په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\١\٢٠١٤

پاشا و توانای زاڵبوون بەسەر جەماوەر.


و: ئازاد نەجم     


لە سەردەمی زودا ، پادشایەک هەبوو هێرشی کردە سەر وڵاتێکی تر و داگیری کرد. ئەم پاشایە کەسێکی شەڕخواز و زرینگ بوو. وەزیرێکی هەبوو لەخۆی شەڕخوازتر و زرینگتر بوو. فەرمانی بە وەزیرەکەی کرد ڕێگاچارەیەک بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێ خەڵکی ئەو وڵاتە بێ ئەوەی بەخۆیان بزانن و ناڕەزایی دەربڕن بێنێتە ژێر بار و بەسەر ڕۆح و گیانیاندا زاڵ بێ. وەزیر بیرێکی کردەوە و یاداشتێکی نووسی و دایە جاڕچییەکان تا بەسەرانسەری ئەو وڵاتەدا بگەڕێن و بە خەڵکی ڕابگەیەنن. ئەم وەزیرە یاسای نوێی دەرکرد و تیایدا باوەڕداربوونی بە ئاینیی پێشو و خوێندن و فێربوونی بە کارێکی نایاسایی ڕاگەیاند و ماڵیات و سەرانەی سێ بەرابەر زیاد کرد. بووک دەبووایا شەوی یەکەم لەخزمەت پاشادا بێت. نرخی گیانی هاوڵاتیان بەرابەر کرا بە نرخی گیانی چوارپێیەکانی وڵاتی دراوسێ - کە هاوزمان و هاونیشتیمانی پاشا بوون. هەرچەشنە سەرپێچی و لاملییەک لەو یاسایانە ، سەرپەڕاندنی بەدواوە بوو. سەرەنجام بەپێی دواهەمین بڕگەکانی ئەم یاسا تازەیە تڕ و تسیش قەدەغە کرا.


پاشا گوتی: وەزیر ئەم هەموو گوشارە وایان لێ دەکا ڕاپەڕن و لەدژی ئێمە دەس بدەنە شۆڕش و لێمان ڕاپەڕن! مەگەر پێم نەگوتی دەبێ کارێکی وا بکەین بەخۆیان نەزانن؟


وەزیر لە وەڵامدا گوتی: نیگەران مەبە پایەبەرز، سەیری بەندی تایبەت بە تڕ و تسەکە بکە ، ئەمە دەبێتە هۆکاری ئەوەی هەموو وزە و توانای ناڕەزایەتییەکانیانی تێدا خاڵی بکەنەوە.


سەرەنجام وەزیر چی گوت هەموی هاتە دی.


ئیدی خەڵکەکە دەستیان کرد بە دەبڕینی ناڕەزایی و گلەیی و گازندە: (( ئەمە ستەمێکی ئاشکرایە. ڕاستە ئەوە شتێکی ئاسایی و سروشتییە پاشا بیەوێ خەڵک بێنێتە سەر ئاینی خۆی یان نەهێڵێ بخوێنن. هەروەها زیادکردنی ماڵیات لەسەر خەڵک هەمیشە خواست و ئارەزوی پاشاکان بووە و بردنی بووکیش لە شەوی یەکەمدا بۆ پاشا ، دابێکی لەمێژینەیە و لاریمان لێی نیە. هەروەها بێ بایەخیی گیانی ئێمەش لەبەرامبەر هاوڵاتیییەکانی وڵاتەکەی خۆیدا نیشانەی نیشتیمانپەروەریی پاشایە بەڵام لە هیچ سەردەمێکدا نەبووە و نەبیستراوە تڕ و تس قەدەغە بکرێ! بەڕاستی ئەمە ستەمێکی گەورەیە. دامنا ئەو یاسایەشی بەتەواوی بەسەر خەڵکدا سەپاند ، خۆ ناکرێ پاسەوان لە هەمو کون و کەلەبەر و ئاودەستێکی ئەم وڵاتەدا دابنێ؟)).

ئەوانەی کە بڕێک لە خەڵکەکە زیرەکتر بوون کردیانە هاتوهاوار: کاکە خاڵی کردنەوەی با لە ڕیخۆڵەکان بۆ تەندروستی مرۆڤ باشە و هیچ شەرمێکیشی تێدا نیە ، ئەمانە دەڵێێ بوونەتە بەرد و لە مرۆڤایەتی شۆراونەتەوە ئەگینا چۆن سەر دەنێن بە بن پانتۆڵ و شەرواڵی خەڵکەوە. بەخۆشیی و بەوپەڕی کەیفەوە سەریان بادەدا لەو شرۆڤە و لێکدانەوە زانستییەی خۆیان و خۆیان بە ڕۆشنبیر دەزانی. وە دەیانگوت ئیدی پاشاش ناچارە تڕ بەرنەدا. زۆر نوکتەی سەیر سەیریان لەو بارەیەوە ساز کرد و بە خۆشییەوە بۆ یەکتریان دەگێڕاوە و دەنووسی. وەک ئەوەی کە گوایا پاشا ئەوەندە خۆی ڕاگرتوە و تڕی بەرنەداوە ، تەقیوە. یان: بۆ ئەوەی تڕ بەرنەدا پڵیتەی لە قونی خۆی پەستاوە. یان ئەم پاشایە وەک سەگ بۆن دەکا و سەر دەنێ بە قونی خەڵکەوە و تاقییان دەکاتەوە. وە زۆر لەم نوکتانەیان بە نامە بۆ یەکتر دەنووسی و دەگێڕایەوە و دەتریقانەوە.


پاسەوانەکانی حکومەت بە سەرتاسەری وڵاتدا بڵاو بوونەوە تا یاساکە بەسەر خەڵکدا بچەسپێنن. جار جار لەپڕ بەسەر ئاودەستەکانیان دا دەدا و تڕکەنەکانیان دەسگیر دەکرد و دەیانبردن. بەڵام خەڵک بەدزییەوە لە تڕبەردانی خۆیان نەکەوتن و ئەو دەنگە بۆندارەی ڕیخۆڵەکانی خۆیان بە نیشاندانی ناڕەزایەتییەکی گەورە دەزانی دژ بە حکومەت و داخی خۆیان بەوشێوەیە بە حکومەت دەڕشت. دەچونە دەشت و بیابانەکان و تڕیان بەردەدا. لە کوچە و کۆڵانەکانی شاردا سەیرێکی ئەملاو ئەولای خۆیان دەکرد و شەق ، تڕێکیان بەردەدا. بە دزییەوە میوانداری یەکتریان دەکرد و نۆک و لۆبیایان دەخوارد و دەستە و گروپی تڕیان دروست کرد.


بەم شێوەیە دوای ماوەیەک ، هیچ کەس ئاینیی بەزۆر داسەپاو و بەرگرتن بە خوێندن و بەکەم زانینی خەڵک و بردنی بووک لەشەوی یەکەم بۆ پاشا و زیاد کردنی سێ بەرابەری باج و سەرانەی لەبیر نەما و هەموان هەوڵیان دەدا بەرگری لەو دواهەمین مافە ڕەوایە زەوتکراوەی خۆیان بکەن.

لەم سەین و بەینەدا پاشا و وەزیرەکەی لە نێو کۆشک دا قاقا پێدەکەنین کە چەندە زیرەکانە توانییان ئەو خەڵکە لە نێو هاڵاوی تڕ و تسی خۆیاندا غەرق بکەن و فێرە تڕیان بکەن.

 

ماڵپەڕی ئازاد نەجم

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک