێبدرێتەوە،بە قوربانیکردنی یەکگرتووی
ئیسلامییە کە بە داخەوە میدیای کوردیی - دەرەوەی دەسەڵات - خەریکە ھەر
ئەو کارە دەکات،واتە دیتنی یەکگرتوو وەک قوربانییەک.چوونکە ئەوەی لەو
نێوەدا قوربانییە تەنھا ئازادییە نەک یەکگرتوو.چوونکە یەکگرتوو
کێشەیەکی لە گەڵ سووتاندنی شوێنەکانی مەساج و مەیخانەکاندا
نییە،یەکگرتوو لە ھەر کاتێک و لە ھەر سووچێکی کۆمەڵگەدا دەستی بڕوات
ھەر ئەو کارە دەکات،ھەڵەبجەی سەردەمی ژێر دەسەڵاتی بزوتنەوەی ئیسلامیی
بەرجەستەترین نمونەیە کە دەبوا ماکەریش دەرپێی لە پێدا بوایە.شەڕی
پارتی و یەکگرتوو شەڕی یەک بەرەی کۆنەپەرستییەو ھێندەی سەرە دەرزییەک
پەیوەندیی بە ئازادییەوە نییە،بەڵکو تەواو بە پێچەوانەوە ئەو شەڕی
خنکاندنی ئازادییە.
دوا قسە،پارتی بنەماڵە دەستیان داوەتە قێزونترین و ڕەشترین سینارێو،ئەو
شاڵاوە خێڵەکییەی پارتی لە زاخۆ و چەند ناوچەیێک دەستیان بۆ
بردووە،سەرەتایەکی تری سەرکوت و تۆقاندنی دەنگی ئازادییە،ھەموو
ئاماژەکان ئەوە نیشاندەدەن کە ئەوە دوا پیلانی نەگریسی پارتی
نییە،بەڵکو ئەوە تەنھا سەرەتایەکی بچووکە!
٨\١٢\٢٠١١
ماڵپهڕی کازم قادر
|