٢٣\٩\٢٠١٧
پاشەکەوتی مووچە و
کاراکردنەوەی پەرلەمان.

عەلی مەحمود محەمەد
لە ماوەی رابردوودا, ھیچ دۆسیەیەک بە ئەندازەی پاشەکەوتی مووچەی مووچە
وەرگران, نەبووە موزایەدەی پارتە سیاسییەکان و ھەموو ئەوانەی مەرامی
سیاسییان ھەیە لەم کوردستانە, ئەگەر لە گۆگڵدا بە دوای دەستەواژەی
پاشەکەوتی مووچەدا بگەڕێیت, تەنھا ئەوانەی گوگڵ دەیدات , ٤٥١٠٠ وەڵامە,
زۆری تریش خۆی لە گۆگڵیش شاردۆتەوە, ھەرچەندە ئەم دەستەواژەیە ھێشتا
ساوەیەو تەمەنی دوو ساڵی بەڕێ نەکردووە, ئاخر مووچە پەیوەندی بە ١,٤
ملیۆن ھاووڵاتی کوردستانەوە ھەیە,دەکاتە زیاتر لە ٣٧٪ی
ھاووڵاتیانی کوردستان وێڕای خێزانەکانیان, سەرباری ئەوەی پاشەکەوتی
مووچە کارایی لەسەر بازاڕ و ئیش و کاری کوردستانیان لە ھەموو
سێکتەرەکان داناوە, لە کوردسان بێ مووچە ھیچ جوڵەیەکی ئابوری و سیاسی و
کۆمەڵایەتی و تەنانەت چالاکی ھونەری و رۆشنبیری و فەرھەنگیش نامێنێت,
دەتوانین بڵێین مووچە کێشەی یەکەمی ھاووڵاتیانی کوردستانە بە
ئیمتیازەوە, بە ئەندازەی ئاو و ھەواو گەنم و خوێ و خۆرەتاو گرنگە,ھەر
خۆشی رەوت و ئاراستەی بازاڕ دیاریدەکات, بۆیە ئەگەر سیاسەت بکەیت لە
کوردستان,دەبێت قسە لەسەر مووچە بکەیت, بە تایبەت پاشەکەوتەکەی کە ٧٥٪ی
کۆی مووچەکەیە, ئەگەر پۆپۆلستیش بیت دەبێت موزایەدەی گەورەی پێوە بکەیت,
موزایەدەیەک وا بەھەشت لە گیرفان تۆداو جەھەنەمیش لای نەیارەکەت بێت,
ئێستا مووچەش بێ لابردنی پاشە کەوتی مووچە کەس تاقەتی گوێگرتن لێی نییە.
بۆ ئەوەی لەسەر پاشەکەوتی مووچە قسە بکەیت, پێویستە دوو مەرج لە
قسەکانتدا ھەبێت, مەبەستم دەسەڵاتداران و پەرلەمانتارانە, یەکەم بزانیت
ئەمە دۆسیەیەکی ئابوورییە و بە ئاماری وردەوە قسە بکەیت, نەک رۆژێک
بڵێیت پارەی نەوت بایی ٢٠٪ی مووچەیە, رۆژی دواتر بڵێیت زیاترە
لە مووچە, یان رۆژێک بڵێت حکومەت قەرزارە, رۆژی دواتر بڵێیت قەرزی
لەسەر خەڵکە, دەستەواژەیەکی ئەمەریکی باو ھەیە کە ئاراستەی بۆشی باوک
کراوە لە میانی ململانێی ھەڵمەتی ھەڵبژاردنی ئەوو بیل کلنتۆن, کلنتۆن
روو لە بۆش وتی " ئەحمەق ئەمە ئابورییە ئابووری ", ھەر ئەو ئەحمەقیەش
دوایی بە دۆڕاندنیدا, ئاخر ئابووری نەبوایا , ئەوی قارەمانی شەڕی
یەکەمی کەنداو بە کلنتۆن نادۆڕا, وەلێ ئەوانی مە ئێمە نە تەریق
دەبنەوەو نە گەلیش سزایان لە ھەڵبژاردندا دەدات ونە لە بازاڕیش ئۆیھیان
لێ دەکرێت, نە بۆ خۆشیان لە قسان دەکەون, خاڵی دووەم کە باسی مووچە
دەکەیت ئەگەر دادپەروەری لە دابەشکردنی سەروەت و سامان لە نێوان
تاکەکانی کۆمەڵگا و بنەبڕکردنی ھەژاری کاری یەکەمت نەبێت ئەوا ھیچت
نەکردووە, ئیەوانێک کە ٩٠٪ی حیمایەکانیان براو برازاو ئامۆزاو
خەزور و زاوایان بێت, بودجەی حیزبەکانیان زیاتر لە گەورەترین پارتی
جیھان بێت, باسی مووچەو ئیمتیازاتی خۆیانت نەکەن, باسی ئەوانە نەکەن کە
چونەتەوە یانەی ئەلیۆنیکۆرۆنەوە( کۆمپانیای بە سەرمایەی ملیار دۆلار
زیاتر)..... ئەوە ناتوانێت ئەھلی دادپەروەری بێت, کارەکان تەنھا
پیاوەتییە بە ئاوی حەمامەوە, ئەوانیش نەبنئەرکی حکومەتە مووچەیەک بۆ
ژیانی کولەمەرگی بۆ رەعییەتەکانی خۆیدابین بکات.
