١٢\٢\٢٠١٢
پاشا و کراس.

لیۆ تۆلستۆی
لە فارسییهوە: ئازاد نەجم
جارێکیان پاشایەک نەخۆش کەوت و گوتی: نیوەی قەڵەمڕەویی پاشایەتیەکەم
دەبەخشم بەو کەسەی بتوانێ چارەسەرم بکات و لەم نەخۆشیە ڕزگارم بکا.
تەواوی حەکیم و زاناکان کۆبوونەوە تا بزانن نەخۆشیەکەی پاشا چیە و چۆن
بتوانن چارەسەری بکەن. بەڵام هیچیان سەریان لێ دەرنەکرد. تەنیا
یەکێکیان نەبێ کە گوتی: چارەسەری نەخۆشیەکەی دەکرێ ، دەبێ کراسی کەسێکی
خۆشبەخت بێنن و پاشا لەبەری کات و ئەوسا چاک دەبێتەوە.
پاشا دەسبەجێ پەیک و تەتەرەکانی خۆی بەسەرانسەری وڵاتدا بۆ هێنانی
کراسی کەسێکی خۆشبەخت ، بڵاو کردنەوە. سەرانسەری وڵات گەڕان ، بەڵام
نەیانتوانی کەسێکی خۆشبەخت بدۆزنەوە. تەنانەت کەسێکیان دەسنەکەوت
لەژیانی خۆشی ڕازی بێت. ئەوەی دەوڵەمەند بوو نەخۆش بوو. ئەوەی لەش ساغ
بوو هەژار بوو. یان ئەگەر دەوڵەمەند و لەش ساغیش بووایا ژنێکی خراپی
هەبوو. یان ئەگەر منداڵی هەبووایا منداڵەکانی خراپ بوون. بەکورتی کەس
نەبوو گرفتێکی نەبێت.
سەرەنجام شەوێکیان لای بەرەبەیان ، کوڕی پاشا بەلای کوختەخانویەکی
هەژارانەدا تێدەپەڕی ، گوێی لەکەسێک بوو کە لەژورەوە بوو و دەیگوت: (زۆر
سوپاس خودایە! کارم تەواو کردوە و تێر و پڕ نانم خواردوە ، ئێستا
دەتوانم ڕاکشێم و بەئاسودەیی بۆ خۆم بنوم. ئیدی لەمە زیاتر چیم دەوێت؟).
کوڕی پاشا زۆر دڵخۆش بوو و دەسبەجێ فەرمانیدا بڕۆنە ژورەوە و کراسەکەی
لەبەر داکەنن و بیهێنن بۆ پاشا تا لەبەری کات و چاک بێتەوە و کابراش
چەندی ویست بیدەنێ. دەسبەجێ بەرەولای کوختەی کابرای خۆشبەخت وەڕێ کەوتن.
بەڵام کاتێ چونە ژورەوە بینیان کابرا هێندە هەژارە کراسی لەبەردا نیە.
nagmkaya@yahoo.com
|