په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

پاشاکەی ئەڵوەن!

سەلام عەبدوڵا


دوێنێ، لەتەنیشت پردی دێرین، سەنتیمەتر بە سەنتیمەتر چاودێری پێشکەوتنی ئاوی ئەڵوەنم دەکردو دەمبینی چۆن زەوی قڵیشاوو زۆر تینۆکەی ئەڵوەن تینوێتی دەشکێ. لەسەر پردەکەوە ناسیاوێک وتی: "وەڵڵا دەمزانی لیرەی"و یەکێکی تر وتی:"ئاخر ئەڵوەن موڵکی سەمین قەساوە"!


لەناو ئەم سەرقاڵییەو کەناڵی(رۆژتیڤی)پەیوەندیان کردو لە وەڵامی پرسیارەکەیاندا، دووبارە موژدەی گەیشتنی ئاوەکە وچۆن وا لەم کاتە خەریکە دەگاتە پردی دێرین، راگەیاند.(رێژەی ئاوەکە لە21/9 زیادی کردو بە وێنەوە لەسایتەکان پیشاندرا).


لەم کاتە هەستیارو ورووژێنەرە کە بەدڵەوە ئارەزوومەندبووم ئاوی رووبارەکە بە خێراترین شێوە، پاشەکشێم پێ بکات، دەبینم لانەوازێکی نەگبەت لەژێر تاقێکی پردەکە پەتویەکی سپی رەنگی راخستووەو سەری لەسەر سەرینێکی سپییەو دشداشەیەکی سپیشی لەبەرە!


ئایا ئەمە"باوە گەزیە"و چاوەڕوانە ئاوەکە شوێنەکەی پڕ بکاتەوە تا دووبارە هەر ساڵێک دەست بکات بە خنکاندنی گەنجێکی شارەکە؟! تۆ بڵێی ئەمە موحافزەکەی دیالە نەبێت و خۆی لە خەڵکی شارەکە گۆڕیوە؟ ئاخر بۆچی ئەم لانەوازە هێمنە بەو رووخسارە پڕ نەگبەتییە لەم ئان و ساتە لەبەردەمم قیت بووەتەوە؟


نەخێر....وەک سەرۆکی وەڵاتێک بە ئەتەکێتێکی فەرمی و بە زمانێکی رەوان خۆیی ناساند: من (سوهام خاوەر حەسەن)م. ئەوسا زیاتر لێی وردبوومەوە و ئیدی زانیم کە بەڕێزی ئەو کەسەیە کە لە ساڵانی رابردوو لە بەردەم بەڕێوبەرایەتی پۆستی خانەقین قەرەوێلەیەکی دانابوو و جلوپەڵاسەکانی لەتەنیشتی رێکخستبوو، بەدەوریدا دەیان بوتلە ئاوی ریزکردبوو.


ئێستا نازانم کاک سوهام لە کوێ"تەلارە پادشاهانەکەی"درووستکردووە، بەڵام لە دوا چرکەکانی پێش گەیشتنی ئاو بە پردەکە، هاتووە سەرخەوێکی خۆش لەم شوێن و کات و بەسەرهاتە دەگمەنە، بشکێنێ!


"هەستە برا هەستە...با ئاو نەتبات"


- ئاو چە باوە...من(سوهام حەسەن خاوەر)م. جگەرەیگ دەیدە پیم!


ئەوجا وەرن و سەیری ئەم داواکارییە سەخت و رەزا قورسە بکەن: زۆر بە نادڵییەوە دوا جگەرە داگیرساوەکەی دەستم پێشکەش کردو بە ئارەزووی خۆی مفی لێدەداو منیش چاوم زیتەی دەهات!


وشککردنی ئەڵوەن بۆ هەتاهەتایە ئەفسانەی"باوە گەزی"ی لەگۆڕناو ئەگەر یەکێک لەبەردەم(ئاغاو خەلیفە)بخنکێ، ئەوا هۆکەی نەزانی مەلەوانییەو چیتر هیچ کەس ناتوانێ باسی ئەو ئەفسانەیە بکات کە سەددان ساڵە وەک مۆتەکە سەردڵی دانیشتوانی شارەکەی گرتبوو. ئەمە چ رێککەوتێکە: حکومەتێکی تیوکراتی بەهۆی فرمانێگی گەمژە بۆ وشککردنی رووباری ئەڵوەن، بنەمای ئەفسانەیەکی دێرین لە ریشەوە هەڵدەتەکێنێ و بۆ هەتا هەتایە خەڵکی شارێک لە خوێنمژێکی خورافی وەک"باوە گەزی"رزگاردەکات!


ئاوەکە چەند مەترێکی ماوە بە پردی دێڕین شاد ببێتەوە، باتری کامیرەکە خاڵی بوو و تاریکایی داهات، بۆیە منیش رێگای گەڕانەوە بۆ ماڵەوە گرتە بەر. لە ماوەڵەوە پرسیارم لەبراکەم کرد: ئەم پیاوە دەناسی؟


رزگار: ئەی چۆن! ئەوە(سوهام حەسەن خاوەرە). کەسێکی ناسراوەو زوو زوو دەڵێ: من سوهام خاوەر حەسەنم، لەشان سەگ و پشیلەکان دەخەوم!


لە راستیدا ئەمە بەدبەختی و چارەڕەشی منە: بینینی ئەم لانەوازە قوڕبەسەرە، هەموو بەختەوەری و رووگەشیم بۆ بینینی قەدوباڵای ئەڵوەن لەلای پردەکە و چۆن گوێم لە هاژەکەی دەبێت، لە لوتم دەرکرد. لەلایەکی ترەوەو بەبێ ئەوەی چاوەڕوان ببم یان پێشبینی بکەم، قوڕەکە ئەوەندەی تر خستتربوو: کاتێ گوێم لە دوا هەواڵەکان گرت، دەبینم کەناڵێکی تەلەفزیونی، بە پێچەوانەی(رادیوی مەدەنییەت)و(رادیوی ئەڵوەن) لە شارەکە کە بەدەستخۆشی و پیرۆزبایی خۆیان و خەڵک و بەررێسان لەوانەی ناڕەزایەتییەکانیان رێکخست، خەجاڵەتیان کردم، هەموو شەونخونی و رەنج و ماندووبوون و نائارامی و بێزاری و تەلەفۆنکردن و بانزین سەرفکردن و ئەو هەموو کاتە کە بۆ نووسین و وێنەکێشان تەرخانم کرد، کردیان بە خەڵاتێک و لە ملی پارێزەری دیالە، هەڵواسی. ئەمەیە بێویژدانی هەڵبەت من هیچ پەشیمان نیم لەوەی کە کردم و وەک ئەرکێک ئەنجامیم داوە، بۆیە بە روحێکی وەرزشی بۆ ئەرک و پڕۆژەیەکی تر دەگەڕێم و هەر بەهەمان ئەندازە کاری بۆ دەکەم، بەڵام لەوانەیە ئەم جارەیان نەهێڵم بەری رەنجم بخۆن...


ئەڵوەن کوڕەکانی خۆی دەناسێت، ئەگەر ئێوە راستدەکەن فریای بەڕێز(سوهام حەسەن)و لانەوازەکانی تری شارەکە، بکەون و خانەیەکیان بۆ دامەزرێنن، بەڵام تکایە ئەم پێشنیارە دووبارەکراوەشمان، نەکەن بە ماڵی خۆتان...
ئەڵوەنزادکان رۆژ باش!



dwaroj@yahoo.de