په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٧\٢٠١١

پاشایەکی وجاخ کوێر!


جەلال قادر    

دەگێرنەوە پاشایەک هەبوو لەکاتی سەرەمەرگدا کوڕوکچەکەی بانگدەکات و دەلێت: ڕۆلە شیرینەکانم نهێنییەک هەیە دەمەوێ بۆتانی بدرکێنم!
کوڕی پاشا وەلامدەداتەوە: فەرموو باوکە گیان!
پاشا وتی :کوڕی شیرینم لەدوای مردنم تۆ دەبیت بە پاشا .. بەلام ەمەوێ ئەوە بزانیت کە تۆ کوڕی من نیت بەلکو کوڕی ئەم میلەتەی!
کوڕی پاشا : بیگومان باوکە ئەوە دەزانم!
پاشا : نا کوڕم ، من بەراستمە.. نە تۆ کوڕی منی نە خوشکەکەت کچی منە !
کچی پاشا بەسەرسوڕمانەوە پرسی: باوکە گیان لە مەبەستت تێناگەین؟!
پاشا وتی : دەجوان گوێبگرن تا بۆتانی روونکەمەوە:


هەبو نە بوو بە پاشایەک چوار ژنی هێنا لە هەر چواریان هەر کچی دەبوو خۆی بە وجاخ کوێر دەزانی! وەزیرەکانی بە پاشایان ڕاسپاند کە دەستوری پاشایەتی بگۆڕێ و ژن بتوانێ جێگای پاشا بگرێتەوە.
پاشا بەم ئامۆژگارییە ناڕازی بوو هەموو ئاواتی ئەوەبوو ببێتە باوکی کوڕێک و کۆشک و تەلارەکەی بۆ جێبهێلێت..یەکێ لە پزیشکەکان بە پاشای وت : من دەتوانم یەکێ لە کچە بچکۆلانەکەت بکەم بە کوڕو کەس پێی نەزانێت.
پاشا ڕەزامەنەندی نیشاندا..پزیشکەکە بە دەرمانەکانی لەش و دەنگی کچێکی پاشای گۆڕی..کچەکە مووی سمێلی هات ..کراسی کوڕیان لەبەر کرد و تێکەل بە کوڕ بوو .
کاتێ تەمەنی گەیشتە هەژدە سالان پاشا بە کوڕەکەی وت : دەمەوێ ببیتە پاشای ولات جێگام بگریتەوە.
بەلام کوڕەکە لە باوکی پاڕایەوە وتی : باوکە گیان من نامەوێ ببم بە پاشا !
پاشا بە سەرسوورمانەوە لێی پرسی: چی بووە کوڕم ؟هەژدە سالە پەروەردەتدەکەم بۆ ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ؟
کوڕ وتی: باوکە گیان ، من بۆ پاشایەتی دەست نادەم!
پاشا پرسی: بۆ کوڕی شیرینم!
کوڕ وتی: باوکە گیان ، من ئێستاش نازانم کوڕم یان کچم!
پاشا: دەزانم نەشتەرگەری کراوی.. ئەم نهێنییەش کەس نایزانێت!
کوڕ: باوکە دەزانم کەس نایزانێت ، بەس من دەزانم..من ئێستاش حەز دەکەم لە گەل کوڕ بنووم!
پاشا بە توڕەییەوە وتی: یانی چی؟
کوڕ: واتە تۆ توانیت ڕەگەزی لەشم بگۆڕیت بەس نەتوانی هەست و دەروونم لە ناوبەیت.. ئێستاش هیچ نەبووە فەرمان بدە دەستوری پاشایەتی بگۆڕە با یەکێ لە خوشکەکانم جێگات بگرنەوە.
پاشا بە شلەژانەوە گوتی: تۆ دەتەوێ ئابرووم بەریت!
کوڕەکەی وتی: باوکە گیان تۆ هەژدە سالە ڕاستی دەشاریتەوە و درۆ لەگەل میلەتەکەت دەکەیت ، بەس من ناتوانم درۆ لەگەل تۆ و کەسیتر بکەم ..بۆ ئەم کێشەیەش چەندین سالە نەخشەم کێشاوە ..گەر تۆ بفەرمووی من خۆم ژەهر خوارد دەکەم.. یان سەریخۆم هەلدەگرم و دەچمە مەملەکەتێکیتر کە کەس نەمناسێتەوە!
پاشا دامابوو نەیدەزانی چیبکات و چی بلێت ..ناچار بە کوڕەکەی وت: سبەینێ وەلامت دەدەمەوە !
هەرچەندە کوڕی پاشا نەشتەرگەری بۆ کرابوو ، چەندین جارش لەگەل کچ نوستبوو..بەلام ئارەزووی دڵداری کردنی هەر لەگەل کوڕان بوو.
لەگەل بەیاندا کوڕی پاشا بە دەستی پڕ لە پەنیر و ئەستورکی گەرم بەرەو دیوەخان چوو ، باوکی لەوێ نەبوو.. دایکی بە گریانەوە وتی : پاشا خۆی ژەهر خوارد کردووە.!
کوڕی پاشا سەرلێشێوابوو.. نەیدەزانی چی بکات؟.. ئەم نیهێنیەی لە ناو دڵی هەلگرت ..تا کرا بە پاشا و ژنی هێنا ..دوای ئەوەی پاشا توانی شاژن عاشقی خۆی بکات نیهێنیەکەی بۆی درکاند.
شاژن لەبەر خۆشەویستی پاشا نیهینیەکەی تا ئێستا شاردۆتەوە و لای کەسی نەیدرکاندووە. بەلام بەداخەوە مندالیان نابوو ، بۆیە پاشا و شاژن بڕیاریاندا کە دوو مندالی کۆرپە بدزن بیکەن بە مندالی خۆیان .