لە دوای ئەنجامدانی بایۆمەتری مووچە وەرگرانەوە, قسە زۆر لەسەر
چاککردنی مووچە کراوە بەوەی دەرماڵەی مووچەی بنەڕەتی, بڕوانامەو
ھاوسەرگیری بدرێت بە مووچە وەرگران, ئەمە چاککردنی پاشەکەوتی مووچە
نییە بەڵکە وەک خۆیان دەڵێن سستەمێکی نوێی مووچەیە, ئەمە شێوازێکی
دیکەی سیاسەتی تەقەشوفی ئابوورییە بە قچۆکەیەک دەستکاریی
ھەستپێنەکراوەوە بۆ ھەندەک.
پەرلەمانتارانی گەڕاوە , بە تایبەت ئەوانەی وەک ئۆپۆزسیۆن پێشتر قسەیان
دەکرد و شاشەکانیان کۆنترۆڵ کردبوو, دەیانکوشت و نایان شاردەوە, ئێستا
دەیانەوێت وەک (ماو وجە) بەھانە بۆ گەڕانەوەیان بدۆزنەوە بۆ ئەوەی لە
تارمایی ھەڵوێستەکان پێشویان رزگاریان بێت , وایدەربخەن بەوەی
گەڕاونەتەوە ژیانمان چاک بکەن,موژدە گەورەکەمان لە ھەڵگرتنی پاشەکەوتی
مووچە بدەنێ , وەک نیشان بدەن, بێ ئەوان ژیان تاڵە بێت, وەلێ کاتێک لە
گەڵ ستافی حکومەت کۆبونەوە , سەریان دای لە دیوارە ئاسنینەکە, لە خەونە
١٠٠ کاتژمێرییەکەیان بێدار بونەوە, ئاخر ئەگەر حکومەت تەنھا بۆ
رازیکردنی ئەوان پاشەکەوتی مووچە ھەڵگرێت, بەرەو روی ئەو پرسیارە
دەبێتەوە, ئەدی بۆ سەپاندتان؟, بۆ زووتر ھەڵتان نەگرت؟ ئەو پارانە
چییان لێ ھات؟, کۆی داھات و خەرجی مانگانەتان چەندە؟.
پێویستە پەرلەمانتاران سەرەتا کۆی داھاتی حکومەت و خەرجیەکانی
حکومەتیان وەک خۆی بزانیایە, ئەوجا مژدە خۆشەکەیان پێمان بدایە, ژمارەی
سەر کاغەزەکامان دەوێت نەک سەر شاشەکان.
من پێشنیارێک دەخەمە بەردەست پەرلەمانتاران , ئەویش ئەوەیە ھەوڵ بدەن ,
مووچەی ئەوانە چاک بکرێت کە بڕەکەی کەمە و سەرچاوەی داھاتی دییان نییە
و کرێنشینن, ئەوە گەورەترین خزمەتە بیکەن ئەگەر پێیان بکرێت, داوا بکەن
دادپەروەری لە دابەشکردنی سەروەت و ساماندا ھەبێت , دامەزرندن بۆ
ئەوکەسانە بێت سەرچاوەی داھاتی دییان نییە, واز لە دانەوەی قەرزی
پاشەکەوتی مووچە و ئەو داواکاریانەی خەڵک تاقەتی گوێگرتنیانی نەماوە
بێنن, دەسا دەزانین پێ بە پێی بەرز بونەوەی ھەڵئاوسان دەبوایە
مووچەکانیش نەک ٧٥%ی ببڕدرایە, دەبوایا ساڵانە زیادیشی بکردبایا, مەرج
نییە ھەموو شت لەوانەوە فێر بین وەک ئیدعای دەکەن, مادام دەژێین
ئەوانیش نەبن شت فێرە بین, وەلێ کارەسات ئەوەیە ئەوان لەوەندەی دەزانن
زیاتر فێر نەبن!!!!
alimahmud2001@yahoo.com
|