ئەم بەسەرهاتەی بۆتانم گێڕایەوە، پاشاکە باوکم بوو، کچەکە من بووم، ئێوەش دوو مندالە دزراوەکەن!.


کوڕی پاشا وەک ئەوەی لە ئاسمان بەریدەنە خوارەوە بە قوڕگی گریانەوە گوتی: باوکە گیان تۆش سەرت لێشواندم .. دەبوایە ئەم نهێنییە نەدرکاندایە و لەگەل خۆت ببەیەتە گٶڕەوە!
پاشا وتی: نا ڕۆلەکانم ..من خۆشمدەوێن.. ئەگەر تا سبەینێ نەمرم ..وەرنەوە بۆلام پێتان دەلێم بۆ ئەم نهێنییەم بۆ درکاند!
کوڕ و کچی پاشا بە دلتەنگیەوە ژووری باوکیان جێهێشت و خۆزگەیان دەخواست ئەم نهێنییەیان نەزانیایە.


سبەینێ کوڕی پاشا چووە لای باوکی، بینی باوکی بە خەندەوە ڕاکشاوە و دایکی وخوشکەکەی بەدیاریەوە دەگرێن..دایکی وتی: کوڕم باوکت لە دوێنێ شەوەوە دڵخۆش بوو و پێدەکەنی..ئەم سەر لە بەیانییە گیانی سپارد. ئەم نامەیەشی بۆ تۆ جێهێشت.


کوڕی پاشا نامەکەی لە دایکی وەرگرت و خوێندییەوە :( کوڕی شیرینم هەرگیز نەکەی درۆ لەگەل میللەتەکەت بکەیت چونکە ڕاستی ناشاردرێتەوە )
کوڕی پاشا سەری خستە باوەشی دایکی و تێر گریا ، لە دەروونەوەش هەستی بە ئازادییەکی بێپایان کرد.
 

ماڵپه‌ڕی جه‌لال قادر

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک